بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
ساڵی ١٩٦٨ لە گوندى سەرچاوگى کۆکۆیى لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە سلێمانی و هەڵەبجە و ناوەندى لە شارەزوور تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشى بنەماکانى ئایینى شەریعە لە زانکۆی هەڵەبجە بەدەستهێناوە. یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانى کەناڵى ئاسمانى پەیام و یەکەم بەڕێوبەرى کەناڵەکە بووە و تا ساڵى ٢٠٢١ بەردەوام بووە.
ساڵی ١٩٩٢ لەدایکبووە. کۆلێژی زانستە مرۆییەکان بەشی کۆمەڵناسیی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠١٥ و لە کەناڵی NRTـەوە دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی کردووە و کامێرامانی کەناڵەکە بووە لە نوسینگەی هەڵەبجە، دواتر بووە بە وێنەگری (دەنگی ئەمریکا) لە هەڵەبجە. بەشێوەی فریلانس کاری دیکۆمێنتاری بۆ کەناڵەکانی وار تیڤی و کوردستان ٢٤ کردووە. لە ئێستاشدا وێنەگری کەناڵ هەشتە لە پارێزگای هەڵەبجە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
ڕاگەیاندکار و نوسەر و شاعیرە. ساڵی ١٩٧٦ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبیدا بەدەستهێناوە. نوسین و وەرگێرانەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە. لە ڕادوێی هەڵەبجە وەک ئامادەکار و پێشکەشکار چەند بەرنامەیەکی هەبووە. بۆ ماوەی دوو ساڵ بەڕێوەبەری بەرنامەکانی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی یەکگرتوو بووە. خاوەنی کتێبی چاپکراوی (ماڵێک لە دوعا)یە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. پیشەی مامۆستایە لە هەڵەبجە.
ڕاگەیاندکار و چالاکوانە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان لەدایکبووە. زمانی کوردی و شێوەرازی هەورامی لەناویدا و فارسی و ئینگلیزی دەزانێت. لە ٢٠٠٥وە تا ئێستا دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ڕادوێی دەنگی نوێیە. ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩ سەرۆکی بۆردی ACDI/VOCA ئەمریکی بووە لە هەڵەبجە. ٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٢ دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنانە. لەو ماوەیەدا ١٧ پڕۆژەی لە مافی ژنان و ژینگە و میدیادا جێبەجێکردووە. ٢٠٢٢ تا ئێستا دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری سەکۆی هاودەنگی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجەیە. دەرچووی بەرنامەی سەردانیکەرانی ڕێبەرایەتیی نێودەوڵەتی IVLPیە لە ئەمریکا. لە ٢٠٠٥وە تا ئێستا لە میدیا و ڕێکخراوەییدا، بەشداری ٥٠ خولی ڕاهێنان و کۆنفڕانس لە کوردستان و دەرەوەدا کردووە. ئەندامی لقی هەڵەبجەی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەوانانە. لە هەڵەبجە دەژی.
ڕۆژنامەوان و نوسەرە. بە (دکتۆر کاروان عەبدوڵا هەورامی) ناسراوە. ساڵى ١٩٧٩ لە گوندی (ئەحمەدئاوا) لەدایکبووە. بەشی بیرکاری لە پەیمانگای مامۆستایانی لە هەڵەبجە خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕاگەیاندن و ماستەر و دکتۆراى لە ئابوریی ڕاگەیاندندا بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٢١ تا ساڵی ٢٠٢٤ بڕیاردەری بەشی ڕاگەیاندن بووە لە زانکۆی سلێمانی. سەرنوسەری ڕۆژنامەی وەرچەرخان و دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ماڵپەری زانکۆ کورد بووە. لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی دەنگی باوەڕ بووە. لە ڕادوێی هەورامان - شارەزوور، تەلەفزیۆنەکانی: بزوتنەوە، یەکبوون، کۆمەڵ، پەیام وەک پەیامنێر، پێشکەشکار، نوسەر، بەڕێوەبەری بەش، ئەندامی ستاف، بەرهەمهێنان، دیزانەر، کاریکردووە. بەڕێوەبەری نوسینی ڕۆژنامەی خورماڵ و دامەرزێنەری ناوەندی هونەریی خورماڵ و ئەندامی ستافی بەڕێوەبردنی ناوەندی ڕۆشنبیریی خورماڵ بووە. خاوەنی چوار کتێبی چاپکراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى سێ منداڵە.
ساڵی ١٩٧٠ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٦ وەک بێژەر لە ڕادوێی دەنگی یەکگرتوو کاریکردووە و پێشەکەشکاری بەرنامەکانی: چەمەڕا، ژاڵانە، کەشەوان و ماوەی هەورامی بووە. لە ڕادوێی سپێدە چەندین بەرنامەی هەبووە و لە کەناڵی سپێدەش بۆ ماوەی چواردە ساڵە بەرنامەی شنەیو هەورامانی ئامادە و پێشکەشکردووە. چەندین کتێبی دەنگی بە هەورامی تۆمارکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی فەرمانبەرە لە هەڵەبجە.
