بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ساڵی ٢٠٠٣ لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندی تەواوکردووە. لە ئێستادا لە کەناڵی Halabja TV وەک کامێرامان کاردەکات. چەندین وێنەی سەر دیواری شوێنە گشتییەکانی لە پارێزگای ھەڵەبجە کێشاوە. لە زۆربەی بۆنە تایبەتییەکان بە هەڵەبجه، بەشداریکردووە. لە چالاکییە دیارەکانی: بەشداریکردن لە یەکەم پێشانگای لەگەڵ گروپی ڕوئیا لە فیستیڤاڵی ھەنار و ھەڵەبجە ٢٠٢٢، دووەم پێشانگای تایبەت بووە بە خۆی لە مەزاری شەھیدانی ھەڵەبجە ٢٠٢٣، سێیەم پێشانگای فۆتۆگرافەریی بووە لە ھیندستان و پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، چوارەم پێشانگای فۆتۆگرافەری لە کەرکوک بووە ٢٠٢٣، لە فلیمی (ھەناسەکانی ژیان) بەشداریکردووە.
ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەرە. لە ساڵی ١٩٦٠ لە ئەسفەهان لەدایکبووە. لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا دەستیداوەتە وێنەگرتن. لە ساڵی ١٩٨٨ وەک فۆتۆگرافەر کاری لەگەڵ(سازمان انتشارات) کردووە. سەردانی زۆربەی بەرەکانی جەنگی کردووە. یەکێک بووە لەو ڕۆژنامەوانانەی لە ٢٠ی ٣ی ١٩٨٨ سەردانی هەڵەبجەی کردووە و بەشداری لە گواستنەوە و گەیاندنی تاوانەکەدا کردووە. دوو کاتژمێر لە شاردا ماوەتەوە و چەندین وێنەی خاپوربوونی هەڵەبجە و شەهیدەکانی گرتووە، کە بەڵگەیەکی گرنگی دۆسیەکە و دڕندەیی ڕژێمی بەعسن. زۆربەی ئەو وێنانە تا ٢٣ ساڵیش دوای کارەساتەکە، هێشتا بڵاونەکراونەتەوە.
ڕاهێنەر و وەرزشەوانە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (گەچێنە)ی باخەکۆن لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی تەندروستی گشتی لە زانکۆی سلێمانی ساڵی ٢٠٢٠ بەدەستهێناوە. لە ئێستادا پسپۆڕی خۆپاراستنی تەندروستییە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٨٩ لە ئۆردوگای گردەچاڵ لە هەولێر یاری تۆپیپێی کردووە. ساڵی ١٩٩٢ دەستی کردووە بە یاری کاراتی لە سلێمانی و ساڵی ٢٠٠٦ پشتێنی ڕەشی وەرگرتووە. ڕاهێنەری بواری کاراتی بووە و مەشق و ڕاهێنانی بە چەندین فێرخواز و قوتابی کردووە، لەو کەسانە بووە کە بیرۆکەی وەرزشی بەیانیانیان لە هەڵەبجە داڕشتووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٧٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشی میکانیک و کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. وەرزشەوانی تۆپی بالەیە. لەم یانە وەرزشییانە یاریکردووە: سیروان (وەتەن)، هەڵەبجە، پێشمەرگە. خاوەنی بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی باوەڕپێکراوە لە یاری تۆپی بالە. لە ئێستادا سەرۆکی یەکێتیی تۆپی بالەی سلێمانییە و فەرمانبەرە لە یەکەی وەرزشی زانکۆی سلێمانی.
ساڵی ٢٠٠٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندکاری پۆلی دەیەمی زانستییە. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لە یانەی وەرزشی هەڵەبجە دەستی بەیاریی کاراتی کردووە. خاوەنی پشتێنی (ڕەشی دان یەک)ـە. لەم پاڵەوانیەتیانەدا بەشداریکردووە: (پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی (ماستەر کاپ) پلەی دووەم و سێیەم، پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی (JSK) پلەی یەکەم، پاڵەوانیەتی پارێزگای سلێمانی پلەی سێیەم، پاڵەوانیەتی عێراق (بەغداد) پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.
