حەمەوغان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە سنوری گەڕەکی (کانییەکوێرە) و خوارووی (گەڕەکی شارەوانیی دوو) لەناو پارێزگای هەڵەبجە. ئەم کارێزە لەچەند بیرێک پێکهاتووە، کە ئاوەکانیان دەچنەوە سەر یەک، بیرەکان کەوتونەتە باخەکانی چواردەورە و هەریەکەیان چەند سەد مەترێک نێوانیان هەیە. دەڵێن کانییەکە بەناوی (محمد ئەفغان) ناوێکەوە ناونراوە، کە کاتی خۆی وەرزێری شێخەکانی عەبابەیلێ بووە و زەوی ناوچەکەش لە چوارچێوەی سنوری ئەوکاتی گوندی عەبابەیلێدابووە. بە تێپەڕبوونی کات ناوەکەی کراوەتە (حەمەوغان). ئەگەر چی بەهۆی وشکەساڵیەوە زیانێکی زۆر بەر داهاتی ئاوی کارێزەکە کەوتووە؛ بەڵام تاکو ئێستاش وەک پێویست ئاوی هەیە و وشکینەکردووە. بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ بە بیرەکان و خزمەتنەکردنی خەریکە کوێردەبێتەوە و جوانییە سروشتیەکەی لەدەستداوە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (کاوان شێخ حمەسعید شێخ کریم)ی مامۆستا، بکالۆریۆسی ١٩٦٤، لە ١٣ی ١١ی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید