کاریگەرییەکانى کەشوهەوا لەسەر زەوییە بەراوەکان لە هەڵەبجە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
Halepçe Kentinde Yağmurla Beslenen Tarım Üzerine İklimin Etkileri
لێکۆڵینەوەی خوێندکار (ئەرکان ئەحسەن محەمەد ئەلجامور)ە، ساڵی ٢٠١٧، وەک بەشێک لە پێداویستییەکانى بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر لە ئەندازیاریى ڕوپێوى پێشکەش بە بەشى جوگرافیاى زانکۆی ئەکسەراى- تورکیا کراوە. بە زمانى تورکی و لە چوارچێوەى ٦٤ لاپەڕەدا نوسراوە. بەشێوەیەکى گشتى لە ڕێگەى بەکارهێنانى وێنەى مانگى دەستکردى لاندساتى ساڵەکانى ٢٠٠٠، ٢٠٠٧ و ٢٠١٥، شیکارى بۆ دیاریکردنى ڕێژەى گۆڕانکارییەکانى ڕوپۆشى زەوى و بەکارهێنانى زەوى لە شارى هەڵەبجە کردووە. بە مەبەستى دیاریکردنی ڕەوتی گۆڕانی کەشوهەوا بە بەکارهێنانی داتای پلەی گەرمی و بارانبارینی کەشناسی، دیاریکردنی بەکارهێنانی زەوی بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی تایبەت، پێشبینیکردنی دابەزینی ڕێژەی ئەو بەرهەمانەی، کە بە باران دەخورێن لە ژێر گۆڕانی بارودۆخی کەشوهەوادا لێکۆڵینەوەکە ئەنجامدراوە. لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە. بەشی یەکەمى لەگەڵ پێناسەى چەمکە سەرەکییەکانى لێکۆڵینەوەکەدا باس لە پێکهاتەى سیستەمى کەشوهەواى جیهانى، ڕۆڵى کشتوکاڵ لە ئابوریدا، سیستەمى جى ئای ئێس، گۆڕانى کەشوهەوا و گونجاویى زەوى، کەمبوونەوەى بەرهەمى زەوى و هۆکارەکانى خاک و کاریگەرییان لەسەر بەرهەمى خاک. بەشى دووەمى بۆ قسەکردن لەسەر میتۆدى لێکۆڵینەوەکە و ناوچەى لێکۆڵینەوەکە، کە هەڵەبجەیە تەرخانکراوە. لێرەدا جگە لە تایبەتمەندییەکانى کەشوهەواى هەڵەبجە، باس لە جۆرى کەشوهەواى هەڵەبجە، زانیاریى کەشوهەوا و هاوسەنگیى ئاو لە هەڵەبجە کراوە. بەشی سێیەمى بریتییە لە لایەنى مەیدانى. واتە لەم بەشەدا لێکۆڵەر هەوڵیداوە زانیارییە تیۆرییەکان لەسەر ناوچەى لێکۆڵینەوەکە، جێبەجێبکات. لێرەدا باس لە گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و گونجاویى زەویى هەڵەبجە، ڕێژەى ساڵانەى بارانبارین و پلەى گەرمى، کراوە. هەروەها ئەنجامەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و بەرهەمهێنانی بەرهەمی بژێوی لە ناوچەکەدا، داینامیکی بەکارهێنانی زەوی و جۆرەکانی ڕووپۆشی زەوی لە ناوچە لێکۆڵینەوەکانی هەڵەبجەدا، دیاریکردنى گۆڕانکارییەکان لە ماوەى ئەو ساڵانەدا، هۆکارەکانى گۆڕینى ڕوپۆشى زەوى و شیکارى ڕاستییەتى ئەنجامەکان خراونەتەڕوو.