ساڵی ٢٠٠٨ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە خورماڵ تەواوکردووه. ساڵی ٢٠١٦ پەیوەندیکردووە بە ئەکادیمیای (کاراتیی خورماڵ)ـەوە و خاوەنی (پشتوێنی ڕەش)ـە. ساڵی ٢٠٢٤ بۆ یەکەمجار بەشداریکردووە لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی کاراتی بۆ تەمەنی ١٣ بۆ ١٤ ساڵ لە شاری (ئەستانه) لە وڵاتی (ئێران) بەشێوەی تیم و پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. بەشێوەی تاکیش لەهەمان ساڵ و هەمان پاڵەوانێتی پلەی دووەمی بەدەستهێناوه و مەدالیای زیوی پێدراوە. لەسەر ئاستی عێراق بەشداری چەند پاڵەوانێتیەکی کردووە، لەوانە: ساڵی ٢٠٢٢ لە پاڵەوانیەتی لە شاری (بەغداد) بۆ تەمەنی خوار ١٤ بۆ ١٥ ساڵ پلەی سێیەم، هەمان ساڵ لەشاری (کەرکوک) بۆ یانەکانی (باکوری عێراق) پلەی سێیەمى بەدەسهێناوە.
ساڵی ٢٠٠٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندکاری پۆلی نۆیەمی بنەڕەتییە. خاوەنی پشتێنی (ڕەشی دان یەک)ـە. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لە یانەی وەرزشی هەڵەبجە دەستی بەیاریی کاراتی کردووە. لە پاڵەوانییەتیی نێودەوڵەتیی (ماستەر کاپ) پلەی سێیەم، لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی (JSK) پلەی دووەم و لە پاڵەوانیەتیی پارێزگای سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵى ١٩٧٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووى پۆلى سێیەمى ناوەندییە. لە ئێستادا پیشەی (کاسب)ـە و لە وڵاتى ئەڵمانیایە. لە سەنتەرى لاوانى هەڵەبجە بۆ تۆپى سەرمێز، پاشان لە یانەى وەرزشیى هەڵەبجەى شەهید و لە خولى کوردستان بەشداریکردووە. لە چەند یانەیەکى وەرزشیى ئەڵمانى یاریکردووە، لەوانە (یانەى وەرزشیى هالبرششتان، یانەى وەرزشیى کۆهن، یانەى وەرزشیى دێسۆ).
ساڵی ١٩٨٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی خوێندووە. لە ژیانی وەرزشیدا یاری بۆ تیپی وەرزشی شنروێ و لاوانی یانەی هەڵەبجە کردووە. لەگەڵ تیپەکەیدا نازناو و دەسکەوتی بە دەستهێناوە، لەوانە: ساڵی ٢٠٠٠ پلەی دووەم لە خولی تییە یەکەمەکان لەگەڵ تیپی شنروێدا. پیشەی پۆلیسە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (ئازاد سەفوەت عەزیز عارف)ـە. ساڵی ١٩٦٦ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی بازرگانییە لە سلێمانی و لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابوری زانکۆی بەغداد وەرگیراوە. یاریزانێکی دێرینی لاوانی تیپی وەرزشی شۆڕشی خورماڵ بووە و یارییەکانی تۆپیپێ و تۆپی بالە و تۆپی سەرمێز و پاسکیلسواری و ڕاکردنی ماوە درێژی ئەنجامداوە. یاریزان و ڕاهێنەر و سەرپەرشتیاری تیپی وەرزشی شۆڕش بووە. ئەندامی یەکێتیی ناوەندی عێراقییە بۆ یاریی تیروکەوان و سەرپەرشتیاری یانەی وەرزشی سلێمانییە بۆ یاریی تیروکەوان.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (ئازاد عوسمان مستەفا مەعروف)ـە. ساڵی ١٩٦١ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە لە سلێمانی. لە ئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی. یاری تۆپیپێ و یاریی کۆنفۆ و کاراتی ئەنجامداوە. یاری تۆپیپێی لەم تیپە وەرزشیە میللیانەدا کردووه: (کاژاو، بێکەس).
