کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

بەرگی پێنجەم

کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.

ناوەڕۆک

83 بابەت

ئیجازەنامەی ئیرشاد

دەستخەتێکی ئیجازەنامەی ئیرشاد و ڕێنمونیکردنی موسڵمانانە و لەلایەن شێخ عوسمانی سیراجەدینی تەوێڵەوە بە مەولەوی شاعیر بەخشراوە. یەکێکە لەو سێ نامەیەی لەگەڵ پەسەندی شەجەرەی (مەولەوی)دا لە ساڵی ١٢٧٢ک - ١٢٨٥ز نوسراوە. وێنەی ڕەسەنی دەستنوسەکە لای بنەماڵەی مەولەوی پشتاوپشت پارێزراوە. سەرەتاکەی باسێکی پابەندبوونی تەریقەتە بەشەریعەتەوە و لە نیوەیدا هاتووە: (جەنابی زانای ڕەببانی و سەدەفی گەوهەری مەعریف و مەعانی، ئەستێرەی بورجی نێو ئەستێرەکانی ئاسمانی بەختەوەری، پەیڕەوکاری ڕێچکەی ڕاستوڕەوان مەولەوی "مەلا عەبدولڕەحیم" ڕادەسپێرم، دەستوور دەدەم، کە دوای پەیڕەوکردنی کاری چاکە و نەهی لە خراپە و تەڵقینی زکری ئاسایی ئەم خاوخێزانە شەریفە نەبێتە مایەی دڵتەنگیی هەر موریدێک، کە دێتە سەر ئەم ڕێچکەیە فێری ئوسوڵ و لقەکانی ئایینی بکات، کۆڵەکەکان و مەرجەکانی بڕوایی و ئیسلام و نوێژ و ڕۆژوو و تەواوی ئەرکە شەرعییەکانی دی بۆ ڕاست و دروست بکاتەوە. هەروا تەواوی خولەفای سەر بەم خاوخێزانە لەمەودوا مەئمورن لەوەی، کە دڵسۆزی و ئاکار و کردەوەکانی ئەم خانەدانە و قسە و کردەوەکانی مەولەوی بە کردوەکانی بچوکتان بزانن. ناکرێت لە فەرمایشتە شەرعییەکانی ئەو دەربچن، ئیجازەمان پێیداوە، کە زانست و زانیارییە شەرعییەکان فێری خەڵکی بکات لە خوێندنەوەی قورئان و دەلائیلەکانی دیکە. ئینشائەڵا و تەعالا کاتەکانی خۆتان بە تاعەت و خواپەرستی و پارێزکاری ببەنەسەر و جیهان بە نووری خوێندنەوە و ڕانومایی خواپەرستان ڕۆشنبکەنەوە).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بەڵگەکانی ناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجه

ئەو بەڵگانەن، کە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی شەهید دانراون، لەلای کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی هەڵەبجە وەک بەڵگەی دڵخۆشی و هەقسەندن سەیردەکرێن. ئەوانیش بریتین لە: (پەتی لە سێدارەدان و پێنوسی واژۆپێکردنی لە سێدارەدان و شەهادەی وەفاتی تاوانبار (عەلی حەسەن مەجید)، شەهادەوەفاتی تاوانبار (سەدام حسێن)، شەهادەوەفاتی (عودەی و قوسە)ی سەدام حسێن).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

ئاژەڵداری لە قەزای گوڵعەنبەر

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە پاڵ کشتوکاڵکردن و بەروبوومی کشتوکاڵیدا، ئاژەڵداری و بەرهەمی ئاژەڵی، کۆڵەکەیەکی تری گرنگی بونیادی ئابوری قەزای گوڵعەنبەر بووە، لەم قەزایەدا‌ چەندین جۆری گەورە و بچووک ئاژەڵ بەخێوکراون. لە دیارترین ئەو ئاژەڵانە: مەڕ، بزن، مانگا، گا، ئەسپ، ماین بارگیر... هتد بوون. ساڵنامەی ویلایەتی موسڵی ساڵی ١٨٩٢ لەخشتەیەکدا ژمارە و جۆری ئەو ئاژەڵانەی لەلایەن عەشیرەتەکانی قەزای گوڵعەنبەرەوە بەخێوکراون، ئامادەکردووە و بەمجۆرە خەمڵاندویەتی: تایەفەی میکایەڵی ٧٢٠٠٠ مەڕ و بزن و ١٤٠٠٠ هەزار سەر ئاژەڵی گەورەی لە جۆری مانگاو گا و بارگیر و ئێستر و شتی تر. شاتری ٤٢٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ١٠٠٠٠ مانگا و گا و ئێستر و بارگیر. ڕۆغزایی ٣٠٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٥٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە، گەڵاڵی ١٨٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٣٧٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. هارونی ١٢٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٢٢٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. نەورۆڵی ١٤٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٣٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. سەدانی ١٨٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٥٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. یەزدانبەخشی ٢٣٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٢٧٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. عەمەڵە ٢٠٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٤٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە، هەرچی تایەفەی پشتەماڵەیشە ٣٠٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٨٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورەیان هەبووە. واتا بەگوێرەی ساڵنامەی ویلایەتی موسڵ ساڵی ١٨٩٢ کۆی گشتی ژمارەی مەڕ و بزنی، تایەفەکانی عەشیرەتی جاف و عەشیرەتی گەڵاڵی بە ٢٧٩٠٠٠ سەر و ژمارەی ئاژەڵی گەورەش (مانگا و گاو بارگیر و ئێستر و هتد)، بە ٥٧٦٠٠ سەر خەمڵێنراون. ئەمە لە کاتێکدایە، ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی ساڵی ١٩١١ بەمجۆرە باسی لە جۆر و ژمارەی ئەو ئاژەڵانە کردووه،‌ کە لە قەزای گوڵعەنبەردا بەخێوکراون.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

