دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

232 بابەت

گوڵان

کەوتووەتە گەڕەکى گوڵانى ژوورو لەناو شارى هەڵەبجە. ساڵى ١٩٨٤ بەسەرپەرشتى حاجى حەمەئەمينى عەبدولکەريمى زەردۆيى(گردەناوێى) دروستکراوە، واتە ئەم لە سەرەتاوە هەتا کۆتايى سەرپەرشتى دروستکردنەکەى کردووە. زەوييەکەى موڵکى حەمەبۆرى عەلى باوەکۆچەکى بووە و بەخشيويەتى بە مزگەوت، يەک جار لەلایەن حکومەتەوە نۆژەنکراوەتەوە و فراوانکراوە. يەک نهۆمە، دوو دەروازە و یەک منارەى هەيە. نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. هۆڵى پرسەى هەيە. مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان مەحموود بامۆکى و مامۆستا مەلا محەممەد ئەحمەد سەيد جەميل مامۆستای مزگەوتەکەن.

گوڵەخانە

لە گوندی (گوڵەخانە)دا دوو مزگەوت هەن: ١- ساڵی ١٩٦٠ لەبەردەم گوندەکە و لەسەر کانییەک مزگەوتێک بە بەرد و قوڕ و دار لەلایەن (حاجی مەحموود محەممەد)ەوە دورستکراوە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ لە هەمان شوێن لەسەر ئەرکی (محەممەدی حاجی مەحموود) مزگەوتەکە گەورە کراوە و نۆژەنکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٠ ڕوخێنراوە و مزگەوتی دووەم دروستکراوە‌. ٢- ساڵی ٢٠٠٠ لەناو گوندەکەدا لەلایەن ڕابیتەی ئیسلامییەوە لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە و ئاوی بۆ ڕاکێشاوە. لە ئێستادا کراوەیە و مامۆستا (مەلا محەممەد ڕۆستەم) پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

گوندە

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (گوندە)، ساڵى ١٩٨٧ ‌لەکاتى ڕاگواستنى گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵی ١٩٩٦ لەسەر ئەرکی ڕابیتەی ئیسلامی کورد، دروستکراوەتەوە، یەک نهۆمە و یەک دەروازەی هەیە، منارەی هەیە. نوێژی هەینی تێدا ئەنجامنادرێت، مامۆستای فەرمی نییە.

گۆمەلار

کەوتووەتە باشوری گوندی (گۆمەلار). لەگەڵ بونیادنانی گوندەکەدا لە ساڵی ١٩٥٤ خەڵکی گوندەکە لەسەر ڕووبەری (٨٠م٢) دروستکراوە. ساڵى ١٩٨٧ ‌لەکاتى ڕاگواستنى گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە دروستکراوەتەوە. ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن خێرخوازانەوە نۆژەنکراوەتەوە و فراوانکراوە. لە ئێستادا مامۆستای بۆ دانەمەزراوە.

گێڵەک

کەوتووەتە باشوری گوندی (گێڵەک)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٦٩ لەسەر ئەرکی (حاجی ساڵح گێڵەکی) بە بەرد و قوڕ لەسەر ڕوبەری (٨٠م٢) دروستکراوە. پاش ڕاپەڕین، لەسەر ڕووبەری(٣٥٠م٢) دووبارە مزگەوتەکە دروستکراوەتەوە و گەورە کراوە. لە ئێستادا بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزراوە و نوێژی هەینی تێدا ‌ناکرێت.

لالۆمینەی

کەوتووەتە سەرەتای گوندی (ئەحمەدئاوا). بە (مزگی لالۆ مینە) ناسراوە. حەرەمێکی نوێژکردنی ١٠ بە ١٥م و شوێنی دەستنوێژگرتن و مردووشتنی هەیە. بە بلۆک و چیمەنتۆ و کۆنکرێت دروستکراوە. لەبەرئەوەی لەسەر ڕێگەی گەشتیارییە، زۆرتر ڕێبواران کەڵکی لێدەبینن و هەندێک جاریش پرسەی تێدا دادەنرێت.

