بەرگی پێنجەم
کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
بەرگی پێنجەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
لێکۆڵینەوەی (د. مقداد عومەر عەبدوڵا)یە. ساڵی ٢٠١٥ پێشکەش بە زانکۆی سلێمانی کراوە. لێکۆڵینەوەکە لە سێ بەشی سەرەکی و چەند تەوەرەیەک پێکهاتووە. بەشی یەکەم بریتییە لە ناساندنی ناوچەی لێکۆڵینەوە لە ڕووی شوێن و سنوری کارگێڕی و بەرزی و نزمیی ڕووی زەوی و ئاووهەوا و سەرچاوە ئاوییەکان و خاک. بەشی دووەم بریتییە لە پەیوەندیی نێوان ئاووهەوا و بەرهەمهێنانی سەوزەی هاوینە و باسکردن لە ڕەگەزە گرنگە کاریگەرییەکانی ئاووهەوا. بەشی سێیەم بریتییە لە دابەشبوونی جوگرافیی بەروبوومەکان و شیکردنەوەی ئاماریی بۆ دیاریکردنی کاریگەریی هەریەکە لە ڕەگەزەکانی ئاووهەوا لەسەر بەرهەمەکان کراوە. لە گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە بریتین لە: بوونی دەشتی شارەزوور لە پارێزگاکە، کە بەڕێژەی ٣٥.٨% ڕووبەری گشتیی پارێزگاکەی پێکهێناوە و پشکی گەورەی بەردەکەوێت لە بەرهەمهێنانی جۆرەکانی سەوزەی هاوینەدا. بەهۆی بوونی خاکی بەپیت و بوونی سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و دەوڵەمەندیی بە ئاوی ژێرزەوی. جیاوازیی لە وەرزی بەروبوومەکان بەپێی ناوچە جیاوازە شاخاوی و دەشتییەکان. هەروەها کەمترین بەکاربردنی ئاو بۆ بەروبوومەکان لەمانگی ئازار و زۆرترین لە مانگی ئابدایە. هەروەها ڕووبەری چێنراوی سەوزەی هاوینە ڕێژەی ٤.٥%ی ڕووبەری پارێزگاکە دەگرێتەوە. ناحیەی سیروان زۆرترین ڕووبەری بۆ سەوزە هاوینییەکان هەیە.
یەکەم لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئاستی دەروەی عێراق سەبارەت بە کاریگەریی درێژخایەنی چەکە کیمیاییەکانی هەڵەبجە ئەنجامدرابێت. پاش ١٠ ساڵ لە کارەساتی هەڵەبجە و لە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن ژنە پڕۆفیسۆری بۆماوەزانی دکتۆر کریستین گۆزدن لەزانکۆی لیڤەرپولی بەریتانی ئەنجامدراوە. بیرۆکەی پڕۆژەکە لە لایەن پەیمانگای کوردییەوە لە واشتنتۆن دروستبووە. پاش نماییشی فیلمەکەی گوین ڕۆبەرت و بڵاوکردنەوەی و لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی لە لایەن (د. عادل کەریم فەتاح)ی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هەڵەبجه و فوئاد بابان و کریستن گۆدزنەوە. بوویە پرۆژەی ڕووپێوکردنی کوردستان. دوای پشکنین لە سەر ٧٠٠ کەسی بەرکەوتوو، ئاماژە بە جۆری چەکە بەکارهاتووەکان کراوە. لە ئەنجامدا دەرکەوتووە زۆرێک لە بەرکەوتوان تووشی کوێری و نەخۆشیی پێست بوون. ٥٠٠ لە نەخۆشەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە لە مەترسیدان. هەندێک لەو گازانە کاری لە D.N.A خانەکان کردووە و بووەتە هۆکاری تێکچوونە بۆ ماوەییەکان لە باوانەوە بۆ وەچەکان و کاری گەورەی لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەبارچوونی منداڵ هەبووە.
