کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

26 بابەت

حاجی ئەمینی جەڕاح

ناوی سیدامینی سۆفی سەیدحەمەئەمینی سەید مستەفایە. بە پیاوە ئاڵتونییە نورانییەکە، دەلیلی داماوان ناسراوە. ساڵی ١٩١٧ لە سەرشاتە لەدایکبووە. بە گەنجی لەسەر ئاژەڵ دەست بە گرتنەوە و چاککردنەوەی شکاوی و درز و لەجێچووندەکات. پاشان دەبێتە حەکیم و جەڕاحی مرۆڤ و شێخ عوسمان و شیخ عەلادینی بیارە پشتگیری و دوعای سەرکەوتنی بۆ دەکەن. ژیری و زیرەکی دەنگدەداتەوە و لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دێنە لای، چیرۆکی هەندێک چارەسەری وەک موعجیزە و کەرامات بە ناو خەڵکیدا بڵاوە. خۆبەخش و بەخێر کاریکردووە و پاداشت و پارەی وەرنەگرتووە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆچیدواییکردووە و لە زەڕایەن نێژراوە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

ئەستێرە عەلی محەممەد مەحموود

مامان و پزیشکی میللیی ژنان و منداڵانە. ساڵی ١٩٥٠ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. پیشەکەی لە دایک و دەوروبەرەوە وەرگرتووە. لە دوای ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی هەورامان لە ساڵی ١٩٩٤ەوە کاری مامانی کردووە و بە دەم سەدان حاڵەتی لە دایکبوونەوە و چووە. مۆڵەتی فەرمی کارکردنی هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

ئەحمەد عەبدولمحەممەد کەریم

‌ساڵی ١٩٢٠ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. لە گوندى (مەلاوەیسە) و گوندەکانى دەوروپشتییەوە ڕوویان لێکردووە. زۆرتر لە قوڕگ_ئێشە، شکاویى دەست و قاچگرتنەوەدا شارەزابووە. بە درێژایی زیاتر لە ٣٠ ساڵ خزمەتى بە خەڵکى کردووە. لە ئێستادا لە گوندی قەدەفەری دادەنیشێت‌.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

ئەمین ئەفەندی

جولەکەیەکی بەڕەگەز ئەڵمانییە. لە ئەڵمانیا قوتابخانە و کۆلێجی خوێندووە، جگە لە ئەڵمانی، فەڕەنسی و ئینگلیزیشی زانیوە. باوکی لە ئەستەنبوڵ پزیشک بووە و بەهۆی تاوانەوە دەرکراوە و هاتوونەتە بەغداد. ئەمین ئەفەندی و عەلی ئەفەندیی برای، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لە بەغدادەوە هاتوونەتە هەڵەبجە و لەسەردەستی قازیی هەڵەبجە، مسوڵمانبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە. ئەمین ئەفەندی لە ماڵی عوسمان پاشای جاف و عەلی ئەفەندیی براشی چووەتە تەوێڵە و لەلای شێخ عەلی تەوێڵە ماوەتەوە. ئەمین ئەفەندی خۆی کردووە بە پزیشکی تایبەتی عادیلەخانم و ئەو کەرەستانەی وەک داودەرمان بەکاریهێناوە، زۆرتر لەلای دوکاندارە جوولەکەکانی شارەکە دەستیخستووە. ئەم دوو برایە لەناو هەڵەبجەدا زۆرتر بەخەڵکانێکی ناپەسەند و پیلانگێڕ و خراپەکار ناسراون.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

پیرۆز محەمەد نادر

ساڵی ١٩٣٣ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. کاری نۆژداری و پزیشکی کوردەواری و مامانی و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵانی کردووە. لەگەڵ چارەسەرەکانی نەخۆشیی پێست و بەڵەکی و هەوکردن و تینویەتی_کەوتن و ناوک_کەوتن. لە ڕێگەی گیادەرمان و بنێشتەکاڵ و توێکڵە هەنار و چەند گیراوەیەکی تر. خێزاندارە و خاوەنی حەوت منداڵ بووە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

