بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵى ١٩٥٥ لە شارۆچکەى (خورماڵ) لەدایکبووە. دەرچووى ئامادەیى پیشەسازییە. لە ئێستادا فەرمانبەرى خانەنشینە. ساڵى ١٩٧٠ لە یارى تۆپیپێ و لە قوتابخانە و تیپى میللى یاریکردووە. ساڵى ١٩٧٤ وەک ئەندام و یاریزان لە تیپى وەرزشى شۆڕش، لە خورماڵ یاریکردووە. ساڵى ١٩٩١ وەک یاریزانى دێرین یاریکردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (ئەحمەد محەممەد عەبدوڵا کەریم)ـە و بە (ئەحمەد کراش) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا پۆلی سێهەمی ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. لە ئێستادا خانەنشینی پێشمەرگەیە و ئەندامی دەستەی یاریزانە دێرینەکانی هەڵەبجەیە. وەرزشەوانی تۆپیپێیە. لەم تیپە وەرزشیانەدا یاریکردووە: شۆڕش، کوردستان. لە سلێمانیش لە: سەروو، لە ئەلعاب مروری سلێمانی یاریکردووە. لە یانەی وەرزشیی بەختیاری، هەڵەبجە و ماوەی شەش مانگێک لە یانەی وەرزشیی سلێمانی یاریکردووە.
وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (ئەردەڵان ساڵح محەممەد عەبدوڵا)یە. ساڵى ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووى ئامادەیى پیشەسازى هەڵەبجەیە. یاریزانێکى دیارى سەردەمى خۆى بووە لە هەڵەبجە، لە یارییە وەرزشییەکانى (تۆپیپێ، تۆپى بالە، تۆپى باسکە و گۆڕەپان و مەیدان) یاریکردووە. لەم تیپە میللییە وەرزشییانەدا لە هەڵەبجە یاریکردووە: (نەورۆز، کوردستان، هێمن، هەڵبژاردەى تۆپیپێى هەڵەبجە). لە قوتابخانەى بێسارانى و ناوەندى شارەزوور و ئامادەیى پیشەسازیى هەڵەبجە یارییەکانى تۆپى بالە و تۆپى باسکە و گۆڕەپان و مەیدانى ئەنجامداوە. لە کاتى ئاوارەییدا بۆ وڵاتى ئێران ساڵى ١٩٧٤ لە تیپى تۆپیپێى ئۆردوگاى سەریاس لە پارێزگاى کرماشان یاریکردووە. ساڵی ٢٠١٩ بە نەخۆشى کۆرۆنا کۆچیدواییکردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناو (ئەردەڵان سەلاحەدین محەممەد نووری)ە. ساڵی ١٩٧٥ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایان بەشی وەرزشی تەواوکردووە و بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی پەروەردەی وەرزش لە زانکۆی سلێمانی هەیە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە پارێزگای هەڵەبجە. وەرزشەوانی تۆپی باسکە، بالە و تۆپیپێیە. لە ئاگرین ١٩٨٢ - ١٩٨٣ و لە تیپی حیلمی ١٩٨٦ یاریکردووە. گرنگی داوە بە یاری و دادوەری تۆپی بالە و باسکە. ساڵی ٢٠٠٢ بووە بە دادوەری پلەیەکی کوردستان بۆ یاری تۆپی بالە. لە یانەی وەرزشیی هەڵەبجە وەک ڕاهێنەر و سەرپەرشتیار لە بەشەکانی یاری باسکە و تۆپی بالە خزمەتیکردووە. لە ئێستادا سەرۆکی یانەی وەرزشیی هەڵەبجەیە.
ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پەروەردەی وەزرشی لە زانکۆی هەڵەبجە بە دەستهێناوە. لە ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠١٠ یاری بۆ تیپەکانی شنروێ، کوردستان لە هەڵەبجە و یانەکانی هەڵەبجە، بەختیاریی سلێمانی کردووە و چەند نازناوێکی لەگەڵ تیپەکاندا بە دەستهێناوە، لەوانە: لەگەڵ تیپی وەرزشی کوردستان ساڵی ٢٠٠٤ پلەی یەکەمی تیپەکان لەسەر ئاستی هەڵەبجە، ٢٠٠٦ پلەی دووەم لە ئاستی تیپە پلە یەکەکانی هەڵەبجە و شارەزوور، ٢٠٠٨ پلەی یەکەمی خولی بارزانی لەسەر ئاستی کوردستان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. مامۆستای وەرزشە لە هەڵەبجە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵى ١٩٦٥ لەدایکبووە. دەرچووى ئامادەیى پیشەسازیى هەڵەبجەیە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە بانکى هەرێم لە سلێمانى. لە ( هەڵۆ، شنروێ) و بەشێوەى خواستن لە( باڵامبۆ) یاریکردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (ئەرسەلان قادر فەتاح قادر)ه و بە (ئەرسەلانی قادربەگ) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (هەڵۆ، چیمەن یەکگرتوی پیرمحەممەد). ساڵی ٢٠٠٨ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٨٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندووە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە زانکۆی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٦ەوە تا ئێستا بەردەوامە لە یاریی تۆپی سەرمێز. دەستپێکی یاری لە یانەی وەرزشی پەیام بووە، لە چەندین خولدا بەشداریکردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە و لەم یانە وەرزشییانەدا یاریکردووە: یانەی وەرزشی پەیام، یانەی وەرزشی هەڵەبجە، یانەی وەرزشی سیروانی هەڵەبجە، یانەی وەرزشی بەختیاری، یانەی وەرزشی سەرچنار.
یاریزانی لەشجوانی و بەرزکردنەوەی قورساییە. ساڵی ٢٠٠٦ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (خێڵی حەمە)یە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە. لە هۆڵی لەشجوانیی شەهرام لە شارۆچکەی خورماڵ وەرزش دەکات و لە چەند پاڵەوانیەتییەکدا بەشداریکردووە و ئەنجامی باشی هەبووە، لەوانە: ساڵی ٢٠٢٣ لە پاڵەوانیەتیی پارێزگای سلێمانی پلەی یەکەم و هەمان ساڵ لە پاڵەوانیەتیی عێراق لە شارۆچکەی دەربەندیخان پلەی سێیەم و لە پاڵەوانیەتیی عێراق لە شاری سلێمانی پلەی یەکەم، ساڵی ٢٠٢٤ لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (ئەسکەندەر قادر فەتاح قادر)ە و بە (ئەسکەندەری قادر بەگ) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. لە ئێستادا خانەنشینە. لەم تیپە میللییە وەرزشییانە یاریکردووە:(یەکگرتووی پیر محەممەد، هیوا، یانەی وەرزشی فورات لە قەزای سووق شێخ). لە ئۆردوگای ئەنزڵ لە سەرپێڵی زەهاو لە تیپی تۆپیپێی ئۆردوگا یاریکردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٥٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی پیشەسازیی سلێمانی تەواوکردووە. یەکێک بووە لە ئەستێرە دیار و لێهاتووەکانی یاری تۆپیپێی هەڵەبجە. لە هەڵەبجە لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: ناتیق، تیپی هەڵبژاردەی ناوەندی شارەزوور، چیمەن، هیوا، کاوە. لە سلێمانیش بۆ: هەڵبژاردەی پەرورەی سلێمانی، یانەی وەرزشی سلێمانی، مەڵبەندی لاوانی سلێمانی، هەڵۆ، یاریکردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (ئەنوەر حەمەکەریم حەمەحسەین ئەحمەد)ە. ساڵى ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغى یەکەمى پەیمانگاى تەکنیکى موسڵى خوێندووە. لە ئێستادا بەڕێوەبەرى مەڵبەندى تەندروستیى شەهید حیکمەتە لە هەڵەبجە. ژیانى وەرزشی لە قوتابخانەى دەرسیمى سەرەتایى بە یارى تۆپیپێ و یارى گۆڕەپان و مەیدان لە هەڵەبجە دەستپێکردووە. لەم تیپە وەرزشییە میللییانە یاریکردووە: (هیوا، هێمن، کوردستان، ئۆردوگاى سەریاس و ئۆردوگاى شارەک و شەهرەک).
