سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

39 بابەت

ئایزەلە بارام

کەوتووەتە سنوری شارەدێی (تەوێڵە). ڕێگای خۆڵی لە سەر ڕێگای ئاوێسەرەوە بۆ ڕۆشتووە و دەوروبەری کراوەتە باخ و ڕاستەوخۆ کەوتووەتە بەشی باکوری کانی لێژڵە لە چەمی ئاوێسەر. سەرچاوەی ئاوێکە لەبەشی سەرەوەی دەرەتاریک لە باخی حاجی عەزیز بارامدا، کە ناسراوە بە ئاییزەلە بارام. وەک کارێز لێدراوە و ئاوەکەی هێنراوەتەدەر، ئەستێرێک لە بەردەمیدا دروستکراوە و باخەکانی ئەو ناوە ئاودەدات و دواتر دەڕژێتە چەمی ئاوێسەرەوە. بووتە شوێنێک بۆ سەیران و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن چەندجارێک بەرنامەیان لەوێ تۆمارکردووە.

ئەوديوى وارش

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى (بەکراوا)، بەهۆى ئەوەى کەوتووەتە خۆرئاواى بەرزاييەک بەناوى بەرزايى وارش.‌ دەگەڕێتەوە بۆ داگيرکاریى ئينگليزەکان و لە بەردەم گردى شوێنەوارى بەکراوادا دروستکراوە، ناوى کارێزەکەيش بەو ناوەوە ناو نراوە.

باخەتازە

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) و باشوری خۆرئاوای گوندی گوڵپ و خۆرئاوای گوندی نارنجڵە و تەپی تلەوەر لە باکوری خۆرهەڵات و دۆڵی باخەتازە لە باشور و کانی تفەوتەپی و هانەکەمەڵە لە خۆرهەڵات. (٧٩٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی بە ڕووبەری (٦ بە ٣م) لەسەر دروستکراوە و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێک، کە لە بەردەمیدایە بەکاردێت، پاشان ئاوەکەی دەڕژێتە نێو دۆڵی باخەتازە و یەکدەگرن و بە ئاڕاستەی خۆرئاوا ڕێدەکەن لە وەرزی بەهاردا دەگاتە دۆڵی دەرەیاو.

بۆین

لە بەنەڕەتدا کانییە و کراوە بە کارێز. کەوتووەتە سەنتەری گوندی (بۆین)ـەوە. لەو کاتەی، کە جولەکە لە گوندەکەدا ژیاون، کراوەتە کارێز. بەو پێیەی، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاو_خواردنەوەی گوند بووە، (جافرسان) حوکمڕانی ناوچەکە لە شاری سنە لە خۆرهەڵاتی کوردستان وەستای تایبەتی بۆ هێناوە بۆ پاککردنەوەی چاوانەکانی لە ڕەگی دار و بەڵخ. لە کۆنەوە بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە کراوەتە مەرەزە و توتن، بەتایبەت لە سەردەمی (داود بەگ) و هاتنی (ئینگلیزەکان)دا.

بێژاوا

کەوتووەتە (گوندى بێژاوا)ی سەر بە ناحیەی (سيروان) لە خۆرهەڵاتى (تونى غوڵامى و ملەى پلان)ەوە. لە دەوروبەرى بيستەکانى سەدەى ڕابردوو (حاميد بەگ) پێشنيازێک دەکات، کە(خەليفە عەبدولڕەحيم) شوێنى نيشتەجێبوونى بگوازێتەوە لە (غوڵامى ژوروو)ەوە بۆ (بێژاوا)، لەپێناو ئاوەدانکردنەوەى ئەو زەويانەى دەکەونە ئەو ناوچەيە لەڕوى کشتوکاڵيیەوە.(حامى بەگ کارێزکەنێک بەناوى (تۆفيق) لە کوردستانى خۆرهەڵاتەوە دەهێنێتە گوندەکە و (کارێزى بێژاوا) دروستدەکات، کە بەنزيکەيى يەک کيلۆمەتر لە چەقى ئاواييەوە دورە بە ئاڕاستەى باشور و لەو دۆڵەى سەرەوەى ئاوايى و لەنزيک گۆڕستانى گوندەکە، لەپاش ئەوەش چەند کەسێکى تر هاتوون بۆ ئەم گوندە و بوون بە حەوت ماڵ.

پیرەژنێ

کەوتووەتە سەر ڕێگەی نێوان (عەنەب) و (جەلیلە) و لەبەردەم گۆڕستانەکانی گوندەکەدایە. ئاوێکی باشی هەمیشەیی هەیە و لەژێر نەزەرگەی خاتوو ئیساف ئاوەکەی دێتەدەرەوە. نزیکەی (٥٠م) کارێزی هەیە و بە بەرد هەڵبەستراوە. بەهۆی زۆرییەوە لە کۆندا بۆ بەگەڕخستنی ئاش بەکارهاتووە. بەهۆی دووریی لە گوندەکەوە، زۆربەی پیرەژنانی گوندەکە، لەوێ کاروباری تەونیان کردووە. بۆیە بەو ناوە ناونراوە.

چەمەو چناری

یەکێکە لە کارێزەکانی شارەدێی تەوێڵە و کەوتووەتە دووریی (٢.٤کم) لە بەشی باکوری شارەدێی (تەوێڵە)ی و نێو هاوینەهەواری (ئاوێسەر)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). (١٦٨١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە دووریی چەند سەد مەترێک لە سەیرانگای ئاوێسەر هەڵکۆڵراوە و سەرچاوەدەگرێت و ئاوی بەفری تواوەی چیاکانی دەوروبەری سەرچاوەی ئاو_پێدەری ئەم کارێزەن، پاشان ئاوەکەی بە نێو باخەکانی سەیرانگای ئاوێسەردا دەڕوات و لەلایەن گەشتیارانە بەکاردێت و دارگوێزەکانی چناری پێ ئاودێریدەکرێت و دەبێتە دەستپێک بۆ دروستبوونی چەمی ئاوێسەر و بۆری ئاوی خواردنەوەی لێوە هەڵگیراوە بۆ چەند باخێک و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی شارەدێی تەوێڵە، تاوەکو ئێستا چەند جارێک خاوێنکراوەتەوە لەلەیەن دانیشتوانی تەوێڵە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سەرزەویی پارێزگای سلێمانیەوە، هەروەها چایخانەیەک و سەکۆیەکی چیمەنتۆی لەسەر بونیادنراوە و ئێوارانی وەرزی هاوین خەڵکی تەوێڵە کۆدەبنەوە بۆ یاریکردن و قسەی خۆش.

چلەخانە

کەوتووەتە خواروی تەوێڵە لەدەرەی بەڵخ. سەرچاوەی ئاو و باخێکە وەک کارێز لێدراوە و سەرەوەی بەشێوەی دیوار و تاقێکی جوان هێنراوەتەوە و شوێنی چلە کێشان و خەڵوەتی مەلا نەزیری گەورە بووە و بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. شوێنەواری چلەخانە ئێستاش ماوەتەوە و خەڵک سەردانیدەکەن.

حاجی حەمەعەلی

کەوتووەتە سنوری گوندی (کانی شێخ) و زەوییەکانی حاجی حەمەعەلی، بۆیە بەو ناوە ناونراوە. کارێزێکی کۆنە. لە ئێستادا کراوەتە بیر و بە حەفارە قوڵیانکردووە. بە بیرەوەریی خەڵکی ناوچەکە زۆر کۆنە و پێدەچێت هەر کانی بووبێت بەڵام بەهۆی قوڵییەکەیەوە بە کارێز ناونراوە.

حاجی حسێن

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە چەمی (دەرە لەڕا) و لە نێو باخی (سەفەر). بەهۆی کەمی ئاوەکەیەوە بەشێوەی کارێزی لێ کراوە. خەڵکی گوندەکە دەڵێن (جنۆکە)ی تێدایە و جنۆکەکان بانگی خەڵک دەکەن، بۆیە لەکاتی ناوەخت و دەمە و ئێوارەدا خەڵک چۆڵیدەکەن. بەناوی (حاجی حسین) ناوێکەوە ناونراوە، کە کردوویەتیە کارێز.

حاجی سەعید

کەوتووەتە ناو گوندی (عاموور)ە. ئاوێکی سازگاری هەیە. لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن (حاجی سەعید) ناوێکەوە هەڵکەندراوە و بەناوی ئەوەوە ناو نراوە. درێژییەکەی (٢٠م) و بەرزییەکەی نزیکەی مەترێکە. زۆرتر بۆ ئاودانی ئاژەڵ سودیلێوەرگیراوە.