ئاماری ژمارەی شەهیدان و بریندارانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە

لە سەرەتادا لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژی دووەمی تاوانەکەدا (١٧ی ئازار) ژمارەی شەهیدانیان بە (پێنج هەزار) و بریندارەکانیش بە (دە هەزار) کەس ڕاگەیاندووە. به ‌گوێرەی ئامارێکی (کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە)، بەتەنها لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا ٧٦٣ کەس بە کاریگەریی چەکی کیمیایی گیانیانلەدەستداوە. لە دواین ئاماری کۆمەڵەکەشدا بەتەنها ژمارەی قوربانیانی هەڵەبجە و دەوروبەری بە (٣٦١٧) کەس لە قەڵەمدراوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بەروبوومی ئاژەڵی لە قەزای گوڵعەنبەر

لە هەردوو ئاماری ساڵی ١٩١١ی وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیدا دەردەکەوێت، دیارترین بەرهەمە ئاژەڵییەکانی قەزای گوڵعەنبەر، کە بازرگانیان پێوەکراوە، بریتیبوون لە: شیر، پەنیر، کەرێ، مووی بزن، هەنگوین و مۆمی هەنگوین، کە بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوبراو بۆ ساڵی ١٩١١ بە ئەندازەی قییە خەمڵێنراوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بەرهەمە کشتوکاڵییە پیشەسازییەکان

بەرهەمە کشتوکاڵییە پیشەسازییەکان، کە بریتیین لە: پەموو، کەتان، کونجی، توتن، ئەفیون و زەیتوون. لە ئاماری وەزارەتی دارستان و کانزا و کشتوکاڵی دەوڵەتی عوسمانی بۆ ساڵی ١٩٠٦دا، هیچ داتایەکی لەبارەی بەرهەمهێنانی ئەو بەروبوومانە لە قەزای گوڵعەنبەردا تێدا نییە. ئەمە لەکاتێکدایە لە ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی دەوڵەتی عوسمانی بۆ ساڵی ١٩١١دا ئاماژە بەوەکراوە، کە لە قەزای گوڵعەنبەردا بەرهەمە کشتوکاڵییە پیشەسازییەکانی وەک(پەموو و توتن) بەرهەمهێنراون. بەجۆرێک لە کۆی گشتیی قەزاکەدا، ڕووبەری ١٠٠ دۆنم زەوی بە کشتوکاڵی پەموو چێنراوە و ١٦٠٠٠ قییە پەمووی لێبەرهەمهاتووە، هەروەها ڕووبەری ٣٠٠٠ دۆنم زەوی بە توتن چێنراوە و بڕی ٦٠٠٠٠ هەزار قییە توتنی لێبەرهەمهاتووە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بەندیخانەی گوڵعەنبەر

بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی: گوڵعەنبەر وەک قەزایەکی سەربە سەنجەقی سلێمانی، سەر بە ویلایەتی موسڵ، بە گوێرەی پڕۆسەی تۆمارکردنی زیندانییەکانی ویلایەتی موسڵ، لە (٢٥ی کانونی دووەمی ١٣٢٩) لە قەزای گوڵعەنبەردا یەک بەندینخانە هەبووە، کە خاوەن ناوێکی تایبەت بە خۆی نەبووە، تاوەکو ئەو ساڵەش لە قەزای گوڵعەنبەردا، بەندیخانەی تایبەت بە ئافرەتان بوونی نەبووە، ئەگەر ئافرەتێکیش تووشی تاوانێک بوبێت، لە هەندێک ماڵی هەڵبژێردراودا بەندکراوە. سەبارەت بە جۆرییەتی موڵکی بەندینخانەکە، بەندینخانەی ناوبراو، بەندیخانەیەکی پیاوان بووە و بینای بەندینخانەکە موڵکی دەوڵەت بووە، تاوەکو یەکی کانونی دووەمی ١٣٢٩ک/ ١٤ی کانونی دووەمی ١٩١٤ز)، پێنج بەندکراوی لە ڕەگەزی نێر تێدابووە. سەبارەت بە شوێنی بەندینخانەکە لەناو بارەگای سەرەکی حکومەتدا بووە، کۆی گشتیی ڕووبەرەکەشی ١٠٧ هەنگاو و چوارگۆشە بووە. سەبارەت بە بەهای مادیی بەندیخانەکە، لەبەرئەوەی لەناو بارەگای سەرەکیی حکومەتدا بووە و قابیلی فروشتن نەبووە، نەتوانراوە بەهاکەی دیاریبکرێت. بەندیخانەکە لەسەر شێوازی نوێی عوسمانی دروستنەکراوە، بەڵکو بە خشتی ئاسایی دروستکراوە و بەندینخانەی ناوبراو لە حەوشێکی سادە و دوو جێگەی بچوکی بەندکردن پێکهاتووە. بەڕێوەبەری پۆلیسی گوڵعەنبەر پێیوابووە، باشتر و سەرکەوتووتر وایە، بەندینخانەیەکی دیکە لەسەر شێوازی نوێ و لە جێگەیەکی گونجاوتردا دروستبکرێت.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بروسکەی چەند کەسایەتییەکی شاری هەڵەبجە بۆ پشتگیری لە یەکێتی خاکی فەلەستین

پاش دەرچوونی ڕاسپاردەکانی لیژنەی پیڵ (Peel Commission)ی بەریتانی لە ١٩٣٧ بۆ دابەشکردنی خاکی فەلەستین بەسەر عەرەب و جوودا لەگەڵ بە نێودەوڵەتیکردنی ناوچەی قودس، حکومەتی عێراق لە سەردەمی پاشایەتیدا، هەوڵیدا لە ڕێگا جۆراوجۆرەوە، ڕێگری لە سەرگرتنی ئەو پڕۆژەیە بکات. لە میانەی پشتیوانییەکان لە هەوڵەکانی عێراقیش، یازدە کەسایەتیی شاری هەڵەبجە بروسکەیەکیان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی بەغدا کردووە بۆ پشتیوانیی سەرۆک وەزیران، کە ئەمە دەقەکەیەتی: بەڕێز وەزیری ناوخۆ، بە هەموو هێزێکمان پشتیوانی لە سەرۆکی بەڕێز دەکەین لە ئاڕاستەی شەریفانەی ئەو دەربارەی دۆسیەی فەلەستینی عەرەبی. ئیمزاکان: حاجی مەلا عەلی، حاجی محەممەد عەلی، ئەشرافی ئەحمەد بەگ، ئەشرافی مەلا محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، حاجی فەرەج، محەممەد کوخە ئەحمەد، حاجی ئەحمەد، سەید ڕەسوڵ، محەممەد تۆفیق و ئەحمەد بەگی محەممەد.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بروسکەی ٢٦ی٨ی ١٩٣٠

بروسکەی جەعفەر سوڵتانی ڕەئیسی هەورامانە، بۆ فەخامەتی مەندوبی سامی و سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەبارەت بە دانانەوەی تۆفیق وەهبی وەک پارێزگاری سلێمانی. دەقی بروسکەکە: گۆڕینی موتەسەریف تۆفیق وەهبی بەگ ئەبێ بەسەبەبی تەئەثوری عمومی کوردان، ڕجا ئەکەین ئیعادەی بفەرموونەوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بروسکەی ٢٤ی٨ی ١٩٣٠

داواکاریی دانانەوەی (تۆفیق وەهبی بەگ)ی پارێزگاری سلێمانییە دوای لادانی، لە لایەن چەند فەرامانڕەوایەکی هەورامانەوە، ئاڕاستەی فەخامەتی مەندوبی سامی و وێنەی بۆ سەرۆک وەزیران نێردراوە، لە لایەن ئەفراسیاب بەگی ڕۆستەم سان و مستەفا بەگی جافرسان و محەمەد ئەمین بەگی مەحمودخانی دزڵی و شێخ محەمەد شێخ حسامەدینەوە، کراوە. دەقی بروسکە و داواکارییەکە: تەبدیلی موتەسەریفی سلیمانی مەغایری ئەفکارمان و سەبەبی تەئەثوری عمومی کوردانە، ئیستیرحام دەکەین زوو ئیعادەی بفەرموونەوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. لە ١٣ی ٣ی ٢٠١٤ بە واژووی (نێچیرڤان بارزانی)ی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە. بە زمانی کوردی نوسراوه و وا هاتووه:‌‌ (پاڵپشت بە ئەحکامی هەردوو ماددەی ١١٥ و ١٤١ لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ ساڵی ٢٠٠٥، و لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری تەشریعی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١١ لە ٢٢ی ٩ی ١٩٩٩ و ئاماژە بە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە ٣٩ لە بەرواری ٤ی ٦ی ٢٠١٣ و ئاماژە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ ژمارە ٥٦٨ لە ٣١ی ١٢ی ٢٠١٣ بڕیار درا بە: ١- دەستنیشانکردنی سنوری (پارێزگای هەڵەبجه)ی ئیستحداثکراو به پێی بڕگەی چوارەمی ماددەی (١)ی بڕیاری تەشریعیی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١١ لە ٢٢ی ٩ی ١٩٩٩ وەک قۆناغی یەکەم بە هەمان سنوری ئیداری ئێستای قەزای هەڵەبجە بەپێی نەخشەی هاوپێچی ئەم بڕیاره و دانانی (پارێزگای هەڵەبجە) بە پارێزگای چوارەم لە سنوری هەرێمی کوردستانی عێراق و شاری هەڵەبجەیش دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە. ٢- ناردنی ئەم بڕیارە بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دەرکردنی فەرمانی هەرێمی. ٣- ئەم بڕیارە لە ڕۆژی ١٣ی ئازاری ساڵی ٢٠١٤ دەرچووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێیدەکەن.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بڕیاری ژمارە ١١ى ساڵی ١٩٩٩ی پەرلەمانى کوردستان

بڕیاری پەرلەمانی کوردستانە. لە ٢٢ی ٩ی ١٩٩٩دا بە واژووی (جوهر نامق سالم)ی سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق دەرچووە. بە زمانی عەرەبی نوسراوه و تێیدا هاتووه:‌‌ (إستنادا الى الصلاحية المخولة لنا بموجب الفقرة ٣ من المادة الثانية من القانون رقم ١٠ لسنة ١٩٩٧ و بناءأ على ما شرعه المجلس الوطني لکوردستان العراق بجلسته المنعقدة بتأريخ ٢٢/ ٩/ ١٩٩٩ قررنا اصدار القرار الآتي: أولا: استحداث المحافظات المدرجة أدناه في إقليم کوردستان العراق و بنفس الحدود الإدارية للأقضية حاليا: اسم المحافظة مرکز المحافظة محافظة سوران سوران محافظة ئاکرى ئاکرى محافظة بيتوين بيتوين محافظة حلبجة حلبجة ثانيا: يخول مجلس الوزراء صلاحية تغيير و تحديد الحدود الإدارية لکل محافظة و تنظيم الخرائط اللازمة. ثالثا: على مجلس الوزراء تنفيذ أحکام هذا القانون رابعا: ينفذ هذا القرار من تأريخ صدوره و ينشر في الجريدة الرسمية).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بڕیاری ژمارە ٣١ى ساڵی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. لە ٢٠ی ٣ی ٢٠٢١ بە واژووی (محمد الحلبوسي)ی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە. بە زمانی عەرەبی نوسراوه و وا هاتووه:‌‌ (قرر مجلس النواب بجلسته المرقمة ٤٤ النعقدة بتأريخ ١٦/ أذار/ ٢٠٢١ من فصل التشريعي الأول/ السنة التشريعية الثالثة/ الدورة الأنتخابية الرابعة ما يلي: التوصية الى الحکومة باستکمال الأجراءات القانونية بإعلان محافظة حلبجة).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بڕیاری ژمارە ٥٠٥ی پەرلەمانی کەنەدا