ساڵى ١٩٨٩ لەدایکبووە. قۆناغى سەرەتایى و ناوەندى و ئامادەیى لە خورماڵ خوێندووە. بڕوانامەى دیبلۆمى لە بەرهەمی ڕووەکی پزیشکی - پەیمانگای تەکنیکی خەبات بەدەستهێناوە. لە چەندین دامەزراوە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندنی کردووە، لەوانە: گۆڤاری لڤین، تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕ تی، دەزگای پەیسەر و ڕادوێی گۆڕان و سایتی سبەی، کەناڵی کەی ئێن ئێن، کەناڵى k٢٤ ، دەزگای ٩٦٤. خەڵاتی گەنجی سەرکردەی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە دوبەی وەرگرتووە. ئەندامی ڕێکخراوی پەڕلەمان/ گەنجانی جیهانە.
ڕاگەیاندکار، گۆرانیبێژ و ئەکتەرە. ساڵی ١٩٧٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ١٢ی وێژەیی خوێندووە. بە منداڵی تیکەڵی کارە هونەرییەکانی هەڵەبجە بووە و لە ئۆپەرێتەکانی: سەوزە، ڕێویە و لە پێستی شێردایە، ماسییە ڕەشە بچکۆلەکەدا بەشداریکردووە. ساڵی ١٩٩١ لە چالاکییە هونەری و میوزیکییەکانی تیپی شنروێدا دەرکەوتووە. ساڵانی ١٩٩٦ تا ٢٠٠٠ وەک مۆنتێر، بێژەر و پێشکەشکار لە ڕادوێی شارەزوور کاریکردووە و بەرنامەی شنەی مۆردانەی پێشکەشکردووە. لە ڕادوێی زانکۆی سلێمانی بێژەری کردووە. بەرپرسی لاپەڕەی ڕۆژنامەی (ڕێوان) بووە. لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان پێشکەشکاری بەرنامەکانی: ڕێوان و ئاوێزە بووە. پەیامنێری تەلەفزیۆنی کوردسات بووە لە شارەزوور. لە دراماکانی: گەڕان بەدوای سێبەرەکاندا، باران، باڵەخانە و فلیمەکانی: ماڵی خانم و بێکەسدا بەشداریکردووە. کاری بۆ سایتی واڵا پرێس و کەپر کردووە و پەیامنێری puk میدیا و سایتی چاودێر بووە. لە ئیستادا کارمەندە لە بەشی ئەرشیفی کوردسات نیوز لە دەزگای میدیایی کوردسات.
ناوی (کۆمار نادر حامد)ە. ساڵی ١٩٨٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە و لە کاکەییەکانی گوندی هاوارە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە و لە شاری هەولێر بەشی نێتۆرکی لە پەیمانگا تەواوکردوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە وەک بێژەر و پێشکەشکار دەستی بە کاری ڕاگەیاندن کردووە و لە چەند کەناڵێکی ناوخۆیی و ئاسمانی کاریکردوە، ئێستاش پێشکەشکاری کەناڵی ئاسمانی کوردستان ٢٤ە.
ڕاگەیاندکار، هونەرمەند و شاعیرە. ناوی (گەشاوە کچی مامۆستا عەبدولکریمی حاجی ئەحمەدی قەدەفەری)یە، ساڵی ١٩٧٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بە منداڵی بەشداری ئۆپەرێت و شانۆکانی هەڵەبجەی کردووە. لەوانە (سەوزە، ڕێویە و لە پێستی شێردایە، ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە). ساڵی ١٩٩٦ چووەتە دەرەوەی وڵات. ٢٠٠٦ کۆلێژی ڕاگەیاندنی ئیلینی تەواوکردووە. خاوەنی نامیلەکەی شیعریی (مردنێکی پڕ تاسە)یە. لە کەناڵی ئاسمانیی (ڕۆژ تیڤی، بی بی سی سەنتراڵ) کاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ کۆمپانیای ڕەیەڵ فام وەک یاریدەدەری کامێرا بۆ دیکۆمێنتکردنی تاوانی ئەنفال کاریکردووە. ٢٠١٣ وەک ڕاگەیاندکار بەشداری پڕۆژەی (تۆ تەنها نیت) بۆ وێنەکێشان و پێشانگا بۆ منداڵانی توشبوو بە شێرپەنجەی کردووە. ساڵی ٢٠١٩ وەک بێژە و پێشکەشکاری بەرنامەی ڕۆنیا بووە لە تەلەفزیۆنی ئاریەن. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە.
ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەوانە. ناوى (ماکوان عیزەت مەحموود)ە. ساڵى ١٩٧٩ لەدایکبووە. قۆناغى سەرەتایی و دواناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە. لە: گۆڤاری گزنگ، ماڵپەری پەیامنێر، ڕۆژنامەی وشە، کاریکردووە. لە بەڕێوبەرایەتیی پاراستنی تەندروستی بەرپرسی ڕاگەیاندن بووە. لە ئێستادا لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی و ڕۆژنامەی هەولێر لە کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی بەردەوامە.
ساڵی ٢٠٠٠ لەشاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە بەدەستهێناوە. لە: ڕادوێی دەنگی نوێ، کەناڵی هەڵەبجە تیڤی، تۆڕی میدیایی ٩٦٤، تۆڕی میدیای KBC کاریکردووە. لە ئێستادا وەک پەیامنێر و هەواڵساز لە تۆری میدیای KBC لە کاری ڕاگەیاندن بەردەوامە.
ناوی (محەممەد حەمەنەجیب حەمەخان)ـە. ساڵی ١٩٨٥ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (دەرەیمەڕە)ە. تا قۆناغی ئامادەیی لە خورماڵ و بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ماوەی ١٥ ساڵە کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ماوەی جیاوازدا: وەک پەیامنێر و هەواڵساز لە ڕۆژنامەی دەستوور، وەک هەواڵساز و سەرنوسەر و جێگری بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، پەیجی مۆر، سەرنوسەری سایتی ژیان، کاریکردووە و لە ئیستاشدا وەک جێگری بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ لە کەناڵی کوردستان بەردەوامە.
ساڵی ١٩٨٢ لە گوند (کوڵکنیی شارەزوور) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٩٩ دەستی بەکاری وێنەگرتن کردووه. لەکەناڵی ناوخۆیی یەکگرتوو لە هەڵەبجە، کەناڵی ئاسمانیی سپێدە، کاریکردووە. وەک وێنەگر لە چەند کورتە فلیم و کلیپێکدا بەشداریکردووە. لەئێستادا وەک وێنەگر لە تەلەفزیۆنی سپێدە بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.
ڕاگەیاندکار و شاعیرە. ناوی(مونیر کوڕی سەلیم بەگی ئەمین بەگی بەڵخە)یە. نازناوی(لهۆنی)یە. ساڵی ١٩٧٠ لە پارێزگای (دیوانیە) لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە. هەندێک لە شیعرەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوبوونەتەوە. لە ساڵی ١٩٩٧ چووەتە نێو دنیای ڕاگەیاندنەوە. سەرەتا وەک پەیامنێری ڕۆژنامە و دواتر ڕادوێ و پاشان تەلەفزیۆن کاریکردووە. لە چەندین دەزگا و کەناڵی ڕاگەیاندنی جیاجیادا کاریکردووە. لە بواری ڕێکخراوەیشدا کاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٦ جێگری ئۆفیسی سلێمانی ڕێکخراوی کۆنکۆردیای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. ئەندامی کارای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە. ئێستا ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەیەکە لە ڕادوێ و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.
ناوی (هەوراز ئەمین قادر)ە. ساڵی ١٩٨٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە خورماڵ تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی عێراقییە لە بەغداد بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوه لە بواری ڕاگەیاندندا کاردەکات. ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (گەرمیان) بووە لە بەغداد. بۆ ماوەی ساڵێک لە ڕادوێی (شەفەق) لە بەغداد و زیاتر لە ساڵێکیش لە ڕادوێی (نەوا) لە سلێمانی وەک بێژەر کاریکردووە. هەشت ساڵ وەک بێژەر و پێشکەشکار لە تۆڕی میدیایی (ڕووداو) بووە. لە ئێستادا لە گروپی میدیایی (ئاڤا) وەک بێژەر بەردەوامە.
ناوی (وریا حەمەکریم حەمەساڵح مەحەممەد)ە. ١ى ١١ى ١٩٨٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زانستی دارایی و بانک لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٨ لە هەولێر دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی کردووە و ساڵی ٢٠١١ تا ئێستا لەهەڵەبجە درێژەی بەو کارە داوە. سەرنوسەری ڕۆژنامەکانی(تریفە، تیشک)بووە. ٢٠٠٨-٢٠١٠ پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوڵاتی بووە. ٢٠١٠-٢٠١٣ وەک پەیامنێر لە کەناڵی NRT کاریکردووە و لە ساڵی ٢٠١٥وە تائێستا بەرپرسی نوسینگەی هەڵەبجەی کەناڵەکەیە. دامەزرێنەر و خاوەنی کەناڵی خۆراکیی زنار تیڤییە. چەندین ڕاپۆرتی جۆراوجۆر و فلیمی دیکۆمێنتاری و بەدواداچوونی ئامادە و پێشکەشکردووە. ڕاپۆرتی بۆ دەزگا و کەناڵە نیودەوڵەتییەکان کردووە، لەوانە(سکای نیوز، بی بی سی، الجزیرە). لە ئەنجامی بەدواداچونەکانیدا چەندین بەرپرس لەکار دورخراونەوتەوە و چەندین بێسەرو شوێن دۆزراونەتەوە. لە ماوەی کارکردنیدا ٢١ سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و ١٠ دۆسیەی بردووەتەوە و ١٠ سکاڵاش یەکلایی نەکراونەتەوە. چەندین خولی ڕاهێنانی کردووەتەوە و بەشداری چەندین خولی کردووە و چەندین بڕوانامەی ڕاهێنانیشی وەرگرتووە. لەوانە (پەیمانگای فۆکس ئەکادیمی و بڕوانامەی ivlp لە ئەمریکا. ساڵی ٢٠٢٥ بە ڕووداوی هاتوچۆ کۆچیدواییکردووه و دوو منداڵی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە.