بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
یەکێکە لە جەڕاحەکانی گوندی (بەڵخە)ی هەورامان. ناوی (حەمەعەلی ساڵح فەتاح بەگ)ـە. ساڵی ١٨٨٩ لە بەڵخە لەدایکبووە. ناوبانگی بە هەورامان و کوردستاندا ڕۆشتووە، پورزای جافرسانە و یەکێک بووە لە هاوڕێ نزیکەکانی. بەشداری شەڕەکانی سانی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. باوکی جەڕاحی ناودار (حەمەساڵح بەگ)ـە. ساڵی ١٩٧٢ لە بەڵخە کۆچیدواییکردووە.
جەراح و کەسایەتیی دیاری کەلهوڕە. ناوی (حەمەعەلی حسەین محەممەد). ساڵی ١٩١٤ لە گوندی (دێی حسەین) لەدایکبووە. شەش جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا موختاری گوندی (تەپەگوڵاویی سەروو: لامەرکەزی) بووە. ساڵی ٢٠٠٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان لە شاری هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
جەڕاح و پزیشکی میللییە. ناوی (خورشید حەکیم مەولود)ە. ساڵی ١٩١٠ لە گوندی (سۆسەکان) لەدایکبووە، شارەزایی لە شکاوی و گرتنەوەی ئێسک و هەندێک نەخۆشی ژناندا هەبووە. خام و سابوون و نەیجە و هێلکەی کوردی و نیوەنمەکی بۆ چارەسەرکردن بەکارهێناوە. زیاتر وەک خۆبەخش کاریکردووە. لە گوندەکانی دەوروبەریشدا سەردانیانکردووە. ساڵی ٢٠١٢ کۆچیدواییکردووە.
ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی (کانی گوێز) لەدایکبووە. لە بنەماڵەی عێل بەگییە و کوڕە گەورە بووە. جەڕاحێکی بەناوبانگی گوندەکە و دەوروبەری بووە. هەمانکاتیش وەستای دیواربووە. لەپاش خۆی ١١ نەوەی هەبووە، کە شەشیان لە ژیاندا ماونەتەوە.
ساڵی ١٩٢٥ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (بۆین)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. بەهۆی سەختیی گوندی (بۆین) و دووریی لە شار و نەبوونی نەخۆشخانەوە، کە ڕووداوی شکان و دەرچوون زۆر بووە، خەڵکی گوندەکانی دەوروپشت پەنایان بۆ بردووە و زۆرجاریش خۆی بۆ گوندەکان ڕۆشتووە. ساڵی ٢٠١٨ کۆچیدواییکردووە.
جەڕاح و پزیشکی میللی بووە. لە ساڵی ١٩١٥ لە گوندی خەرپانی لەدایکبووە. بە حاجی حەسەنی جەڕاح ناسراوە، لە زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەردا هاوڵاتیان بەمەبەستی گرتنەوەی دەست و قاچیان سەردانیانکردووە. شارەزایی باشی لە هەڵکێشانی دان و تیمارکردنی برینی حەیوان و مەڕوماڵاتدا هەبووە. لەساڵی ١٩٨٠ کۆچیدواییکردووە
خەڵکی گوندی (بەڵخە)یە. ناوی (حەمەساڵح کوڕی عەلی بەگی ساڵح بەگ)ـە. ساڵی ١٩٣٤ لە بەڵخە لەدایکبووە. لەبەردەستی باوکیدا فێری پیشەی جەڕاحی بووە. لە هەورامان و دەرەوەی هەورامانیش، سەردانیکراوە. چەندین نمونەی سەرسامکەر لە چارەسەرییەکانی دەگێڕنەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. ساڵی ٢٠٠٣ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی غەریبان بەخاکسپێرراوە.
بە (حاجى حەماییز هانەدنى) ناسراوە. ساڵى ١٩٤٥ لە گوندى (هانەیدن) لەدایکبووە. خوێندەواری نییە. ساڵى ١٩٦٤ دەستیکردووە بە پیشەکە و بە بێبەرانبەر کاردەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. ساڵى ٢٠٠٩ لە خورماڵ کۆچیدواییکردووە هەر لەوێ بەخاکسپێرراوە. یەکێک لە کوڕەکانى بەناوى (کامیل) درێژەی بەکارەکەی باوکی داوە و لە خورمأڵ نیشتەجێیە.