لە کۆتایدا بە چەند ئەنجامێک گەیشتووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، کە بەشێوەیەکى گشتى گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەم دەبێت. لە شارى هەڵەبجەدا بەشێوەیەکى گشتى کشتوکاڵ و بە تایبەت کشتوکاڵى بچوکى تێدادەکرێت. بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە کەشوهەواى ناوچەکەدا ڕووبدات، کاریگەرى لە دوو لەسەر چوارى دانیشتوانى شارەکە دەکات. بەشەکەى دیکەى دانیشتوانى هەڵەبجە لە ڕێگەى بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک و کەمبوونەوەى ئاوى خواردنەوەوە کاریگەرییان لەسەر دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە شارى هەڵەبجەدا ڕووبەری ڕووەکی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٧ لە ١١.٣% بۆ ١.٤٩% کەمیکردووە. بەڵام لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٥ لە ١.٤٩% بۆ ٢.٥٦% زیادیکردووە. گەشەى دانیشتووانى هەڵەبجە بەرەو ڕۆژئاوای شارەکە زیاددەکات. ئەم دەرئەنجامەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بڕیاردانى پلاندانانی داهاتوو لە شارى هەڵەبجە.
لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی زەمینلەرزەکانى کاراکۆچان و هەڵەبجە لەسەر وێستگەکانی TUSAGA-AKTIF بە بەکارهێنانی خزمەتگوزاری GNSS لەسەر بنەمای WEP (ماستەرنامە)
Karakoçan ve Halepçe Depremlerinin Tusaga-Aktif İstasyonlarına Etkilerinin Web Tabanlı Gnss Servisiyle İnceleme
لێکۆڵینەوەی خوێندکار (گوێکان باشکانGökhan Başkan - )ـە و ساڵی ٢٠١٨، پێشکەش بە بەشى ئەندازیاریى زانکۆی سەلجوق – قۆنیا کراوە، ئەمەیش وەک بەشێک لە پێداویستییەکانى بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر لە ئەندازیاریی ڕووپێویدا. بەشێوەیەکى گشتى ئەم لێکۆڵینەوە بەمەبەستى دیاریکردنی کاریگەریی زەمینلەرزەکانى هەڵەبجە و کاراکۆچانى ئێلازیغ لەسەر وێستگە جێگیرەکانى (GNSS – Global Navigation Satellite Systems) لە تورکیا ئەنجامدراوە. ئەمەش لە ڕێگەى چاودێرییەکى حەوت ڕۆژى یەکێک لە تۆمارەکانى GNSS بە ناوى (TUSAGA-AKTIF – Türkiye Ulusal Sabit GNSS Ağı). واتە وێستگەى نیشتمانى جێگیرى جی ئێن ئێس ئێس ى تورکیا. لە هەژمارکردنى داتاکانیشدا سوود لە (AUSPOS) وێبى وەرگیراوە، کە لەلایەن حکومەتى ئوسترالیاوە بەڕێوەدەبرێت. لێکۆڵینەوەکە لە پێنج بەشی سەرەکی پێکهاتووە. بەشی یەکەمى لێکۆڵینەوەکە دەربارەی ئەو سەرچاوانەى پێشوون، کە نزیکن لە ناونیشانى ئەم لێکۆڵینەوەیەوە. لێرەدا نمونەى ئەو لێکۆڵینەوانە دەهێنرێنەوە، کە شێوەى GNSS و PPP-GNSS واتە وێب و پێکهاتەى تەکتۆنیکى تورکیایان بەکارهێناوە. بەشى دووەمى لێکۆڵینەوەکە باس لە ناوچەکانى زۆنى زەمینەلەرزەکانى تورکیا دەکات. لێرەدا باس لەوە دەکرێت، کە %٩٨ی خاکى تورکیا لەژێر هەڕەشەى زەمینلەرزەدان. لە بەشى سێیەمى توێژینەوەکەدا باس لە پێکهاتەى تەکنۆتیکیى ناوچە زەمینلەرزەکان دەکات. بەشى سێیەم بەسەر دوو تەوەرەدا دابەشکراوە. لە تەوەرەى یەکەمدا باس لە ناوچەکانى زەمینلەرزەى هەڵەبجە دەکات. لە تەوەرەى دووەمدا باس لە ناوچەکانى زەمینلەرزەى کاراکۆچانى ئێلازیغ دەکات. بەشى چوارەم بۆ قسەکردن لەسەر میتۆد و کەرەستەکانى توێژینەوەکە تەرخانکراوە. لە بەشى پێنجەمى توێژینەوەکەدا گفتوگۆکردن لەسەر ئەنجامەکانى توێژینەوەکە دەکرێت. لەم بەشەدا هەژمارى شوێنى زەمینلەرزەکانى هەڵەبجە و ئێلازیغ و دەرئەنجامەکانى هەردوو زەمینلەرزەکە خراونەتەڕوو. لە کۆتایدا توێژینەوەکە گەشتووەتە ئەو ئەنجامانەی، کە پێنج ڕۆژ پێش و دوای زەمینلەرزەکەى هەڵەبجە، زۆرترین جوڵەی ئاسۆیی (تێکەڵبوونی باکور و ڕۆژهەڵات) لە وێستگەی TVA٢ بە ٦.٦ ملم و زۆرترین جوڵەی ستونی بە ١٣.٨ ملم لە وێستگەی SEMD دیاریکراوە. پێنج ڕۆژ پێش و دوای زەمینلەرزەکەى ئیلازیغ کاراکۆچان، زۆرترین جوڵەی ئاسۆیی لە وێستگەی SSEH بە ١٦.٧ ملم و زۆرترین جوڵەی ستونى لە وێستگەی BING بە ٣٩.٢ ملم دیاریکراوە.
مۆرفۆلۆجى گوندەکانى ناوچە شاخاوييەکان و کاريگەريى ژينگەى سروشتيى لەسەريان ناوچەى هەورامان وەک نمونە . (ماستەرنامە)
لێکۆڵینەوەی خوێندکار (هاودین کامل عەلی)یە. ساڵی ٢٠١٥ پێشکەش بە زانکۆی کۆیە کراوە. لێکۆڵینەوەکە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە. لەبەشی یەکەمدا باس لە ناساندنی ناوچەی هەورامان لە چوارچێوەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە و ناساندنی چەمک و زاراواکان کراوە. لە بەشی دووەمدا مۆرفۆلۆجیای گوندەکانی ناوچە شاخاوییەکان و کاریگەری ژینگەی سروشتی لەسەریان، باسکراوە. لە بەشی سێەمدا گرنگترین تایبەتمەندییە ژینگەیی و سروشتییەکانی هەورامان وەک بەرزی و نزمی و ئاووهەواو خاک و ئاو و ڕووەکی سروشتی باسکراون. لەبەشی چوارەمدا باس لە کاریگەریی ژینگەی سروشتی لەسەر مۆرفۆلۆجیای گوندەکانی هەورامان دەکات، ئەمەیش لە ڕووری دابەشبوون و قەبارەی گوندەکان و بەکارهێنانی زەوی و شێوەی ئەندازەیی خانووەکان و کەرەستە بەکارهاتووەکان تیایاندا. لێکۆڵەر بە چەند ئەنجامێکی گرنگ گەیشتووە، کە زۆربەیان تایبەتمەندیی ناوچەی هەورامان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەردەخەن، بەڵام لە گرنگترین ئەنجامەکان بریتییە لەوەی، کە هەورامان لە نێوان کوردستانى باشور و ڕۆژهەڵات دابەشکراوە و ناوچەى لێکۆڵينەوەکەیش ئەو بەشەى هەورامان دەگرێتەوە، کە دەکەوێتە کوردستانى باشورەوە و لە ناوەندى ناحيەى بيارە و شارەدێى تەوێڵە و ٣٣ گوندى تر لە پارێزگاى هەڵەبجە پێکدێت، کە ٢٧ يان دەکەونە سنورى ناحيەى بيارە و شەشیان سەر بە ناحيەى خورماڵن. هەروەها جۆراوجۆريەتیى تەرزەکانى دابەشبوونى گوندەکان، باڵادەستیى تەرزى کۆبوەوە لە قەدپاڵى چياکان و تەرزى بڵاوەبوو لە پێدەشتى چياکان و گوندى شێوە شريتى هێڵى لە دۆڵەکاندا. بچوکیى قەبارەى گوندەکان و جياوازیيان لە شوێنێکەوە و بۆ شوێنێکى تر بە هۆکارى هايدرۆلۆجى بە پلەى يەکەم. گوندەکانى قەدپاڵى چياکان زياتر شێوەى سێ گۆشەيى يان پليکانەييان هەيە و بنکى سێ گۆشەکە لە خوارەوەيە و بە سەرکەوتن بە لاى چياکاندا ژمارەى خانوەکانى گوندەکە کەم دەبنەوە.