Halepçe Kentinde Yağmurla Beslenen Tarım Üzerine İklimin Etkileri لێکۆڵینەوەی خوێندکار (ئەرکان ئەحسەن محەمەد ئەلجامور)ە، ساڵی ٢٠١٧، وەک بەشێک لە پێداویستییەکانى بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر لە ئەندازیاریى ڕوپێوى پێشکەش بە بەشى جوگرافیاى زانکۆی ئەکسەراى- تورکیا کراوە. بە زمانى تورکی و لە چوارچێوەى ٦٤ لاپەڕەدا نوسراوە. بەشێوەیەکى گشتى لە ڕێگەى بەکارهێنانى وێنەى مانگى دەستکردى لاندساتى ساڵەکانى ٢٠٠٠، ٢٠٠٧ و ٢٠١٥، شیکارى بۆ دیاریکردنى ڕێژەى گۆڕانکارییەکانى ڕوپۆشى زەوى و بەکارهێنانى زەوى لە شارى هەڵەبجە کردووە. بە مەبەستى دیاریکردنی ڕەوتی گۆڕانی کەشوهەوا بە بەکارهێنانی داتای پلەی گەرمی و بارانبارینی کەشناسی، دیاریکردنی بەکارهێنانی زەوی بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی تایبەت، پێشبینیکردنی دابەزینی ڕێژەی ئەو بەرهەمانەی، کە بە باران دەخورێن لە ژێر گۆڕانی بارودۆخی کەشوهەوادا لێکۆڵینەوەکە ئەنجامدراوە. لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە. بەشی یەکەمى لەگەڵ پێناسەى چەمکە سەرەکییەکانى لێکۆڵینەوەکەدا باس لە پێکهاتەى سیستەمى کەشوهەواى جیهانى، ڕۆڵى کشتوکاڵ لە ئابوریدا، سیستەمى جى ئای ئێس، گۆڕانى کەشوهەوا و گونجاویى زەوى، کەمبوونەوەى بەرهەمى زەوى و هۆکارەکانى خاک و کاریگەرییان لەسەر بەرهەمى خاک. بەشى دووەمى بۆ قسەکردن لەسەر میتۆدى لێکۆڵینەوەکە و ناوچەى لێکۆڵینەوەکە، کە هەڵەبجەیە تەرخانکراوە. لێرەدا جگە لە تایبەتمەندییەکانى کەشوهەواى هەڵەبجە، باس لە جۆرى کەشوهەواى هەڵەبجە، زانیاریى کەشوهەوا و هاوسەنگیى ئاو لە هەڵەبجە کراوە. بەشی سێیەمى بریتییە لە لایەنى مەیدانى. واتە لەم بەشەدا لێکۆڵەر هەوڵیداوە زانیارییە تیۆرییەکان لەسەر ناوچەى لێکۆڵینەوەکە، جێبەجێبکات. لێرەدا باس لە گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و گونجاویى زەویى هەڵەبجە، ڕێژەى ساڵانەى بارانبارین و پلەى گەرمى، کراوە. هەروەها ئەنجامەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و بەرهەمهێنانی بەرهەمی بژێوی لە ناوچەکەدا، داینامیکی بەکارهێنانی زەوی و جۆرەکانی ڕووپۆشی زەوی لە ناوچە لێکۆڵینەوەکانی هەڵەبجەدا، دیاریکردنى گۆڕانکارییەکان لە ماوەى ئەو ساڵانەدا، هۆکارەکانى گۆڕینى ڕوپۆشى زەوى و شیکارى ڕاستییەتى ئەنجامەکان خراونەتەڕوو. لە کۆتایدا بە چەند ئەنجامێک گەیشتووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، کە بەشێوەیەکى گشتى گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەم دەبێت. لە شارى هەڵەبجەدا بەشێوەیەکى گشتى کشتوکاڵ و بە تایبەت کشتوکاڵى بچوکى تێدادەکرێت. بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە کەشوهەواى ناوچەکەدا ڕووبدات، کاریگەرى لە دوو لەسەر چوارى دانیشتوانى شارەکە دەکات. بەشەکەى دیکەى دانیشتوانى هەڵەبجە لە ڕێگەى بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک و کەمبوونەوەى ئاوى خواردنەوەوە کاریگەرییان لەسەر دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە شارى هەڵەبجەدا ڕووبەری ڕووەکی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٧ لە ١١.٣% بۆ ١.٤٩% کەمیکردووە. بەڵام لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٥ لە ١.٤٩% بۆ ٢.٥٦% زیادیکردووە. گەشەى دانیشتووانى هەڵەبجە بەرەو ڕۆژئاوای شارەکە زیاددەکات. ئەم دەرئەنجامەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بڕیاردانى پلاندانانی داهاتوو لە شارى هەڵەبجە. لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی زەمینلەرزەکانى کاراکۆچان و هەڵەبجە لەسەر وێستگەکانی TUSAGA-AKTIF بە بەکارهێنانی خزمەتگوزاری GNSS لەسەر بنەمای WEP (ماستەرنامە) Karakoçan ve Halepçe Depremlerinin Tusaga-Aktif İstasyonlarına Etkilerinin Web Tabanlı Gnss Servisiyle İnceleme لێکۆڵینەوەی خوێندکار (گوێکان باشکانGökhan Başkan - )ـە و ساڵی ٢٠١٨، پێشکەش بە بەشى ئەندازیاریى زانکۆی سەلجوق – قۆنیا کراوە، ئەمەیش وەک بەشێک لە پێداویستییەکانى بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر لە ئەندازیاریی ڕووپێویدا. بەشێوەیەکى گشتى ئەم لێکۆڵینەوە بەمەبەستى دیاریکردنی کاریگەریی زەمینلەرزەکانى هەڵەبجە و کاراکۆچانى ئێلازیغ لەسەر وێستگە جێگیرەکانى (GNSS – Global Navigation Satellite Systems) لە تورکیا ئەنجامدراوە. ئەمەش لە ڕێگەى چاودێرییەکى حەوت ڕۆژى یەکێک لە تۆمارەکانى GNSS بە ناوى (TUSAGA-AKTIF – Türkiye Ulusal Sabit GNSS Ağı). واتە وێستگەى نیشتمانى جێگیرى جی ئێن ئێس ئێس ى تورکیا. لە هەژمارکردنى داتاکانیشدا سوود لە (AUSPOS) وێبى وەرگیراوە، کە لەلایەن حکومەتى ئوسترالیاوە بەڕێوەدەبرێت. لێکۆڵینەوەکە لە پێنج بەشی سەرەکی پێکهاتووە. بەشی یەکەمى لێکۆڵینەوەکە دەربارەی ئەو سەرچاوانەى پێشوون، کە نزیکن لە ناونیشانى ئەم لێکۆڵینەوەیەوە. لێرەدا نمونەى ئەو لێکۆڵینەوانە دەهێنرێنەوە، کە شێوەى GNSS و PPP-GNSS واتە وێب و پێکهاتەى تەکتۆنیکى تورکیایان بەکارهێناوە. بەشى دووەمى لێکۆڵینەوەکە باس لە ناوچەکانى زۆنى زەمینەلەرزەکانى تورکیا دەکات. لێرەدا باس لەوە دەکرێت، کە %٩٨ی خاکى تورکیا لەژێر هەڕەشەى زەمینلەرزەدان. لە بەشى سێیەمى توێژینەوەکەدا باس لە پێکهاتەى تەکنۆتیکیى ناوچە زەمینلەرزەکان دەکات. بەشى سێیەم بەسەر دوو تەوەرەدا دابەشکراوە. لە تەوەرەى یەکەمدا باس لە ناوچەکانى زەمینلەرزەى هەڵەبجە دەکات. لە تەوەرەى دووەمدا باس لە ناوچەکانى زەمینلەرزەى کاراکۆچانى ئێلازیغ دەکات. بەشى چوارەم بۆ قسەکردن لەسەر میتۆد و کەرەستەکانى توێژینەوەکە تەرخانکراوە. لە بەشى پێنجەمى توێژینەوەکەدا گفتوگۆکردن لەسەر ئەنجامەکانى توێژینەوەکە دەکرێت. لەم بەشەدا هەژمارى شوێنى زەمینلەرزەکانى هەڵەبجە و ئێلازیغ و دەرئەنجامەکانى هەردوو زەمینلەرزەکە خراونەتەڕوو. لە کۆتایدا توێژینەوەکە گەشتووەتە ئەو ئەنجامانەی، کە پێنج ڕۆژ پێش و دوای زەمینلەرزەکەى هەڵەبجە، زۆرترین جوڵەی ئاسۆیی (تێکەڵبوونی باکور و ڕۆژهەڵات) لە وێستگەی TVA٢ بە ٦.٦ ملم و زۆرترین جوڵەی ستونی بە ١٣.٨ ملم لە وێستگەی SEMD دیاریکراوە. پێنج ڕۆژ پێش و دوای زەمینلەرزەکەى ئیلازیغ کاراکۆچان، زۆرترین جوڵەی ئاسۆیی لە وێستگەی SSEH بە ١٦.٧ ملم و زۆرترین جوڵەی ستونى لە وێستگەی BING بە ٣٩.٢ ملم دیاریکراوە. مۆرفۆلۆجى گوندەکانى ناوچە شاخاوييەکان و کاريگەريى ژينگەى سروشتيى لەسەريان ناوچەى هەورامان وەک نمونە . (ماستەرنامە) لێکۆڵینەوەی خوێندکار (هاودین کامل عەلی)یە. ساڵی ٢٠١٥ پێشکەش بە زانکۆی کۆیە کراوە. لێکۆڵینەوەکە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە. لەبەشی یەکەمدا باس لە ناساندنی ناوچەی هەورامان لە چوارچێوەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە و ناساندنی چەمک و زاراواکان کراوە. لە بەشی دووەمدا مۆرفۆلۆجیای گوندەکانی ناوچە شاخاوییەکان و کاریگەری ژینگەی سروشتی لەسەریان، باسکراوە. لە بەشی سێەمدا گرنگترین تایبەتمەندییە ژینگەیی و سروشتییەکانی هەورامان وەک بەرزی و نزمی و ئاووهەواو خاک و ئاو و ڕووەکی سروشتی باسکراون. لەبەشی چوارەمدا باس لە کاریگەریی ژینگەی سروشتی لەسەر مۆرفۆلۆجیای گوندەکانی هەورامان دەکات، ئەمەیش لە ڕووری دابەشبوون و قەبارەی گوندەکان و بەکارهێنانی زەوی و شێوەی ئەندازەیی خانووەکان و کەرەستە بەکارهاتووەکان تیایاندا. لێکۆڵەر بە چەند ئەنجامێکی گرنگ گەیشتووە، کە زۆربەیان تایبەتمەندیی ناوچەی هەورامان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەردەخەن، بەڵام لە گرنگترین ئەنجامەکان بریتییە لەوەی، کە هەورامان لە نێوان کوردستانى باشور و ڕۆژهەڵات دابەشکراوە و ناوچەى لێکۆڵينەوەکەیش ئەو بەشەى هەورامان دەگرێتەوە، کە دەکەوێتە کوردستانى باشورەوە و لە ناوەندى ناحيەى بيارە و شارەدێى تەوێڵە و ٣٣ گوندى تر لە پارێزگاى هەڵەبجە پێکدێت، کە ٢٧ يان دەکەونە سنورى ناحيەى بيارە و شەشیان سەر بە ناحيەى خورماڵن. هەروەها جۆراوجۆريەتیى تەرزەکانى دابەشبوونى گوندەکان، باڵادەستیى تەرزى کۆبوەوە لە قەدپاڵى چياکان و تەرزى بڵاوەبوو لە پێدەشتى چياکان و گوندى شێوە شريتى هێڵى لە دۆڵەکاندا. بچوکیى قەبارەى گوندەکان و جياوازیيان لە شوێنێکەوە و بۆ شوێنێکى تر بە هۆکارى هايدرۆلۆجى بە پلەى يەکەم. گوندەکانى قەدپاڵى چياکان زياتر شێوەى سێ گۆشەيى يان پليکانەييان هەيە و بنکى سێ گۆشەکە لە خوارەوەيە و بە سەرکەوتن بە لاى چياکاندا ژمارەى خانوەکانى گوندەکە