شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

101 بابەت

ئاساو وایی

کەوتووەتە باکوری گوندی (زەڵم). لەنێوان شاخی ملەخورد و ڕەنگیندایە. (٢٤٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. یەکێکە لە لوتکە چیاکانی سێخڕان. دەڕوانێت بەسەر دۆڵی وشکەناو و گوندەکانی زەڵم و هەورامانی هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین. لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ساڵانە ڕێژەیەکی باش باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانییەکانی ناوچەکە. بە دوووری (٢٣٠م) کەوتووەتە خۆرئاوای ڕێگای سنوری نافەرمی مڵەخورد.

ئاسنەوەرد

کەوتووەتە ملەگای چنار و گەڕەکی گەناوڵەی بیارە، بەرانبەر نەخۆشخانەی (هەورامان - بیارەیە) لە سنوری ناحیەی (بیارە). (١١٣٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. یەک پارچە دارستانی سنەوبەرە و دیمەنێکی جوانی هەیە و خەڵکی بۆ کاتبەسەربردن سەردانیدەکەن، دەڕوانێتە سەر دۆڵی بیارە و دۆڵی بێزەل، لە باشورەوە دۆڵی بیارە و لە باکورەوە چیای کڵاوەی ئاشوور و لە خۆرهەڵاتەوە شارۆچکەی (بیارە) و ملەی چنار و لە خۆرئاواوە تەپی خاتوو ئامینە دەورەیانداوە.

ئاوازنێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەتفێ) و باکوری گوندی هاوارەکۆن. دەڕوانێت بەسەر گوندی (هاوارەکۆن) و (گریانە)دا. بەرزییەکەی لەئاستی ڕووی دەریاوە نزیکەی (١٣٩١م) بەرزە. شوێنێکی سەخت و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی، لە دیوی وڵاتی ئێرانەوە ڕێگایەکی خۆڵ نزیک دەبێتەوە کە بۆ هاتوچۆی پاسەوانی سنور دروستکراوە، ساڵانە بڕێکی زۆر باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاو_پێدەری کانیاوەکانی دەرەتفێ و چەمی هاوارەکۆن، شوێنەوارێکی تێدایە پێیدەوترێت (قەنارەکە) وا دەگێڕنەوە ئەوەی تاوانێکی گەورەی کردبێت لەم شوێنە بەرزەوە خراوەتە خوارەوە وەک سزایەک بۆ تاوانەکەی.

بابا زەردەڵە

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (ئەحمەدئاوا) و باشوری گوندی (زەڵم) و بە سەر چیای (بابا زەردەڵە)وەیە. (١١٦٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە قەدپاڵێکدا ڕێگەی سەرچاوەی زەڵم تێپەڕ دەبێت و خودی گوندی ئەحمەدئاوا لە قەدپاڵی ئەم چیایەدا هەڵکەوتووە. بەناوی بابا زەردەڵەوە ناونراوە، کە یەکێک بووە لە کوڕەکانی سەید ئیبراهیم. ئارامگاکەی کەوتووەتە پشتی گوندی ئەحمەدئاواوە.

باڵامبۆ

یەکێکە لە زنجیرە شاخە بەناوبانگەکانی سنورەکە. کەوتووەتە باشور و باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە. لێوارەکانی لە باشوری خۆرهەڵاتی دۆڵی سازانەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا، لە گوندی (چرۆستانە) و لە دۆڵی ئاشان کۆتاییپێدێت. درێژییەکەی نزیکەى (١٨کم) دەبێت. (١٦٠٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان لێژدەبێـەوە. بە تایبەتی لە بەشەکانی باشور و باشوری خۆرئاوایدا، بەڵام لە باکوری خۆرئاواوە، تا گوندی (چرۆستانە) نزم دەبێتەوه،‌ تا دەگاتە (٨٣٨م). لە بەشەکانی باکوریەوە لێوارەکانی دەشتی شارەزوور پێکدەهێنێت. نزمترین بەشەکانی چیاکە بە ئاڕاستەی ئەم دەشتەیە، بەڵام بەرزترین بەشەکانی دەکەوێتە سەر ڕوباری سیروان و بەسەر چەندین گوندی ناوچەکەدا دەڕوانێت، وەک: گوندەکانی چنار، نەیجەڵە، مۆردین و چەندین گوندی تریش لە قەدپاڵیدا هەڵکەوتوون، وەک گوندەکانی: گوندە، سەراو، هانەژاڵە، تەوەنەبەل. بە گشتی چیاکە بە نەبوونی دارودرەختە لە قەدپاڵیدا ناسراوە و تاڕادەیەک ڕووتەنە، سەرەڕای بوونی چەند جۆرێک داری سروشتی وەک قەزوان و بەڕوو. چەندین دۆڵی سەوزی ئاودار و پڕ لە باخی تێدایە، وەک چەمی باوەکۆچەک، گوڵان، گردەناوێ و سازان.

