ھادی عەلی عەبدولکەریم

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14


لاپەڕەی 61

وەزیر

وەزیر، سياسى، کۆمەڵايەتى و ئەکاديمییە. ساڵى ١٩٥٣ لە هەڵەبجە لەدايکبووە. خوێندنى سەرەتايى و ناوەندى و ئامادەيى لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەکالۆريۆسى لە (فيزيا) و پاشتر ماستەرى لە (مێژووى سياسى کورد) و دکتۆرای لە (فيکرى سياسى ئيسلامى)دا بەدەستهێناوە. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بووە و تا پۆستی (سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی) پلەی وەرگرتووە. ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٦ وەزیری دادی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. بە ھەردوو زمانی (کوردی و عەرەبی) نوسين و وتار و بابەتى فيکرى لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە. نزیکەی ٢٠ کتێب و نامیلکەى بە چاپ گەياندووە، لەوانە (نوێکردنەوەی فیکری ئیسلامی و ڕۆڵی لە چاکسازی سیاسیدا/ دکتۆرانامە، دەوڵەتی مەدەنی لە دیدێکی ئیسلامیەوە، ڕەوتی ئیسلامی وپرسی چاکسازی لە سایەی شۆڕشەکانی گەلانی ناوچەکەدا، گۆڕانە ژیاریەکان و جیھانی ئیسلامی/ وەرگێڕان و الشعب الکوردي والسياسات الدولية في القرن العشرين/ ماستەرنامە).

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی‌ ئامادەکار لەگەڵ (ھادی عەلی عەبدولکەریم)، لە ١١ی ٣ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: نزار کەمال حەمەئەمين

3

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەکرەم جاف

بەگزادەی جاف، وەزیرە‌. ناوی (ئەکرەم کوڕى حاميد بەگ کوڕى مەجيد بەگ کوڕى عوسمان پاشا کوڕى محەممەد پاشاى جاف)ـه. ساڵى ١٩٢٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنى سەرەتايى لە هەڵەبجە و ناوەندى لە (سلێمانى) تەواوکردووه. ساڵى ١٩٥١ بڕوانامەى بەکالۆريۆسى له بوارى‌ کشتوکاڵ لە زانکۆى (کۆلۆرادۆ)ى ويلايەتە يەکگرتووەکانى ئەمريکا و ساڵى ١٩٥٢ بڕوانامەى ماستەرى لە ئەندازياريى کشتوکاڵى لە زانکۆى (کنتاکى) لە ئەمريکا و ساڵى ١٩٥٦ بڕوانامەى دکتۆراى لە هەمان پسپۆڕيدا لە زانکۆى (ئورکيون) لە ئەمريکا بەدەستهێناوە. گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و کۆمەڵێک پۆستى زانستى و ئيدارى وەرگرتووە. سەرۆکايەتى ژمارەيەک شاندى کشتوکاڵى کردووە بۆ وڵاتانى سۆڤيەت، ئەمريکا، يوگسلافيا، ڕۆمانيا، ميسر، سوريا و ئەردەن. لە سەردەمی (عەبدولسەلام عارف) و لە کابینەی فەرمانڕەوایەتی (عارف عەبدولڕەزاق)، کە لە ماوەی ٦ی ٩ی ١٩٦٥ بۆ ٢١ی ٩ی ١٩٦٥دا بۆ ماوەی ١٠٥ ڕۆژ وەک وەزیری کشتوکاڵ کاریکردووە. ساڵى ١٩٦٩ لە بەشى کشتوکاڵى زانکۆى بەغدا وانەى وتووەتەوە. ساڵى ١٩٧٠ کراوە بە نوێنەرى ڕێکخراوى کشتوکاڵى و خۆراکى نێودەوڵەتى (فاو) لە سۆماڵ و ساڵى ١٩٧٤ هەمان پۆستى پێدراوە لە ميسر. ساڵى ١٩٩١ کراوە بەڕاويژکارى هەمان ڕێکخراو لە ڕۆما، ساڵى ٢٠١٠ کۆچیدواییکردووە.

تاهیر هەورامی

پزیشک، وەزیری تەندروستی و خێرخوازە. ناوی (تاهیر عەبدوڵا حسین)ـە. ساڵی ١٩٥٥ لە شارەدێێ (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و هەڵەبجە و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی و کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە. بڕوانا‌مەی دبلۆمی باڵا و بۆردی عەرەبی لە بەغداد وەرگرتووە. گەورە پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و کۆئەندامی هەرس و جگەر و شێرپەنجەیە. سەرۆکی بەشی نەشتەرگەرییە لە کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی. سەرپەرشتیاری قوتابیانی بۆردی کوردستان و عێراقه. بەڕێوەبەری پرۆگرامی خوێندنی نەشتەرگەرییە لە فاکەڵتی پزیشکی. ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم بووە. بە پزیشکێکی خێرخواز ناسراوە و خزمەتی زۆری بە ناوچەی هەورامان و بە تایبەتی تەوێڵە کردووە. بەشدار بووە لە یارمەتیدانی نەخۆش و گەڕانەوەی کرێی نەشتەرگەری و دانیشتن لە ڕۆژانی هەینی و بینینی نەخۆشی تەوێڵە بێبەرانبەر.