کەم دەبنەوە. هەڵسەنگاندنی شێوەکانی ڕووی زەوی و کاریگەری لەسەر شێوەکانی ڕووی زەوی لە پارێزگای هەڵەبجە (دکتۆرانامە) لێکۆڵینەوەی خوێندکار (مقداد عومەر عەبدوڵێ)یە. لێکۆڵینەوەیەکە لە (جیۆمۆرفۆلۆجیای پراکتیکی)یە و لە ساڵی ٢٠٢٣، پێشکەشی ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانیی کردووە، ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە تیشکخستنەسەر تایبەتمەندییە سروشتییەکانی پارێزگاکەیە، هەروەها ئەو پڕۆسە جیۆمۆرفۆلۆجیانەی کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی شێوەکانی ڕووی زەویی ناوچەکهدا هەیە، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ شێوەکانی ڕووی زەویی پارێزگاکه، کە چەندین شێوەی جیاواز بەدەرکەوتون، پاشان کاریگەریی شێوەکان لەسەر چالاکیی گەشتوگوزار لە پارێزگاکەدا ڕوونکراونەتەوە. هونەر و تراژیدیا و کارەساتی هەڵەبجە لە هونەری شێوەکاریدا. پڕۆژەی ٥٠٠٠ پۆترێت ٥٠٠٠ قوربانی وەک نمونە (ماستەرنامە) لێکۆڵینەوەی خوێندکار (حەسەن موراد محەممەد یوسف)ـە و ساڵی ٢٠٢٤ پێشکەش بە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلێمانی کراوە. لە بەشی شێوەکاری - وێنەکێشان، پ. د. ڕێبوار سەعید ڕەشید، سەرپەرشتیکردووە. لەچوار بەش پێکدێت، بەشی یەکەم بۆ چێوەی گشتیی لێکۆڵینەوەکە، کێشە و گرنگی و سنور و چەمک و زاراوەکان تەرخانکراوە، بەشی دووەم، چێوەی تیۆری، پەیوەندیی هونەر و تراژیدیا، کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە وەک نمونەی جینۆسایدی نەتەوەی کورد، بەشی سێیەم، ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی توێژینەوە، ١٤ نمونە لە پڕۆژەی ٥٠٠٠ پۆرترێت و شیکردنەوەیان، بەشی چوارەم، ئەنجام و دەرئەنجام و ڕاسپاردەکان، سەرچاوەکان، پاشکۆی چەند وێنەیەکی فۆتۆگرافی، بایۆگرافیی هونەرمەند ڕێبوار سعید، پوختەی توێژینەوەکە بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی. خشتەکان، هێنانی وێنەی ٥٠ تابلۆ لە هونەرمەندان بۆ چێوەی تیۆری، هێنانی ٢٤ وێنە لە پڕۆژەکە بۆ نمونەی لێکۆڵینەوەکە.
ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن لێکۆڵەر (زوحەل ئۆزباش) و بە سەرپەرشتی (پ.د.زەکەریا کورشون) پێشکەش بە لقی مێژووی نوێی بەشی مێژووی تورک، لە پەیمانگای لیکۆڵینەوەی تورکناسی لە زانکۆی مەڕمەڕە کراوە. ماستەرنامەکە لە (١٨٧) لاپەڕە پێکهاتووە. ناوەڕۆکی ماستەرنامەکە: بە گشتی لە دەروازەيەک و چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەجۆرێک لێکۆڵەر لە دەروازەی نامەکەدا باسی لە هەژموونى عەشیرەت وەک سیمایەکی کۆمەڵگەی تەقلیدی کردووە، دواتر بەشی یەکەمی ماستەرنامەکەی تەرخانکردووە بۆ قسەکردن لەسەر پەیوەندیی سنوری نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانی لە سەرەتاوە هەتا سەدەی بیستەم. بەشی دووەمی ماستەرنامەکە تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەمەڕ بابەتی، نمونەی عەشیرەتی جاف وەک عەشیرەتێک، کە کێشەی سنوریی بۆ دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ ئێراندا دروستکردووە، لەم بەشەدا باس لە عەشیرەتی جاف لە مێژوودا کراوە، دواتر باس لە تایفەکانی عەشیرەتی جاف کراوە، لە تەوەرێکی تری ئەم بەشەدا باس لە ژیانی کۆمەڵایەتیی عەشيرەتەکە کردووە و پاشان چووەتە سەر باسکردنی ئەو بەشەى عەشيرەتەکه، کە لە ئێران ژیاون. بەشێ سێیەمی ماستەرنامەکە، تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی پەیوەندیی دەوڵەتی عوسمانی و عەشيرەتی جاف لە چوارچێوەی پەیوەندی دەوڵەت و عەشیرەتدا، لەم بەشەدا باس لە بابەتەکانی وەک: عەشيرەتى جاف لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا، کۆکردنەوەی باج و داهات، نیشتەجێکردنی جافەکان، بەکارهێنانی دژی عەشیرەتەکانی تر... هتد کراوە. هەرچی بەشی چوارەم و کۆتایی ماستەرنامەکەیە، (جافەکان لە سنوری عوسمانیی ئێرانیدا (قاجار))، ئەم بەشە، تەرخانکراوە بۆ قسەکردن لەسەر گوزەرگاکانی گەرمیان و کوێستان، تێپەڕاندنی سنور، پرسی پەنابردن، ململانێی عوسمانیی ئێرانی لەسەر سەپاندنی هەژموونیان بەسەر جافەکاندا. لە کۆتایيدا نوسەر کۆی ئەو ئەنجامانەی پێیگەیشتووە لەگەڵ لیستی سەرچاوە و پاشکۆکاندا ئامادەیکردووە.
