کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

بەرگی پێنجەم

کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.

ناوەڕۆک

794 بابەت

تایبەتمەندییەکانی خاک لە ناحیەی سیروان - لێکۆڵينەوەيەک لە جوگرافياى خاک

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (سەروەر عەبدوڵا محەممەد لایق)ـە. بە میتۆدی (شیکاری تاقیگەی) و سیستمی (GIS, Soil Water Characteristics, USDA ) نوسراوە، بەسەر چوار بەشی سەرەکیدا دابەشکراوە، لە بەشی یەکەمدا باس لە تايبەتمەنديیە جوگرافیيە سروشتيیەکانى شارۆچکەی سیروان کراوە، لە بەشی دووەمدا شیکاری تاقیگەيی بۆ تایبەتمەندییە کیمیایی و فیزیاییەکانی خاک و دابەشبوونی جوگرافییان کراوە، لە بەشی سێیەمدا باس لە گرفتەکانی خاک کراوە، بەشی چوارەميش باس لە بەکارهێنانی زەوی و پۆلێنکاریی خاک بەپێی پۆلێنە جیاوازەکان و دابەشبوونی جوگرافی کراوە. ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە وەرگرتنی ٢٤ نمونەى خاک و شیکارییە کیمیاییەکان و شیکاری تایبەتمەندییە فيزیاییەکان. لێکۆڵەر بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە خاکی شارۆچکەکە بە زۆربەی ڕەگەزە خۆراکییە جیاوازەکان بە تایبەت کاربۆناتی کالسیۆم و مادەی ئەندامی دەوڵەمەندە، جیاوازیی لە بڕ و ڕێژەی ڕەگەزە خۆراکییەکان بووەتە هۆی جیاوازیی جۆری بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، سەرەڕای بوونی خاکی جیاواز لەڕووی بەرزونزمیەوە، کە گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی جیاواز و بوونی باشترین جۆرەکانی خاک لە ناوچە دەشتاییەکاندا، بەڵام خاک بە ڕێژەیەکی کەم نەبێت، بەشێوەیەکی گونجاو بەکارنەهێنراوە.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

تقييم جغرافي لإستخدامات الموارد المائية في حوض نهر زلم

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (محەممەد حەمەساڵح فارس شارەزووری)یە. ساڵی ٢٠١٧ بە زمانی عەرەبی پێشکەش بە زانکۆی سەلاحەدین کراوە. ئەم لێکۆڵینەوەیە، کە بە ناونیشانی:(هەڵسەنگاندنی جوگرافیایی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو لە حەوزی ڕووباری زەڵم) نوسراوە، لە چوار بەشی سەرەکی و چەند تەوەرەیەکی لاوەکی پێکهاتووە. لە بەشی یەکەمدا باس لە تایبەتمەندییە سروشتی و مرۆییەکانی وەک پێکهاتەی جیۆلۆجی و بەرزی و نزمی و خاک و ڕووەکی سروشتی و سەرەڕای تایبەتمەندیی دانیشتوان و دابەشبوون و چالاکیی ئابورییان باسکراوە. لە بەشی دووەمدا لێکۆڵینەوە لە دەرامەتی ئاوی ناوچەکە لەڕووی ئاوی سەرزەوی و ڕێڕەوە هەمیشەیی و وەرزییەکان و هەروەها ئاوی ژێرزەوی بیر و کانی و کانیاو و کارێزەکان کراوە. لەبەشی سێیەمدا تایبەتمەندیی جۆریی ئاوی ناوچەکە و مەودای بەکارهێنان و گونجاویی بۆ بوارە جیاوازەکان باسکراوە، لەگەڵ خستنەڕووی بواری فیزیایی و کیمایی و بەکتریۆلۆجیی ئاوەکان بەپێی شوێنەکانیان و بەراوردکردنیان بە پێوەرە جیهانیەکانی ئاو. لە بەشی چوارەمدا باس لە بەکارهێنانی ئاو بۆ مەبەستە جۆاروجۆرەکان کراوە، وەک خواردنەوە و بەکارهێنانی بۆ ناوماڵ و کشتوکاڵ و پیشەسازی و تەنانەت بواری تەندروستیش. لە گرنگترین ئەو ئەنجامانەی، کە لێکۆڵینەوەکە پێی گەیشتووە بریتین لە: بەرزیی ئاستی ئاوی سەرزەوی، کە دەگاتە ١١٢ ملیۆن مەتر سێجا لە ساڵێکدا، هەروەها ئاوی ژێرزەوی، کە ٥٩ ملیۆن مەتر سێجایە لە ساڵێکدا (م٣/ ساڵ). ناوچەکە ٥٨ بیریی تێدایە، کە تەنها چواریان بیری ئیرتیوازین. ٦٠ کانی و ١٦ کارێزی تێدایە. پاش بەراوردکردنی ئاوی ناوچەکە بە پێوەرە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان دەرکەوت جگە لە ئاوی گەڕاوی خورماڵ هەموو سەرچاوەکانی دیکە شیاون بۆ تەواوی بەکارهێنانەکان و بەرزترین ڕێژەی ئاویش بۆ بواری کشتوکاڵی بەکاردێت، کە زیاترە لە ٣٦ ملیۆن مەتر سێجا لە ساڵێکدا.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

