کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

بەرگی پێنجەم

کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.

ناوەڕۆک

20 بابەت

ئەحمەد موختار

ڕۆژنامەیەکی پەروەردەیی و ڕۆشنبیریی گشتییە. ئامادەیی ئەحمەدموختار جافی کوڕان لە هەڵەبجە دەریکردووە. لە سنوری هەڵەبجە بڵاوکراوەتەوە. هۆشەنگ ڕەئووف بەڕێوەبەری ئامادەییەکە و خاوەن ئیمتیاز بووە، سەرنوسەرەکانی فەیسەڵ ئیبراهیم و ئەرسەلان عابید بوون. قەبارەی (٣٠ بە ٥٠ سم) بووە، ژمارەی لاپەڕەکانی هەشت لاپەڕە بووە و بە تیراژی ٢٥٠ دانەی ڕەنگاوڕەنگ ١٠ ژمارەی لێدەرچووە، مانگانە لە وەرزەکانی خوێندندا دەرکراوە و لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٢ ژمارە یەکی لێ بڵاوکراوەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٤دا بە هۆکاری ئیداری و دارایی ڕاگیراوە.

بابەگوڕگوڕ

ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆشنبیریی گشتییە. لقی سێی پارتی دیموکراتی‌ کوردستان لە مانگی ٥ بۆ ٧ی ١٩٩٦ لە هەڵەبجە مانگانە دەریکردووە. سێ ژمارەی لێدەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز: نوری حەمە عەلی. سەرنوسەر: حەمەسەعید کەلاری. بە هۆکاری شەڕی ناوخۆ و گۆڕینی هاوکێشەکان، وەستاوە.

بزووتنەوەی ئیسلامی

ڕۆژنامەیەکی هەفتانەیە. زمانحاڵی بزووتنەوەی ئیسلامی بووە. لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ مەکتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوە لە سلێمانی دەریکردووە. سەرەتا ڕەشوسپی بووە. بابەتی سیاسی و فکری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و هەواڵی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ئیمتیاز: عەبدوڵای قەسرێ. سەرنوسەر: فازل قەرەداغی. ژمارەی لاپەڕەکانی هەشتی A٣. تیراژ ١٠٠٠دانە. لە ساڵی ١٩٩٤ هاتووەتە هەڵەبجە و سەرنوسەرەکەی بووە بە شوان هەورامی و دواتر مامۆستا وەرزێر و پاشان کامیل مەحموود، ژمارەی لاپەڕەکانی کراون بە ١٢ لاپەڕە. تا ژمارە ٤٣ بەم ناوەوە دەرکراوە. دوای یەکگرتنی بزوتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی ڕاپەڕین لە ٢٠ى ٨ى ١٩٩٩ ڕۆژنامەکە ناوەکەی بووە بە (ڕێگای یەکبوون) و بەرگی ڕۆژنامەکەش ڕەنگاوڕەنگ بوو. لە ژمارە ٤٤وە بە هەمان ناوەڕۆکی بزووتنەوەوە دەرکراوە. بەڵام بووە بە زمانحاڵی یەکبوون و ژمارەی لاپەڕەکانی بوون بە ١٦. دوای لێکترازانەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و ئەنسار ئیسلام لە یەکبوون، ئەم ڕۆژنامەیەش لە ئایاری ٢٠٠١ وە جارێکی تر کرایەوە بە ناوەکەی یەکەمجار، هەتا ساڵی ٢٠٠٥. دواتر ناوەکەی کرا بە (باسک)و هەتا ژمارە ٤١٥ی دەرچووە. لەمانگی ١ى ٢٠١١بە هۆی ململانێی ناوخۆییەوە ڕاگیراوە.

پێکەوەژیانی نوێ

ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیریی گشتییە. لە بڵاوکراوەکانی (دەستگای پێکەوەژیان)ە. خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەری (م. نیازی هەورامانی)بووە. دوو ژمارەی لێدەرچووە. لە ١ی ١ی ٢٠١٥ ژمارە یەکی دەرچووە و ژمارە دووی بووە بە ڕۆژنامەیەکی ڕیکلامی. ئەم دەستگایە پێشتریش دوو ژمارە لە ڕۆژنامەی (ڕۆژپرێس)ی بە ئیمتیاز و سەرنوسەری هەمان کەس لە ساڵی ٢٠١١دا دەرکردووە.

خورماڵ ١

ڕۆژنامەیەکی مێژوویی ڕۆشنبیری و سەربەخۆی ئازادە. (شاکر فەتاح)ی کارگێڕی خورماڵ سەرنوسەری بووە و سەرپەرشتیکردووە.‌ باسی لادێکانی سنوری خورماڵی کردووە و هەواڵ و زانیارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تێدابڵاوکراوەتەوە. یەکەم ژمارەی لە ٣ی ٦ی ١٩٤٠ دا بڵاوکراوەتەوە و لە ماوەی سێ مانگ و بیست یەک ڕۆژدا (٢٤) ژمارەی لێدەرچووە. ساڵی ١٩٨٣ لە بەغدا لە دووتوێی کتێبێکدا هەموو ژمارەکانی کۆکراوەتەوە.