لێکۆڵینەوەی توێژەر (غەمگین عەبدوڵا قادر) ە. ساڵی ٢٠١٦ پێشکەشی بەشی مێژووی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەدینی کردووە. هۆزی گەورەی کۆچەری جاف وەک یەکەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تایبەتمەندی و خاسیەتی تواناو بەهێزی جەنگاوەری لە پێکهاتەی کورددا لە هۆزەکانی تری جیادەکاتەوە، بارودۆخی سیاسی و نائارامی جوانڕۆ و خراپ مامەڵەکردنی میرەکانی ئەردەڵان هۆزەکەی ڕووبەڕووی دابەشبوون کردووەتەوە، پێگەو هەڵکەوتەی گرنگی جوگرافی و ڕووبەری هاتوچۆکردنیان و هەوارگەکانیان وایکردووە ڕۆڵی گرنگ بگێڕن لە ململانێی عوسمانی و دەوڵەتی ئێران. سەرکردەو سەرۆکی بەهێزیان هەبووە بۆ سەرکردایەتی وەکو حەمەپاشای جاف. بەڵام لە کۆتایی تەمەنیدا نەیتوانیوە بارودۆخی ناوچەکە هەڵسەنگێنی و درووست مامەڵە بکات. سەردەمی مەحموود پاشا بە سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی سەرکردایەتی هۆز دادەنرێت چوونکە لەو کاتەدا سەرکردایەتی جافی مرادی بەسەر سێ بەگزادەدا دابەشبوو، ئەمەش بە هۆی نیشتەجێبوونی هۆزەکەو کاڵبوونەوەی دەسەڵانیان.
بەیازی مامۆستا شێخ خالدی موفتی هەڵەبجەیە، پاشماوەی بەیازێکی نایابە، نزیکەی ١٢٥ ساڵ بەر لەئـیستا نوسراوە. وا دەردەکەوێت ١٠٠ لاپەڕەیەک بووبێت و لێیفەوتاوە، ٢٦ لاپەڕەی ماوەتەوە و بۆر و زەرد هەڵگەڕاوە و قەراخی چووە و پتورکاوە و بە دەستلێدان دەوەرێت. نوسەرەکەی دیار نییە.
ئەو دەستنوسانەن، کە هەندێکیان لە سەردەمی شێخ عەبدوڵای خەرپانی و بە فەرمانی ئەو لە هەڵەبجە نوسراونەتەوە و بڕێکجار خەتی ئەویشیان پێوەیە. هەندێکیشیان پاش خۆی لە هەڵەبجە نوسراونەتەوە. هەندێکیشیان لەملاولا نوسراون و هاتونەتە مەدرەسەکەوە. هەندێک لەم دەستنوسانە لەلایەن عێراقەوە سەندراون و لە (دار سەدام) پارێزراون. ئەوانیش: عبدولحەکیم لەسەر شەرحی شەمسیە. ساڵی ١٨١٠ عەبدوڵا و عەبدولقادری شێخ عوسمانی شێخ عەبدوللەتیفی شێخ مەعروف نوسیویانە، طوالع الانوار من مطالع الانار مەلا هادی جوانڕۆیی بە فەرمانی شێخ عەبدوڵا ١٨١٥ لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە و خەتی شێخ عەبدوڵای پێوەیە، عبدالحکیم: عەلی کەڕی شێخ عومەری قەرەداغی ١٨١٨ لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە، حاشیەی محەمەد حسێنی حەریری: ئەحمەدی هەڵەبجەیی قوتابی شێخ عەبدوڵا ١٨٢٤ لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە، کۆمەڵە دانراوێک، کە چەند کەسێک لە ساڵی ١٨٢٥ لە هەڵەبجە نوسیویانە، حاشیەی عەبدولحەکیم لەسەر مطول ١٨٢٦ لای شێخ عەبدوڵای خەرپانی لە هەڵەبجە نوسراوەتەوە، کتێبێکی ناتەواو: مستەفای کوڕی شەمسەدین ١٨٣٤ نوسیویەتییەوە، گولنەبەوی بورهان: شێخ مستەفای کوڕی شێخ مەحمودی شێخ عەبدوڵای خەرپانی ١٨٨٥ لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە، فەناری: ساڵحی کوڕی مەلا عوسمانی تەکیەیی ١٨٩٦ لە هەڵەبجە لە خزمەت سەید مستەفادا نوسراوە. فەرائزی