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (ئازاد نەجمەدین ڕەشید خوداداد)ە و بە (ئازادی کەڕە) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (سۆسەکان) لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی بەشی ژمێریارییە. لەم یانە و تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (برایەتی، خەرپانی، خەبات، تیپی تۆپیپێی مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە و ئاوارەی سەریاس). پاش گەڕانەوەی لە ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لەم یانە وەرزشییانەش یاریکردووە: (بەختیاری، سلێمانی، ئاشتی) لە سلێمانی لە (کۆڵنەدەر، نەوجەوانان) یاریکردووە.
یاریزان و داوەری کاراتیییە لە (ئەکادیمای کاراتیی خورماڵ(. ساڵی ٢٠٠١ لەدایکبووە. قۆناغی خوێندنی ناوەندی تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستیکردووە بە یاری کاراتی و بەشداری چەند پاڵەوانیەتییەکی کردووە، لەوانە: ساڵی ٢٠١٩ لە پاڵەوانیەتیی ئێران زەمین پلەی سێیەم، لە پاڵەوانیەتیی ناوخۆ پلەی یەکەم، ساڵی ٢٠٢٣ لە پاڵەوانیەتیی یانەکانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی پلەی دووەم، ساڵی ٢٠٢٣ لە پاڵەوانیەتیی یانەکانی کوردستان لە پارێزگای هەولێر و هەمان ساڵ لە پاڵەوانیەتیی ئیران زەمین لە وڵاتی ئێران پلەی یەکەم، ساڵی ٢٠٢٤ لە پاڵەوانیەتیی یانەکانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی پلەی یەکەم، هەمان ساڵ لە پاڵەوانیەتیی یانەکانی عێراق لە پاریزگای کەرکوک پلەی دووەی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٢ وەک دادوەرێکی عێراقی دیاریکراوە و و چەندین پاڵەوانیتی بەرێوەبردووە، لەئێستادا پلەی J.B هەیە لە عێراقدا.
وەرزشەوان و ڕاهێنەری کاراتییە. ساڵی ١٩٧٦ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. وەک یەکەم کەس ساڵی ١٩٩٣ لە هەورامان فێرگەی کاراتی دامەزراندووه و تا ساڵی ٢٠٠٠ سەرپەرشتیکردووە. له ئێستادا ناوی فێرگەکە بووە بە: (ئەکادیمای خورماڵ). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. بەشداری چەند پاڵەوانیەتییەکی کردووە، لەوانە: ساڵی ١٩٩٦ لە پاڵەوانیەتیی ناوخۆیی یانەی وەرزشیی (ئاشتی)ی لە شاری سلێمانی، پلەی یەکەم. ساڵی ١٩٩٨ لە پاڵەوانیەتیی لە شاری سلێمانی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی پارێزگاکە. لە ئێستادا وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕیی (ئەکادیمیای کاراتی شۆتۆکان لە خورماڵ) و لێپرسراوی بەشی دارایی بەردەوامە.
ساڵی ٢٠١١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ئێستادا خوێندکاری قۆناغی بنەڕەتییە. ساڵی ٢٠٢٠ لەلای ڕاهێنەری کاراتیی یانەی وەرزشی هەڵەبجە (ئەیوب کەمال حەمەئەمین) دەستی بە یاریی کاراتی کردووە. خاوەنی پشتوێنی (ڕەشی دان یەک)، دوو جار پلەی یەکەم و دووەمی لە کوردستان بەدەستهێناوە. لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی لە شاری تاران و شاری مازەندەران لە وڵاتی ئێران مەدالیای زیو و برۆنزی بەدەستهێناوە.