خورماڵ ٢

ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیری و سەربەخۆی ئازادە، دوای وەستانی ڕۆژنامەی خورماڵی نوێ، بە مۆڵەتی یاسایی و تەرخانکردنی بڕی مانگانە بۆی، لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیری ناوچەکەوە دەرچووە. خاوەنی ئیمتیازی (عادل کۆچەری) و سەرنوسەری (ئیبراهیم حاجی زەڵمی) بووە. حەوت ژمارەی سەرەتای لەسەر ئەرکی خەڵک و خێرخوازان دەرچووە. بە کۆی گشتی ٧٢ ژمارەی لێدەرچووە. لە ٣ی ٧ی ٢٠١١وە بە هۆی بڕینی بودجەکەیەوە ڕاگیراوە.

خورماڵی نوێ

ئەم ڕۆژنامەيە وەک درێژەپێدەری ڕۆژنامەی (خورماڵ)ی شاکرفتاح بووە. بە فۆڕم و ناوەڕۆک و سەردەمێکی جیاوازترەوە ساڵی ١٩٩١ دەرچووە. سەرنوسەر (سۆران خورماڵ) و جێگرەکەی (جەمال سدیق) بوون. تەنیا سێ ژمارەی لێدەرچووە. بەشێوەی ڕەشوسپی چاپکراوە. ناوەڕۆکی بابەتەکانی زیاتر نیشتمانی بوون. هەندێک لەو نوسەرانەی تیایدا نوسیویانە (نەوشیروان مەجید، ئیبراهیم حاجی، قالەسوور، سۆران حەمەڕەشید، جەمال سدیق، دیاری دێکۆنی، ڕەحیم وەیلان، ئیسماعیل خورماڵی...) بەهۆکاری ئابوری و چوونەدەرەوەی ئەندامانییەوە، وەستاوە.

دەنگ

ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆ و ئازادە. ناوەندی ڕوناکبیریی خورماڵ هەفتەی دووجار تایبەت بە هاندانی دەنگدەران لە خورماڵ دەریدەکات. تایبەت بووە بە هوشیارکردنەوەی دەنگدەر، تا بە ڕێژەیەکی باش بەشداری دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی ٢٠١٠ بکەن. گەرچی دەبوو هەشت ژمارەی لێدەربچوایە، بەڵام چوار ژمارەی لێدەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز: (ناوەندی ڕوناکبیریی خورماڵ) و سەرنوسەر (گوڵان ئەحمەد) و بەڕێوەبەری نوسین (سامان کوردی) بوون.

دیدی نوێ

ڕۆژنامەیەکی سیاسییە. پارتی سەربەخۆیی کوردستان مانگی دووجار دەریکردووە. گرنگی بە پاراستنی قەوارەی هەرێم داوە. پێنج ژمارەی لێدەرچووە. ژمارە سفری لە کانونی یەکەمی ٢٠٠٩ دەرچووە، دوای دەرچوونی کۆتا ژمارەی لە ئایاری ٢٠٠٩دا وەستاوە. خاوەنی ئیمتیازی (حەسەن حەمە یوسف هەورامی)، سەرنوسەر(ئەحمەد تەیوب یوسف)بووە.

کۆچ

ڕۆژنامەیەکی تایبەتە بە یادی ٢٤ ساڵەی بینا سووتاوەکەی سیروان و شەهیدەکانی ڕۆژی ٦ى ٨ى ١٩٨٦. حەبیب ئەمین میکە لە هەشت لاپەڕەدا ساڵی ٢٠١٠ دەریکردووە. وێنە و ناوی بەشێکی زۆری شەهیدانی تێدابڵاوکراوەتەوە. لە پێشانگایەکی تایبەتدا ٦٠ دانە لە ڕۆژنامەکە دابەشکراوە.

کۆمسا

ڕۆژنامەیەکە لە چوارچێوەی هەوڵی پارستنی زار و زمان و ناوچەی هەوراماندا. ناوەڕۆکی بابەتەکانی هەورامانناسی بوون. سەرنوسەری (نوعمان فائیق تۆفیق - هاوار) بووە. تێچووی دارایی بە هاوکاری ستافی ڕۆژنامەکە و هاوکارانییەوە دابینکراوە. شەش ژمارەی لێدەرچووە.

کۆنترۆڵ میدیا

ڕۆژنامەیەکی سیاسیی ڕۆشنبیریی گشتییە. لە بڵاوکراوەکانی (ڕێکخراو و دەستگای کۆنترۆڵ)ە. لە ١٠ی ١٠ی ٢٠١٦ دەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەری (م. نیازی هەورامانی) و ستافی نوسینی (شەهاب حەکیم، مەناف شوانی، لەنجە عەبدولڕەزاق) بوون.