شەرح مەنهەج: محەمەدی کوڕی مەحمودی قارەمانی لە مەدرەسەی شێخ مەحموود لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە. الرسالة العضدية ئەحمەد هەڵەبجەیی لە سلێمانی لای شێخ عەبدوڵای خەرپانی ١٨٢٢نوسیویەتیەوە، حاشیەی لاری شەرحی فارسی: عەبدولڕەحمانی کوڕی عەبدولڕەحیم لەساڵی ١٨٣٢ لە گوندی خەرپانی نوسیویەتییەوە، قەسیدەی بوردیە: مستەفای کوڕی سەید مەحمودی شێخ عەبدوڵای خەرپانی ساڵی ١٨٨٥ لە هەڵەبجە نوسیویەتییەوە، شەرحی بانت سعاد و چەند دانراوی تر: محمەد زەنگەنەیی بۆ شێخ عەبدوڵای نوسیوەتەوە، حاشیەی فەتحەیە لەسەر حاشیەی جەلالیە و حاشیەی خەیاڵی: بە خەتی شێخ عەبدوڵای خەرپانی ١٧٩٥ نوسراوە، شەرحی ڕیسالەی ضةرفية عەلی ئێناخی لەبەرخاتری شێخ معروفی شێخ عەبدوڵای خەرپانی ١٨٤٩ نوسیویەتییەوە. الازکار: عبدلرحمانی کوڕی عەبدالقادری تریفەیی لە گوندی هانەسوورە ساڵی ١٨٩٢ نوسیویەتییەوە. حاشیەی محێدین: وەلی کوڕی ئیسماعیلی کوڕی ئەحمەدی شانراد لە ترانبار نوسویەتیەوە، حی بن یقزان: دانراوی بدیع زەمان یوسفی کوڕی مەلامحەمەدی مەلا ئیسماعیلی مەلا مۆمنی سنەیی ساڵی ١٧٥٦ نوسیویەتییەوە. چەند دانراوێکی تر، کە لە گوڵعەنبەر نوسراونەوەتەوە.
مەبەست لەو دەستنوسانەن، کە لە مزگەوتی گەورەی گوڵعەنبەر کۆبوونەتەوە، کە بەهۆی ناوبانگ و پێگەی زانستیی و بوونی مامۆستا و مودەریسی زۆر زانا، یەکێک بووە لەمەڵبەندە گەورەکانی خوێندن و نوسین. لە کۆنەوە مامۆستای گەورە وانەیان تێدا وتووەتەوە. لە ساڵانی (١٦٢٩، ١٧٤٧، ١٧٥٦، ١٨٢٤)ی زاینی مەدرەسە بووە و دەسنوسی تێدابووە. هەندێک لەو دەسنوسانە لە (دار صدام للمخطوطات) تۆمارکراون. هەندێک لەو دەسنوسانە بە هۆی فەقێ و مامۆستای دەرەوەی ناوچەکەوە کەوتوونەتە مزگەوتی گوڵعەنبەر و هەندێکیشیان لە ناو مزگەوت و هەر لە خورماڵ نوسراونەتەوە. پێنج لەم دەسنوسانە لە کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی و لە بەشی دەستنوسەکاندا پارێزراون و بە زنجیرەی (١٠٧٥ بۆ ١٠٧٩) تۆمارکراون. ئەوانیش (فتح الوهاب شرح منهج الطلاب. دووجار لەلایەن عەبدولکەریم دەربەندییەوە، نوسراوە. جاری یەکەم ساڵی ١٨٨١، کە ١٠٠ لاپەڕەیە. جاری دووەم ساڵی١٨٨٧، ١٤٧ لاپەڕەیە. فتح الباقی بشرح الفیە العراقی، هەمان کەس نوسیویەتییەوە، (شرح ڕیسالە اثبات الواجب)ی عەبدولقادر مهاجر. ١٨٩١ مەحمود مەریوانی نوسیویەتییەوە، حاشیە فی علم الکلام نوسەرەوەکەی نەزانراوە. چوار لە دەستنوسەکانی (کتاب محمدیە، الحصن الحصين من کلام سيدالمرسلين، رسالة في اسم الله الاعظم، شرح عصام الدين على رسالة القاظي عضد في علم الوضع) هەر لە مزگەوتی گوڵعەنبەر نوسراونەتەوە.
ڕۆژژمێری گیرفانی و نوسینی یادەوەرییەکانی (شەفیع حاجی محەممەدی تەوێڵەیی)یە. ڕووداوەکانی ساڵی١٩٤٧ تا ١٩٨٨ی تێدا تۆمارکراوە. ڕووداوی ڕامیاری، کۆمەڵایەتی و قەباڵەی کڕین و فرۆشتن، مردن، هاوسەرگیری، بەکرێدان، کەشوهەوای هەڵەبجە و هەورامان و ناوچەکەی تێدا تۆمارکردووە.
