زەمەقیی خواروو
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-10
يەکێکە لە کارێزە گەورە و بەناوبانگەکانى ناوچەکە و لە سييەکانى سەدەى ڕابردوو لە لايەن (حامى بەگ)ەوە فەرمانى دروستکردنى دراوە. لە نزيکەى ١٥ بير پێکدێت، کە لەسەرەتاوە دوو لقە، لقێکيان بە ئاڕاستەى (کانى سپى و زەمەقیى ژووروو) لقەکەى تريان بە ئاڕاستەى بياوێڵە و لە خۆرهەڵاتى گوند بەيەکدەگەن و لەوێشەوە بەشەش بير گەيەندراوەتە خاڵێکى نزمى گوندەکه، کە بە (چاوانە)کە ناسراوە. کانى ژنان و مزگەوتى تێدا دروستکراوە. (حامى بەگ) دوو کارێزکەنى لە (سنە)وە هێناوە، شەو و ڕۆژ کارى تێدا کراوە و لە شەش مانگدا تەواوبووە. قوڵیی کارێزەکە لە ژێرەوە (٢م) بووە، واتە مرۆڤ توانيويەتى بەپێوە بەناو کارێزەکەدا بڕوات و سەرى لەسەقفى کارێزەکە نەدات، لەبەر ئەوەى دووریى هەر بيرێک لە بيرەکەى تەنيشتى (٤٠م)، بەجۆرێک پاش هەڵکەندنى هەر (٤٠م)ێک بەشێوەيەکى ئاسۆيى بڕياريان لەسەر دروستکردنى بيرێک داوە. بۆ ئەو مەبەستە يەکێک لە سەرەوە کێشاويەتى بە زەويەکەدا، تا کارێزکەنەکە گوێیلێبووە و پێىوتوون لەو شوێنە بيرێک دروستبکەن بۆ ئەوەى لە ژێرەوە بگەن بە کارێزەکه. مۆميشيان بەمەبەستى ڕوناککردنەوه بەکارهێناوە. بەرزیى بيرەکان لە (١٥م) لە دەرەوەى گوند دەستپێدەکات، تا چوار مەتر لە کۆتا بيرى کارێزەکە لەناو گوند، لە سەرەوه، تا نيوەى بيرەکان بە بەرد هەڵچنراون، بەڵام ڕێڕەوى کارێزەکە لە ژێرەوە گڵە و هيچ ماددەيەک بۆ پارێزگاريکرد لە داڕمان بەکارنەهاتوە. ئاوى ئەو ١٥ بيرە لەژێر زەويیەوە بەيەکگەيەنراون و کۆکراوەتەوە و ٨٠ جوتيار، کە هەريەکە نزيکەى شەش دۆنم زەویى (بەراو)يان هەبووە، کشتوکاڵيان لەبەردەم ئاوى ئەم کارێزەدا کردووە بەتايبەت (توتن و مەرەزه)، لە حەفتاکان و نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو دووجار بەشێک لەبيرەکان نۆژەنکراونەتەوە، يەکەميان لەسەر ئەرکى حکومەتى عێراقى و دووهەميان لەسەر ئەرکى دانيشتوانى گوند، لەئێستادا بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى ژێر زەوى و زۆریى بيرە قوڵەکانى ناوچەکەوە، تەنها لەو ساڵانەدا ئاوى هەيە، کە باران زۆر دەبارێت.
سەرچاوەکان:
- ــ چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عەزيز نوورى عارف)، دانيشتوى گوندى (زەمەقیی خواروو)، پیشە: جوتيار، ئاستی خوێندن: نەخوێندەوار، تەمەن ١٩٤٨، ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٢.
- ــ چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەبوبەکر فەقى محەممەد سۆفى ئەحمەد)، لەدايکبوو: ١٩٤٦، ئاستى خوێندەوارى سێى ناوەندى، دانيشتوى گوند، لە ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: د. هێمن کەمال حەمەئەمین