بڕیارێکی پەرلەمانی کەنەدایە بۆ ناساندنی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە تاوانی دژەمرۆڤایەتی. ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ٣ی ٢٠١٠ لە یادی ٢٢ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، پەرلەمانی فیدراڵیی کەنەدا لە ئۆتاوا، بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و کوردستانیان و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان، لە یەکەم دانیشتنیدا دەرچووە. پەرلەمانتار (جیم کەراجیانیس) وتارێکی لەسەر دۆسیەی کیمیابارانی هەڵەبجە پێشکەشکردووە و ئاماژەی بە سەردانەکەی بۆ کوردستان و مۆنۆمێنتی هەڵەبجەکردووه،‌ کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٩دا کردویەتی. دواتر سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پێشنیازی جیم کەراجیانیس دۆسیەکەی خستووەتە دەنگدانەوە و بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیاری لەسەر دراوە. دەقی دۆسیەکە بە زمانی کوردی بەم جۆرەیە: (پەرلەمانی کەنەدا ئەو کردەوانەی، کە لە لایەن سەدام حسێن لە بەرامبەر کورددا کراون، لە بەکارهێنانی گازی کیمیایی لە شاری هەڵەبجەدا، لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ و وێرانکردنی گوندەکانی کوردستانی عێراق و سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە عێراقدا، وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەناسرێت و لە یاسای ئەو وڵاتەدا جێگیر دەکرێت).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بڕیاری ژمارە ٥٦٨ى ساڵی ٢٠١٣ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە. لە ٣١ی ١٢ی ١٩٩٩دا بە واژووی (علی محسن إسماعیل)ی ئەمین عامی ئەنجومەنی وەزیران بە وەکالەت دەرچووە. بە زمانی عەرەبی نوسراوه: (قرر مجلس الوزراء بجلسته الاعتيادية الرابعة و الخمسين المنعقدة بتأريخ ٣١/ ١٢/ ٢٠١٣ ما يأتي: ١- الموافقة على مشروع قانون استحداث محافظة حلبجة في جمهورية العراق، و إحالته الى مجلس النواب إستنادا الى احکام المادتين (٦١/ البند أولا، و ٨٠/ البند ثانيا) من الدستور، بعد استلام الحدود الإدارية للمحافظة المذکور آنفا. ٢- تکليف مکتب الوزير الدولة لشئون المحافظات بدراسة واقع الآقضية التي تقدمت بطلب تحويلها إلى المحافظات و التي تۆهلها ظروفها السکانية و الجغرافية لتکون محافظات جديدة و تقديم الدراسة الى الأمانة العامة لمجلس الوزراء لغرض عرضها على مجلس الوزراء في احدى جلساته القادمة).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی قەزای هەڵەبجە

پاش کیمیابارانی هەڵەبجە، ڕۆژی ١٠ی ١٠ی ١٩٨٨ بە بڕیارێکی سەدام حسێن قەزای هەڵەبجە هەڵوەشێنراوەتەوە و بڕیاردراوە لە باشووری ڕۆژئاوای دەشتی شارەزوور‌ و بەرانبەر بە ناحیەی (زەڕایەن) قەزای برایەتی (قضاء الأخوة) دروستبکرێت و ببەسترێتەوە بە پارێزگای سلێمانییەوە. لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی هاوکاری نوسیوویەتی: (بەگوێرەی ڕێنماییەکانی سەرۆکی فەرماندە سەدام حسێن لە ڕۆژانی داهاتوودا دەست بە دروستکردنی شاری هەڵەبجەی نوێ دەکرێت. بەڕێز عەدنان داود سەلمان وەزیری دەسەڵاتی خۆجێیی ئەمەی لەوکاتەدا ڕاگەیاند، کە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی لێپرسراوانی دەزگاکانی حوکمی خۆجێیی ‌و خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای سلێمانی دەکرد، بە ئامادەبوونی جەعفەر عەبدولکەریم بەرزنجی پارێزگاری سلێمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخشەی بنەڕەتیی شارە نوێیەکه). بەگوێرەی نەخشەکەی حکومەت، شارە نوێیەکە لە (٥٤٩٠) پارچە زەوی نیشتەجێبوون ‌و هەموو دامودەستگا خزمەتگوزاری ‌و پەروەردەیی‌ و تەندروستییەکان لەگەڵ ناوچەیەکی پیشەسازی پێکهاتووە. ڕۆژی ١٨ی ١٠ی ١٩٨٨ بە ئامادەبوونی عەدنان داود سەلمان‌ و پارێزگاری سلێمانی (جەعفەر عەبدولکەریم بەرزنجی)‌ و پارێزگاری کەرکووک (مونزر نسەیف جاسم) بەردی بناغەی دانراوە. دواتر بەپێی فەرمانێکی سەدام حسێن ناوی قەزاکە لە برایەتی کراوە بە ناوەندی قەزا‌ و ناونرا (صدامیە حلبجە)‌. لە کۆتایی مانگی نیسانی ١٩٨٩، کە‌ هاوکات بوو لەگەڵ یادی لەدایکبوونی سەدام حسێندا، ئاهەنگی کردنەوەکەشی لە ڕێوشوێنێکی سەربازیی توندوتۆڵ ‌و بە ئامادەبوونی (عیزەت دووری) بەڕێوەچوو.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

بوومەلەرزە گەورەکەی گوڵعەنبەر و شارەزوور لە ساڵی ١٥٧٩

بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی: دوای ساڵێک لە نۆژەنکردنەوەی، لە ساڵی ١٥٧٩دا لە شارەزوور و گوڵعەنبەر زەمینلەرزەیەکی بەهێز ڕوویداوە و زیانیکی گەورەی بە قەڵای گوڵعەنبەر و قوببە و منارەی مزگەوتەکانی ئەو ناوچە گەیاندووە. لە فەرمانێکدا، کە لە ١٤ی شوباتی ١٥٧٩دا بۆ بەیلەربەی و دەفتەردار(گەنجینە)ی دیاربەکر نێرراوە، ئاماژە بەوەکراوە، کە لەسەر بنەمای ئەو نوسراوەی بەیلەربەی شەهرەزوور ناردویەتی، تێیداهاتووە، کە بەهۆی ئەو زیانانەی زەمینلەرزەوە بە جەستەی قەڵای گوڵعەنبەر و قوللەکانی و قوببەکانی مزگەوتەکەی و حەسار و هەندێک لە دیوارەکانی گەیاندوویەتی، بۆ نۆژەنکردنەوەی پێویستمان بە (سێ سەد هەزار ئاقچە) هەیە. فەرمانکراوە بە بەیلەربەی و دەفتەردار، کە لە خەزێنەی بەغدا سەد و پەنجا هەزار ئاقچەیان پێبدرێت. هەرلەم بارەیەوە لە فەرمانێکی تردا لە ١٤ی شوباتی ١٥٧٩دا فەرمانکراوە بە بەیلەربەی و دەفتەرداری دیاربەکر، بەهۆی ئەوەی قەڵای گوڵعەنبەر بەهۆی زەمینلەرزەوە زیانێکی زۆر بەر لەشی قەڵاکە، قوللەکانی، حەسارەکان کەوتووە و قوببەکانی مزگەوتەکە و کۆشکەکەی داڕووخاون و وەک ڕاگەیەنراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی پێویستیان بە ٣٠٠٠٠٠ سێ سەد هەزار ئاقچە هەیە، فەرمانکراوە، کە لە گەنجینەی بەغداوە سەد و پەنجا هەزار و لە دیاربەکریشەوە بڕی سەد و پەنجا هەزار ئاقچە و ١٠ وەستای بەننا و ٢٠ بیست وەستای بەرد (تاشچی)یان بۆ بنێررێت. هەر لەچوارچێوەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای گوڵعەنبەردا، لە ١٧ی تشرینی دوووەمی ١٥٧٩ فەرمان بە بەیلەربەی بەغداد کراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای گوڵعەنبەر و قەڵاکانی تر، تۆپ و تەقەمەنی بنێرین و خەرجی پێویستیان بۆ ئامادەبکەن.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

پاقلەمەنی لە قەزای گوڵعەنبەر

دیارترین ئەو بەرهەمە پاقلەمەنییانەی لە قەزای گوڵعەنبەر بەرهەمهاتوون بریتیبوون لە: نۆک، نیسک و پاقلە. سەبارەت بە ئەندازەی بەرهەمهێنانی بەروبوومی پاقلەمەنییەکان، بەگوێرەی داتاکانی ناو ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ساڵی ١٩٠٦، لە قەزای گوڵعەنبەردا دۆنم بەرانبەر بە قییە خەمڵێنراوە، بەڵام وەک لە داتاکانی وەزارەتی بارزگانی و کشتوکاڵدا دیارە، لە ساڵی ١٩١١ گۆڕانکاری بەسەر داتاکانی ساڵی ١٩٠٦دا هاتووە و بەرووبوومی پاقلەمەنی بەگوێرەی داتاکانی ناو ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ساڵی ١٩١١ بەمجۆرە بووە: خاکی قەزای گوڵعەنبەر لە هەموو قەزاکانی تری سلێمانی بەپیت و فەڕتر و بەرهەمدارتربووە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