لاوانی دیموکرات

ڕۆژنامەیەکی نەتەوەیی و سیاسی و ئەدەبیی مانگانەیە. یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانی عێراقی سەر بە حزبی شیوعی دەریکردووە هەشت لاپەڕە بووە و بە چاپی دەستی و بە شێوەی ڕەشوسپی چاپکراوە. بە ناوی خوازراوە و تێیدا نوسراوە. لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە ١٩٨٨ تا ١٩٩١ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرکراوە. پاش ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە، تا ساڵی ١٩٩٨ دەرکراوەتەوە. بە هۆی خراپیی دۆخی داراییەوە ڕاگیراوە.

لاو

ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیریی گشتییە. کۆمەڵێک لاو لە خورماڵ دەریدەکەن. ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧ دەرچووە. ١١ ژمارەی لێدەرچووە. خاوەنی ئیمتیازی (ڕزگار زەڵمی) و سەرنوسەری (وریا حسێن) و بەڕێوەبەری نوسینی (زیاد حەسەن) بووە.

هاناو

بڵاوکراوەیەکی مانگانەی گشتییە. کۆمەڵیک ڕۆژنامەنوس لە هەورامان دەریدەکەن. بایەخ بە بواری فەرهەنگ و کلتوری ناوچەکە دەدات. خاوەنی ئیمتیازی (حەمەئەمین مەحموودبەگ) و سەرنوسەر (ئیبراهیم حاجی زەڵمی) بووە. سامان عەلائەدین نەقشبەندی لە ئەوروپا نوێنەری بووە. بە هەردوو شێوەزاری (سلێمانی و هەورامی) شەش ژمارەی لێدەرچووە. ژمارەی یەکەمی لە مانگی ١١ی ٢٠٠٦ و کۆتا ژمارەی ١٥ی ٤ی ٢٠٠٧ دەرچووە.

هەڵەبجە

ڕۆژنامەیەکی مانگانەی بێلایەن بووە، لەلایەن ئیسماعیل حەمەڕەشیدەوە دەرکراوە و هەر خۆیشی خاوەن ئیمتیاز بووە. سەرنوسەرەکانی (عومەر حمەڕەحیم حمە و نامیق هەورامی) بوون. ناوەڕۆکی ڕۆژنامەکە کاری لەسەر گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و چالاکییەکانی هەڵەبجە دەکرد. یەکەم ژمارەی لە ١٦ى ٣ى ٢٠٠٣ دەرچووە. هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا دەرنەکراوە و هەندێک ساڵیش تەنها یەک ژمارەی لێدەرکراوە. قەبارەی لاپەڕەکانی (A٣) و ژمارەی لاپەڕەکانی ١٢ لاپەڕەبووە، ژمارەی ٢٦ وەک کۆتا ژمارە لە ١٦ى ٢ى ٢٠١٥ دەرچووە و داوتر بەهۆی قەیران و نەبوونی پاڵپشتیی داراییـەوە ڕاگیـراوە.

هەوارگە

بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتیی ئازادە. بەشێوەیەکی ناوبەناو کۆمەڵیک لاو بۆ خستنەڕووی گیروگرفتەکانی ناوچەکە و دروستکردنی پەیوەندی نێوان خەڵک و بەرپرسان، دەریدەکەن. خاوەنی ئیمتیاز (مەریوان دەرەمەڕی) و سەرنوسەر (میقداد دەرەمەڕی) بووە. بە شێوەی ڕەش و سپی دەرچووە. ١٦ ژمارەی لێدەرچووە و کۆتا ژمارەی ساڵی ٢٠٠٩ دەرچووە.

هۆرامان

بڵاوکراوەیەکی مانگانەی گشتییە. کۆمەڵێک نوسەر لە هەورامان دەریدەکەن. سەرنوسەر و خاوەنی ئیمتیاز (حەمەئەمین مەحموود بەگ) بووە. پاشان (ئیبراهیم حاجی زەڵمی) بووەتە سەرنوسەر. دەستەی نوسەرانی (ناسیح ئەحمەد، غالب سەلیم. عەبدوڵا گۆران و فەریبورز موسازادە و سیروان هەورامی) بوون. پێنج ژمارەی لێدەرچووە، ١٠ی ١١ی ٢٠٠٦ بۆ ١٠ی ٣ی ٢٠٠٧.

وەقایعی کوردستان ژمارە ٣٣٤

ڕۆژنامەی فەرمی هەرێمی کوردستانە. وەزارەتی داد دەریدەکات. لە ژمارە ٣٣٤ ڕۆژی دووشەممەی ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەیانی ژمارە(١٤)ی ساڵی ٢٠٢٥ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجەی وەک نۆزدەهەم پارێزگای عێراق و چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستانی تیدا بڵاوکراوەتەوە.

وەقایعی عێراقی

ڕۆژنامەی فەرمیی کۆماری عێراقە. وەزارەتی داد دەریدەکات. لە ژمارە ٤٨٢٤ ی ٥ی ٥ی ٢٠٢٥دا، کە ساڵی شەست و شەشەمی ڕۆژنامەکەیە، مەرسومی کۆماریی ژمارە ١٩ی سەرۆککۆماری عێراقی تێدا بڵاوکراوەتەوە، کە تایبەتە بە واژۆکردنی پارێزگای هەڵەبجەی وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق.