کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

بەرگی پێنجەم

کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.

ناوەڕۆک

14 بابەت

بەیازی شێخ خالدی موفتی

بەیازی مامۆستا شێخ خالدی موفتی هەڵەبجەیە، پاشماوەی بەیازێکی نایابە، نزیکەی ١٢٥ ساڵ بەر لەئـیستا نوسراوە. وا دەردەکەوێت ١٠٠ لاپەڕەیەک بووبێت و لێیفەوتاوە، ٢٦ لاپەڕەی ماوەتەوە و بۆر و زەرد هەڵگەڕاوە و قەراخی چووە و پتورکاوە و بە دەستلێدان دەوەرێت. نوسەرەکەی دیار نییە.

دەستنوسەکانی ناو مەدرەسەی خەرپانی

ئەو دەستنوسانەن، کە هەندێکیان لە سەردەمی شێخ عەبدوڵای خەرپانی و بە فەرمانی ئەو لە هەڵەبجە نوسراونەتەوە و بڕێکجار خەتی ئەویشیان پێوەیە. هەندێکیشیان پاش خۆی لە هەڵەبجە نوسراونەتەوە. هەندێکیشیان لەملاولا نوسراون و هاتونەتە مەدرەسەکەوە. هەندێک لەم دەستنوسانە لەلایەن عێراقەوە سەندراون و لە (دار سەدام) پارێزراون. ئەوانیش: عبدولحەکیم لەسەر شەرحی شەمسیە. ساڵی ١٨١٠ عەبدوڵا و عەبدولقادری شێخ عوسمانی شێخ عەبدوللەتیفی شێخ مەعروف نوسیویانە، طوالع الانوار من مطالع الانار مەلا هادی جوانڕۆیی بە فەرمانی شێخ عەبدوڵا ١٨١٥ لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە و خەتی شێخ عەبدوڵای پێوەیە، عبدالحکیم: عەلی کەڕی شێخ عومەری قەرەداغی ١٨١٨ لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە، حاشیەی محەمەد حسێنی حەریری: ئەحمەدی هەڵەبجەیی قوتابی شێخ عەبدوڵا ١٨٢٤ لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە، کۆمەڵە دانراوێک، کە چەند کەسێک لە ساڵی ١٨٢٥ لە هەڵەبجە نوسیویانە، حاشیەی عەبدولحەکیم لەسەر مطول ١٨٢٦ لای شێخ عەبدوڵای خەرپانی لە هەڵەبجە نوسراوەتەوە، کتێبێکی ناتەواو: مستەفای کوڕی شەمسەدین ١٨٣٤ نوسیویەتییەوە، گولنەبەوی بورهان: شێخ مستەفای کوڕی شێخ مەحمودی شێخ عەبدوڵای خەرپانی ١٨٨٥ لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە، فەناری: ساڵحی کوڕی مەلا عوسمانی تەکیەیی ١٨٩٦ لە هەڵەبجە لە خزمەت سەید مستەفادا نوسراوە. فەرائزی شەرح مەنهەج: محەمەدی کوڕی مەحمودی قارەمانی لە مەدرەسەی شێخ مەحموود لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە. الرسالة العضدية ئەحمەد هەڵەبجەیی لە سلێمانی لای شێخ عەبدوڵای خەرپانی ١٨٢٢نوسیویەتیەوە، حاشیەی لاری شەرحی فارسی: عەبدولڕەحمانی کوڕی عەبدولڕەحیم لەساڵی ١٨٣٢ لە گوندی خەرپانی نوسیویەتییەوە، قەسیدەی بوردیە: مستەفای کوڕی سەید مەحمودی شێخ عەبدوڵای خەرپانی ساڵی ١٨٨٥ لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە، شەرحی بانت سعاد و چەند دانراوی تر: محمەد زەنگەنەیی بۆ شێخ عەبدوڵای نوسیوەتەوە، حاشیەی فەتحەیە لەسەر حاشیەی جەلالیە و حاشیەی خەیاڵی: بە خەتی شێخ عەبدوڵای خەرپانی ١٧٩٥ نوسراوە، شەرحی ڕیسالەی ضةرفية عەلی ئێناخی لەبەرخاتری شێخ معروفی شێخ عەبدوڵای خەرپانی ١٨٤٩ نوسیویەتییەوە. الازکار: عبدلرحمانی کوڕی عەبدالقادری تریفەیی لە گوندی هانەسوورە ساڵی ١٨٩٢ نوسیویەتییەوە. حاشیەی محێدین: وەلی کوڕی ئیسماعیلی کوڕی ئەحمەدی شانراد لە ترانبار نوسویەتیەوە، حی بن یقزان: دانراوی بدیع زەمان یوسفی کوڕی مەلامحەمەدی مەلا ئیسماعیلی مەلا مۆمنی سنەیی ساڵی ١٧٥٦ نوسیویەتییەوە. چەند دانراوێکی تر، کە لە گوڵعەنبەر نوسراونەوەتەوە.