جیۆمۆرفۆلۆجیای ئاوزێڵی ڕووباری زەڵم و هەڵسەنگاندنی بەکارهێنانەکانی

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (ئومێد حەمەباقی حەمەئەمین)ـە. ساڵی ٢٠١٣ پیشکەش بە بەشی جوگرافیا لە زانکۆی سەڵاحەدین کراوە. لێکۆڵینەوەکە لە چوار بەش پێکهاتووە. بەشی یەکەم بۆ تایبەتمەندییەکانی ژینگەی سروشتی وەک (پێکهاتەی جیۆلۆجی و بەرزی و نزمی و ئاڕاستەی لێژیی و ئاووهەوا و هتد... و کاریگەریی لەسەر شێوەکانی ڕووی زەویی ناوچەکە تەرخانکراوە. بەشی دووەمی کردارە جیۆمۆرفۆلۆجییە باوەکانی ئاوزێڵەکە باسکراوە. بەشی سێیەمی خەسڵەتە مۆرفۆمەترییەکان و بەشی چوارەم تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی بەکارهێنانەکانی ڕووی زەوی ناوچەکە، هەروەها ڕادەی گونجاویی ناوچەکە بۆ بەکارهێنانە جیاوازەکان باسیانلێوەکراوە.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

جیومورفولوجية جبل شنروي بين وادي کريانة و سازان بمنطقة حلبجة في کوردستان العراق.

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (هێمن کەمال)ـە. ساڵی ٢٠١٤ بە زمانی عەرەبی پێشکەش بە بەشی جوگرافیای زانکۆی ئەسکەندەریە لە میسر کراوە. لێکۆڵینەوەکە لە (جیمۆرفۆلۆجیای چیای شنروێ لەنێوان هەردوو دۆڵی گریانە و سازان لە ناوچەی هەڵەبجە لە کوردستانی عێراق) دەکۆڵێتەوە. لە پێنج بەشی سەرەکی و چەند تەوەرەیەک پێکهاتووە، لەبەشی یەکەمدا باس لە تایبەتمەندییە سروشتی و گشتییەکانی چیای شنروێ کراوە. لە بەشی دووەمدا باس لە پڕۆسەکانی کەشکاری و لە بەشی سێیەمدا دیاردە جیۆمۆرفۆلۆجیەکانی پەیوەست بە ڕاماڵین و نیشتوویی ڕووبارەکان باسکراوە. لە بەشی چوارەمدا لە تایبەتمەندییە مۆرفۆمەترییەکانی حەوزی ڕووبار و ئاوزێڵەکان کۆڵراوەتەوە. بەشی پێنجەم باس لە پراکتیزەکردنی جیۆمۆرفۆلۆجیا دەکات لەسەر بوارە جیاوازەکانی کشتوکاڵ و ئاوی ژێرزەوی و شارستانی و گەشتوگوزار و سەربازی و چۆنییەتی پەرەپێدانی ناوچەکە لە بوارە جیاوازەکاندا. لە گرنگترین ئەنجامەکان، کە لێکۆڵەر پێیگەیشتووە بریتین لە: کەشکاری، کە ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە لاوازکردنی تاوێرەکان و جیاکردنەوەیان، سەرەنجام کاریگەری لەسەر لێژیی و هاتنەخوارەوەی نیشتەنییەکان دەبێت. هەروەها ڕاماڵین، کە دروستبوونی چەندین دۆڵی گەورەی و نیشتەنیی ڕووبارەکانی لێدەکەوێتەوە، کە ئەمانەیش بوونەتە هۆی دروستبوونی دەشتەکانی سازان و گریانە لە سنوری ئەم لێکۆڵینەوەیەدا.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

جڤات و سیاسەت لە سنوری ئێران و عوسمانیدا، هۆزی جاف و جڤاتی نەستووری دکتۆرانامە

ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن لێکۆڵەر (فەسیح دینچ)ەوە و بە سەرپەرشتیی (پ.ى.د. هاکان کاینار) پێشکەشی بەشی مێژووی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی حاجی تەپپە کراوە، دکتۆرانامەکە لە (٢٧٩) لاپەڕە پێکهاتووە. تێزەکە بەسەر سێ بەشی سەرەکيدا دابەشکراوە، بەشی یەکەم، سنور و دونیای عوسمانی لە سەدەی نۆزدەهەمدا باسکراوە، لەم بەشەدا بابەتەکانی گەڕان بە دوای ڕێکخستنێکی نوێ لە دەوڵەتی عوسمانیدا، ڕۆژئاواگەرایی وەک تاکە سەرچاوەی ڕێکخستنی نوێی عوسمانی، سیستەم دەگۆڕێت: تەنزیمات، ئیسلاحات، مەشرووتییەت، سنور لە ئاستانەی سیستمی نوێدا، سنوری عوسمانیی ئێرانی، دووبارە بونيادنانەوەى دەوڵەت لە سنوردا، ئەمانە و چەند بابەتێکی تر، بەشی یەکەمی ئەم تێزە پێکدەهێنن. بەشی دووەمی تێزەکە، تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵگە و دەوڵەت لە سنوردا، جاف، نەستووری و عوسمانی. لەم بەشەدا بەدرێژی باس لە هۆزی جاف، جڤاتی نەستوورییەکان و بەمەرکەزییەتکردن و بەرەنگاری، کراوە. بەشی سێیەمی تێزەکە، تەرخانکراوە بۆ کاریگەریی هێزە ڕۆژئاواییەکان و لەسەر بەکارهێنانی جڤاتی نەستورییەکان وەک ئامڕازێکی نوی، لێرەدا باس لە میسیۆنێرەکان کراوە وەک دۆزەرەوەی جڤاتی نەستوورییەکان، ئەوەش خراوەتەڕوو، کە چۆن گروپێکی ئايينى لە هەوڵی گۆڕیندان بۆ شوناسێکی سیاسی. ئەوانە و چەند بابەتی تر ناوەڕۆکی ئەم تێزەیان پێکهێناوە. ئەمە جیا لە دیارترین ئەنجامەکان و لیستی سەرچاوە و پاشکۆکان.