حاکم ڕەئوف ڕەشید عەبدولڕەحمان

وەزیر، دادوەرە. لە نەوەی موسابەگی خورماڵە. ‌ساڵی ١٩٤١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی له ‌هەڵەبجە و ئامادەی لە سلێمانی کۆلێجی حقوقی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردوه. لە شاری بەغداد بووه بە پارێزەر. ‌بەهۆی کوردایەتییەوە، ساڵی ١٩٦٥ بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە و دواتر بەر لێبوردن کەوتووە. ‌ساڵی ١٩٧٣ تا ١٩٧٥ حاکمی شۆڕش بووە و سەرۆکی دادگای تاوان بووە له تەوێڵە و بیاره. پاش نسکۆ جارێکی تر له ‌شاری بەغدا دەستیکردووەتەوە بە کاری پارێزەری. ‌ساڵی ١٩٨٤ گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی. ‌ساڵی ١٩٩٢ ئەندامی دەستەی دامەرزاندنی یەکیەتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و‌ لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی و دواتر بەڕێوبەری ڕێکخراوەکە بووە. ئەندامی دامەرزێنەری پارێزەرانی کوردستان بووە. سەرۆکی دەستەی ڕێکخراوی ژیانەوەی هەڵەبجە بووە. ‌ساڵی ١٩٩٧ پاش تاقیکردنەوە کراوه ‌بە دادوەر له ‌دادگای هەولێر، پاشان کراوەتە ڕاوێژکاری وەزارەتی داد له ‌داڕشتنی یاسا، هەمان ساڵ بووە بە دادوەر لە دادگای هەولێر و دواتر کراوەتە سەرۆکی دادگای تاوان و لیژنەی بەکوردیکردنی سەرجەم فۆڕم و نوسینەکانی فەرهەنگی یاسایی. ‌ساڵی ٢٠٠٤ کراوە بە ئەندامی دادگای تاوانەکانی عێراق له ‌بەغداد، کە سەرانی ڕژێمی بەعسیان دادگایکردووە. وەک دادوەر فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ هەریەک لە سەدام حسێن سەر‌ۆکی پێشوی عێراق و بەرزان تکریتی و تەها یاسین ڕەمەزان دەرکردووە. ‌ساڵی ٢٠٠٩ کراوە وەزیری داد لە حکومەتی هەرێم. جگە لە کاری یاسایی، خاوەنی کۆمەڵێک شیعر و پەخشان و چەند باسێکی کارگێڕی و مێژوویی و کۆمەڵایەتییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا لە ئەمریکا دەژی‌.

حەمەی حەمەسەعید

پێشمەرگە، نوسەر، وەرگێڕ و وەزیرە. ناوی (محەممەد سەعید عەلی)یە. ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی (دۆڵبیان) سەر بە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. تا پۆلی سێیەمی ناوەندی بڕیوە و دواتر بووە بە پێشمەرگە و بەشداری لە چالاکیی سەربازی و ڕێکخستنی نهێنیدا کردووه و بەبێ دابڕان، تا ڕاپەڕین بەردەوامبووە. پلەکانی حیزبایەتی بڕیوە و تا ئەندامی سەرکردایەتی ڕۆیشتووە. ساڵی ١٩٩٦ لە (کۆلیجی سەربازیی قەڵاچوالان) خوێندکار بووە. ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ماوەی نۆ ساڵ وەک سەرپەرشتیاری (مەڵبەندی شارەزوور) دەستبەکاربووە. لە بواری نوسین وەرگێڕاندا چەند بەرهەمی بڵاوکراوەی هەیە، لەوانە وەرگێڕأنی: (بیرەوەریەکانی تەیمووری لەنگ، چیا نشینانی زاگرۆس، گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانى ئيسلام، حەسەن سەباح "دوو بەرگ") و نوسینی (پياوێک لە لوتکەى مەردايەتيدا، گازبارانى هەڵەبجە و ڕاستى ڕووداوەکه، دەنگى خاک "دوو بەرگ"). لە ئێستادا وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمە‌.

عادل کەریم کاکە ئەحمەد

ساڵی ١٩٦٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. ٤ ساڵ جێگری وەزیری کارەبای عێراق بووە و ٢٠٠٤-٢٠٠٨ بووەتە وەزیر لە حکومەتی عێراقی. ساڵی ١٩٩٣-٢٠٠١ وەزیری کارەبا بووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئـێستا بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراقە.

عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم حەمەڕەزا

وەزیری ژینگەیە. ساڵی ١٩٦٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەشداریی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕی دژی بەعس کردووە. لقێکی دەزگای کارگوزاری و فریاکەوتنی جیهانی ئیسلامی هێناوەتە کوردستانی خۆرهەڵات. یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی ئۆردوگاکانی پارێزگای کرماشان و هاوکاری مانگانەیان بە هەتیوانی داوە. دوای ڕاپەڕین دەزگاکە خزمەتەکانی فراوان کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری ژینگە بووە، کە دەستەی ژینگەی ناو بووە. لە ئێستادا بەرپرسی مەڵبەندی هەڵەبجەی کۆمەڵی دادگەرییە.