ئیبراهیم نەجمەدین

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 335

مۆسیقی

بە بلەی دەف ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. بەکالۆریۆسی لە مۆسیقا وەرگرتووە. لە وەرزشەوانانی تیپی تۆپیپێی شنروێ بووە. لە ژەنیارانی نەوەدەکانی تیپی مۆسیقای شنروێیە و زەرب و دەف لێدەدات و لە زۆربەی بەرهەمەکانی تیپەکەدا لەناو شار و هەرێمی و دەرەوەدا بەشداربووە و لە زۆرێک لە یادەکانی هەڵەبجەدا ئامادەیی هەبووە. خۆیشی گۆرانییەکی بۆ گەلی کوردستان تۆمارکردووە. ئەندامی لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە، فەرمانبەرە و لە سلێمانی نیشتەجێیە.

سەرچاوەکان:

  1. دەلیلی هەندێک لە فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجە.
  2. ئەرشیفی تیپی مۆسیقای شنروێ لەلایەن عەزیز حەمەکەریم بۆ ئامادەکار نێردراوە. لە ٢٥/٣/٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

7

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

بەرهەمێکی نایاب

یەکەم بەرهەمی تۆمارکراوی تەلەفزیۆنی ڕەنگاوڕەنگی گۆرانی و مۆسیقای تیپی مۆسیقای شنروێیە بە شێوەی میللی و خۆرهەڵاتی. لە ئامادەکردنی ئازاد ساڵح. لە١٨ی ٧ی ١٩٨٢ لە هۆڵی ڕۆشنبیریی هەولێر، بەسەرپەرشتی دەزگای بڵاوکردنەوە و ڕۆشنبیریی کوردی لە بەغداد، لە چوارچێوەی فیستیڤاڵی تیپەکانی کوردستاندا پێشکەشکراوە. حەوت گۆرانی لەخۆگرتووە. گۆرانیبێژان، شێخ جەمال، حەمە قوتو، حەمە لامەرکەزی، سیروان کاکەیی، گۆرانیەکانیان وتووە. ژەنیارەکان، ئازاد ساڵح، عەزیز حەکەیم، ئاراس شێخ جەمال، بەهمەن ئەحمەد، شوان عەلی، مەحمود ئەحمەد، دانا هەڵەبجەیی. کۆرسەکان، شێخ جەمال، ئەمیر پاشا نامدار، نوری خەیاڵ ، تەها بەکر، ئاراس مەقسود، ئایار محەمە ئەمین، شیرین محەمەد، نیان سالح، دڵگیر محەمەد، شلێر محەمەد،پەیمان ساڵح. بەرهەمەکە لەناو خەڵکیدا دەنگدانەوەی باشی هەبووە و ڕۆژنامەی هاوکاری بەسەریکردووەتەوە.

ئازاد ساڵح مەلا سابیر

ناوی (ئازاد کوڕی ساڵح کوڕی مەلا سابیر)ە. ساڵی ١٩٥٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. باپیرانی لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە هاتوونەتە هەڵەبجە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندوە و لە بەشی وێژەیی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سلێمانی بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٧٨ کۆلێژی کارگێڕی و ئابوری لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە و وەک ژمێریار لە (فەرمانگەی کارەبای هەڵەبجە) دامەزراوه و دواتر ڕاژەکەی گواستووەتەوە بۆ (فەرمانگەی ڕۆشنبیری لە هەڵەبجە). ماوەیەک (بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی هەڵەبجە) بووه. ساڵی ٢٠١٨ خانەنشین بووه. چەند جارێک ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە‌. لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقای هەبووە و لە قوتابخانە کاریگەریی مامۆستا (حەمەی دادە ڕەعنا) لەسەر بووه،‌ کە ئامێری کەمانچەی ژەنیوە. خۆڕسکانە خۆی فێری مۆسیقا کردووە. لە ٢٦ی ٤ی ١٩٧٣ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا تیپی (مۆسیقای هەڵەبجە)یان دامەزراندوە، کە ساڵی ١٩٧٩ ناوەکەی بووە بە‌ تیپی (مۆسیقای شنروێ) و لەو کاتەوە تا ئێستا سەرۆکی تیپەکەیە. کە خوێندکاری زانکۆ بووە، لە(مەڵبەندی ڕۆشنبیریی زانکۆ) فێری خوێندنەوەی نۆتەی مۆزیک بووە. یەکەمین ئاوازی لە ساڵی ١٩٧٤دا داناوە و تا ئێستا نزیکەی ١٥٠ ئاواز، یان ئامادەکردنی مۆزیکی بۆ گۆرانیبێژان داناوە و دەیان فێرخوازی‌ فێری مۆسیقا کردووە‌. ماوەیەک وەک لێپرسراوی (خانەی مۆزیکی منداڵان) لە سلێمانی کاریکردووە. لەگەڵ (عادل حەسەن)ی هاوڕێیدا، فێرگەیەکی فێربوونی مۆزیک و گۆرانییان لە شاری هەڵەبجە کردووەتەوه و بەردەوامە لە کاری هونەری‌. دوو کتێبی (هەڵەبجە و سەمای نۆتەکان، هەڵەبجە و مۆزیک، بیرەوەری و یاد) بە چاپ گەیاندووه. ‌