زیاتر بزانە
١٨٣٩-١٩١٨

خزمایەتى لە شارى هەڵەبجە/ توێژینەوەیەکى ئەنثرۆپۆلۆژى مەیدانییە

توێژینەوەی خوێندکار (نوسەیبە حسێن عەبدولمحمد)ـە و ساڵی ٢٠١٧، پێشکەش بە بەشى کۆمەڵناسیى زانکۆی سلێمانى کراوە. بەشێوەیەکى گشتى توێژینەوەیەکە، کە لە ڕوانگەى ئەنثرۆپۆلۆژییەوە ئەنجامدراوە و بەشێوەیەکى مەیدانی باس لە خزمایەتى لە شارى هەڵەبجەدا دەکات. توێژینەوەکە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە: بەشی یەکەمى توێژینەوەکە بۆ قسەکردن لەسەر گرنگى، ئامانج، پرسیار، میتۆد و بورارەکانى توێژینەوە تەرخانکراوە. بەشى دووەمى توێژینەوەکە بۆ سەر دوو تەوەرە دابەشکراوە، لە تەوەرەى یەکەمدا باس لە کورتەیەک لە مێژووى شارى هەڵەبجە دەکرێت. لە تەوەرەى دووەمدا باس لە پێکهاتەى جوگرافى، توبۆگرافیا، کۆمەڵایەتى و ئابوریى شارى هەڵەبجە دەکرێت . لە بەشى سێیەمى لێکۆڵینەوەکەدا باس لە خزمایەتى و پەیوەندیى کۆمەڵایەتى دەکرێت. ئەم بەشەش بەسەر دوو تەوەرەدا دابەشکراوە. لە تەوەرەى یەکەمدا لەگەڵ پێناسەکردنى چەمکى خزمایەتیدا، باس لە مێژوو و جۆرەکانى پەیوەندیى خزمایەتى لە شارى هەڵەبجە کراوە. لە تەوەرەى دووەمى بەشى سێیەمدا بەگشتى باس لە پەیوەندیى کۆمەڵایەتى و جۆرەکانى پەیوەندیى کۆمەڵایەتى و بە تایبەت پەیوەندیى کۆمەڵایەتى لە شارى هەڵەبجەدا کراوە. بەشى چوارەم و کۆتایى توێژینەوەکە بۆ قسەکردن لەسەر هاوسەرگیرى و خێزان تەرخانکراوە. بەشى چوارەم لە دوو تەوەرە پێکدێت. لە تەوەرەى یەکەمدا بەگشتى چەمک و مێژووى هاوسەرگیرى، جۆرەکانى هاوسەرگیرى و بە تایبەت هاوسەرگیرى لە شارى هەڵەبجەدا باسکراوە. لە تەوەرى دووەمیدا باس لە چەمک، پێکهاتە، جۆر و شێوەکانى خێزان و خێزان لە شارى هەڵەبجەدا کراوە. لە کۆتایدا توێژینەوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە شارى هەڵەبجە لە ڕووى پێکهاتەى کۆمەڵایەتییەوە پێکهاتەیەکى خێڵەکى هەیە و خێڵەکان بەسەر گەڕەکەکانى شاردا دابەشبوون. لە ڕووى هۆشیاریى کۆمەڵایەتى، هونەرى و ئایینیەوە شارى هەڵەبجە مێژوویەکى گرنگى هەیە. لە شارى هەڵەبجەدا لەگەڵ گرنگیى خزمایەتى و هاوسەرگیرى، دروستکردنیشى لەسەر بنەمایى شوێنى جوگرافى دەکرێت. بەشێوەیەکى گشتى لە شارى هەڵەبجەدا هەم هاوسەرگیرى ناوخۆیى هەم هاوسەرگیرى دەرەکى بەرچاودەکەوێت. لەگەڵ بوونی هەندێک هاوسەنگیدا، بەڵام دەسەڵاتى خێزان لە شارى هەڵەبجەدا، تاڕادەیەکى زۆر پیاوسالارییە و لەگەڵ ئەوەشدا بە درێژایى مێژووى شارەکە، ئافرەتان ڕۆڵێکى گرنگیان لە دروستبوون و بەڕێوەبردنیدا بینیوە.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

دابەشبوونی جوگرافی دەرامەتە ئاوییەکان و چۆنیەتی بەکارهێنانی لە ناوچەی هەوراماندا

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (ڕێباز حەمەغەریب ئەحمەد)ە. ساڵی ٢٠١٧ وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی جوگرافیادا، پێشکەشی ئەنجوومەنی کۆلێژی زانسته مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی کردووە. ناوەڕۆکی نامەکە لە چوار بەش پێکهاتووە: بەشی یەکەم: تایبەتمەندییە سروشتییەکانی ناوچەی هەورامان و کاریگەرییان لەسەر دابەشبوونی دەرامەته ئاوییەکان باسکراوە. بەشی دووەم: تایبەتە بە دابەشبوونی جوگرافیی دەرامەته ئاوییەکان لەناوچەی لێکۆڵینەوەکەدا. بەشی سێیەم: تایبەتە بە شیکردنەوەی جۆری و تایبەتمەندییەکانی دەرامەتە ئاوییەکانی ناوچەی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی شیاوییان بۆ بەکارهێنان. بەشی چوارەم: شیکردنەوەی جوگرافی بۆ بوارەکانی بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان لەناوچەی هەوراماندا، باسکراوە.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