ساڵی ٢٠٠٦ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستی بە یاریی کاراتی کردووە. ساڵی ٢٠٢١ پەیوەندی بە یانەی کاراتی هەڵەبجەوە کردووە. خاوەنی پشتوێنی (ڕەشی دان یەک)ـە. دەرچوی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتییە. سێ جار بووەتە پاڵەوانی کوردستان و عێراق و پلەی یەکەم و دوو جار پلەی دووەمی بەدەستهێناوە. لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتیی شاری تاران لە وڵای ئێران ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٣ مەدالیایەکی ئاڵتون و مەدالیایەکی برۆنزی بەدەستهێناوە.
یاریزانی (ئەکادیمیای کاراتیی خورماڵ)ـە. ساڵی ١٩٩٦ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ئەکادیمیای کاراتیی خورماڵ دەستی بە یاریی کاراتی کردووە و خاوەنی پشتوێنی ڕەشی دان دووە. لە چەندین پاڵەوانیەتیدا بەشداریکردووە، لەوانە: ساڵی ٢٠١٦ لە پاڵەوانیەتیی عێراق پلەی دووەم. هەمان ساڵ لە پاڵەوانیەتیی وڵاتی ئێران پلەی یەکەم. ساڵی ٢٠١٧ لە پاڵەوانیەتیی ئۆپن لە شاری (ئورمیە) لەوڵاتی ئێران پلەی سێیەم. ساڵی ٢٠١٨ لە پاڵەوانیەتیی زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەم. ساڵی ٢٠١٩ لە پاڵەوانیەتیی کوردستان پلەی سێیەم. ساڵی ٢٠٢٣ لە پاڵەوانیەتیی عێراق پلەی سێیەم. هەمان ساڵ لە پاڵەوانیەتیی (غەربی ئاسیا) لە وڵاتی ئوردن پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دبلۆمی زمانی ئینگلیزی لە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی سلێمانی و بەکالۆریۆسی لە کۆلیژی کارگێریی کار لە زاکۆی جیهان لە سلێمانی بەدەستهێناوە. بەڕێوبەری ئاوات ئەکادیمییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ساڵی ١٩٩٤ بۆ یەکەمین جار لە پاڵەوانیەتییەکاندا بەشداریکردووە، کە لەلایەن یانەی وەرزشی پەیام لە هەڵەبجە بۆ ژمارەیەک لە یاریزانانی شەتڕەنج ڕێکخراوە و پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. لەهەمان ساڵدا دەستی بە یاری کۆنفۆ و پاشان کیک بۆکسینگ کردووە. لە یانەکانی (پەیام، ئاشتی سلێمانی) بەشداری لە چالاکیی بەشی کاراتی کردووە. ساڵی ٢٠٠٥ بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی (تایۆکسینگ)ی لە هەولێر بەدەستهێناوه، کە لەلایەن لقی هەولێر یەکێتیی ناوەندی تایۆکسینگی عێراق ڕێکخراوە. ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر پشکی یانەی وەرزشیی ئاشتی بەشداری پاڵەوانیەتیی کاراتی لە شاری بەغداد کردووە و گەیشتووەتە چوارگۆشەی زێڕین.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (ئایات حەمەئەمین جەلال یوسف)ـە. ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی (بەڵخە) لەدایکبووە. کۆلێژی بازرگانی بەشی گەشتوگوزاری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (ڕێناسین، ڕاستی، یانەی وەرزشی هەڵەبجە). لە شاری سلێمانیش لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (ئاوارە، کۆڵنەدەر، سەیوان)، کە خۆی دامەزرێنەری ئەم تیپە بووە. هەروەها لە (تیپی لاوانی یانەی وەرزشیی سیروان، یانەی وەرزشیی برایەتیی هەولێر، یانەی وەرزشیی پێشمەرگەی سلێمانی) یاریکردووە.
ساڵی ٢٠٠٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندکاری بەشی کارگێڕیی کاره، لە زانکۆیە. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دەستی بە یاریی کاراتی کردووە. خاوەنی پشتێنی (ڕەشی دان یەک)ـە. سێ جار پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بەدەستهێناوە. سێ مەدالیای برۆنزی لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئێران لە شاری تاران و مازاندەران بە دەستهێناوە.