ئەکرەم جاف
بەگزادەی جاف، وەزیرە. ناوی (ئەکرەم کوڕى حاميد بەگ کوڕى مەجيد بەگ کوڕى عوسمان پاشا کوڕى محەممەد پاشاى جاف)ـه. ساڵى ١٩٢٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنى سەرەتايى لە هەڵەبجە و ناوەندى لە (سلێمانى) تەواوکردووه. ساڵى ١٩٥١ بڕوانامەى بەکالۆريۆسى له بوارى کشتوکاڵ لە زانکۆى (کۆلۆرادۆ)ى ويلايەتە يەکگرتووەکانى ئەمريکا و ساڵى ١٩٥٢ بڕوانامەى ماستەرى لە ئەندازياريى کشتوکاڵى لە زانکۆى (کنتاکى) لە ئەمريکا و ساڵى ١٩٥٦ بڕوانامەى دکتۆراى لە هەمان پسپۆڕيدا لە زانکۆى (ئورکيون) لە ئەمريکا بەدەستهێناوە. گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و کۆمەڵێک پۆستى زانستى و ئيدارى وەرگرتووە. سەرۆکايەتى ژمارەيەک شاندى کشتوکاڵى کردووە بۆ وڵاتانى سۆڤيەت، ئەمريکا، يوگسلافيا، ڕۆمانيا، ميسر، سوريا و ئەردەن. لە سەردەمی (عەبدولسەلام عارف) و لە کابینەی فەرمانڕەوایەتی (عارف عەبدولڕەزاق)، کە لە ماوەی ٦ی ٩ی ١٩٦٥ بۆ ٢١ی ٩ی ١٩٦٥دا بۆ ماوەی ١٠٥ ڕۆژ وەک وەزیری کشتوکاڵ کاریکردووە. ساڵى ١٩٦٩ لە بەشى کشتوکاڵى زانکۆى بەغدا وانەى وتووەتەوە. ساڵى ١٩٧٠ کراوە بە نوێنەرى ڕێکخراوى کشتوکاڵى و خۆراکى نێودەوڵەتى (فاو) لە سۆماڵ و ساڵى ١٩٧٤ هەمان پۆستى پێدراوە لە ميسر. ساڵى ١٩٩١ کراوە بەڕاويژکارى هەمان ڕێکخراو لە ڕۆما، ساڵى ٢٠١٠ کۆچیدواییکردووە.
تاهیر هەورامی
پزیشک، وەزیری تەندروستی و خێرخوازە. ناوی (تاهیر عەبدوڵا حسین)ـە. ساڵی ١٩٥٥ لە شارەدێێ (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و هەڵەبجە و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی و کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە. بڕوانامەی دبلۆمی باڵا و بۆردی عەرەبی لە بەغداد وەرگرتووە. گەورە پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و کۆئەندامی هەرس و جگەر و شێرپەنجەیە. سەرۆکی بەشی نەشتەرگەرییە لە کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی. سەرپەرشتیاری قوتابیانی بۆردی کوردستان و عێراقه. بەڕێوەبەری پرۆگرامی خوێندنی نەشتەرگەرییە لە فاکەڵتی پزیشکی. ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم بووە. بە پزیشکێکی خێرخواز ناسراوە و خزمەتی زۆری بە ناوچەی هەورامان و بە تایبەتی تەوێڵە کردووە. بەشدار بووە لە یارمەتیدانی نەخۆش و گەڕانەوەی کرێی نەشتەرگەری و دانیشتن لە ڕۆژانی هەینی و بینینی نەخۆشی تەوێڵە بێبەرانبەر.
حەمەی حەمەسەعید
پێشمەرگە، نوسەر، وەرگێڕ و وەزیرە. ناوی (محەممەد سەعید عەلی)یە. ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی (دۆڵبیان) سەر بە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. تا پۆلی سێیەمی ناوەندی بڕیوە و دواتر بووە بە پێشمەرگە و بەشداری لە چالاکیی سەربازی و ڕێکخستنی نهێنیدا کردووه و بەبێ دابڕان، تا ڕاپەڕین بەردەوامبووە. پلەکانی حیزبایەتی بڕیوە و تا ئەندامی سەرکردایەتی ڕۆیشتووە. ساڵی ١٩٩٦ لە (کۆلیجی سەربازیی قەڵاچوالان) خوێندکار بووە. ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ماوەی نۆ ساڵ وەک سەرپەرشتیاری (مەڵبەندی شارەزوور) دەستبەکاربووە. لە بواری نوسین وەرگێڕاندا چەند بەرهەمی بڵاوکراوەی هەیە، لەوانە وەرگێڕأنی: (بیرەوەریەکانی تەیمووری لەنگ، چیا نشینانی زاگرۆس، گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانى ئيسلام، حەسەن سەباح "دوو بەرگ") و نوسینی (پياوێک لە لوتکەى مەردايەتيدا، گازبارانى هەڵەبجە و ڕاستى ڕووداوەکه، دەنگى خاک "دوو بەرگ"). لە ئێستادا وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمە.
عادل کەریم کاکە ئەحمەد
ساڵی ١٩٦٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. ٤ ساڵ جێگری وەزیری کارەبای عێراق بووە و ٢٠٠٤-٢٠٠٨ بووەتە وەزیر لە حکومەتی عێراقی. ساڵی ١٩٩٣-٢٠٠١ وەزیری کارەبا بووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئـێستا بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراقە.
عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم حەمەڕەزا
وەزیری ژینگەیە. ساڵی ١٩٦٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەشداریی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕی دژی بەعس کردووە. لقێکی دەزگای کارگوزاری و فریاکەوتنی جیهانی ئیسلامی هێناوەتە کوردستانی خۆرهەڵات. یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی ئۆردوگاکانی پارێزگای کرماشان و هاوکاری مانگانەیان بە هەتیوانی داوە. دوای ڕاپەڕین دەزگاکە خزمەتەکانی فراوان کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری ژینگە بووە، کە دەستەی ژینگەی ناو بووە. لە ئێستادا بەرپرسی مەڵبەندی هەڵەبجەی کۆمەڵی دادگەرییە.
عەدنان محەمەد حیسامەدین
بە شێخ عەفان نەقشبەندی ناسراوە. ساڵی ١٩٣٩ لە باخەکۆن لەدایکبووە. ساڵی ١٩٥٧ لە کۆلێژی حقوق لە بەغداد وەرگیراوە و تەواویکردووە. بەشداری کاروباری سیاسی و کارگێڕی کردووە و بەڕێوەبەری ناحیەکانی مێرگەسوور، دەوروبەری میللە، بووە. ئەندامی خولی یەکی پەرلەمان و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بوە لە کابینەی سێیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. خێزانداربووە. ساڵی ٢٠٢١ لە هەولێر کۆچیدواییکردووە.