دابەشبوونی خزمەتگوزاری فێرکاری لە شاری هەڵەبجە

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (هەردی عەبدولڕەحمان حەمەعەلی)ـە، ساڵی ٢٠١٦، بە مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی جوگرافیادا لە زانکۆی سلێمانی نوسراوە. لێکۆڵینەوەکە بە میتۆدی مێژوویی و بەراوردکاری و شیکردنەوەی بە سیستمی GIS نوسراوە. بەسەر پێنج بەشی سەرەکیدا دابەشبووە: بەشی یەکەم تایبەتە بە ناساندنی شاری هەڵەبجە لەڕووی جوگرافیای سروشتی و مێژوویی و باری کارگێڕی و زاراوەکان. لە بەشی دووەمدا شیکردنەوەی دانیشتوانی شاری هەڵەبجە و بەراوردکردنی بە خزمەتگوزارییە فێرکارییەکان ئەنجامدراوە. بەشی سێیەم باس لە دۆخی خزمەتگوزارییەکانە بەپێی دانیشتوان و شوێن و ڕێژە و قۆناغەکان. لە بەشی چوارەمدا شیکردنەوەی تایبەتمەندییە شوێنییەکان و شێوازەکان و لە بەشی پێنجەمدا پێوەرەکانی پلاندانان و داهاتووی خزمەتگوزارییە فێرکارییەکان باسکراوە. ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە دابەشبوونی ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بەپێی سەردەمە جیاوازەکان لە ساڵی ١٩٧٧ تا ٢٠١٥. لێکۆڵەر بە چەند قۆناغێک بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە بەپێی زیادبوونی دانیشتوان ناوەندەکانی فێرکاری زیادیاننەکردووە. لەڕووی ڕووبەرەوە ناوەندەکانی خوێندن تەنها ٠.٥% ی ڕووبەری گشتیی شارەکە پێکدەهێنن. سەرەڕای بوونی ناڕێکی لە دابەشبوونی ناوەندەکان بەسەر گەڕەکەکاندا، هەروەها زۆرترین خوێندکار لە قۆناغی بنەڕەتی و کەمترین لە فێرکردنی خێرادایە.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

دابەشبوونی شێوەکانی ڕووی زەوی و کاریگەرییان لەسەر بەکارهێنانی زەوی لە ناحیەی بەمۆ

توێژینەوەی خوێندکار (گەرمیان محەممەد ئەحمەد)ە. ساڵی ٢٠٢٢ پێشکەشی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی کراوە، ئەمەیش بە مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی جوگرافیادا. نامەکە لەچوار بەش پێکهاتووە: بەشی یەکەم: باس لە تایبەتمەندییەکانی ژینگەی سروشتی و کاریگەرییان لەسەر شێوەکانی ڕووی زەوی لە ناحیەی بەمۆدا دەکات، بەشی دووەم: لە پڕۆسە جیۆمۆرفییەکان و کاریگەرییان لەسەر دابەشبوونی شێوەکانی ڕووی زەوی لەناحیەی بەمۆ دەکۆڵێتەوە، بەشی سێیەم: تایبەتە بە دابەشبوونی گۆڕاوە جیۆمۆرفییەکانی ناحیەی بەمۆ. لە بەشی چوارەمیشدا لەسەر کاریگەریی شێوەکانی ڕووی زەوی لەسەر بەکارهێنانی زەوی لەناحیەی بەمۆ لێکۆڵینەوە کراوە. دەستنیشانکردنی ڕووبەری سەوزایی و کاریگەریەکانی لەسەر گۆڕانکاری پلەی گەرمی لەشاری هەڵەبجە لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٠ – ٢٠٢٠) بە بەکارهێنانی GIS/RS لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیای ژینگە. (ماستەرنامە) لێکۆڵینەوەی خوێندکار (جەلال ئەحمەد عەبدولکەریم)ە. ساڵی ٢٠٢٢ پێشکەش بە بەشی جوگرافیای زانکۆی سلێمانی کراوە. لە چوار بەش و چەند تەوەرەیەک پێکدێت. لە بەشی یەکەمدا سەرەڕای ناساندنی شاری هەڵەبجە، باس لە ژینگە و گەرمی و گۆڕانی ژینگە دەکات. بەشی دووەم باس لە پلەی گەرمیی خاک و گژوگیا و گەشەی ڕووەک و ڕووپۆشی سەوزایی و سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان و هەستکردن لە دوورەوە دەکات. بەشی سێیەمیش بریتییە لە سیماکانی گۆڕانکاریی ڕووپۆشی ڕووەکیی ڕووپۆشی زەوی. بەشی چوارەمیش باس لە ئاڕاستەکانی گۆڕانی پلەی گەرمی و دەرخستنی پەیوەندیی نێوان وێنە ئاسمانییەکان دەکات. لە گرنگترین ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە: گۆڕانکاری لە بڕ و جۆری ڕووپۆشی ڕووەکی و ڕووبەری زەویی بونیادنراو لەنێوان هەردوو ساڵەکەدا ڕويداوە. هەروەها مەودای بەرزترین و نزمترین پلەی گەرمیش ڕوو لەزیادبوون بووە.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