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (ئەیوب حەمەحەسەن حەمەسەلیم یوسف)ە. ساڵى ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووى پەیمانگاى مەڵبەندى مامۆستایانى سلێمانییە. لەم تیپ و یانە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (بێچووەشێرانى زەورا لە بەغداد، ڕۆشنبیرى لە هەڵەبجە، هەڵەبجە، سۆلاڤی کەرکوک، دووکان، فوتساڵى شنروێ). ساڵانی ٢٠٠٠ - ٢٠٠٩ ئەندامى دەستەى کارگێڕى یانەى وەرزشیى هەڵەبجە بووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٧٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەيی تەواوکردووە. یاریزان و ڕاهێنەرێکی دیاری یاری کاراتییە. ساڵی ١٩٩٤ دەستی بەم یارییە کردووە، لە ئێستادا خاوەنی بڕوانامەی پشتێنی ڕەشی دان پێنجی یابانییە. بەشداری چەند خولێکی کوردستان و عێراق و چەند وڵاتێکی ئاسیایی کردووە. لە ئێستادا ڕاهێنەری گشتیی بەشی کاراتیی یانەی وەرزشی هەڵەبجەیە و سەرۆکی یەکێتیی کاراتیی پارێزگای هەڵەبجەیە. بۆ یەکەم جار لە مێژووی هەڵەبجەدا تیمی کاراتیی کچانی لە یانەی وەرزشی هەڵەبجە دامەزراندووە و لەیەکەم پاڵەوانیەتیی کچاندا پلەی یەکەمی یانەکانی کوردستانیان بەدەستهێناوە، لەسەر دەستى ئەم، چەندین ياريزانى چوونەتە هەڵبژاردەی عێراق، لەوانە ڕەوەند ئەيوب، کە کوڕى ناوبراوە و تاکه ياريزانى هەڵبژاردەى عێراقە، کە مەدالياى برۆنزی لە کۆمیتە قیتال وەرگرتووە لە وڵاتی کازاخستان لە پاڵەوانیەتیی وڵاتانی کشوەری ئاسیا لە ساڵی ٢٠٢١.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناسراو بە ئومێدی محەممەدی حاجی عەلی. ساڵی ١٩٦٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە. لە ئێستادا لە ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژی. لەم تیپە میللییە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (بێکەس، هەڵبژاردەی هەڵەبجە، مەڵبەندی لاوانی هەڵەیجە، کوردستان، هەڵبژاردەی کۆلێژی پەروەردەی وەرزش لە زانکۆی موسڵ، مەولەویی سلێمانی).
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە. سەرەتای ژیانی وەرزشی بە یاری تۆپیپێ دەستپێکردووە. لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (ئازادی، کاروان، زانکۆ لە هەڵەبجە تازە، کاروان لە شارەزوور، دەروون شارەزوور، ڕێناسین لە هەڵەبجە، ڕاستی هەڵەبجە، یانەی وەزشی هەڵەبجە، ئۆردوگای وەرمەهەنگ).
وەرزشەوانێکی دێرینە. ساڵی ١٩٦٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازیی هەڵەبجەیە، بەشی ئۆتۆمبیلە. یارییەکانی تۆپیپێ و تۆپی بالە و تۆپی سەرمێزی ئەنجامداوە. لەم تیپە میللییە وەرزشییانەدا یاریکردووە: خەبات، بۆکان، هێرۆ، سپۆرت. ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ لە بۆردومانی هەڵەبجەدا، شەهید بووە.
یاریزانى تۆپیپێیە. ناوی (ئیبراهیم محەممەد ڕەووف)ـە و بە (ئەدوو) ناسراوە. ساڵی ١٩٩٩ له شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە (خورماڵ) تەواوکردووه. دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانکۆی سلێمانی. لە تیپی وەرزشی (لاوانی شۆڕش) و دواتر تیپی وەرزشی (شۆڕش)، کە تیپی پلەیەکی (خورماڵ) بووه، یاریکردووە. کە خوێندکاری زانکۆ بووە لە تیپی (لاوانی یانەی وەرزشی نەورۆز) یاریکردووە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ یانەى وەرزشى نەورۆز دووەمی کوردستان بوون. ساڵی ٢٠٢١ پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بووە. لە ئێستادا یاریزانی (یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی)یە لە هەردوو خولی کوردستان و عێراق بەشداریکردووە، بەردەوامە.
وەرزشەوانی دێرینە. ساڵى ١٩٧٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا پۆلى سێیەمى ناوەندى لە هەڵەبجە خوێندووە. لە ئێستادا پیشەى (کاسب)ـە. لە تیپى وەرزشیى کرێکاران و شنروێ یاریکردووە.
وەرزشەوانێکی دێرینە. ناوی (ئیسماعیل جەمیل محەممەد کاکل)ـە. ساڵی ١٩٦٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، هەتاوەکو قۆناغی ئامادەیی خوێندوویەتی. لە تیپی میللیی وەرزشی شنروێ یاریکردووە، هەر لە هەمان کاتدا یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی شنروێ لە هەڵەبجە، بۆ مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە و هەڵبژاردەی هەڵەبجە یاریکردووە. یاری تۆپیپێ و گۆڕەپان و مەیدانی ئەنجامداوە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە گەنجینەی هەڵەبجە.