تەیبەی حاجی فەرەج

چارەسەرکاری کوردەوارییە. ناوی (تەیبەی حاجی فەرەجی سلێمانی حەمەچاوەشی شۆڕەبەگ)ـە. ساڵی ١٩١٠ لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. لە بنەماڵەی(سیانزەماڵە)یە. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵی هەبووە. بە شارەزای چارەسەری نەخۆشییەکان بە گژوگیای سروشتی ناسراوە، بە تایبەتی لەو نەخۆشییانەدا، کە پەیوەندی بە منداڵانەوە هەبووه و بێبەرانبەر ئەم کارەی کردووە. ساڵی ٢٠١٢ لە شاری ھەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵان بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

تۆفیق بارام مستەفا

یەکێکە لە پزیشکە میللی و جەراحە بەناوبانگەکانی ناوچەکە. ساڵی ١٨٦٠ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. بە ڕادەیەک شارەزاو لێهاتووبووە کە خەڵکی ئەو بەسەرهاتەی بەناوە دەگێڕنەوە ئەوەی کە (گەورە پزیشکانی بەریتانی و ئێرانی پێی سەرسام بوون و هەوڵیان داوە خەستەخانەی تایبەتی بۆ بکەنەوە و لە شاری سلێمانی موچەی تایبەتی بۆ ببڕنەوە، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە و وتویەتی "خەڵکی خۆمان بەجێناهێڵم". لەبەرئەوەی‌ شانی شکاوی (حەمەمین سانی هەورامی) چاککردووەتەوە و بەو هۆیەوە بۆ چەند ساڵێک دوای ئەوە کاروانی هاوارییەکان بۆ مایدەشت لە باج بەخشراون. مووچەی ئینگلیزەکانی نەویستووه،‌ یەکێکە لە جەنگاوەرانی شەڕی ئەشکەوڵ. غەریبی کوڕی و خەزانی کچی لە کاری جەڕاحیدا لەسەر ڕێگەکە بەردەوامبوون. ١٢١ ساڵ ژیاوە و لە ساڵی١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە کۆچیدوایی کردووە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

حاجی سەعید

ناوی تەواوى (سەعید عەزیز ڕەحمان). ساڵی ١٩٠١ لە گوندی(عاموورە) لەدایکبووە. یەکێک بووە لە پزیشکە میللییەکانی ئەو ناوچەیە. دان_کێشان و کاری جەراحی کردووە. بۆ ساڕێژکردنى برینەکان، دەرمانی کوردەواری بەکارهێناوە و‌ له ‌گوندەکانی دەورەبەری عاموورەوە سەردانیانکردووە. ئەم پیاوە زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەردەوام خزمەتى خەڵکى ناوچەکەى کردووە. ساڵی ١٩٩٧ لە قەزای شارەزوور کۆچیدوایکردووە. لەپاش خۆیشی، کوڕێکی بەناوی حاجی عارف، هەمان کاری باوکی دەکات.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

حەبەخان

ناوی تەواوی حەبیبەخانی ڕۆستەم بەگی یارئەحمەدبەگە. ساڵی ١٩١٠ لە ئاواییی ڕۆستەم بەگ لەدایکبووە. دایکی بڵباسە و باوکی وەڵەدبەگییە. خێزانی حەمەسەعیدبەگی دەرەشیش بووە و حەوت منداڵی هەبووە. شارەزاییەکی زۆری لە نەخۆششیەکاندا هەبووە و لە ڕێگەی دەرمانی کوردەواری و گیای دەرمانییەوە چارەسەریکردوون. لە هەڵەبجە و خورماڵ و هەوراماندا ناوبانگی هەبووە. ساڵی ١٩٨٩ کۆچیدواییکردوە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

حەکیم خوایە

جوولەکەيەکى خەڵکى خۆرهەڵاتى کوردستانە. لە بواری داوودەرماندا شارەزايى هەبووه. لە سەردەمى دەوڵەتى عوسمانيدا له ‌سنورى قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە) کارى پزيشک(تەبیب)ی کردووە و ماوەيەکش پزیشکی تایبەتی ماڵی عادیلەخانم و عو‌سمان پاشاى جاف بووە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