چەند دەفتەر و دەستنوسێکن، کە هۆنراوەیان تێدا تۆمارکراوە و لەلایەن ئەدەبدۆستانی سنوری پارێزگای ھەڵەبجەوە نوسراونەتەوە و گەنجینەیەکی گەورەی مێژووی ئەدەبیی هۆنراوەیان تێدا پارێزراوە. لەوانە (کەشکۆڵی مەحموود پاشای جاف، کەشکۆڵی مەلا فەتاحی کاگردەڵ، کەشکۆڵی موفتی ھەڵەبجە، کەشکۆڵی مەلا عەزیزی ڕێشاوی، کەشکۆڵی شێخ حیسامەدینی نەقشبەندی، کەشکۆڵی کەمالی - عەلی باپیر ئاغا، دەورەی بابا ناوس، دەفتەری شنروێ، دەورەی عابیدینی جاف).
لە کەشکۆلەکانی کتێبخانەی کوردییە. ٣١٧ لاپەڕەی درێژکۆلەیە. لە شێوەی بەیازدا لەلایەن قادری شێخ محەمەدی سەڵەسی بە خەتێکی جوان و گوڵچنی نایاب لە ساڵی ١٩٠٤دا نوسراوەتەوە. پچڕان و ناتەواوی پێوەدیارە و دێڕەکانی وەک یەک نین. بەرهەمی گەلێک شاعیری ناوچەکەی تێدایە، لەوانە مەولەوی، نالی، بێسارانی، سەیدی، مەهجوری، مەولانا خالد، وەلی دێوانە.
کەشکۆڵێکی ئەدەبی کوردییە، سەرچاوەیەکە بۆ شیعری مەولەوی، کەڵکی لێوەرنەگیراوە، دەسخەتێکی شێوە (بەیازی) ٥٠٠ لاپەڕەییە، بە جۆگەلە بەشکراوە و لێوارەکانی زەڕکەفتکاری کراوە و مێژووی ساڵی ١٩٠٠ی پێوەیە. بە فەرمانی شێخ حیسامەدین نوسراوەتەوە. چەند خەتخۆشێک بەشداریان لە نوسینەوەیدا کردووە.
دەستخەتی تۆمارکراوی ژمارە١٦٦٨٩ی دار صدام، مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی لەسەر ڕۆشنایی یەکێک لە نوسەرەکانی دەستخەتەکە ئەو ناوەی لێناوە. بە دەقی نامەی چەندین زانا و ناوداری تەریقەتی نەقشبەندی لە ناوچەکە دەستپێدەکات. لەوانە: مەلا حامیدی کاتب و شێخ عەبدولڕەحمانی نۆدشی و مەولەوی و..هتد. پارچە شیعر، چەند نامەیەکی مەولانا خالد و وەڵامەکانیان و نامەی شێخ عومەر زیائەدین و شێخ بەهائەدین بۆ مەحمود پاشای والی و چەندین نامەی تری مەولاناخالد و گەلێک دوعا وەک چارەسەری گیروگرفت دێت. ساڵ و شوێنی نوسینەوەی نازانرێت و نزیکەی ٣٠٠ لاپەڕە دەبێت.
کەشکۆڵێکی کتێبخانەی کوردییە. هی مەلا عەبدوڵای مەریوانی، زانا و دانا و مەولەویناسە، ٣٣ ساڵی تەمەنی پێبەخشیوە، ٣٣٠ لاپەڕی قەبارە (٢٤ بە ١٠سم)یە. لەسەر شێوەی بەیاز لە نێوان ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٩٢١ نوسیویەتییەوە. یەکێکە لە سەرچاوەکانی شیعری مەولەوی. بە خەتى (نەستەعلیق) نوسراوە. پێڕست و ناوەڕۆکی بۆ پارچە شیعرەکان داناوە و بەقەڵەمی سوور سەرەتاکانیانی دیاریکردوون.
یەکێکە لە کەشکۆڵە نایابەکانی کەلەپوری ئەدەبی کوردی، ٣١٩ لاپەڕەیە و پوخت هەڵگیراوە. گەلێک مامۆستا و فەقێ تێیدا نوسیویانە و ساڵی ١٣٥٣ کۆچی تەواوکراوە. مەلا عەزیز بایەخی زۆری بە شیعری شاعیران داوە و بەرهەمی ٥٠ شاعیری تێدایە، لەوانە نالی، مەولەوی، فەوزی، وەلی دێوانە، مەولانا خالد، مەجزوب، تاهیر بەگ، ئەحمەد موختار، شیعری چەند شاعیرێکی تێدایە. لای نەوەکانی پارێراوە.
کەشکۆڵی دەسنوسی شیعری شاعرانە. ٧٣٨ لاپەڕەیە بە پێوانەی ( ٢٣ بە ١٣سم) لەلایەن مەلافەتاحی کاگردەڵییەوە دەورووبەری ساڵی ١٩١١ز نوسراوە. لای خاوەنەکەی بایەخی زۆری هەبووە. ١٣ ساڵ تەمەنی پێداوە. ١٤٤ لاپەڕەی بۆ شیعری مەولەوی تەرخان کردووە و ١٦٠ پارچە شیعری مەولەوی تێدایە.