پەیماننامەی ١٨٦٩ی نێوان مەدحەت پاشای والی بەغداد و حەمەپاشای جاف

بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی: مەدحەت پاشای والی بەغداد (١٨٦٩-١٨٧٢)، بەمەبەستی هاندانی عەشیرەتی جاف بۆ نیشتەجێبوون و وازهێنان لە گەرمیان و کوێستان و پەڕینەوە بۆ ناو خاکی دەوڵەتی قاجار و بە پێدانی ژمارەیەکی زۆر دەستکەوت و جیاوک بە حەمەپاشای سەرۆکی عەشیرەتی جاف، لە ئەیلولی ١٨٦٩دا پەیماننامەیەکی دوازدە خاڵی لەگەڵدا بەستووە و ناوەڕۆکی پەیماننامەکە بەمجۆرە بووە: مادەی یەکەم: پەیماننامەکە تایبەتبووە بە ڕێکخستنی کارگێڕی، سەرەتا لەگەڵ ناحیەی قزڵجە، ناحیەکانی شارباژێر، شیوەکەڵ، سەراو و ناحیەی بەرکێو هەموویان لە قایمقامییەتێکدا یەکبخرێن، هەتا ناحیەی قزلجەش بخرێتەسەر قەزای گوڵعەنبەر، ئەمەیش بەهۆی زیاتر گونجاویی شوێنی جوگرافیی گوڵعەنبەرەوە. لە بەندی دووەم و سێیەمی پەیماننامەکەدا هاتووە: ناحیەی قزڵجە ئاوەدانبکرێتەوە. مادەی دووەم: ئەوانەی لە ناحیەی قزڵجە، چ پێشتر و چ دواتر ڕۆشتوونەتە خاکی قاجارەوە، هەموویان دەهێنرێنەوە و نیشتەجێدەکرێن، ئەو گوندانەیش، کە خاپوربوون ئاوەداندەکرێنەوە. مادەی سێیەم: دوای هێنانەوەی خەڵکەکە و نیشتەجێکردنیان، بە گوێرەی توانا هەموو زەویوزارەکانی ناحیەی ناوبراو ئاوەداندەکرێنەوە، بەهیچ شێوەیەک هیچ جێگەیەک بە چۆڵی بەجێناهێڵرێت. لەبارەی پرسی ئاوەدانکردنەوە و بیناکردنی شوێنە خاپورکراوەکانەوە، بەگوێرەی ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن ویلایەتەوە نێردراون و بڵاوکراونەتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. مادەی چوارەم: هەموو ئەو خەڵکانەی لە موتەسەڕیفی سلێمانی و شارەزوور و قایمقامیەتی سەڵاحییەوە ماڵیان گواستووەتەوە بۆ خاکی قاجار، لەنێویشیاندا شێخ (محەمەد عارف) و هاوشێوەکانی، دەهێنرێنەوە بۆ زێدی دێرینەی خۆیان و هەوڵی نیشتەجێکردنیان دەدرێت و وازیانلێناهێنرێت و جێناهێڵرێن بۆ قاجار. مادەی پێنجەم: میری ناوبراو و خزم و دەست و پێوەندەکەی هەموو بینا و ماڵ و باخ و باخچە دروستبکەن نیشتەجێببن. واز لە گەرمیان و کوێستان بهێنن و حەمەپاشا بە بەردەوامی سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کاروباری قایمقامییەت بێت. مادەی شەشەم: دەشتی شارەزوور و سەرچاوە ئاوییەکانی بەگوێرەی نیزامنامەی تاپۆ دەدرێت بە میری عەشیرەتی جاف و خەڵکەکەی، ئەو زەوی و زارانەی، کە چۆڵن و کشتوکاڵیان تێدانەکراوە، ئاوەداندەکرێنەوە بۆ نیشتەجێکردنی عەشیرەتی ناوبراو. لەو بارەیەوە هەموو هەوڵ و یارمەتییەکیاندەدرێت. مادەی حەوتەم: هۆزی ناوبراو ئەگەر بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان ناچاربوون بۆ ماوەی سێ مانگ بچنە زۆزان (کوێستان) ئەوە ڕێگریانلێناکرێت، کە بەسەرۆکایەتی کوڕی میری ناوبراو (مەحموود بەگ) ماوەی دوو بۆ سێ مانگ بچنە زۆزان، زستانیش بچنە سەڵاحییە. مادەی هەشتەم: لە هیچ هەلومەرجێکدا ڕێگەنەدرێت بە عەشیرەتی هەمەوەندی نیشتەجێی خاکی قاجار بێنە (سەڵاحیە، کەرکوک و سلێمانی) و زیانبدەن لەو ناوچانە و ئاژاوە دروستبکەن، ئەوانە لە هەرکوێ بینران بگیرێن و ڕادەستی دەوڵەت بکرێن. مادەی نۆیەم: ئەگەر تاوەکو ئەمڕۆ جاف هەشت کەسیان بۆ سەربازی داوە بە دەوڵەت لێرە بەدوا وەک زیادەیەک بیست و هەشت کەسی دیکەی بۆ زیادبکرێت. واتا بە شێوەی بڕاوە سی کەس بەنیزام دەدرێت. مادەی دەیەم: بۆ زیادکردنی پلەوپایە و ئیعتیبار پلەی (میری میران) دەدرێت بە حەمە پاشای سەرۆکی جاف و کوڕەکەیشی مەحموود پاشا پلەی (قاپوچی باشی) پێدەدرێت. مادەی یازدەیەم: بەگوێرەی پێویستیی بەڕێوەبردنی ویلایەت بە شێوازی نوێ، میری ناوبراو گەر شارەزایی و لێوەشاوەی خۆی نیشاندات، کە کەسێکی شارەزا و لێزانە لە بواری کارگێڕیی ویلایەت، دەکرێت بە یاریدەدەری، واتا حکومەت بە هەڵبژاردن یاریدەدەرێکی بۆ دادەنێت. هەرچی خودی (حەمەپاشا)یە بە مووچەی پێنج هەزار قروشی پێدەدرێت و بایەخ بە جێبەجێکردنی پیت بە پیتی نیزامنامەی ویلایەت دەدرێت. مادەی دوازدەیەم: لە شوێنی خودی گوڵعەنبەردا، هەرکاتێک شێوەی شارۆچکەیەکی لەخۆگرت بە تێپەڕبوونی کات، بەهۆی ئەوەی خەڵکەکە پەرشوبڵاون، لەگەڵ خەڵکەکەی بایەخ بە ئاوەدانکردنەوەی دەدرێت.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