حەمەعەلی عەزیز

ناوی (حەمەعەلى عەزیز مرادخان)ـە. بە (پیاوە دانسازەکە) ناسراوە. ساڵى ١٩١٥ لە گوندی (هانەیدن) لەدایکبووە. لە کاتی نەبوونی پزیشک و نەخۆشخانەکان لە گوندەکاندا، وەک شارەزا و حەکیم ڕۆڵیبینیوە. بە گاز و پلایس و بەبێ بەنج، کاریکردووە. لە ساڵانى شەستەکانەوە دەستیپێکردووە، تاکو کۆتایی ساڵانی حەفتاکان و ڕاگواستنی گوندەکان بەردەوامبووە. جگە لە خەڵکی گوندەکە لە گوندەکانى (سەرگەت) و (دەرەیمەڕ)یشەوە نەخۆش و چارەخواز هاتوونەتە لاى. ساڵى ١٩٨٨ کۆچیدوايیکردووە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

خاتوو مەنیجە

پزیشکی میللی، مامان، ئەستێرەناس و خزمەتگوارە. ناوی (مەنیجە کچی شاکەرەم وەیسی یارئەحمەدی خواکەرەم)ـە. ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی گریانە لەدایکبووە. وەک ئەسترەناسێک لە مانگی ڕەمەزاندا و پشت بە شایەتییەکانی بەستراوە. پیشەی مامانی لە خاتوو عایشەی دایکییەوە بۆ ماوەتەوە. مردووشۆری گوند بووە، سەرگوزەشتە و شیعری میللی زۆری لەبەربووە، دەنگی خۆش بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و گەرچی‌ ١٩ منداڵی بووە، بەڵام تەنها منداڵێکی بۆ ماوەتەوە. ساڵی ١٩٨١ لە شەڕی عێراق و ئێراندا دەستگیرکراوە و ساڵی ١٩٩١ ئازادکراوە. ساڵی ٢٠١٤ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی غەریبان لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

خاوەر محەممەد ئەمین

ساڵی ١٩١٠ لە گوندی (پاڵانیا)ی هەورامان لەدایکبووە. کاری مامانی و بۆنبڕی و فریشک_کەوتن و ناوک_گرتنەوە و مەڵاشو بردنەوە شوێن خۆی و ترس دەرکردن... هتدی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ١٩٨٩ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

خەجێ عەلی

خەجێ عەلی ناسراوە بە خەجێی مامەلی، یەکێکبووە لە پزیشکە میلليیەکانی گوندی (بانیشار)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). خەجێی مامەلی توانیویەتی بەبێ بەنج، بەگازی ڕەش دان هەڵبکێشێت و هەروەها کاری مامانیشی کردووە، زياتر لە ٣٠ ساڵە لە گوندی بانيشار خزمەتى خەڵکەکەى کردووە، تەنانەت لە گوندەکانى (میریسوور، عاموورە، یەڵانپێ، شیرمەڕ) بۆ چارەسەر، سەردانى ئەم ئافرەتەیان کردووە. لەساڵی ١٩٢١ لەدایکبووه،‌ ساڵی ١٩٨٨ کۆچیدواییکردووه.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

شێخ ئەحمەدی ئەحمەدئاوا

پزیشکی میللی و قسەخۆشە. ناوی (ئەحمەد عەلی قادر)ە. لە بنەچەدا لە سەیدەکانی چۆڕ و نەنەی مەریوانن لە خۆرهەڵات، لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوودا لەدایکبووە. قسەزان و چاکەخواز و خانەدان بووە، شارەزایی لە دانکێشان و هەندێک چارەسەردا هەبووە، ئەزمونی ژیانێکی دەوڵەمەندی هەبووە و دەمودوو شیرین بووە، بە شێوازێکی تایبەت چارەسەری زۆربەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کردووە. خێزاندار بووە. دوای ئەوەی کوبرای خوشکی ساڵی ١٩٨٣ کوژراوە، خۆی و خێزانیشی لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا، ساڵی ١٩٨٤ لە شارۆچکەی سیروان کوژراون‌.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