باڵەکەڕێ

درێژبووەوەى چياى (خۆشک)ـە لە باشورى خۆرئاواى گوندى (گڵێجاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). لەبەرزى (١٥٧٠م) بەرەو باشورى خۆرهەڵاتى ناحیەی (بەمۆ) درێژ دەبێته و‌ بە (ملەى ئەسحاوه)‌ و (لوتکەى هۆرەکه)‌ و (هەڕۆژياوەکە) و (قوشەڵانەکه)‌ و (ملەى گورگان) تێدەپەڕێت و لە (چياى خۆشک)دا لەبەرزى (١٥٨٠م) دەگاتەوە بە چياى (بەمۆ).

بەخشە

کەوتووەتە دامێنی چیای کەرەس لە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ). دەڕوانێت بەسەر گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵمدا. (١٩٢٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی. لە بەهاردا خەڵکی سەردانیدەکەن بۆ کات_بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری.

بەردەڕەشان

چیایەکە لە زنجیرەکانی شنروێ. دەڕوانێت بەسەر جەلیلە و عەنەبدا. دیوێکی پێیدەوترێت (هێلانە دڵ). قەدپاڵەکەی کراوەتە دارستانی گوندی جەلیلە. لە کۆندا ڕەبایەی عێراقی و پێشمەرگە بە لوتکەکەیەوە بووە. چەمی کونە کەمتیاری پێدا دێتەخوارەوە. کانییەکی تێدایە پێیدەوترێت کانی (بیەکە) و ئەشکەوتێکی بەناوی کەورگی (حەمە کوژیاگ) لێیە، کە دیوی ناوەوەی هێندەی ژورێکی گەورە دەبێت و دەڕوانێت بەسەر دۆڵی (ئاژننان)دا، کە لەم چیایە دێتە خوارەوە. دیوەکەی تری چیایـەکـە پێیدەوتـرێت چیـای (زەردێ) و بـەشێکـە لـە زنجیرەکـانی چیـای شنروێ.

پلەکێ دارانگەلی

کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ). (١٧٤٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای منارەکەوە و لۆکەو عەزیز بەگی. بەسەر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی یاڵانپێ و بانیشار و بناری چیای سورێندا دەڕوانێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و خەڵک سەردانیدەکەن بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە بە تایبەتی بەڕەزا. ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین.

پلێ کەڕەجاڵێ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی تاڤگە و گوندی (زەڵم). (١١٢٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێو دۆڵی کەڕەجاڵ و پڕ لە دارستانی سروشتی. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر گوندەکانی زەڵم و شاری خورماڵ، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی.

تاشڵی

کەوتووەتە سنوری گوندی بانیبنۆک. لە زنجیرە چیای سورێن هەڵکەوتووە. بەرزترین لوتکەی چیاکەیە. دەڕوانێت بەسەر هەردوو دیوی خۆرهەڵات و باشوری کوردستاندا. لەسەر ئەم چیایە بەنداوی دەربەندیخان و زرێبار لە شاری مەریوانی خۆرهەڵاتی کوردستان دیاردەکەون. لە قەدپاڵەکانیدا ئەشکەوتی مەلیک بوونی هەیە. شێخ مەحموود لەوێ خۆی حەشارداوە. چاپخانەیەکی تێدابووە کە هەندێک بڵاوکراوەیان لەوێوە بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیان چاپکردووە.

