کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

26 بابەت

ماکوان جەمیل مستەفا

بەرێوەبەرى بانکى هەرێمە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە زانستى ئابورى لە زانکۆى سەڵاحەدین و دواتر ماستەر لە زانستى دارایى لە زانکۆى KDIى وڵاتى کۆریاى باشور بەدەستهێناوە. دواتر دووەم بڕوانامەى ماستەرى لە زانکۆى نیشتیمانى مالیزیا لە بوارى کاغەزى دارایى و بڕوانامەى دکتۆراى لەبوارى کاغەزى دارایى لە زانکۆى زانستیى مالیزیا بەدەستهێناوە. جگە لە زمانى کوردى، عەرەبى، فارسى، ئینگلیزى و مالاویى کۆریاى باشور دەزانێت. چەندین پۆستى حکومى وەک: بەڕێوەبەرى کارگێڕیى نەخۆشخانەکانى هەڵەبجە، جێگرى بەرێوەبەرى بانکى هەڵەبجە، بەڕێوەبەرى باجى خانوبەرەى هەڵەبجەی هەبووە. ئەندامى دامەزرێنەرى بانکى هەڵەبجە، ئەندامى دامەزرێنەرى بانکى خانوبەرە، دامەزرێنەرى باجى خانوبەرە و ئەندامى دامەزرێنەرى خەزێنەى هەڵەبجە بووە. لە زانکۆکانى گەشەپێدانى مرۆیى، ئیشک، کۆلێژى بازرگانیى زانکۆى سلێمانى مامۆستا بووە. لە ئێستاشدا بەڕێوەبەرى بانکى هەرێمە لە سلێمانى.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

مەریوان جەمیل مستەفا نادر

بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتىی نشینگەى هەڵەبجەى شەهیدە. ساڵی ١٩٧٩ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتى و ئامادەیى لە هەڵەبجە و بەشى یاساى لە زانکۆى سلێمانى تەواوکردووە. ئەکادیمیاى هێزەکانى ئاسایشى لە سلێمانى تەواوکردووە. دبلۆمى باڵاى لە یاسا لە زانکۆى ئەسکەندەرییەى لە وڵاتى میسر بەدەستهێناوە. دواتر بڕوانامەی لە ماستەر لە یاسا لە هەمان زانکۆدا بەدەستهێناوە. ماوەیەک وەک ئەفسەرى یاسایى لە بەڕێوەبەرایەتیى نشینگەى سلێمانى و لێپرسراوى هەریەکە لە بەشەکانى کارگێڕى و مانەوە، کاریکردووە. بۆ ماوەی چوار ساڵ سەرپەرشتیارى مەرزى تەوێڵە بووە. لە ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا وەک بەڕێوەبەرى بەرێوەبەرایەتیى نشینگە دەستبەکارە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

مەهدى عەبدولکەریم عارف محەممەد

بەڕێوەبەرى ڕێگاوبانى هەڵەبجەى شەهیدە. ساڵی ١٩٥٦ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشى ئەندازیاریى شارستانیى لە زانکۆى سلێمانى تەواوکردووە. ساڵى ١٩٨٣ بە دامەزراندنى مەرکەزى لە خەتى سەریع لە ناوچەى ڕوتبە دامەزراوە و سەرپەرشتیکردنى ئەو ڕێگە سەرەکییانەى کردووه،‌ کە لە بەغدادى پایتەختەوە دەچنەوە سەر هەموو پارێزگاکانى تری عێراق. دواتر بۆ خەتى سەریع لە ناسرییە و دواتریش لەسەر داواى خۆى بۆ وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى کوردستان گواستراوەتەوە و لەلایەن وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەوە وەک بەڕێوەبەرى ڕێگاوبانى شارى هەڵەبجەى شەهید دەستبەکاربووە. لە گرنگترین پڕۆژەکانی سەردەمی دەستبەکاربوونی: دروستکردنى ڕێگەى نێوان (هەڵەبجەى شەهید - سەیدسادق) بووە. ساڵی ٢٠٢٠ خانەنشین بووە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

