بەرگی هەشتەم
دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بەرگی هەشتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
کەوتووەتە ناو گوندی (ئەحمەدئاوا). بینای نەخۆشخانەکە و خانویەک بۆ کارمەندانی. ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن ڕێکخراوێکی خێرخوازییەوە لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) دروستکراوە. لە شەش ژوور پێکهاتووە. سێ کارمەندی هەیه.
ساڵی ١٩٩٤ لەسەر ئەرکی خێرخواز(حاجی محەممەد بامۆکی) دروستکراوە. بەشی دەرمانخانە و تەداوی تێدایە. تەلارێکی یەک نهۆمییە. ڕووبەری (١٥٠م) زەوییە. (ئاشتی کاکەحەمە ئەحمەد) بەڕێوەبەری بنکەکـەیە و دوو فەرمانبەری هەیە.
کەوتووەتە ناو گوندی (بانشار). ساڵی ١٩٧٦ لەسەر ڕووبەری (١٥٠م) لەلایەن حکومەتەوە دروستکراوە. دکتۆر (کامیل حاجی ڕەحیم) بۆماوەی چەند ساڵێک بەڕێوەیبردووە. دوای ڕاگواستنی گوندەکان داخراوە. پاش گواستنەوەی گوندەکە بۆ شوێنی ئێستای، ساڵی ٢٠٠١ بنکەی تەندروستی لە خانوی هاوڵاتییەکدا دامەزراوەتەوە و ساڵی ٢٠٠٦ لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢)زەوی، لەلایەن حکومەتەوە بینای تایبەت بە خۆی بۆ دروستکراوە، کە لە چوار ژوور پێکدێت و لە ئێستادا چوار کارمەندی هەیە و یاریدەدەری پزیشک (بەختیار حەمەئەمین) بەڕێوەبەریەتی.
کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل)ی سەر بە ناحیەی خورماڵ. ساڵی ٢٠٠٠ کراوتەوە. بیناکەی لەلایەن (محەممەد حاجی مەحموود)ەوە دروستکراوە و لە چوار ژوور پێکهاتووە. ڕووبەرەکەی لە (٤٠٠م٢) زیاترە. دوو کارمەندی هەیە.
کەوتووەتە گوندی (بەشارەتی خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان). ساڵی ٢٠٠٨ لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم دروستکراوە. بنکەیەکی شەش کاتژمێرییە. بینایەکی یەک نهۆمییە و لە بەشەکانی دەرمانخانە، برینپێچی، تەداوی و عیلاجپێدان پێکهاتووە. پێنج کارمەندی هەیە.
پێش ڕاگواستنی ساڵی ١٩٧٨ بنکەی تەندروستی لە گوندی (بەڵخە) هەبووە. ئەم بنکە نوێیەش لە پاش ڕاپەرین و ساڵی ١٩٩٣ لەسەر ئەرکی خێرخواز لە گوندی (بەڵخە) دروستکراوەتەوە. یەک نهۆمە. دەوامی هەشت کاتژمێرییە. بەشی دەرمانخانەی هەیە. لە ئێستادا چوار کارمەندی هەیە و(بێخاڵ جەمیل حەبیب) بەڕێوەبەریەتی.
ساڵی ١٩٥٥ بۆ یەکەمجار بنکەی تەندروستی لە گوندی (پشتە) کراوەتەوە. بنکەکە لەناو بینای میریدا بووە و لە یەک نهۆم پێکهاتووە. یەکەم کادری پزیشکی (تۆفیق ئەفەندی) بووە، کە خەڵکی پێنجوێن بووە. لە دوای ڕژێمی پاشایەتی نۆژەنکراوەتەوە. پاش ڕاگواستنی گوندەکان ڕووخاوە و لە دوای ڕاپەڕین و ساڵی ٢٠٠٦ جارێکی تر لە بینایەکی یەک نهۆمی لە گوندەکەدا کراوەتەوە. لە ئێستادا دوو کادری پزیشکی و دوو کارمەند دەوامی تێدادەکەن.
کەوتووەتە ناو گوندی (تەپەسەرەقوڵە). ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن حکومەتەوە لەسەر ڕووبەری (٣٥٠م٢) بەناوی بنکەى تەندروستیى (شەهید دکتۆر مەحموود)ەوە کراوەتەوە. لە سێ ژوور و هەیوانێک پێکدێت. لە ئێستادا دوو کارمەندی تێبینەر و پەرستارێکى پەیمانگا لەم بنکەیەدا خزمەتدەکەن.
ساڵی ١٩٩٢ لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم دروستکراوە. بنکەیەکی شەش کاتژمێرییە و بەشەکانی (دەرمانخانە و عیلاج_نوسین و برینپێچی) لەخۆدەگرێت. کەوتووەتە گوندی (تەپی سەفا)ی سەر بە شارۆچکەی سیروان. یەک نهۆمە. لە ئێستادا چوار کارمەند و دوو یاریدەدەری پزیشک و یەک بلیت بڕ و یەک کارگوزاری هەیە.
کەوتووەتە گوندی (هانەژاڵە)ی ناوچەی نەورۆڵی. ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە و لەسەر ئەرکی جەنڕاڵێکی ئەمریکی بەناوی جەنراڵ تۆفۆ دروستکراوە و هەر لەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە. بنکەیەکی شەش کاتژمێرییە، لە بەشەکانی: دەرمانخانە، دەرزیلێدان و تەداوی و برینپێچ، پێکهاتووە. لە کەرەڤانەدایە و یەک کارمەندی تەندروستی هەیە، کە یاریدەدەری پزیشک (عەدنان عوسمان حەمە)یە.
