وەیسکێ
ساڵی ١٩٩٨ لە گوندی (کانی وەیسکێ) کراوەتەوە و لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە. لە بینایەکی یەک نهۆمی پێکهاتووە. دوو کادیری پزیشکی و دوو کارمەندی هەیە.
ئەحمەدئاوا
کەوتووەتە ناو گوندی (ئەحمەدئاوا). بینای نەخۆشخانەکە و خانویەک بۆ کارمەندانی. ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن ڕێکخراوێکی خێرخوازییەوە لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) دروستکراوە. لە شەش ژوور پێکهاتووە. سێ کارمەندی هەیه.
بامۆک
ساڵی ١٩٩٤ لەسەر ئەرکی خێرخواز(حاجی محەممەد بامۆکی) دروستکراوە. بەشی دەرمانخانە و تەداوی تێدایە. تەلارێکی یەک نهۆمییە. ڕووبەری (١٥٠م) زەوییە. (ئاشتی کاکەحەمە ئەحمەد) بەڕێوەبەری بنکەکـەیە و دوو فەرمانبەری هەیە.
بانیشار: شەهید کاکە حەمە
کەوتووەتە ناو گوندی (بانشار). ساڵی ١٩٧٦ لەسەر ڕووبەری (١٥٠م) لەلایەن حکومەتەوە دروستکراوە. دکتۆر (کامیل حاجی ڕەحیم) بۆماوەی چەند ساڵێک بەڕێوەیبردووە. دوای ڕاگواستنی گوندەکان داخراوە. پاش گواستنەوەی گوندەکە بۆ شوێنی ئێستای، ساڵی ٢٠٠١ بنکەی تەندروستی لە خانوی هاوڵاتییەکدا دامەزراوەتەوە و ساڵی ٢٠٠٦ لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢)زەوی، لەلایەن حکومەتەوە بینای تایبەت بە خۆی بۆ دروستکراوە، کە لە چوار ژوور پێکدێت و لە ئێستادا چوار کارمەندی هەیە و یاریدەدەری پزیشک (بەختیار حەمەئەمین) بەڕێوەبەریەتی.
بەشارەتی خواروو
کەوتووەتە گوندی (بەشارەتی خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان). ساڵی ٢٠٠٨ لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم دروستکراوە. بنکەیەکی شەش کاتژمێرییە. بینایەکی یەک نهۆمییە و لە بەشەکانی دەرمانخانە، برینپێچی، تەداوی و عیلاجپێدان پێکهاتووە. پێنج کارمەندی هەیە.
بەڵخە
پێش ڕاگواستنی ساڵی ١٩٧٨ بنکەی تەندروستی لە گوندی (بەڵخە) هەبووە. ئەم بنکە نوێیەش لە پاش ڕاپەرین و ساڵی ١٩٩٣ لەسەر ئەرکی خێرخواز لە گوندی (بەڵخە) دروستکراوەتەوە. یەک نهۆمە. دەوامی هەشت کاتژمێرییە. بەشی دەرمانخانەی هەیە. لە ئێستادا چوار کارمەندی هەیە و(بێخاڵ جەمیل حەبیب) بەڕێوەبەریەتی.