کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

31 بابەت

عومەر حەمەڕەحیم حەمەشەفیق

بە دانا هەلەبجەیی ناسراوەو ژەنیاری کەمانە. ساڵی ١٩٦٥ لە گەرەکی پاشا لە هەلەبجە لە دایکبووە. قۆتاغی ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووەو دواتر لە هۆڵەندا بەکالۆریۆسی لە بەڕێوەبردن بە دەستهێناوە. ساڵی ١٩٨٣ تیپی مۆسیقای شەمی لە هەڵەبجە دامەزراندووە، کەچەندین بەرنامەو کاری هونەریان پێشکەشکردووەو وەک یەکەم تیپی جازی ڕۆژئاوایی بۆ ماوەی چوارڕۆژ لە هەڵەبجە گۆرانی و مۆسیقایان پێشکەشکردووە. دوای کیمیاباران بە نهێنی لە سلێمانی بەرهەمیکی ( ١٠ تراکی) یان تۆمارکردووەو دوای ڕاپەڕین یەکەمین یادی هەڵەبجەیان کردووەتەوە. ئامادەکارو پێشکەشکاری بەرنامەکانی دادگای هەلەبجەیە.سەرۆکی دەزگای مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیە لە لاهای، ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەوانی کوردستان و نێوەنەتەوەیی و ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و ئەمینستی ئینتەرنەشناڵە. خێزاندەرەو خاوەنی دوو منداڵە، لە هۆڵەندا نیشتەجێیە.

فازل محەممەد عەبدولکەریم

ساڵی ١٩٧٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی هونەری و ئەدەبی کردووە. لەوانە: فیستیڤاڵی (چوارپارچەی کوردستان بۆ گۆرانی و میوزیک، یادەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە، گوڵەهەنار، باخی میر، هەورامان، ئەنفال) و چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە، لەوانە: خەڵاتی(چوار پارچە بۆ گۆرانی و میوزیک، پارێزگای هەڵەبجە، پەروەردە، تەلەفزیۆنەکانی زاگرۆس و کوردستان و سەندیکای هونەرمەندان، کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی). ئەندامی سەندیکای هونەرمەندان و کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی و دەزگای هونەریی پەیامە. لە دەستەی دامەزرێنەرانی گروپی میوزیکی هەڵەبجەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. پیشەی فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرێتیی چالاکیی هونەری لە هەڵەبجە.

فریشتەکانی مۆسیقا

ئەو مۆسیقارە میللی و قەلەندەرانەن، کە لە مزگەوت و تەکیە و خانەقاکانی سنوری هەڵەبجە و هەوراماندا شمشاڵیان ژەنیوە و دەفیان لێداوە. زۆرێک لەم هونەرمەندانە گومناون و نەناسێنراون. وەک دەروێش ئەمینی دەفژەنی مزگەوتی تەکیە و دەروێش عەبدوڵای خانەقای بیارە (کە گۆرانی شاعیر بینیویەتی و هۆنراوەی "بۆ فریشتەی مۆسیقا"ی بۆنوسیوە). دەیان زوڕناژەن، شمشاڵژەن، دەهۆڵکوت لە سنورەکەدا وەک فریشتەی نادیار خزمەتیان کردووەو زانیاری لەسەر ژیانیان لە بەردەست نییە.

فریشتە محەممەد ئەوڕەحیم

لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەری تیپی هونەریی مەشخەڵی کچانە. ساڵی ١٩٧٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی شاهۆ و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجەی کچان خوێندووە. دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥ـە. ئاوازدانەرێکی دیاری تیپی مەشخەڵی کچان بووە و زیاتر لە ٢٠ ئاواز و هۆنراوەی داناوە و بە سروود و گۆرانی لە لایەن کچانی تیپەکەوە وتراون و لە سێ کاسێتدا تۆمارکراون، بەشێک لە ئاوازەکانی کلیپکراون و لە تەلەفزیۆنی بزوتنەوە و پەخشکراون، لە ناو هەڵەبجەدا بڵاو و ناسراون. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە، پیشەی مامۆستایە و لە شاری هەڵەبجە دەژی.

کرمان جەلال نادر

ساڵی ١٩٨٨ لە (کرمان) لەدایکبووە. دەرچووی بەشی میوزیکە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی. چەندین بەرهەمی میوزیکی لەگەڵ گروپی مۆسیقای هەڵەبجە پێشکەشکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانە لە لقی هەڵەبجە. لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا خەڵاتی وەرگرتووە. لە ئێستادا مامۆستای هونەرە لە قوتابخانەیەکی ناوشاری هەڵەبجە.