لامەرکەزى

کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتى گوندی (لامەرکەزی). ساڵى ١٩٨٢ لەلايەن حکومەتەوە دروستکراوه. ساڵى ١٩٨٧ ‌لەکاتى ڕاگواستنى گوندە سنورییەکاندا ڕوخێنراوە. ساڵى ١٩٩٩ دانيشتوانى گوند بەهاوکارى (هيئة الاغاثە الاسلامية العالمية) دروستيانکردووەتەوە‌. يەک نهۆمە و يەک دەروازە و یەک منارەى هەيە. بە فەرمی پێشنوێژى بۆ دابیننەکراوە، بەڵام نوێژى هەينى تێدا ئەنجامدەدرێت و لە ئێستادا مامۆستا (مەلا جەليل محەممەد عەزيز) وتاربێژى مزگەوتەکەيە‌.

مامۆستا شەماڵ موفتى

کەوتووەتە‌ خواروو گوندى (جەليله). لە قۆناغى بونيادناندايە و لەسەر ئەرکى خێرخوازان دروستدەکرێت. دوو نهۆمه.

مامۆستا مەلا عەبدولکەريمى مودەڕيس

کەوتووەتە‌ گەڕەکى شارەوانى لەناو شاری هەڵەبجە. پێشتر ئەم گەڕەکە بە موجەمەعى عەنەب ناسرابوو، ساڵى ٢٠١٣ لەلايەن خێرخوازێکەوه(حاجى موعتەسەم تەوێڵەيى)‌ دروستکراوە، دروستکردنەکەى نزيکەى سێ بۆ چوار ساڵى خاياندووە. حەوت دەروازەى چوونە ژوورەوەى هەيە، بەڵام هەريەکەيان بۆ مەبەستێک بەکاردێت، دوو نهۆمە، يەک هۆڵى پرسەى پياوانى هەيە، گومەزى هەيە. هەر لە مزگەوتەکەدا بەشى تايبەت بە نوێژخوێنانى ئافرەتانى تێدایە‌. دوو کتێبخانەى هەيە، يەکێکيان تايبەتە بە مەدرەسەی ئايينیى مزگەوتەکە و ئەوى ديکەيان تايبەتە بە پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتەکە. لە سەرەتاوە هەتا ئێستا مامۆستا مەلا فەلاح جەميل جەعفەر پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتەکەيە.

مەتا

کەوتووەتە ناو گوندی (مەتا)وە. ساڵی ٢٠٠٦ لەسەر ئەرکی (حەمەئەمین حامید ڕەشید) لەسەر ڕووبەری (١١٠م٢) دروستکراوە. هەتا ئێستا بە فەرمی مامۆستای بۆ دانەمەزراوە.

مەحوی

کەوتووەتە گەڕەکی (مۆردانە) و لە سەر ڕێگای سەرەکی گوندی (باوەکۆچەک)ە. ساڵی ٢٠١١ لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروستکراوە. زەوییەکەی موڵکی حکومەت بووە. دوونهۆمە و دوو دەروازەی هەیە. منارەی هەیە. ژووری کتێبخانە و هۆڵی هەیە، هۆڵێکی پرسە بە تەنیشت مزگەوتەکەوەیە‌ و بە هەمان ناوەوە دروستکراوە. نوێژی هەینی تێدا ئەنجامدەدرێت. هەتا ئیستا مامۆستای فەرمی بۆ دانەمەزراوە، بەڵام مامۆستا (هیوا محەممەد) بە شێوەی خۆبەخش پێشنوێژ و وتاری هەینی پێشکەشدەکات.

مەدینە

کەوتووەتە‌ خۆرئاوای گوندی (بامۆک) لە نێوان کانیی شێخ و بامۆک. کەوتووەتە سەر کانیی (میروەیس). ساڵی ٢٠١٧ دروستکراوه، زەوییەکەی لەلایەن(حاجی حسەین عەلی عەبدولقادر)ەوە کڕراوە و هەرخۆشی دروستیکردووە، بەڵام تا ئێستا تەواونەکراوە و مامۆستای فەرمی نییە. یەک نهۆمە، منارەیەکی سادەی هەیە، نوێژی هەینی تێدا ناکرێت و پرسەشی لێ دانانرێت.