ناوی (حەمەلاو قادر فەتاح ئێناخی)یە. ساڵی ١٩٢٤ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. لە شکاوی و بریندا شارەزایی هەبووە. خۆبەخشانە و بێبەرانبەر بە کەرەستەی سادەی وە: قامیش، خام، هێلکە، سابوونی ڕەقی، سرێش، کەتان، بنێشتە تاڵ... چارەسەری نەخۆشی کردووە. ساڵی ١٩٩٤ کۆچیدواییکردووە و لە گوندی بامۆک بەخاکسپێرراوە.
ناوی (سادق حەمەئەمین حەمەعزیز)ە. ساڵی ١٩٥٥ لەگوندی (عامورە) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧١ بەماڵەوە چونەتە گوندی (شیرەمەڕ). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. لە ساڵی ١٩٧١ لە بوارەکانی شکان و دەرچوونی جومگەدا، دەستیکردووە بە کاری جەڕاحی. لەگەڵ کاری جەڕاحیدا کاری گۆڕهەڵکەندن و گۆڕهەڵبەستنیشى کردووە. خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی (خورماڵ و پێنجوێن و شارەزوور) بەمەبەستى چارەسەر سەردانیدەکەن.
ناوی (خەرامان کچی وەستا ئەولعەزیز عەلی)یە. کچی جەڕاحی بەناوبانگ (مەتی گوڵێ) بووە. ساڵی ١٩٥١ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. لە دایکییەوە فێری پیشەکە بووە. لەکاتی ئاوارەبوونی هەڵەبجەدا لە ئۆردوگای وەرمەهەنگی ئێران بە فەرمی دەستی بە جەڕاحی کردووە و خزمەتیکی زۆری بە لێقەوماوان کردووە. پاش گەڕانەوەی لە ئێران و ساڵی ١٩٩٢ لە هەڵەبجەی تازە نیشتەجێبووە و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دەوروبەریدا ناسراوە و هاوڵاتیان سەردانیدەکەن. تائێستاش لەو خزمەتە بەردەوامە.
ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە، کچی جەراحی بەناوبانگ کوێخای تۆفیق هاواری جەراحە. لە باوکییەوە فێری جەراحی بووە. لە خێزانەکەی خۆیدا دەستی بە جەراحی کردووە و لە دوای ساڵی ٢٠٠١ بەهۆی ناوبانگییەکەیەوە، خەڵک لە دوور و نزیک سەردانیانکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، لەگەڕەکی شارەوانی لە شاری هەڵەبجەی شەهید دادەنیشێت.
ناوی (شەمسە کچی مستەفا پاشای نەخشین)ـە. لەسەری باوکەوە خەڵکی خەرپانین و دایکی بە پیرۆز بانەیی ناسراوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خانمی وەسمان پاشا بردویەتییە کۆشک و وەک حەکیم و پزیشکی میللی کۆشک و دەرمانگەری تایبەتی خانم دانراوە. دەرمانی نەزۆکی و نەخۆشی ژنان و منداڵانی دروستکردووە. چاوتەکاندن و سەرتەکاندن و ناوک_کەوتن و بە بۆن_کەوتن و شکاوی چارەسەرکردووە. بە دروستکردنی ترشیاتیش ناوبانگی ڕۆشتووە و لە تەواوی شاردا ناسراوبووە. ساڵی ١٩٩٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵانی سەروو بەخاکسپێرراوە.
ناوی (فایەق ئەحمەد حەمەئەمین زۆراب)ـە. ساڵی ١٩٤١ لە گوندی چناری کۆکۆیی لەدایکبووە. منداڵ بووە، کە باوکی کۆچیدواییکردووه. لە دایکییەوە فێری پیشەی جەڕاحی بووە. به زۆری شارەزایی لە شکانی: شان، باڵ، ئانیشک، ئێسکەکانی ڕان، ئەژنۆ، پەنجەکانی پێ، مەچەک و پەنجەکاندا هەبووە. لە ناوکگرتنەوەشدا توانای هەبووە و هەندێک جاریش ناوکی گرتووەتەوە. لە دوکانەکەی خۆیدا بە بێبەرانبەر چارەسەریکردووە. ساڵی ٢٠١١ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (کەمال حامید محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٦٢ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە خورماڵ و ئامادەیی پیشەسازی لە هەڵەبجه تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەشە منداڵە. ساڵی ١٩٩٦ دەستیکردووە بە کاری جەڕاحی و لە هەردوو بواری ئینزیلاق و فەقەراتدا کاردەکات. لە ماڵەکەی لە گەڕەکی(ئاشتی) چارەسەری نەخۆشەکان دەکات. له شارەکانی کوردستان و بەغداد و عەممارەوە نەخۆش سەردانیدەکەن.