دەستنوسەکانی ناو مزگەوتی گوڵعەنبەر

مەبەست لەو دەستنوسانەن، کە لە مزگەوتی گەورەی گوڵعەنبەر کۆبوونەتەوە، کە بەهۆی ناوبانگ و پێگەی زانستیی و بوونی مامۆستا و مودەریسی زۆر زانا، یەکێک بووە لەمەڵبەندە گەورەکانی خوێندن و نوسین. لە کۆنەوە مامۆستای گەورە وانەیان تێدا وتووەتەوە. لە ساڵانی (١٦٢٩، ١٧٤٧، ١٧٥٦، ١٨٢٤)ی زاینی مەدرەسە بووە و دەسنوسی تێدابووە. هەندێک لەو دەسنوسانە لە (دار صدام للمخطوطات) تۆمارکراون. هەندێک لەو دەسنوسانە بە هۆی فەقێ و مامۆستای دەرەوەی ناوچەکەوە کەوتوونەتە مزگەوتی گوڵعەنبەر و هەندێکیشیان لە ناو مزگەوت و هەر لە خورماڵ نوسراونەتەوە. پێنج لەم دەسنوسانە لە کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی و لە بەشی دەستنوسەکاندا پارێزراون و بە زنجیرەی (١٠٧٥ بۆ ١٠٧٩) تۆمارکراون. ئەوانیش (فتح الوهاب شرح منهج الطلاب. دووجار لەلایەن عەبدولکەریم دەربەندییەوە، نوسراوە. جاری یەکەم ساڵی ١٨٨١، کە ١٠٠ لاپەڕەیە. جاری دووەم ساڵی١٨٨٧، ١٤٧ لاپەڕەیە. فتح الباقی بشرح الفیە العراقی، هەمان کەس نوسیویەتییەوە، (شرح ڕیسالە اثبات الواجب)ی عەبدولقادر مهاجر. ١٨٩١ مەحمود مەریوانی نوسیویەتییەوە، حاشیە فی علم الکلام نوسەرەوەکەی نەزانراوە. چوار لە دەستنوسەکانی (کتاب محمدیە، الحصن الحصين من کلام سيدالمرسلين، رسالة في اسم الله الاعظم، شرح عصام الدين على رسالة القاظي عضد في علم الوضع) هەر لە مزگەوتی گوڵعەنبەر نوسراونەتەوە.

چەند کەشکۆڵێک

چەند دەفتەر و دەستنوسێکن، کە هۆنراوەیان تێدا تۆمارکراوە و لەلایەن ئەدەبدۆستانی سنوری پارێزگای ھەڵەبجەوە نوسراونەتەوە و گەنجینەیەکی گەورەی مێژووی ئەدەبیی هۆنراوەیان تێدا پارێزراوە. لەوانە (کەشکۆڵی مەحموود پاشای جاف، کەشکۆڵی مەلا فەتاحی کاگردەڵ، کەشکۆڵی موفتی ھەڵەبجە، کەشکۆڵی مەلا عەزیزی ڕێشاوی، کەشکۆڵی شێخ حیسامەدینی نەقشبەندی، کەشکۆڵی کەمالی - عەلی باپیر ئاغا، دەورەی بابا ناوس، دەفتەری شنروێ، دەورەی عابیدینی جاف).