حەمەلێ

کەوتووەتە گوندی (بانیبنۆک). لە لاپاڵی شاخێکدا هەڵکەوتووە. خاوەندارییەتی بۆ (محەممەد) ناوێک دەگەڕێتەوە. درێژییەکەی نزیکەی حەو‌ت مەترە و لەبەردەمیدا حـەوزێکی بۆ دروستکـراوە. ئاژەڵـی کێوی و شاخـەوان و شـوانەکان سودیلێوەردەگرن.

حەمەوغان

کەوتووەتە سنوری گەڕەکی (کانییەکوێرە) و خوارووی (گەڕەکی شارەوانیی دوو) لەناو پارێزگای هەڵەبجە. ئەم کارێزە لەچەند بیرێک پێکهاتووە، کە ئاوەکانیان دەچنەوە سەر یەک، بیرەکان کەوتونەتە باخەکانی چواردەورە و هەریەکەیان چەند سەد مەترێک نێوانیان هەیە. دەڵێن کانییەکە بەناوی (محمد ئەفغان) ناوێکەوە ناونراوە، کە کاتی خۆی وەرزێری شێخەکانی عەبابەیلێ بووە و زەوی ناوچەکەش لە چوارچێوەی سنوری ئەوکاتی گوندی عەبابەیلێدابووە. بە تێپەڕبوونی کات ناوەکەی کراوەتە (حەمەوغان). ئەگەر چی بەهۆی وشکەساڵیەوە زیانێکی زۆر بەر داهاتی ئاوی کارێزەکە کەوتووە؛ بەڵام تاکو ئێستاش وەک پێویست ئاوی هەیە و وشکینەکردووە. بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ بە بیرەکان و خزمەتنەکردنی خەریکە کوێردەبێتەوە و جوانییە سروشتیەکەی لەدەستداوە.

حەوت چەوانە

کەوتووەتە ناوەندی گوندی (گمە). حەوت چاوگی ئاوە لە کارێزێکدا کۆکراونەتەوە و بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی ئـاوی خـواردنەوەی خەڵکـی گوندەکە.

حەوزە خانەمیر

کەوتووەتە سنوری گوندى (چنارەى سورێن)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ، کارێزەکە کەوتووەتەبەشى خۆرئاواى گوندەکەوە، خاوەنداریەتى بۆ کەسێکى گوندەکە دەگەڕێتەوە بەناوى ئەحمەد مەحموود، ئەم کارێزە لە ساڵانى شەستەکانى سەدەى ڕابردوودا کراوە و درێژیەکى (١٠م) دەبێت و بەبەرد هەموو لاکانى هەڵچنیووە، ئاوى ئەم کارێزە بۆ ئاودانى باخ سودیلێوەرگیراوە.

دەرە گوڵان

کەوتووەتە‌ باکوری گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). سەرچاوەی سەرەکییی ئاوی خوارنەوەی گوندەکەیە و مزگەوتی گوندەکەش سودیلێدەبینێت. مێژووەکەی بۆ ساڵانی چلەکانى سەدەى ڕابردوو دەگەڕێتەوە. لەلایەن دانیشتوانی گوندەکەوە دروستکراوە، ئەوانیش (خەلیفە ڕەحمان، مەحمودی خەلیفەو فارسی کاکەوەیس)، تا ئێستاش سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیانە. کارێزەکە بە بەرد چاوانەى بۆ کراوە و درێژییەکەی زیاتر لە ٣٠ مەترە.

دەرەوکێ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (دەرەوکێ)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). نزیکەی ١٠٠ساڵ دەبێت ئەم کارێزە بە پاچ و بێڵ هەڵکەندراوە، بەڵام دیارنییە، کە کێ هەڵیکەندووە. درێژییەکەی نزیکەی (٤٥م) دەبێت و حەوزێکی بۆ دروستکراوە بۆ گلدانەوەی ئاوەکەی. بۆ ئاودانی باخ و خواردنەوە بەکاردەهێنرێت.

دێکۆن

کەوتووەتە بەشى خۆرهەڵاتى گوندى (جەليله)‌. ساڵانە لە وەرزى هاويندا بڕى ئاوەکەى کەم دەبێتەوه، بەڵام وشکناکات. بەشێکى زۆرى زەويوزارى کشتوکاڵى گوندەکە سودیلێوەردەگرن. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئاوەکەی زۆر کەمیکردووە، بەتايبەتى دواى ئەوەى دوو بيرى ئيرتيوازييان لە خواروو کارێزەکەوە بەدوورى نزيکەى بيست مەتر لێداوە.

زەمەقیی خواروو

يەکێکە لە کارێزە گەورە و بەناوبانگەکانى ناوچەکە و لە سييەکانى سەدەى ڕابردوو لە لايەن (حامى بەگ)ەوە فەرمانى دروستکردنى دراوە. لە نزيکەى ١٥ بير پێکدێت، کە لەسەرەتاوە دوو لقە، لقێکيان بە ئاڕاستەى (کانى سپى و زەمەقیى ژووروو) لقەکەى تريان بە ئاڕاستەى بياوێڵە و لە خۆرهەڵاتى گوند بەيەکدەگەن و لەوێشەوە بەشەش بير گەيەندراوەتە خاڵێکى نزمى گوندەکه،‌ کە بە (چاوانە)کە ناسراوە. کانى ژنان و مزگەوتى تێدا دروستکراوە. (حامى بەگ) دوو کارێزکەنى لە (سنە)وە هێناوە، شەو و ڕۆژ کارى تێدا کراوە و لە شەش مانگدا تەواوبووە. قوڵیی کارێزەکە لە ژێرەوە (٢م) بووە، واتە مرۆڤ توانيويەتى بەپێوە بەناو کارێزەکەدا بڕوات و سەرى لەسەقفى کارێزەکە نەدات، لەبەر ئەوەى دووریى هەر بيرێک لە بيرەکەى تەنيشتى (٤٠م)، بەجۆرێک پاش هەڵکەندنى هەر (٤٠م)ێک بەشێوەيەکى ئاسۆيى بڕياريان لەسەر دروستکردنى بيرێک داوە. بۆ ئەو مەبەستە يەکێک لە سەرەوە کێشاويەتى بە زەويەکەدا، تا کارێزکەنەکە گوێیلێبووە و پێىوتوون لەو شوێنە بيرێک دروستبکەن بۆ ئەوەى لە ژێرەوە بگەن بە کارێزەکه. مۆميشيان بەمەبەستى ڕوناککردنەوه بەکارهێناوە. بەرزیى بيرەکان لە (١٥م) لە دەرەوەى گوند دەستپێدەکات، تا چوار مەتر لە کۆتا بيرى کارێزەکە لەناو گوند، لە سەرەوه،‌ تا نيوەى بيرەکان بە بەرد هەڵچنراون، بەڵام ڕێڕەوى کارێزەکە لە ژێرەوە گڵە و هيچ ماددەيەک بۆ پارێزگاريکرد لە داڕمان بەکارنەهاتوە. ئاوى ئەو ١٥ بيرە لەژێر زەويیەوە بەيەکگەيەنراون و کۆکراوەتەوە و ٨٠ جوتيار، کە هەريەکە نزيکەى شەش دۆنم زەویى (بەراو)يان هەبووە، کشتوکاڵيان لەبەردەم ئاوى ئەم کارێزەدا‌ کردووە بەتايبەت (توتن و مەرەزه)‌، لە حەفتاکان و نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو دووجار بەشێک لەبيرەکان نۆژەنکراونەتەوە، يەکەميان لەسەر ئەرکى حکومەتى عێراقى و دووهەميان لەسەر ئەرکى دانيشتوانى گوند، لەئێستادا بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى ژێر زەوى و زۆریى بيرە قوڵەکانى ناوچەکەوە، تەنها لەو ساڵانەدا ئاوى هەيە، کە باران زۆر دەبارێت‌.

‌سەرحەوز

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لە تەنیشت مزگەوتی گوندەکەیە. مێژووەکەی بۆ ساڵانی بیستەکانى سەدەى ڕابردوو دەگەڕێتەوە. درێژییەکەی (٥٠م) دەبێت. هاوڵاتی گوندەکە (نامیق ئەسکەندەر) خاوەنیەتی. لەبەردەمیدا حەوزی بۆکراوە. مزگەوت و باخەکانی نزیکی سودیلێدەبینن و لە ڕابردووشدا سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بووە.

1 2 دواتر