پێکدادانی چەکدارانی جەعفەر سوڵتان "جافرسان" و هێزێکی عێراقی

بە گوێرەی بەڵگەنامەیەک (بە ژمارە ٤٥٨/س/١٢٤٦ی ڕێککەوتی ٢٧/٦/١٩٣٦)، کە موتەسەرفییەی لیوای سلێمانی بە نوسراوی نهێنی (سریە)، ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی کردووە و (پشتی بە ڕاپۆرت و نوسراوی پۆلیسی هەڵەبجە بەستووە)، لە ناوچەی هەوارمان - هاوار - گوندی دەرەتفێ (کە گوندێکی کاکەیینشین و یارسانن)، لە شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی ٦ی ١٩٣٦ لە گەڕانێکیاندا لە وەزەنێ (اوەزەنی)، هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ - مەخفەری گریانە (گریانە لادێیەکی ناوچەی هەڵەبجەیە) ڕووبەڕووی هەشت چەکداری هێزەکانی جافرسان (جەعفەر سوڵتانی هەورامی) دەبنەوە و برینداریان دەبێت و دواجار هێزەکانی جافرسان بەرەو سنوری ئێران دەکشێنەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە هێزەکانی پۆلیسی عێراق هیچ زیانێکیان لێنەکەوتووە. بەڵگەنامەکە وێنەیەکی بۆ وەزارەتەکانی بەرگری، دەرەوە، هەروەها سەرۆکایەتیی دەستەی پشکنین لە کەرکوک، سەرۆکی فیرقەی دووی کەرکوک، بەڕێوەبەرێتیی پۆلیسی لیوا و قەزای هەڵەبجە، نێرراوە. بەو هۆیەی، کە ڕووداوەکە سنوریی و ئاسایشییە، موتەسەڕیفی سلێمانی داوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی کردووە، هەروەها قایمقامییەتی هەڵەبجە و لایەنەکانی تری پەیوەندیداری ڕاسپاردووە، تا بەدواداچوونبکەن و بۆچوونی لایەنی ئێرانی لە بارەی ڕووداوەکەوە بزانن. لە بەڵگەکەدا وشەی (الشقاة) بەکارهاتووە، کە مەبەستی بێکەس و دەستخاڵی و ناخۆشحاڵ و نائاسودەییە و زیاتر بە مەبەستی یاخیبوو و هەڵگەڕاوە دێت. جەعفەر سوڵتان (١٩٤٢ کۆچیدواییکردووە)، ئەو پاش براکەی (حەمەساڵح بەگ) پلەی (سان)ی هەورامییەکانی لهۆنی وەرگرتووە و ناوەندی حوکمکردنی (نایب الحکومە)ی گوندی نەوسودی هەورامان بووە. یەکێک بووە لەو سەرکردە کوردانەی، کە لە هەورامانی ئێران و عێراق، هەڵەبجە و شارەزووردا خاوەنی هەژموون بووە و پەیوەندییەکی بەهێزی سیاسی لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی ئەو دەمەدا هەبووە، بەتایبەت سەرۆک هۆزەکانی هەڵەبجە و شێخانی نەقشبەندی و شێخ مەحموود و بەتایبەتی تر لەگەڵ ماڵی وەسمان پاشا و عادیلە خانمدا.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە
1 2
...
5 دواتر