راهبرد توسعه شهری ماستەرنامە

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (کارزان عەدنان حەمەسەعید)ە. لە ساڵی ٢٠٢٢، بە زمانی فارسی پێشکەش بە بەشی جوگرافیا و پلاندانانی شارستانی زانکۆی یەزد لە ئێران کراوە. (ستراتیژی پەرەپێدانی شار) مۆدێلێکی نوێی پلاندانانە، کە تیایدا بارودۆخی ئێستەی شار و بارودۆخی خوازراوی شارەکە دەخرێنەڕوو. لێکۆڵینەوەکە لە پێنج بەشدا بەدوای وەڵامدانەوەی کۆمەڵێک پرسیاردا دەگەڕێت، وەک گرنگترین خاڵی هێز و لاواز، دەرفەت و هەڕەشەکانی شاری هەڵەبجە کامانەن. لە گرنگترین ئەو ئەنجامانەی، کە لێکۆڵینەوەکە بەدەستیهێناوە: شارەکە لە نێو پلەبەندیی مۆدێلی سواتدا لە خراپترین بارودۆخدایە. هەروەها جیاوازییەکی گەورە لەنێوان بیروبۆچوونی کاربەدەستانی شار و هاوڵاتیانی ئاسایی سەبارەت بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی شارەکە هەیە. ڕۆڵی بەرنامەی دۆکیۆمێنتەری تەلەڤزیۆنی لە بەخشینی زانیاری سەبارەت بە کارەساتی هەڵەبجە. پارێزگای هەڵەبجه ‌و سلێمانی بە نمونە (ماستەرنامە) لێکۆڵینەوەی خوێندکار (سەلاح ئەحمەد ڕەشید)ە. ساڵی ٢٠٢٠ پێشکەشی بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانیی کردووە. بەشی یەکەم، ڕێبازی لێکۆڵینەوەی نامەکە، تیۆری پشتبەستن بە ڕاگەیاندن، لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە کارەساتی هەڵەبجە، لێکۆڵینەوەی پەیوەست بە دیکۆمێنتاری، بەشی دووەم لایەنی تیۆریی نامەکە، کورتەیەک لە ناوەڕۆکی بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی زمناکۆ و مریەم، چەکی کیمیایی، کاریگەری، ڕەهەندەکانی کارەساتی هەڵەبجە، سەرچاوەی زانیاری، ئەرک، ئاڕاستە، هاوسەنگیی ڕوماڵکردن، شێوازی خستنەڕوو، هۆکارە زەقکراوەکان، وێنە، ڤیدیۆ، دەنگ، چەندین خشتەی داتا و ڕوونکردنەوە، گریمانەکان، هۆکاری پشتبەستن بە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی، ئەنجامی تاقیکردنەوەی گریمانەکان، بۆچوونی هاووڵاتیان سەبارەت بە کارەساتی هەڵەبجە، هەڵەبجە لە میدیاکانی ناوخۆ و دەرەوەدا، ئەنجامی شیکاری و کارەکیی لێکۆڵینەوەکە، ئەو وێنەگرانەی سەردانی هەڵەبجەیان کردووە، خشتەکانی ڕوونکردنەوەی بینەر و تەماشاکەر لە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی، پەیوەندیی ئاماری نمونەکان بۆ دروستکردنی بۆچوون لەسەر کارەساتەکە.

زیاتر بزانە
حلبچه - عراق

ڕۆڵى ئێران لە کیمیابارانى هەڵەبجە لە ساڵى ١٩٨٨

Halepçe’ye Yapılan Kimyasal Saldırıda İran’ın Rolü-لێکۆڵینەوەی خوێندکار (ئومێد ناسح شەریف)ە و پێشکەش بە بەشى مێژووى زانکۆی وانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا کراوە. لە بنەڕەتدا لێکۆڵینەوەکە بە زمانى تورکی و لە چوارچێوەى ٧٩ لاپەڕەدا نوسراوە. بەشێوەیەکى گشتى ئەم لێکۆڵینەوە بە مەبەستى دیاریکردنى ڕۆڵى ئێران لە کیمیابارانى ١٩٨٨ى شارى هەڵەبجە و دەرئەنجامەکانى ئەم کارەساتە لەسەر شارەکە ئەنجامدراوە. لێکۆڵینەوەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە. بەشی یەکەم بۆ قسەکردن لەسەر جوگرافیا و مێژووى عێراق بە گشتى و هەرێمى کوردستان بە تایبەتى تەرخانکراوە. لە بەشى دووەمى لێکۆڵینەوەکەدا باس لە جینۆساید کراوە و بەسەر دوو تەوەرەدا دابەشکراوە. لە تەوەرەى یەکەمدا پێناسەى جینۆساید و جۆرەکانى جینۆساید باسکراوە. تەوەرەى دووەمى بۆ ناساندنێکى خێراى شارى هەڵەبجە تەرخانکراوە. لە بەشی سێیەمى لێکۆڵینەوەکەدا باس لە ڕووداوی کیمیابارانى هەڵەبجە کراوە. ئەم بەشەش بەسەر سێ تەوەرەدا دابەشکراوە. لە تەوەرەى یەکەمدا باس لە شەڕى نێوان عێراق و ئێران و دۆخى هەڵەبجە پێش هێرشەکە کراوە. تەوەرەى دووەم بۆ قەسەکردن لەسەر ڕۆڵى ئێران لە کیمیابارانى هەڵەبجەدا دیاریکراوە. لەتەوەرەى سێیەمدا باس لە کاریگەرییە تەندروستى، دەروونى، سروشتى و ئابوورى و سیاسییەکانى کیمیابارانى هەڵەبجە کراوە. لێکۆڵینەوەکە لە کۆتاییدا بەو ئەنجامانە گەیشتووە، کە بوونى پەیوەندى لە نێوان بزووتنەوە کوردییەکان و حکومەتى ئێراندا، بەردەوام دەرئەنجامى خراپى بۆ سەر تەواوى خەڵکى هەرێمى کوردستان هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆى گرنگیى هەڵکەوتە جوگرافی_ سیاسیی (جیۆپۆلەتیکی)یەکەی شارى هەڵەبجە و هەوڵى بزووتنەوە کوردییەکان بە یارمەتى حکومەتى ئێران بۆ کۆنتڕۆڵى تەواوى شارەکە، بووەتە هۆى ناڕەزایى و توڕەکردنى دەوڵەتى عێراق. هەر بۆیە لە دەرئەنجامدا ڕژێمى بەعس بە هاوکارى هەندێک دەوڵەت، بە سوود وەرگرتن لە بێدەنگبوونى دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان و بە پاساوى بوونى ئێران لە ناوچەکە و بە تایبەت لەناو شارى هەڵەبجە، کیمیابارانى شارەکەى کرد، کە ئەمەش بووە هۆى پیسکردنى ژینگە و لەناوبردنى بونیادى ئابوورى و سیاسیى شارى هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