مەلا صالح

لە سەرەتادا بە (مزگەوتی تازە) و دواتر بە مزگەوتی (کانیعاشقان) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٦ لە گەڕەکی (کانیی عاشقان) دروستکراوە، دواتر ناوەکەی گۆڕاوە بۆ (مزگەوتی مەلا صالح). ناونانەکەی بۆ مامۆستا مەلا صالحی گەورە دەگەڕێتەوه،‌ کە لە سەرەتای دروستکردنی مزگەوتەکەوە هەتا کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئیمام و وتاربێژی مزگەوتەکە بووە. ناوبراو بۆ دروستکردنی حوجرەیەک بۆ فەقێکانی لە بەرانبەر مزگەوتەکەدا، بینایەکی دوو نهۆمی بە خشت و قوڕ دروستکردووە. هەتا ئێستا چەندین جار نۆژەنکراوەتەوه، کە دواجاریان ساڵی ١٩٩٨ بووە. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوی بیر و تۆڕی ئاوی حکومییە. لە ئێستادا نوێژی هەینی تێدا دەکرێت. مامۆستا مەلا سامان وتاربێژی مزگەوتەکەیە.

مەلا عەبدوڵا گوڵپى

ساڵى ١٩٧٦ لەسەر ئەرکى مامۆستا (مەلا عەبدوڵا‌ گوڵپى) دروستکراوە‌. لەو سەردەمەدا خۆى مامۆستاى ئيمام بووە. سەرەتا ناوى مزگەوتەکە ناوى (ئيمامى نەوەو‌ى) بووە. بازاڕى خورماڵ و مزگەوتى گەورەی بەیەکە‌وە بەستووەتەوە‌. لە ساڵانى جەنگى (عێراق – ئێران)ـدا ڕووخاوە. ساڵى ١٩٩١ لە لايەن دەزگاى خێرخوازیى (سەلام)ەوە نۆژەنکراوەتەوە و ڕووبەرەکەى فراوانکراوە. دوو منارە و سێ دەروازەى هەيە. مامۆستاى فەرمی بۆ دانەنراوە. بانگبێژی هەيە، نوێژى هەينى تێدا ناکرێت. سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە ئاوى (گەنجان) و بیرە. ساڵى ٢٠٢٢ لە لايەن مەکتەبى ئيدارە و دارايى گشتیى يەکێتیى نيشتيمانیى کوردستانەوە (هۆڵى حاجى حەيات)ی لێ کراوەتەوە و تايبەت کراوە بە پرسە و بۆنە کۆمەڵايەتيیەکان.

مەلانەزیر

کەوتووەتە سنوری شارەدێی (تەوێڵە) لەسەر ڕێگەی هانەسووسوو - ئاوێسەر. ساڵی ٢٠١٤ بەشێوەیەکی هونەریی دروستکراوە و ساڵێکی خایاندووە. بیرۆکەی دروستکردنەکە هی بنەماڵەکە بووە لەوانە (ئەحمەدی نەزیری، مامۆستا مەلا عوزێر). کەرەسە بەکارهاتووەکانی لە بەردی ناوچەکەن و وەستای شارەزوور دروستیکردووە. شێوە ئەندازەییەکەی بووەتە جێ سەرنجی گەشتیاران. دوو نهۆمە و هەشت منارەی هەیە وەک ئاماژە بۆ دەرگاکانی بەهەشت. ژیاننامەی مەلانەزیر لە دەرەوەی مزگەوتەکە نوسراوەتەوە. نهۆمی خوارەوە لە شێوەی هۆڵێکدایە. سەرئاو و شوێنی دەستنوێژ و نوێژکردنی هەیە. شوێنی تایبەتی پێداویستی ژنانی تێدایە. نهۆمی سەرەوە میحرابێکی تایبەتە و شوێنی نوێژخوێندن و قاسەیەک، کە قورئانە دەستنوسەکەی مەلانەزیری تێدا پارێزراوە. نوێژی هەینی تێدا دەکرێت. لەبەر ئەوەی کەوتوەتە شوێنێکی گەشتیارییەوە خزمەت بە گەشتیاران دەکات.