کەشکۆڵی سەڵەسی

لە کەشکۆلەکانی کتێبخانەی کوردییە. ٣١٧ لاپەڕەی درێژکۆلەیە. لە شێوەی بەیازدا لەلایەن قادری شێخ محەمەدی سەڵەسی بە خەتێکی جوان و گوڵچنی نایاب لە ساڵی ١٩٠٤دا نوسراوەتەوە. پچڕان و ناتەواوی پێوەدیارە و دێڕەکانی وەک یەک نین. بەرهەمی گەلێک شاعیری ناوچەکەی تێدایە، لەوانە مەولەوی، نالی، بێسارانی، سەیدی، مەهجوری، مەولانا خالد، وەلی دێوانە.

کەشکۆڵی شێخ حیسامەدین

کەشکۆڵێکی ئەدەبی کوردییە، سەرچاوەیەکە بۆ شیعری مەولەوی، کەڵکی لێوەرنەگیراوە، دەسخەتێکی شێوە (بەیازی) ٥٠٠ لاپەڕەییە، بە جۆگەلە بەشکراوە و لێوارەکانی زەڕکەفتکاری کراوە و مێژووی ساڵی ١٩٠٠ی پێوەیە. بە فەرمانی شێخ حیسامەدین نوسراوەتەوە. چەند خەتخۆشێک بەشداریان لە نوسینەوەیدا کردووە.

کەشکۆڵی شێخ مەحموود

دەستخەتی تۆمارکراوی ژمارە١٦٦٨٩ی دار صدام، مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی لەسەر ڕۆشنایی یەکێک لە نوسەرەکانی دەستخەتەکە ئەو ناوەی لێناوە. بە دەقی نامەی چەندین زانا و ناوداری تەریقەتی نەقشبەندی لە ناوچەکە دەستپێدەکات. لەوانە: مەلا حامیدی کاتب و شێخ عەبدولڕەحمانی نۆدشی و مەولەوی و..هتد. پارچە شیعر، چەند نامەیەکی مەولانا خالد و وەڵامەکانیان و نامەی شێخ عومەر زیائەدین و شێخ بەهائەدین بۆ مەحمود پاشای والی و چەندین نامەی تری مەولاناخالد و گەلێک دوعا وەک چارەسەری گیروگرفت دێت. ساڵ و شوێنی نوسینەوەی نازانرێت و نزیکەی ٣٠٠ لاپەڕە دەبێت.

کەشکۆڵی مەلا عەبدوڵای مەریوانی

کەشکۆڵێکی کتێبخانەی کوردییە. هی مەلا عەبدوڵای مەریوانی، زانا و دانا و مەولەویناسە، ٣٣ ساڵی تەمەنی پێبەخشیوە، ٣٣٠ لاپەڕی قەبارە (٢٤ بە ١٠سم)یە. لەسەر شێوەی بەیاز لە نێوان ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٩٢١ نوسیویەتییەوە. یەکێکە لە سەرچاوەکانی شیعری مەولەوی. بە خەتى (نەستەعلیق) نوسراوە. پێڕست و ناوەڕۆکی بۆ پارچە شیعرەکان داناوە و بەقەڵەمی سوور سەرەتاکانیانی دیاریکردوون.

کەشکۆڵی مەلا عەزیزی ڕێشاوی

یەکێکە لە کەشکۆڵە نایابەکانی کەلەپوری ئەدەبی کوردی، ٣١٩ لاپەڕەیە و پوخت هەڵگیراوە. گەلێک مامۆستا و فەقێ تێیدا نوسیویانە و ساڵی ١٣٥٣ کۆچی تەواوکراوە. مەلا عەزیز بایەخی زۆری بە شیعری شاعیران داوە و بەرهەمی ٥٠ شاعیری تێدایە، لەوانە نالی، مەولەوی، فەوزی، وەلی دێوانە، مەولانا خالد، مەجزوب، تاهیر بەگ، ئەحمەد موختار، شیعری چەند شاعیرێکی تێدایە. لای نەوەکانی پارێراوە.