هەڵسەنگاندنی شێوەکانی ڕووی زەوی و کاریگەری لەسەر شێوەکانی ڕووی زەوی لە پارێزگای هەڵەبجە (دکتۆرانامە)
لێکۆڵینەوەی خوێندکار (مقداد عومەر عەبدوڵێ)یە. لێکۆڵینەوەیەکە لە (جیۆمۆرفۆلۆجیای پراکتیکی)یە و لە ساڵی ٢٠٢٣، پێشکەشی ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانیی کردووە، ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە تیشکخستنەسەر تایبەتمەندییە سروشتییەکانی پارێزگاکەیە، هەروەها ئەو پڕۆسە جیۆمۆرفۆلۆجیانەی کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی شێوەکانی ڕووی زەویی ناوچەکهدا هەیە، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ شێوەکانی ڕووی زەویی پارێزگاکه، کە چەندین شێوەی جیاواز بەدەرکەوتون، پاشان کاریگەریی شێوەکان لەسەر چالاکیی گەشتوگوزار لە پارێزگاکەدا ڕوونکراونەتەوە.
هونەر و تراژیدیا و کارەساتی هەڵەبجە لە هونەری شێوەکاریدا. پڕۆژەی ٥٠٠٠ پۆترێت ٥٠٠٠ قوربانی وەک نمونە (ماستەرنامە)
لێکۆڵینەوەی خوێندکار (حەسەن موراد محەممەد یوسف)ـە و ساڵی ٢٠٢٤ پێشکەش بە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلێمانی کراوە. لە بەشی شێوەکاری - وێنەکێشان، پ. د. ڕێبوار سەعید ڕەشید، سەرپەرشتیکردووە. لەچوار بەش پێکدێت، بەشی یەکەم بۆ چێوەی گشتیی لێکۆڵینەوەکە، کێشە و گرنگی و سنور و چەمک و زاراوەکان تەرخانکراوە، بەشی دووەم، چێوەی تیۆری، پەیوەندیی هونەر و تراژیدیا، کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە وەک نمونەی جینۆسایدی نەتەوەی کورد، بەشی سێیەم، ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی توێژینەوە، ١٤ نمونە لە پڕۆژەی ٥٠٠٠ پۆرترێت و شیکردنەوەیان، بەشی چوارەم، ئەنجام و دەرئەنجام و ڕاسپاردەکان، سەرچاوەکان، پاشکۆی چەند وێنەیەکی فۆتۆگرافی، بایۆگرافیی هونەرمەند ڕێبوار سعید، پوختەی توێژینەوەکە بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی. خشتەکان، هێنانی وێنەی ٥٠ تابلۆ لە هونەرمەندان بۆ چێوەی تیۆری، هێنانی ٢٤ وێنە لە پڕۆژەکە بۆ نمونەی لێکۆڵینەوەکە.
ئامادەکردنی: حەمزە محەممەد ساڵح