کەوتووەتە گوندی (خێڵی حەمە). سەرەتا ساڵی ١٩٧١ خەستەخانەی تێدا کراوەتەوە و هەتا ساڵی ١٩٨٨ بەردەوامبووە. ساڵی ١٩٩٢ دووبارە بنکەی تەندروستی تێدا کراوەتەوە. شوێنی ئەم بنکەیەی ئێستا، لە ساڵی ٢٠٠٤ و بیناکەی لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە. شەش کاتژمێرییە و بەشی دەرمانخانەی تێدایە. تەلارێکی یەک نهۆمییە. (محێدین محەممەد عارف) بەڕێوەبەری بنکەکەیە و حەوت فەرمانبەر هەیە.
کەوتووەتە باکوری گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە ناحیەی خورماڵ. ساڵی ١٩٩٨ لە لایەن حکومەتەوە لەسەر ڕووبەری (٤٥٠م٢) دروستکراوە. لە چوار ژوور و هەیوانێک و دوو خانوو بۆ دکتۆرەکان پێکدێت. لە ئێستادا یاریدەدەری پزیشک (ئیسماعیل حەمەسەعید) بەڕێوەبەریەتی و یاریدەدەرى پزیشک و کارگوزارێکى خۆبەخشی هەیە.
کەوتووەتە نزیک زانکۆی هەڵەبجە لە نهۆمی خواری مزگەوتی زانکۆ. سەر بە زانکۆی هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن خێرخوازێکەوە دروستکراوە. سێ پەرستار و چوار کارمەندی هەیە. دەوامی شەش کاتژمێرییە و لە بەشەکانی: پەرستاری، کارگێڕی، دەرمانخانە، پێکهاتووە. پێداویستی و کەرەستەی پزیشکی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە و لە کۆگای دەرمان و پێداویستیی پزیشکی هەڵەبجە وەردەگرن.
کەوتووەتە سنوری گوندی (زەردەهاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). بۆیەکەمجار ساڵی ١٩٩٥ لە گوندەکەدا بنکەی تەندروستی کراوەتەوە. سەرەتا یەک کارمەندی هەبووە. ساڵی ٢٠١٠ نۆژەنکراوەتەوە، لە ئێستادا چوار کارمەندی هەیە.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٨دا بەناوی (کۆمەڵگەی مستەوسفی زەمەقی) دروستکراوە. پاش ڕاپەڕین و ساڵی ١٩٩٣ دووبارە دروستکراوەتەوە. لەم شوێنەی ئێستایدا لەساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دروستکراوە. کەوتووەتە گەڕەکی (زەمەقی) لە دەروازەی شاری هەڵەبجە. یەک نهۆمە. دەوامی هەشت کاتژمێرییە. بەشی دەرمانخانەی هەیە. لە ئێستادا شەش کارمەندی هەیە و (ئازاد محەممەد مستەفا) بەڕێوەبەریەتی.
لە دوو کابینەی (٣ بە ٦م) پێکهاتووە. پێشتر شوێنی قوتابخانە بووە، کە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە. شەش کاتژمێرییە. بەشی دەرمانخانەی هەیە. (بورهان حەمەئەمین محەممەد) بەڕێوەبەری بنکەکەیە و دوو کارمەندی تەندروستی بە ناونیشانی یاریدەدەری پزیشک هەیە.
لەپاش سەردانی پاریزگاری سلێمانی ساڵی ١٩٥٥ بۆ گوندەکە و داواکاریی خەڵکەکە لێی، ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی (سازان) لەلایەن حکومەتەوە لەسەر ڕووبەری (٥٠٠م٢) دروستکراوە. کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکەوە و لە شەش ژوور پێکهاتووە. هەتا ڕاگواستنی گوندەکە لەساڵی ١٩٧٩ کراوە بووە و لە ئێستادا شوێنەواری ماوەتەوە. (محەممەد ئەمین فەرەج) یەکەمین کارمەندی تەندروستی بووە. لەدوای ڕاگواستنی گوندەکان ساڵی ١٩٧٨ داخراوە.
کەوتووتە سنوری گوندی (سەرگەت). ساڵی ١٩٧٥ کراوەتەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوامبووە. سەرەتا لە یەک ژووردا بووە، کە سەر بە بینای مزگەوت بووە. دوای ڕاپەڕین دووبارە ساڵی ٢٠٠٠ کراوەتەوە. لە ئێستادا لە بینایەکی سەربەخۆی سێ ژووریدایە و دوو کارمەندی هەیە..
ساڵی ١٩٥٨ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دروستکراوە. پێشتر ناوی (پیرمحەممەد) بووە. شەش کاتژمێرییە. بەشەکانی دەرماننوسین، دەرمانخانە، برینپێچی پیاوان و ژنان و کارگێڕی تێدایە. تەلاری بنکەکە یەک نهۆمییە و لەسەر ڕووبەری (٢٤٠م) زەوییە. (نەسرەدین نەجمەدین فاتیح) و هەشت کارمەندی هەیە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (سۆسەکان). ساڵی ١٩٧٠ دروستکراوە. سەرەتا لە تەنیشت قوتابخانەکە بووە و بینای تایبەتی نەبووە. لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) بووە و لە سێ ژوور پێکهاتووە. ماوەی چەند ساڵێکی زۆر (دکتۆر سدیق تەوێڵەیی) و هەتا ساڵی ١٩٧٨ بەڕێوەی بردووە و لە دوای ڕاگواستنی گوندەکان داخراوە.