مەلا وەیسە

ساڵی ١٩٤٦ چەند ماڵێک لە قەدەفەرییەوە دێنە مەلاوەیسە، حەوز و سەرئاو و شوێنی نوێژ چاکدەکەن، ساڵی ١٩٤٧ ساڵی بەفرەکە، بە هەرەوەزی مزگەوت دروستدەکەن و تا ساڵی ١٩٧٨ بەردەوام بووە. حاجی حەمە عارف سەرپەرشتیکردووە و مەلا فایەقی ئێڵانپێ و مەلا عەبدولی نەوێ و مەلا ڕەشیدی وڵەسمتی و مەلا تایر ئاسکۆڵەو مەلا حەسەن چوالە خزمەتیانکردووە. ساڵی ١٩٩٢ بە هەروەزی لە سەر ڕووبەری ١٢٠٠م٢ دروستیدەکەنەوە. کەوتوەتە سەر جوتسایدی هەڵەبجە سلێمانی و شوێنی ئافرەتانی هەیە. مەلا عەبدوڵای پشدەری فراوانیکردووە و مەلا ستار ئێڵانپێی و مەلا خەلیلی بەرکەورگان و مەلا ئەمین سەعید و مەلا دیار و مەلا کەریمی بەردەبەلی خزمەتیانکردووە.

مەولەوی ١

کەوتووەتە گەڕەکی سەرا لە ناو شاری هەڵەبجه له نزیک پارکی گەورەی شاری یاری، لای مەعسکەرە کۆنەکە. ساڵی ٢٠١٢‌ لەلایەن خێرخواز (عومەر یاروەیسی)یەوە لەسەر ڕووبەری (٤٤م٢) دروستکراوە. لە دوو نهۆم و هۆڵ و منارە و گومەز و شوێنی ئافرەتان و مەدرەسە پێکهاتووە.

مەولەوی ٢

کەوتووەتە ناو شارۆچکەی (سیروان). ساڵی ٢٠١٠ دروستکراوە. دوو نهۆمە و لە نهۆمی دووەمدا ستارە و سەرئاو و شوێنی نوێژ بۆ تەراویحی ژنان دروستکراوە. دوای گواستنەوەی وتاری هەینی لە مزگەوتی شارەوانییەوە بۆ مزگەوتی گەورەی سیروان، خەڵکی داوایانکرد وتاری هەینی لێ بخوێنرێت و یەکەم وتار و نوێژی هەینی لە ڕەمەزانی ساڵی ٢٠١١دا تێیداکراوە. لە ئێستادا مامۆستا عومەر عوسمان عەلی پێشنوێژی تێدا دەکات.

مەیدان

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (سەرگەت). زەویەکەی هی سانەکان بووە. ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن خێرخواز (حاجی عارف) و خەڵکی گوندەکەوە دروستکراوە. ڕووبەرەکەی (٦٠٠م٢) زیاترە. ساڵی ٢٠٠١ نۆژەنکراوەتەوە و ١٠ دوکان بە دەوری مزگەوتەکەدا دروستکراوە و کرێکەی بۆ مزگەوتەکەیە. خۆبەخشانە ئەنجومەنی گوندەکە (شێخ مەسعودی شێخ سدیق) وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکەیە.

محەممەد

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (گۆران سيتى) لە خۆرئاواى بەشە ناوخۆييەکانى تايبەت بە خوێندکارانى کچانى زانکۆى هەڵەبجه ‌لە شاری هەڵەبجە. لەسەرەتادا، کە دروستکراوە ناونراوە مزگەوتى (اللهم صلى على محمد وعلى آل‌ سيدنا محمد)، بەڵام دواتر به ‌هەوڵى دانيشتوانى گەڕەکەکە ناوەکەى گۆڕاوە بۆ مزگەوتى (محەممەد). ‌ڕووبەرەکەی (١٥٠ بۆ ٢٠٠م)ە و زەوييەکەى لەلايەن شارەوانى هەڵەبجەوە دابينکراوە. ساڵى ٢٠٢١ لەلايەن خێرخواز (شێخ غەفوور شێخ حەمەئەمين شێخ کەريمى عەبابەيلێ)‌وە دروستکراوە.

پێشتر 1
...
9 10 11 12 دواتر