ساڵی ١٩١٥ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (بۆین)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. بەهۆی سەختیی گوندی (بۆین) و دووریی لە ئاوەدانییەوە، کە ڕووداوی شکان و دەرچوون زۆر بووە، خەڵکی گوندەکانی دەوروپشت پەنایان بۆ بردووە و زۆرجاریش خۆی بۆ گوندەکان ڕۆشتووە. ساڵی ١٩٧٦ کۆچیدواییکردووە.
ناوی(لەتیف حەمە حەمەعەزیز)ە. ساڵی ١٩٦٧ لەگوندی(خێڵی حەمه) لەدایکبووه،. قۆناغی ناوەندی لە شارۆچکەی (سیروان) تەواوکردووە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵه. ساڵی ١٩٨٨ بۆیەکەمجار دەستیکردووە بەکاری جەڕاحی، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە بووه، چەند جارێک ئاوارە بووە و وازی لەکارەکەی هێناوه، بەڵام دەستیپێکردووەتەوە، لە بواری ئینزیلاق و فەقەراتدا کاردەکات. له شارەکانی کوردستانەوە نەخۆش سەردانیدەکەن.
ناوی (لەتیف حەمەئەمین حەمەعەزیز)ه. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (عامووره) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتای لە گوندی شیرەمەڕ و ناوەندی لە خورماڵ و سیروان تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەشە منداڵە. ساڵی ١٩٨٧ بۆیەکەمجار دەستی بەکاری جەراحی کردووە. لە بوارەکانی دەست_شکان و قاچ_شکان و هەموو دەرچونەکانی جومگە وەک دەرچونی چەناگه و فەقەرات و ناوک_گرتنەوەدا کاریکردوە. پاش ڕأپەڕین گەڕاوەتەوە و لە گوندى (شیرەمەڕ) نیشتەجێ بووە. خزمەتى بە خەڵکى ئەو گوندە کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٣ وە دانیشتوی قەزاى (سەیدسادق)ـه و خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی (خورماڵ و هەڵەبجه و پێنجوێن و شارەزوورو سلێمانی) سەردانیدەکەن. فەرمانبەرە لە پەروەردی (سەیدسادق).
جەڕاح و پزیشکی میللییە. ناوی (عاسمە سلێمان محەممەد)ە. بە ناوی مێردەکەیەوە ناسراوە. ساڵی ١٩٥٢ لە لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی شەش منداڵە. لە ئێستادا دانیشتووی تەوێڵەیە و خەڵکی بۆ شکاوی لەجێچوون و ناوک-گرتنەوە، سەردانیدەکەن.
ناوی (عەبدولکەريم مەجید محەممەد)ه. ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی (دەڵەمەڕ) لەدایکبووە. لە هەڵەبجە بە عەبدولکەريمى ئاڵەت و زەردەچەوە ناسراوە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە گوندی (عەبابەیلێ) تەواوکردووە. ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و پێنج کوڕ و سێ کچیان بووە. لە پشت_ئێشەیەکی خۆیەوە چووەتە بوارەکەوە و کەڵکی لە شارەزایی (غەریب ھاواری "کاکەيى") وەرگرتووە. ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆش و خەڵکی وەک خۆیان دەڵێن لەسەردەستی عەبدولکەریمی جەڕاح لە ئازار و نەخۆشی ڕزگاریان بووە. لە ساڵی ١٩٩١ەوە دوکانی وشکەفرۆشی و بەھاراتی لە هەڵەبجە داناوە و کاری گیادەرمانیشی تێکەڵ بەکارەکەی کردووە.