قوتکەکانى قارەمانى
چەند قوتکێکى بەرزن و بەسەر بەرزايى شاخەکانى سنورى گوندى (قارەمانی)ی سەر بە ناحیەی (سیروان)ـەوەن. دەڕوانن بەسەر چەمى ئاوەلێڵه و گوندى قارەمانيدا، بووە بە ناونيشان و شوێنێکى ديارى گوندەکە.
قوچی بەردەبەل
کەوتووەتە زنجیرە چیای سورێن. پێکهاتەی لوتکەکەی شاخاوی و بەردە. قەدپاڵەکانی خۆڵە. دەڕوانێت بەسەر گوندی بەردەبەل و دەشتی شارەزووردا. بەهۆی بەرزییەکەیەوە، یەکەمجار بەفر، لوتکەی ئەم ملەیە دەگرێت. چەند دۆڵێکی درێژی بە ئاڕاستەی بنارەکان لێدەبێتەوە. بە نێو چەمەکاندا ئاوی باراناو و کانییەکان بەئاڕاستەی پێدەشتەکان دەڕۆن. شاخڕەوێکی زۆر سەردانیدەکەن.
کەرگەمل
کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (قەڵپ) و خۆرئاوای گوندی (مۆرتکە). پیادەڕێگەیەکی پێدا تێپەڕدەبێت، کە گوندەکانی بناری خۆشک دەبەستێتەوە بە دەربەندیخانەوە. لە ڕابردوودا ڕێگەی کاروانی گوندەکانی بناری خۆشک بووە بۆ گەرمیان و دەربەندیخان.
گووتڵەقێنە
کەوتووەتە نێوان گوندی گەچێنە و چنارەی زێڕوون لە بناری چیای سورێن. هەروەها بەسەر گوندی کانی ئاسکانیشدا دەڕوانێت. لوتکەکەی بەرزە. قەدپاڵەکانی ڕکن و بە ئاڕاستەی خوارەوە زۆر سەختە. هەر لەبەر ئەو سەختیەش ئەو ناوەی لێنراوە.
گۆلاوان
کەوتووتە سنوری گوندی (بەردەبەل). لە نزیک جۆمەرەسی هەڵکەوتووە. ملەیەکی بەرزە و دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا. دۆڵێکی گەورە لە تەنیشتیدا هەیە، کە لەوەرگایەکی سروشتی و سەرچاوەی ئاوی زۆرە و پێیدەوترێت چاڵە گەورە.
مامۆ هۆمەر
بە دووریى دوو کيلۆمەتر کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان)، بەرزييەکەى (٦٠٠م) لەئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. لەکۆندا کەسێک بەناوى مام هۆمەر خاوەنى ئەو زەوييانەى دەوروبەرى ئەم ملەيە بووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە و بووە بە شوێن و ناونيشانێکى ديارى گوندەکە.