نوسخەیەکی نوسراوەی قورئانی پیرۆزە. دەستخەتی (مەلا نەزیری گەورەی تەوێڵەیی ١٧٨٦-١٨٧٨)یه، کە لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا ٣٣ جار قورئانی نوسیوەتەوە. بە خەتێکی جوان نوسراوەتەوە و بەرگەکەی بە چەند دوعایەکی ئیمانیی بەهێز ڕازاندووەتەوە. لە ماڵی مەلا ئەحمەدی نەزیری لە سنە پارێزراوە. چەندینجار داوای لێکراوە وەک میراسێکی باستانی لێیبکڕن. بەڵام نەیفرۆشتووە و لە ڕۆژی کردنەوەی مزگەوتی مەلانەزیر ٢١ى ٣ى ٢٠٢٣ بە ڕەسمێکی شکۆدار و پێشوازیەکی گەرمەوە هێنراوەتەوە بۆ تەوێڵە. ئێستا لەناو قاسەیەکی خاوێندا لە مزگەوتەکەی دانراوە و کلیلی قاسەکە بە فاروق ئەحمەدە. بۆ هەرکەس و لایەنێک لە بواری دەستخەت و ڕۆشنبیریدا کاربکات و ئیشی بە بینینی قورئانەکە هەبێت، دوای مۆڵەت دەتوانێت سەیری دەستخەتەکە بکات.
بچوکترین قورئانی دەستنوسییە، لەشێوەی خڕی هەشت گۆشەیی، بە خەتی نوسخ لە ٥سم بە ٥سم دا نوسراوە. لاپەڕەکانی سەرەتا و کۆتایی بە ڕەنگی گوڵ و گەڵای جوان و ئاوی تەڵا زەڕکەفتکاری کراون. کاغەزەکەی لە کاغەزی پەڕەسیغار تەنکترە، ئایەتەکانی جیانەکراوەتەوە و ناونیشانی سورەتەکان بە مەرکەبی سور نوسراونەتەوە و تەختەکەی و ئەستورییەکەی هەر نزیکەی ٥سم دەبێت. ژمارەی لاپەڕەکانی ٢٤٠ لاپەڕەیە و کێشەکەی نزیکەی ٢٠٠ گرامە. مێژووی نوسینەوەی بەجیا لەسەر پارچەکاغەزێک نوسراوە ٣٥٧-٨١٦. دێڕەکانی خراونەتە نێو جۆگەلەی تەڵاییەوە. ناوی نوسەرەوەی لەسەرنییە، لە هەندێک شوێندا هەڵە و لەبیرچوونی هەیە و بە خەتی تر چاککراون. لەناو سێ پێستی یەک لەناو یەکدایە. لە داگرتنی گوندەکانەوە ساڵی ١٩٧٨ تا ڕاپەڕین لە ژێر داروپەردوی گوندی ئەحمەدائاوادا بەجێماوە و تا ساڵی ٢٠٠٩ عبدالرحمان نەوەی وەستا فەرەج لە کاتی خانوکردنەوەدا دەیدۆزێتەوە و ئێستە لای نەوەکانی پارێزراوە. بۆ خویندنەوە و دەورگرتنەوە بەکارنەهاتووە و تەنها وەک تەبەڕوک و بردنی بۆ سەر نەخۆش سودیلێوەرگیراوە. بنەماڵەی وەستا فەرەجی پەسەک چەرمە پێشتر لە شاری پاوە و هەورامانی تەخت و دزڵی بوون. بە شەفیعی ناسراون. وەستا فەرەج ساڵی١٨٩٠ لە دزڵی لەدایکبووە و لەگەڵ مەحمودخانی دزڵیدا بەشداری شۆڕشی شێخ مەحمودی کردووە و بەو هۆیەوە لە ڕۆژهەڵات هەڵکەنراون و هاتونەتە گوندی ئەحمەدئاوای نزیک خورماڵ و ساڵی ١٩٦٤ کۆچیدواییکردووە.
لە گوندی (تەکیە)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. بەهۆی ئەوەی دەستنوسی قورئانەکە بەرگێکی ڕەشی هەبووە، بەو ناوە ناسراوە. مێژووی ئەو قورئانە بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە. دیارنییە کێ نوسیویەتییەوە. بۆ ڕێزگرتنی، بەردەوام لە شوێنێکی بەرزدا دانراوە. دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری سوێندیانپێخواردووە. لە کاتی سووتانی گوندەکەدا لە ساڵی ١٩٦٣، گەرچی ئەو خانووەی، کە دەستنوسەکەی تێدابووه، گڕیگرتووه، بەڵام قورئانه ڕەشەکە نەسوتاوە. له کاتی ڕاگواستنی گوندەکەشدا بۆ (خورماڵ) لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە خورماڵ، جێدەمێنیت و ون دەبێت.
لەناو خەڵکی هەوراماندا باسکراو و هەندێک سەرچاوەش ناویانبردووە. تۆمارێکی پیرۆزی دینی دێرینەی هەورامانە. سینەبەسینە هاتووە، تا ئێستا ئەم کتێبە نەکەوتوەتەبەردەست و کەس نەیدیوە. پیر شالیاری کوڕی جاماسپ نوسیویەتی. بەپێی پەیڕەوی ئایینی، چەرخاوچەرخ نوێکراوەتەوە. ناوەڕۆکەکەی دوعا و پاڕانەوە و پەند بووە.