ئیجازەنامەی ئیرشاد

دەستخەتێکی ئیجازەنامەی ئیرشاد و ڕێنمونیکردنی موسڵمانانە و لەلایەن شێخ عوسمانی سیراجەدینی تەوێڵەوە بە مەولەوی شاعیر بەخشراوە. یەکێکە لەو سێ نامەیەی لەگەڵ پەسەندی شەجەرەی (مەولەوی)دا لە ساڵی ١٢٧٢ک - ١٢٨٥ز نوسراوە. وێنەی ڕەسەنی دەستنوسەکە لای بنەماڵەی مەولەوی پشتاوپشت پارێزراوە. سەرەتاکەی باسێکی پابەندبوونی تەریقەتە بەشەریعەتەوە و لە نیوەیدا هاتووە: (جەنابی زانای ڕەببانی و سەدەفی گەوهەری مەعریف و مەعانی، ئەستێرەی بورجی نێو ئەستێرەکانی ئاسمانی بەختەوەری، پەیڕەوکاری ڕێچکەی ڕاستوڕەوان مەولەوی "مەلا عەبدولڕەحیم" ڕادەسپێرم، دەستوور دەدەم، کە دوای پەیڕەوکردنی کاری چاکە و نەهی لە خراپە و تەڵقینی زکری ئاسایی ئەم خاوخێزانە شەریفە نەبێتە مایەی دڵتەنگیی هەر موریدێک، کە دێتە سەر ئەم ڕێچکەیە فێری ئوسوڵ و لقەکانی ئایینی بکات، کۆڵەکەکان و مەرجەکانی بڕوایی و ئیسلام و نوێژ و ڕۆژوو و تەواوی ئەرکە شەرعییەکانی دی بۆ ڕاست و دروست بکاتەوە. هەروا تەواوی خولەفای سەر بەم خاوخێزانە لەمەودوا مەئمورن لەوەی، کە دڵسۆزی و ئاکار و کردەوەکانی ئەم خانەدانە و قسە و کردەوەکانی مەولەوی بە کردوەکانی بچوکتان بزانن. ناکرێت لە فەرمایشتە شەرعییەکانی ئەو دەربچن، ئیجازەمان پێیداوە، کە زانست و زانیارییە شەرعییەکان فێری خەڵکی بکات لە خوێندنەوەی قورئان و دەلائیلەکانی دیکە. ئینشائەڵا و تەعالا کاتەکانی خۆتان بە تاعەت و خواپەرستی و پارێزکاری ببەنەسەر و جیهان بە نووری خوێندنەوە و ڕانومایی خواپەرستان ڕۆشنبکەنەوە).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

ڕۆڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هۆزی جاف لە باشووری کوردستان ١٩١٨-١٩٤٥

لێکۆڵینەوەی توێژەر (سەیران صالح اسماعیل) ە. ساڵی ٢٠١٦ پێشکەشی بەشی مێژووی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەدینی کردووە. بەگەشتی هۆزی جاف دەکات: دووبەرەیی لە گەڵ ئینگلیز و شێخ مەحمووددا، بەرەی لایەنگری بەریتانیا لەو باوەڕەدا بووەو بە یارمەتی بەریتانبا کورد بە مافەکانی دەگات، بەڵام لە سییەکاندا ئەو باوەڕەیان نەما، پیاوانی ئەم هۆزە لە زۆربەی کۆمەڵەو ڕیکخراوە ڕۆشنبیری ونەتەوەییەکاندا ئەندامی کارابوون، وەڕۆڵیان هەبووە لە نەهێشتنی ناکۆکییەکانی حیزبی هیوا، نوێنەری جاف لە پەرلەمانی عێراق پێداگربوون لەسەر داواکانی گەلی کورد، لە ژیانی کۆچەرییدا دەسەڵاتیان بەهێزتر بووەو هەستیان بە ئازادی زیاتر کردووە، لە گەڵ نیشتەجێبوونیان دەسەڵاتیان کەم بووەتەوە ئافرەتیان شان بەشانی پیاو کاری بەڕێوەبردن و هەڵسوڕانیان بەدەست بووە لە وانە عادیلەخان، خاوەنی کلتور و دابونەریتی ڕەسەنیان بوون و لە شەردا ئازاو لە ئاشتیدا ماقووڵ و خاوەن گفت بوون.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

بەڵگەکانی ناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجه

ئەو بەڵگانەن، کە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی شەهید دانراون، لەلای کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی هەڵەبجە وەک بەڵگەی دڵخۆشی و هەقسەندن سەیردەکرێن. ئەوانیش بریتین لە: (پەتی لە سێدارەدان و پێنوسی واژۆپێکردنی لە سێدارەدان و شەهادەی وەفاتی تاوانبار (عەلی حەسەن مەجید)، شەهادەوەفاتی تاوانبار (سەدام حسێن)، شەهادەوەفاتی (عودەی و قوسە)ی سەدام حسێن).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