نورەدین غەریب کەرەموەیس

بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ئاوى هەڵەبجەیە. ساڵى ١٩٧٥ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیى لە هەڵەبجە و کۆلێژى ئەندازیارى بەشى میکانیکى لە زانکۆى سەڵاحەدین لە هەولێر تەواوکردووە و لە بەڕێوەبەرایەتیى ئاوەدانکردنەوە و ڕێگەوبانى سلێمانى دادەمەزراوە. دواى ماوەیەک کارکردن لەو بەڕێوبەرایەتییە، دەگەڕێتەوە بۆ شارى هەڵەبجە و لە سەرۆکایەتیى شارەوانیى هەڵەبجە دەستبەکاربووە. ساڵى ٢٠٠١ تا ٢٠١٣ بەرێوبەرى فەرمانگەى ئاوى هەڵەبجە بووە. ساڵى ٢٠١٤ وەک بەڕێوبەرى بەڕێوەبەرایەتیى هونەرى چاککردنەوەى زانکۆى هەڵەبجە دەستبەکاربووە. ساڵانى ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٣ بەرێوەبەرى ئەندازە و پڕۆژەکانى زانکۆى هەڵەبجە بووە. لە ئێستادا لە زانکۆى هەڵەبجە فەرمانبەرە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

حەمەسەعید بەگی حەسەن بەگی جاف

لە سەرکردە و بەگزادە ناسراوەکانى جافى وەڵەدبەگييە. ناوی (محەممەدسەعيد بەگ کوڕى حەسەن بەگ کوڕى قارد بەگ)ـە. لە بەگزادەکانى وەڵەدبەگى جافە. ساڵی ١٨٩٥ لە (بيارە) لەدایکبووە. لە ‌دواى حەمەساڵح بەگى براى دووەمين کوڕى خێزانەکەيەتى. لەلاى مامۆستاى تايبەت خوێندوويەتى. لە سەردەمى دەوڵەتى عوسمانيدا بۆ ماوەى دووساڵ و نیو بەڕێوەبەری شارۆچکەی خورماڵ بووە. لە پاش کۆچیدوایی باوکی، بووە بە گەورە و دەمڕاست و پیاوماقوڵی خانەوادەکەى. لە گوندى (دەرەشيشى ژوروو) دانيشتووه. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. ساڵى ١٩٥٨ تووشى جەڵدە دەبێت و پاش ماوەیەک هەر بەو نەخۆشييە کۆچیدواییدەکات و لە گۆڕستانی (گوڵان) لە هەڵەبجە بەخاکدەسپێررێت.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

عوسمان بەگى حسەين بەگى جاف

بەگزادەی کەيخەسرەو بەگى جافە. ناوی (عوسمان بەگ حسەين بەگ مەحموود پاشاى محەممەد پاشاى جاف‌)ـە. ساڵی ١٩٣٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانى سەرەتايى و ناوەندى لە هەڵەبجە و ئامادەيى لە کەرکوک تەواوکردووە. ساڵى ١٩٥٩ بە ماڵەوە چوونەتە شارى بەغداد و ساڵى ١٩٦٤ بەشى ياساى زانکۆى بەغدادى تەواوکردووە و وەک فەرمانبەر دامەزراوە. ماوەيەکى زۆر بەڕێوەبەرى بەشى ياسايى وەزارەتى بازرگانیی عێراق بووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵى ١٩٨٥ خانەنشين بووە. لەگەڵ مەحموود بەگى برايدا لە موڵکدا شەريکبوون و زۆربەى موڵکەکانيان لە هەڵەبجە و سەيدسادق بووە. ساڵی ٢٠٠٩ بە نەخۆشى کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر
پێشتر 1 2