کەشکۆڵی مەلا فەتاحی کاگردەڵی

کەشکۆڵی دەسنوسی شیعری شاعرانە. ٧٣٨ لاپەڕەیە بە پێوانەی ( ٢٣ بە ١٣سم) لەلایەن مەلافەتاحی کاگردەڵییەوە دەورووبەری ساڵی ١٩١١ز نوسراوە. لای خاوەنەکەی بایەخی زۆری هەبووە. ١٣ ساڵ تەمەنی پێداوە. ١٤٤ لاپەڕەی بۆ شیعری مەولەوی تەرخان کردووە و ١٦٠ پارچە شیعری مەولەوی تێدایە.

قورئانە دەستنوسەکەی مەلا نەزیر

نوسخەیەکی نوسراوەی قورئانی پیرۆزە. دەستخەتی (مەلا نەزیری گەورەی تەوێڵەیی ١٧٨٦-١٨٧٨)یه،‌ کە لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا ٣٣ جار قورئانی نوسیوەتەوە. بە خەتێکی جوان نوسراوەتەوە و بەرگەکەی بە چەند دوعایەکی ئیمانیی بەهێز ڕازاندووەتەوە. لە ماڵی مەلا ئەحمەدی نەزیری لە سنە پارێزراوە. چەندینجار داوای لێکراوە وەک میراسێکی باستانی لێیبکڕن. بەڵام نەیفرۆشتووە و لە ڕۆژی کردنەوەی مزگەوتی مەلانەزیر ٢١ى ٣ى ٢٠٢٣ بە ڕەسمێکی شکۆدار و پێشوازیەکی گەرمەوە هێنراوەتەوە بۆ تەوێڵە. ئێستا لەناو قاسەیەکی خاوێندا لە مزگەوتەکەی دانراوە و کلیلی قاسەکە بە فاروق ئەحمەدە. بۆ هەرکەس و لایەنێک لە بواری دەستخەت و ڕۆشنبیریدا کاربکات و ئیشی بە بینینی قورئانەکە هەبێت، دوای مۆڵەت دەتوانێت سەیری دەستخەتەکە بکات.

قورئانە ڕەشەکە

لە گوندی (تەکیە)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. بەهۆی ئەوەی دەستنوسی قورئانەکە بەرگێکی ڕەشی هەبووە، بەو ناوە ناسراوە. مێژووی ئەو قورئانە بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە. دیارنییە کێ نوسیویەتییەوە. بۆ ڕێزگرتنی، بەردەوام لە شوێنێکی بەرزدا دانراوە. دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری سوێندیانپێخواردووە. لە کاتی سووتانی گوندەکەدا لە ساڵی ١٩٦٣، گەرچی ئەو خانووەی، کە دەستنوسەکەی تێدابووه،‌ گڕیگرتووه،‌ بەڵام قورئانه ‌ڕەشەکە نەسوتاوە. له ‌کاتی ڕاگواستنی گوندەکەشدا‌ بۆ (خورماڵ) لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە خورماڵ، جێدەمێنیت و ون دەبێت.

ماریفەت و پیری

لەناو خەڵکی هەوراماندا باسکراو و هەندێک سەرچاوەش ناویانبردووە. تۆمارێکی پیرۆزی دینی دێرینەی هەورامانە. سینەبەسینە هاتووە، تا ئێستا ئەم کتێبە نەکەوتوەتەبەردەست و کەس نەیدیوە. پیر شالیاری کوڕی جاماسپ نوسیویەتی. بەپێی پەیڕەوی ئایینی، چەرخاوچەرخ نوێکراوەتەوە. ناوەڕۆکەکەی دوعا و پاڕانەوە و پەند بووە.

نەسیم

نوسین و دەستخەت: شێخ محەمەد نەسیمی مەردۆخی ژمارە: ٣٨٠٢ لە کتێبخانەی دار صدام پارێزراوە. لە دەستخەتەکانی کتێبخانەی شێخ عومەری زیائەدینی بیارەیە و مۆری شێخ عومەری عوسمانی پێوەیە. بێجگە لە شیعرێکی گۆرانی شێخ یەعقوب. باقی دەستخەتەکە بە زمانی عەرەبی و فارسی نوسراوە. بەشی زۆری کتێبێکی عبدالوهاب الشعرانیە. هەروەها کتێبی حزب البحر شێخ ئەبو حەسەنی شازلی و شەرحەکەی بە فارسی دێت، کە خەتی شێخ نەسیمە.