صدى مزبحە دیریاسین وکارثە حلبجە فی شعر العربی والکردی، دراسە مقارنە

دەنگدانەوەی کوشتارگای دێریاسین و کارەساتی هەڵەبجە لە شیعری عەرەبی و کوردیدا، لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکارییە، کە ساڵی ٢٠٢٤ خوێندکار (شیلان سدیق مەجید) پێشکەش بە بەشی زمان و ئەدەبی عەرەبی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەى وڵاتی ئێرانی کردووە و بە پلەی نایاب پەسەند کراوە. لە پێنج بەشی سەرەکی پێکهاتووە. بەشی یەکەم: پڕۆپۆزەڵی لێکۆڵینەوەکە لەخۆدەگرێت و بە کورتی باسێکی خێرای ڕووداوەکان، ئەدەبی بەرگری، بەراوردکاری و ئامانج و پڕەنسیپی لێکۆڵینەوەکە دەکات. بەشی دووەم: باس لە لێکۆڵینەوەکانی پێشوتر دەکات، کە لەسەر هەریەکە لە کارەساتەکانی هەڵەبجه ‌و دێریاسین ئەنجامداون. بەشی سێیەم: باس لە پێناسەى ئەدەبی بەرگری و ئەدەبی بەراوردکاری دەکات و بنەما و پڕەنسیپەکانیان دەخاتەڕوو، هەروەها باس لە مێژووی هەڵەبجە و دێریاسین و ئەو کارەساتانە دەکات، کە بەسەر ئەو دوو شارەدا هاتوون. بەشی چوارەم: ئاماژە بە شیعری شاعیرانی عەرەب و کورد لەسەر کارەساتی دێریاسین دەکات‌. لە بەشی پێنجەمیشدا‌ کاریگەریی هەردوو ڕووداوەکە و ڕەنگدانەوەی لە شیعری شاعیرانی کورد و عەرەبدا خراوەتەڕوو، پاشان بەراورد لە نێوان خاڵە لاواز و بەهێزەکانی هەریەک لە شیعری شاعیراندا کراوە. لە کۆتاییدا لێکۆڵینەوەکە بەو ئەنجامه گەیشتووە، کە‌ هەریەکە لە ڕووداوەکان کاریگەریی گەورەیان لەسەر شیعری بەرگری و لاواندنەوە لای شاعیرانی عەرەب و کورد هەبووە و شاعیران وەکو ژانرێکی ئەدەبی بۆ هاندانی گیانی بەرخۆدان و بەرگری دژی ستەم و داگیرکاری بەکاریانهێناوە.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

شیکردنەوەیەکی جوگرافی بۆ جێگیربوونی پیشەسازی لە پارێزگای هەڵەبجە

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (ڕەنجدەر جەمال ڕەشید)ە و ساڵی ٢٠٢٢ پێشکەش بە زانکۆی سلێمانی کراوە. لە چوار بەش پێکهاتووە. بەشی یەکەم جگە لە چوارچێوەی تیۆریی لێکۆڵینەوەکە، باس لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی پیشەسازی لە ناوچەی لێکۆڵینەوەدا کراوە. بەشی دووەم پێوەرەکان و دابەشبوونی پیشەسازییەکانە لە پارێزگای هەڵەبجە. بەشی سێیەم لە بنەما و هۆکارەکانی جێگیربوونی پیشەسازی لە پارێزگای هەڵەبجە دەکۆڵێتەوە. بەشی چوارەمیش بۆ کێشەکان و ئاسۆی داهاتووی کەرتی پیشەسازی لە پارێزگاکە تەرخانکراوە. لێکۆڵینەوەکە بە کۆمەڵێک ئەنجام گەیشتووە لەوانە: پیشەسازی لە ناوچەکەدا بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، لە ساڵی ١٩٥٨ەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە ساڵی ٢٠٢١. جگە لە بوونی تەواوی بنەما سەرەکییەکانی پیشەسازی، بەڵام ژمارەی کارگەکان لە ١٤١ کارگە تێپەڕناکات، کە جگە لە سێ کارگەی گەورە، تەواوی کارگەکان بچوکن و تەنها ٩١٦ کەس کاریان تێدادەکەن. کارگەکانی بیناکاری زۆرترین ڕووبەری زەویان داگیرکردووە. بە گشتی کارگەکان بۆ خۆبژێوین و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوچەی لێکۆڵینەوەکە دامەزراون.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

شیکردنەوەیەکی جوگرافی مەترسییە جيۆمۆرفیەکان لە ناحيەى سيروان و ڕێگەکانی چارەسەرکردنیان

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (هێمن کەمال حەمەئەمین)ـە، ساڵی ٢٠٢٤ نوسراوە و بەمەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستی جوگرافیادا، پێشکەش بە زانکۆی سۆران کراوە. لێکۆڵینەوەکە بەسەر چوار بەشدا دابەشکراوە. بەشی یەکەم بۆ سيما سروشتيیەکانى ناحيەى سيروان وەک (پێکهاتەی جیۆلۆجی و بەرزی و نزمی و ئاڕاستەی لێژی و ئاووهەوا و ڕووپۆشى ڕووەکى و خاک و کاریگەرييان لەسەر دروستبوونى مەترسیيە جيۆمۆرفيیەکان تەرخانکراوە. بەشی دووەم تايبەتە بە پڕۆسە مۆرفۆ (تێکتۆنى، ئاووهەوايى، دايناميکى، مرۆيى)یەکان و ئەو شێوە جيۆمۆرفیيانەى، کە لە ئەنجامى ئەو پڕۆسانهدا‌ دروستدەبن. بەشی سێیەميش تايبەتمەندیيە هايدرۆلۆجى و مۆرفۆمەترییەکانى ناحيەکە شيکراونەتەوه ‌و کاريگەرييان لەسەر دروستبوونى مەترسیى لافا و ڕاماڵينى خاک خراوەتەڕوو. بەشی چوارەم تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی مەترسیيە جيۆمۆرفيیەکان، ئەمەیش بە پشتبەستن بە چەند مۆدێلێکى نوێ لە ڕێگەى سيستمى زانياریيە جوگرافيیەکانەوە و دانانى ڕێگەچارەى پێويست بۆيان.

زیاتر بزانە
دکتۆرانامه

شیکردنەوەی جوگرافی دابەشبوونی نشینگە دێهاتیەکان لە قەزای هەڵەبجەی شەهید.