ئەسعەد قەرەداغی

گۆرانیبێژ و ئەکادیمیی بواری مۆسیقایە. ناوی (ئەسعەد شێخ عومەر شێخ محەممەد شێخ عەبدول لەتیف)ـە. ساڵی ١٩٥١ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. لە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی زانست بەشی کیمیای خوێندووە. لە منداڵییەوە خولیای گۆرانی و مۆسیقا بووە. چەندین بەرھەمی بۆ تەلەفزیۆن تۆمارکردووە. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی (تیپی مۆسیقای سلێمانی)، (تیپی مۆسیقای زانکۆی سلێمانی) و (کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان)ـە. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لە‌ وڵاتی سوید نیشتەجێیە. ساڵی ٢٠٠٠ بەشی پەروەردەی لە زانکۆی (سۆدرتۆن) تەواوکردووە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و سویدی دەزانێت. چەندین کتێب و نامیلکەیەکی چاپکراوی هەیە، لەوانە (فەرهەنگی مۆزیک)، (ئەی ڕەقیب له ‌تای تەرازوودا) و (فەلسەفەی مۆزیک/ بە دوو بەرگ)، هەروەها چەندین وتاری زانستی و ھونەری و پەروەردەیشی بڵاوکردووەتەوە.

ئەڵڵاکەرەم کەمال عەلی

بە هەورامان خارگێڵانەیی ناسراوە، ساڵی ١٩٧٨ لەدایکبووە. ئەندامی کارای لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە. خاوەنی ٣٠ بەرهەمی گۆرانییە بە کرمانجی ناوەڕاست و هەورامی، خێزاندارە، خاوەنی ٤ منداڵە و فەرمانبەرە.

ئەمیر ئەرسەلان محەممەد: ئەمیری ڤایلۆن

ساڵی ١٩٨٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە بەشی موزیک وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە دەستی بەکاری مۆسیقی کردووە. لە کازیوەی منداڵان، سەنتەری پاراستنی منداڵان، گەنجانی هەڵەبجە وانەی وتووەتەوە. بەشداری زیاتر لە ٥٠ فیستیڤاڵ و کۆنسێرتی کردووە. حەوت ساڵ ئەندامی کارای گروپی موزیکی هەڵەبجە بووە. ساڵێک بەڕێوەبەری گروپی موزیکی بەرنامەی ئێوارانی‌NRT٢ بووە. ئەندامی کارای گروپی ژێداری ڤینۆ پڕۆدەکشن و گروپی میوزیکی شنروێ بووە. دامەزرێنەری ئەکادیمیای میوزیکی هەڵەبجە بووە. لەئێستادا لە شاری هەڵەبجەی شەهید نیشتەجێیە و خاوەنی ستۆدیۆ ژێدارە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

ئەنوەر قەرەداغی

ئاوازدانەر، دەنگخۆش، ژەنیار و نوسەرە. ناوی (ئەنوەر شێخ عومەر شێخ محەممەد شێخ عەبدوللەتیف)ـە. ساڵی ١٩٤٦ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. دامەزرێنەری چەندین گروپ و تیپی مۆسیقایە، لەوانه (خۆشی و بەختیاری)، (ھیوا)، (سلێمانی)، (زانکۆی سلێمانی)، (کیژان) و (ئۆرکێسترای سلێمانی). ھەروەھا لە دامەزراندنی پەیمانگای (ھونەرە جوانەکانی سلێمانی)دا ڕۆڵی هەبووە. مامۆستا و ڕابەری موزیکی چەند نەوەیەک بووە و لە دەیان کۆڕ و سیمینار و کۆبوونەوەی ھونەری لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات و لە زۆر فیستیڤاڵ و بۆنەی تایبەت بە ھەڵەبجە بەشدارییکردووە. لەگەڵ هونەرمەنداندا بەرهەمی تایبەتی بە هەڵەبجە پێشکەشکردووە. لەوانە کۆراڵی هەستانەوەی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٧١یش ئاهەنگی تیپی مۆسیقای سلێمانیان هێناوەتە هۆڵی ئامادەیی هەڵەبجە. گەلێک ئاوازی ڕەسەنی زیندوکردونەتەوە و دابەشی نوێی بۆ کردوون، بایەخی بە بۆنەی یشتمانی و نەتەوەیی و ئایینی داوە و لەگەڵ زۆرێک لە هونەرمەند و گۆرانیبێژە ناودارەکان کاریکردووە و ستۆدیۆی تایبەتی بە تۆمارکردن هەبووە. دەزگاکانی ڕاگەیاندن بایەخیان بە توانا و کارەکانی داوە و چەندین پڕۆگرامی سەرکەوتووی پێشکەشکردووە. هەندێک لەکارەنەمرەکانی: لە درزی پەچەوە، یاران وەسیەتم، شەو، ..هتد. لە ژیاندایە و لە سلێمانی نیشتەجێیە.