تاقو مایگەلەی

کەوتووەتە باکوری گوندی یاڵانپێ و کۆتاییەکانی سنوری گوندەکە لەگەڵ چیای سورێن پێکدێنێت و لە ڕاستیدا ئێرە سنوری جیاکەرەوەی نێوان چیای هەورامان و چیای سورێنە. (١٩١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای منارەکەوە. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی یاڵانپێ و بانیشار و بناری چیای سورێن و دەشتی شارەزوور، بۆیە لەڕووی سەربازییەوە گرنگیان بۆ پاراستنی شۆڕشەکان و پێشمەرگە زۆر بووە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ساڵانە ڕێژەیەکی باش باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانییەکانی ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین و بەهۆی سەختی و زۆریی بەرزییەکەیەوە، هەموو کەس ناتوانێت سەردانیبکات، بۆیە گەشتن بەم لوتکەیە پێویستی بە شارەزایی و لێهاتوویی جەستەیی هەیە.

تەپو قەڵێ

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی نارنجڵە و باکوری گوندی (دەرەوکێ). (١٠٣٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. تەنها (٤١٠م) لە ڕێگای گوندی نارنجڵە دوورە و لە بەهاراندا دیمەنێکی جوانی هەیە و دەبێتە لەوەڕگایەکی سروشتی بۆ ئاژەڵدارەکانی ناوچەکە. لە باکورەوە گوندی نارنجڵە و کانی مزگەوت و دۆڵی مەڵاڵە و لە باشورەوە تەپی کۆسەپەڕە و کانی شێخ و لە خۆرهەڵاتەوە کانی عوسمان و کانی هەنار و لە خۆرئاواوە قەڵای سەنگی سیاو و تەپی مەڵا سیاوە دەورەیانداوە.

تەپی کۆسە پەڕە

کەوتووەتە باشوری گوندی نارنجڵە و باکوری گوندی (بنجەودڕەی). (١٠٠٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. تەنها (٣٨٠م) لە ڕێگای گوندی دەرەوکێ بۆ نارنجڵە دوورە و لە بەهاراندا دیمەنێکی جوانی هەیە و خەڵکی بۆ سەیران و کات_بەسەربردن سەردانیدەکەن.

تەپی مەڵا سیاوە

کەوتووەتە باشوری گوندی نارنجڵە و باکوری گوندی (بنجەودڕەی). (٩٨١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. تەنها (٢٩٠م) لە ڕێگای گوندی دەرەوکێ بۆ نارنجڵە دوورە و لە بەهاراندا دیمەنێکی جوانی هەیە. لەوەڕگایەکی سروشتین بۆ ئاژەڵدارەکانی گوندەکانی چواردەوریان.

تەوەنەو ترازیا

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (باخەکۆن). (١٣٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر گوندی باخەکۆن و گەچێنە و ناوچەی هەمزەیدا دەڕوانێت. دووریی لە خـانەقای باخەکـۆنەوە (٧٤٠م) دەبێت. دەوڵـەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی.

تەوەنێ

کەوتووەتە نێوان شارەدێی (تەوێڵە) و گوندی (بەڵخە) و سنوری نێوانیان جیادەکاتەوە. (٢١١٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە لوتکە چیای کەمەرە بەلێ و سەرچاڵ و لە باشورەوە کانی تەوەنێ و چیای هەوارە بەرزە و لە خۆرهەڵاتەوە شارەدێی تەوێڵە و ئاوێسەر و لە خۆرئاواوە گوندی بەڵخە دەورەیانداوە. شوێنێکی دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، ڕ‌‌ێگایەکی خۆڵ بە تەنیشتیدا دەڕواتەوە بۆ ناوچەی گەشتوگوزاریی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە)، هەندێک شوێنی هێشتا مینڕێژکراون و چەندین کەسی کردووەتە قوربانی.

تلەسیاو

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (خەرپانی). (١٣١٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سنوری جیاکەرەوەی نێوان زەوییەکانی هەردوو گوندی خەرپانی و تاوێرە پێکدێنێت. لە شاخی بەرانبەریش لە تەوێڵە لە سەر ڕێگەی خەڵەفی. تلەسیاو ناوی تاوێرە بەردێکی گەورەیە.

جەنگا

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ) و باکوری گوندی (زەڵم). (٢١٤٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێوان چیای سوتنەجەڕ و چیای سێخڕان. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ساڵانە ڕێژەیەکی باش باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانییەکانی ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین و بە هۆی سەختی و زۆریی بەرزییەکەیەوە، هەموو کەس ناتوانێت سەردانی بکات.

چادرگە

کەوتووەتە باشوری گوندی (هاوار). (١٨١١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر گوندی هاوار و هاوارەکۆن و تاوێرەدا دەڕوانێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

1 2
...
6 دواتر