مامە عەزە

ناوی (حەمەعەزیز حەمەکەریم حەمەئەمین)ـە. ژەنیاری ئامێرەکانی (کەمان، عود، سەکسیفۆن)ـە. ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی پیشەسازی لە هەڵەبجە خوێندووە. ئەندامی تیپی مۆسیقای شنروێیە و لە تەواوی چالاکییەکانی ئەم تیپە لە ساڵی ١٩٨٠ و تا ئێستا بەشداریکردووە. لە زۆربەی فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجە و پڕۆگرامە موزیکییەکانی تیڤییەکان و ئاهەنگ و بۆنەکانی جاراندا بەشداربووە. لە زۆر بەرنامەی تایبەت بە هونەرمەندان وەک موزیسیان بەشداربووە. لەوانە بەرنامەی تایبەت بۆ هۆشیار حەمەفەرەج و ئازادە ڕەش و ئاهەنگەکانی ڕێزلێنانی هونەرمەندان... هتد. لە بەرهەمە تۆمارکراوەکانی تەلەفزیۆن ساڵی ١٩٨٣ بۆ هونەرمەندان (محەممەد ئیبراهیم عەبدول، عوسمان کەیمنەیی) و ئۆپەرێتی (سەوزە، ڕێویە و لە پێستی شێردایە)، وەک موزیسیان و ڕێکخەری چەند کارێکی هونەری بەشداربووە. خاوەن بەرهەمی مۆسیقی مارشی پەروەردەیی (لەخەو هەستن)ـە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و باوکی موزیسیانی جوانەمەرگ ڕێهات عەزیزە. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە.

محەممەد ئەحمەد عەزیز

ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (گوڵپ) لەدایکبووە. قۆناغی ناوەندی تەواوکردووە. لە چالاکییە هونەرییەکانی خورماڵ و هەوراماندا بەشداریکردووە و کاری میوزیکی بۆ چەند شانۆگەرییەک کردووه، لەوانە (لەم وڵاتە چ باسە، غاز، بەڵێن بدە، حەسرەتەکانی شارێک، ئەرک و ماف). خاوەنی ١٨ بەرهەمی تۆمارکراوە و پێنج لەو بەرهەمانە وێنەیان گیراوە. بەشداری زۆربەی فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجە و هەورامانی کردووە. بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەڕێوەبەری تیپی هونەریی پێشەنگ بووە. چەند بابەتێکی بۆ ڕۆژنامەکان نوسیوە و چەند هۆنراوەیەکی کراون بەگۆرانی. ئامادەکاری بەرنامەیەکی ڕادوێیی بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی ٤ منداڵە، لە ‌ئێستادا بەڕێوەبەری بەشی ڕۆشنبیری و هونەریی خورماڵە.

میر ئەکبەر کەریم

ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای تاقیگەی پزیشکییە و ساڵی ٢٠١٩، لە ساڵی ٢٠٢٣ و لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، بەکالۆریۆسی لە زانستی تاقیگەی پزیشکی بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠١٠وە دەستیکردووە بە تەنبوور ژەنین و لەو بوارەدا گەنجێکی بەهرەمەندە و لە چەندین کۆنسێرت و بەرهەمی هونەری لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا بەشداریکردووە.

نەوزاد محەمەد عەلی

موزیسیانە. لە ژەنیارانی تیپی مۆسیقای شنروێیە. بە نەوزاد سۆفی ناسراوە، ١٩٦٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای تەکنیکیە ساڵی١٩٨٦. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. هاوڕێی نزیکی مامە عەزە و ئازاد ساڵح و ئاراسی شێخ جەمالە. ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی.

هەڵکەوت محەممەد ئیبراهیم

ساڵی ١٩٥٩ لە عەبابەیلێ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە عەبابەیلێ و هەڵەبجە و پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٨٠ لەگەڵ تیپی مۆسیقای هەڵەبجەدا کاریکردووە و دواتر ژەنیاری تیپی مۆسیقای شنروێ بووە. لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای (شەم)ـە، کە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە. بەشداری ئاهەنگ و کۆنسێرتەکانی ئەو دەمەی کردووە. لێپرسراوی تیپی مۆسیقای مەولەوییە. ماوەیەک سەرپەرشتیاری هونەری و پەروەردەی میوزیک بووە. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

یاسین عەلی حسێن

موزیسیان و ڕۆژنامەوانە. بە(ڕێناس) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبیدا هەیە. لە بواری میوزیکدا خاوەنی چەندین ئاواز و هۆنراوەیە. کەسی دیاری ڕەوتی سروودبێژییە لە هەڵەبجە و چەندین سروودی تۆمارکراوی هەیە. بەشداری کارای لە ساڵیادەکانی هەڵەبجەدا کردووە. نوسەر و دەرهێنەری چەند بەرهەمێکی شانۆییە، لەوانە: مامۆستا، یاساو دارستان، گەشتی زانستی. چەندین ئۆپەرێتی بۆ باخچەکانی ساوایان نوسیوە. سەرپەرشتی چەندین فیستیڤاڵ و چالاکیی میوزیکی کردووە. لە دەستەی دامەزرێنەرانی گۆڤاری (ڕابەر) بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە شاری هەڵەبجە دەژی.

پێشتر 1 2