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (هیرۆ عومەر ساڵح)ـە ساڵی ٢٠١٠ نوسراوە. بە مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە جوگرافیادا، پێشکەش بە زانکۆی سلێمانی کراوە. لێکۆڵینەوەکە بە میتۆدی شیکاری و بەراوردکاری نوسراوە. لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە. لەبەشی یەکەمدا ناوچەی لێکۆڵینەوەکە لە ڕەهەندە (جوگرافی و مێژوویی و دیمۆگرافییەکان)ەوە ناسێنراوە. لە بەشی دووەمدا باس لە دابەشبوونی دانیشتوان بەپێی شوێن و دێهاتەکان کراوە. لە بەشی سێیەمدا دابەشبوونی قەبارەیی دانیشتوانی دێهاتەکان و شێوازەکانی دابەشبوون باسکراوە. بەشی چوارەمی تەرخانکراوە بۆ ڕۆڵی هۆکارە سروشتی و مرۆییەکان لەسەر دابەشبوونەکە. توێژەر بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە ڕەوتی گەشەی گوندنشینی بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بووە، کە ئەمەیش پەیوەستبووە بە سیاسەتەکانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمەوە. بەشێوەیەک، کە ژینگەی باوی نیشتەجێبوون لە گوندنشینییەوە لە ساڵی ١٩٥٧دا بەڕێژەی ٨٢%بووە و پاشان لە ساڵی ٢٠٢٢دا دابەزیوە بۆ ٢٦%. هەروەها ژمارەی گوندەکانیش لە ٤٠٧ گوندەوە بۆ ١٢٨ گوند کەمبووەتەوە. سەرەڕای خستنەڕووی هۆکارەکانی ڕاگواستن و گۆڕانی کارگێڕی، لێکۆڵەر گرنگی بە هۆکارە سروشتی و مرۆییە جوگرافییەکان لە دابەشبوونی گوندەکان بەسەر یەکە کارگێڕییەکاندا داوە.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

فراوانبوونی ڕووبەری شاری هەڵەبجە و کاریگەریە ژینگەییەکانی

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (هەورامان کەمال میرزا)یە. ساڵی ٢٠١٣ پێشکەش بە زانکۆی سەڵاحەدین کراوە. لێکۆڵینەوەکە لە چوار بەش و هەر بەشێکیش لە چەند تەوەرەیەک پێکهاتووە، کە جوگرافیا و مێژووی هەڵەبجە و تایبەتمەندیی سروشتی و تایبەتمەندیی دانیشتوانی هەڵەبجە خراونەتەڕوو. بەشی دووەم جگە لە باسکردنی چەمک و شێوازەکانی مۆرفۆلۆجی، قۆناغەکانی فراوانبوونی شاری هەڵەبجە باسکراون. لە بەشی سێیەمدا گرنگترین ئەو هۆکارانە باسکراون، کە کاریگەرییان لەسەر فراوانبوونی شارەکە هەبووە، وەک شوێن و پێگەی جوگرافی، دیمۆگرافیا، سیاسەتی حکومەتەکان، چالاکیی ئابوری و هتد. لەبەشی چوارەمدا باس لە کاریگەرییە ژینگەییەکانی ئەو فراوانبوونەی شاری هەڵەبجە کراوە، هەروەها ئاڕاستە و ئایندەی فراوانبوونی شارەکەش باسکراون. لە گرنگترین ئەو ئەنجامانەی، کە توێژەر پێیانگەیشتووە، زیاتر دەربارەی کاریگەرییە ژینگەییەکان فراوانبوونی شاری هەڵەبجەن، کە ئەوانیش بریتین لە: بەرزیی ڕێژەی بەکارهێنانی زەوی بۆ نیشتەجێبوون و بە پلەی دووەم بەکارهێنانی ڕێگاوبان و بەکارهێنانەکانی دیکەش بەپێی قۆناغەکانی مۆرفۆلۆجی گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە. بەهۆی فراوانبوونی شارەکەوە، زیاتر لە ٢١٤١ هێکتار زەوی کشتوکاڵی و باخ و باخات لەناوچوون. هەروەها بەرزبوونەوەی ژمارەی بیر و بەرزیی ڕێژەی بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە و بەرزیی ڕێژەی زبڵ و خاشاکی ماڵان، کە زیاتر لە ٦٧ تەن بووە لە ڕۆژێکدا.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە

قضاء هەڵەبجە دراسة في الجغرافية الاقليمية

لێکۆڵینەوەی خوێندکار (عەتا محەممەد عەلائەدین)ـە. ساڵی ٢٠٠٧ بە زمانی عەرەبی پێشکەش بە بەشی جوگرافیی زانکۆی سلێمانی کراوە. نامەکە بە ناونیشانی:(قەزای هەڵەبجە لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیای هەرێمی) نوسراوە، لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە. بەشی یەکەم لە حەوت تەوەرەدا باس لە تایبەتمەندییە سروشتییەکانی قەزای هەڵەبجە وەک جیۆلۆجیا و بەرزی و نزمی و ئاووهەوا و خاک و هتد کراوە. لە بەشی دووەمدا لێکۆڵینەوە لە دانیشتوانی قەزاکە لە سێ تەوەرەدا کراوە لە دابەشبوون و شێواز و چڕیی و ژینگەی دانیشتوان کراوە. لە بەشی سێیەمدا تایبەتمەندی و بنەما ئابورییەکانی وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و هتد کراوە. لە گرنگترین ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بریتین لە: دەرخستنی چەندین لایەنی دەوڵەمەندی قەزاکە، لە دەرامەتی سروشتی و هەروەها باسکردن لە گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانی دانیشتوان لە سەردەمە جیاوازەکاندا، هەروەها دابەشبوونی نایەکسانی دەرامەتە سروشتی و مرۆییەکان بەسەر قەزاکەدا، سەرەڕای جۆراوجۆریی ئەو دەرامەتانە بەتایبەت لە بوارە سروشتییەکاندا.

زیاتر بزانە
ماستەرنامە
پێشتر 1
...
27 28 29
...
40 دواتر