چەمەو چناری

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09


لاپەڕەی 88

کارێز

یەکێکە لە کارێزەکانی شارەدێی تەوێڵە و کەوتووەتە دووریی (٢.٤کم) لە بەشی باکوری شارەدێی (تەوێڵە)ی و نێو هاوینەهەواری (ئاوێسەر)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). (١٦٨١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە دووریی چەند سەد مەترێک لە سەیرانگای ئاوێسەر هەڵکۆڵراوە و سەرچاوەدەگرێت و ئاوی بەفری تواوەی چیاکانی دەوروبەری سەرچاوەی ئاو_پێدەری ئەم کارێزەن، پاشان ئاوەکەی بە نێو باخەکانی سەیرانگای ئاوێسەردا دەڕوات و لەلایەن گەشتیارانە بەکاردێت و دارگوێزەکانی چناری پێ ئاودێریدەکرێت و دەبێتە دەستپێک بۆ دروستبوونی چەمی ئاوێسەر و بۆری ئاوی خواردنەوەی لێوە هەڵگیراوە بۆ چەند باخێک و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی شارەدێی تەوێڵە، تاوەکو ئێستا چەند جارێک خاوێنکراوەتەوە لەلەیەن دانیشتوانی تەوێڵە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سەرزەویی پارێزگای سلێمانیەوە، هەروەها چایخانەیەک و سەکۆیەکی چیمەنتۆی لەسەر بونیادنراوە و ئێوارانی وەرزی هاوین خەڵکی تەوێڵە کۆدەبنەوە بۆ یاریکردن و قسەی خۆش.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ١ی ٣ی ٢٠٢٣.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (فازیل عابید محەممەد)، لەدایکبوو: ١٩٦٣، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: ئەندازیار، لە ١ی ٣ی ٢٠٢٣.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

وەروەزەن

کەوتووەتە ناو باخەکانی (وەزەنێ) لە پشت ڕێگەی شارەدێی (تەوێڵەیە). بەواتای (تاڤگە) دێت. بۆ ئاودێرانی باخەکانی ناو چەم بەکاردێت. لە ئێستادا ئاوەدانی بە ناوچەکە بەخشیوە و وەک ناوچەیەکی گەشتیاری سەیردەکرێت.

کانی پانکە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (نەوێ) لە بناری چیای سورێن. لە پێ دەشتەکانی گوندەکە هەڵکەوتووە. ئاوەکەی هەمیشەییە و بە ئاڕاستەی گوندی قاینەجە دەڕوات. بە زۆری بۆ کشتوکاڵی هاوینە بەکاردێت.

کانی درێژ

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ) لە بناری چیای (خۆشک). نزیکەی (٥)م درێژە و کەوتووەتە شوێنێکی سەخت. لەبەر دووریی لە ئاوەدانییەوە، بووەتە مۆڵگەی ئاژەڵە کێوییەکانی چیای خۆشک. ئاوەکەی بە جۆگە هێنراوەتە زەوییە تەختەکانی دەوروبەری و باخداری پێ کراوە.

کانیشێخ

کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى گوندى (زەمەقیى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان)، که ‌نزيکەى ١٣ بيرە و هەريەکەيان نزيکەى ٣٠ مەتر نێوانيانە و قوڵيیەکانيان لەنێوان ٧ بۆ ١١ مەتر دەبێت و بە بەردى نەقاڕى و چيمەنتۆ هەڵبەستراون و دەمەوانەى چيمەنتۆيان بۆ دروستکراوە. ئەم کارێزە حامى بەگ دروستیکردووە و ئاوەکەى دەڕژێتە (جۆگەى تەمەڵ)، کە يەکێکە لە جۆگە دەستکردەکانى ئاودێریى گوندەکە.

کانی نواڵە

کەوتووەتە ناو باخی گشتی (باخی عەلی بەگ) لەناو شاری هەڵەبجە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاودانی باخی گشتییە. ئاوەکەی دەچێتە کارێزێکەوە، کە تیرەکەی سێ مەتر و قوڵییەکەی شەش مەترە. نزیکەی (٤٢م) سێجا ئاودەگرێت. تا ئێستاش وشکینەکردووە.

کانییە بەهارە

کەوتووەتە سەرووی گوندی (عەبابەیلێ) لە نێوان (هەوارگەی شێخان و ڕێ سور) و سەنتەری گوندەکە. لە بەهاردا ئاوێکی زۆری هەیە بۆ کشتوکاڵ و باخداری بەکاردێت. کانییەکە لە بنەڕەتدا کارێزە. لە پێنج بیر پێکهاتووە و بە کارێز پێکەوە بەستراونەتەوە. نزیکەی (٦٠٠م) درێژ و بەرزیی ڕێڕەوەکەشی لە سێ مەتر زۆرترە. قوڵیی بیرەکان لە چوار مەترەوە بۆ (٢٠م) دەبن.