عەبدوڵا‌ حەمەشەریف

ناوی (عەبدوڵا حەمەشەریف وەلید)ه. ساڵی ١٩٠١ لە گوندی (حەسەنئاوا) لەدایکبووە. بەهۆی ئەوەی بۆ بژێوی ژیانی خەریکی کاری ئاژەڵداری بووە، شارەزایی لە چارەسەرکردنی پەلەوەر و ئاژەڵە ماڵی و کێوییەکاندا پەیداکردووە. لەڕێگەی پێدانی دەرمانی کوردەواری بە نەخۆش، نازناوی (حەکیم)یان لێناوە. چوارجار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە گرتنەوەی دەست و قاچی شکاو، لەجێ چووندا، شارەزا بووە و لە ‌گوندەکانی دەوروبەری تەپەکوڕەوە نەخۆش سەردانیکردووە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

عێزەت محەممەد بارام

ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. بە (حاجی عێزەت) ناسراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دە منداڵە. لە شاری هەڵەبجە لە گەڕەکی شارەوانی و نزیک مزگەوتی ئوسامە دادەنیشێت. کاری جوتیاری دەکات و فەرمانبەری خانەنشینە. بە ناوک_گرەوەیەکی شارەزا ناوبانگی ڕۆیشتووە و ئەم پیشەیەی لە باووباپیرانیەوە بۆ ماوەتەوە. لە ناو شاری هەڵەبجە و دەوربەریەوە سەردانیدەکەن. شارەزاییەکەی کردووە بە خێر و بە بێبەرانبەر ئەم کارە ئەنجامدەدات. کاری جوتیاری دەکات و فەرمانبەری خانەنشینە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

فاتمە زۆراب دەرەمەڕی

ساڵی ١٩٠٨ لە گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. کاری مامانی و جەڕاحی کردووە و شارەزایی لە شکاوی و گرتنەوەی قاچ و دەستدا هەبووە. نزیکەی ٦٠ ساڵ خزمەتی خەڵکی گوندەکە و گوندەکانی دەوروپشتی کردووە. دەگێڕنەوه،‌ کە نەشتەرگەی بۆ پەلەوەر کردووە. ‌ساڵی ٢٠١٠ لە شارۆچکەی خورماڵ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

قادر عەبدولوەهاب

خەڵکی گوندی (بیاوێڵە) بووە. ساڵی ١٩٣٧ بۆ ١٩٧٣ ژیاوە. کاری دەرزیلێدان و تەداوی بووە. لە هیچ دامەزراوەیەک و پەیمانگایەکی تەندروستی نەیخوێندووە، بەڵکو بە شێوەیەکی سروشتی فێربووە. لە زۆربەی گوندەکانی چواردەوری بیاوێڵە و بناری شاخی شنروێدا، ئەو کارەی ئەنجامداوە.

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی

قەیوم عەبدولکەریم

قەیوم عەبدولکەریم عەبدولمەجید (ڕووەکناس) ساڵی ١٩٥٦ لە شارۆچکەی تەوێڵە لەدایکبووە، سێ ساڵی سەرەتایی هەر لە تەوێڵە خوێندویەتی، ساڵی ١٩٦٥ هاتوەتە سلێمانی و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی و هەڵەبجە تەواوکردووە، ساڵی ١٩٧٣ چووەتە ئامادەیی بەکرەجۆ و تەواویکردوە. ساڵی ١٩٩٢ دەرمانخانەیەکی گیایی دادەنێت، ساڵی ٢٠١٨ کارگەیەکی بچوکی بەرهەمهێنانی ڕۆنی زەیتونی سروشتی دادەمەزرێنێت، ساڵی ٢٠٠٧ لە وەزارەتی کوشتوکاڵ لە بەشی غاباتی گۆیژە کاردەکات، دواتر لە بەشی توێژینەوەی هەمان وەزارەت بەردەوامدەبێت و بەشی ڕووەکی پزیشکی لە بەشی توێژینەوەی وەزارەت دادەمەزرێنێت، کۆمەڵەی سروشتیناسان دادەمەزرێنێت و ساڵی ٢٠٠٧ دەبێتە سەرنوسەری گۆڤاری (هەگبەی سروشت)، کە زمانحاڵی کۆمەڵەکەیە، ساڵی ٢٠١٢ بڕوانامەی ئەکادیمیای پزیشکیی تەواوکاری زانکۆی حەلوانی بەدەستهێناوە بەرهەمێکی وەرگێڕاوی هەیە بەناوی (زیندەخۆر).

زیاتر بزانە
پزیشکی میللی
1 2 دواتر