ئومێد محەممەد عەلی
ساڵی ١٩٦٧ لە شای هەڵەبجە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی پەیکەری پەیمانگای هونەرەجوانەکانە لە سلێمانی. دوای ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە، گەڕاوەتەوە شارەکەی و وەک مامۆستا لە گوندی (عەنەب) دامەزراوە. بەشداری هەشت پێشانگای هاوبەشی کردووە. حەوت پەیکەری لە شارەکانی کوردستان دانراوە، لەوانە سێ پەیکەری لە شاری هەڵەبجەیە. خاوەنی شەش پەیکەری هاوبەشە لەگەڵ هونەرمەند (دارا حەمەسەعید). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
بەختیار هەڵەبجەیی
ناوی (بەختیار حەمەعەلی)یە. بە (بەختیار هەڵەبجەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خاوەنی چوار پێشانگای تایبەتییە و لە نزیکەی ١٣٠ پێشانگای هاوبەش لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا بەشداریکردووە. جگە لەناو عێراق، کە نزیکەی ٥٠ پەیکەری لە شار و شارۆچکەکاندا خراوەتە ڕوو، لە هەریەک لە وڵاتانی ئێران و تورکیاش چەند پەیکەرێکی دانراوە. بەشداری سەرجەم فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجەی شەهیدی کردووە. خاوەنی زۆرترین پەیکەرە بۆ مەرگەساتی بەناو ئەنفال و لە زۆربەی چالاکییەکانی تایبەت بەو یادە بەشداریکردووە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و وەک بەڕێوەبەری پێشکەوتوو بەردەوامە.
بەرزان زاهیر محەممەد
ناوی (بەرزان زاهیر محەممەد ئەمین)ـە و بە (بەرزان شازە) ناسراوە. ساڵی ١٩٧١ له گوندی (شیرەمەڕ) لەدایکبووه. له ئۆردوگای دەربەند دزڵی دەستی بەکاری هونەری کردووه. یەکەم کاری پەیکەرتاشی (پەیکەری حەزرەتی مەریەم) بووه لە سلێمانی. لەوڵاتی ئێران شەش پەیکەری به ناوەکانی (فیردەوسی شاعیر، ئیبن عەلی سینا، میرزا کوچەکخان، ئەمیر کەبیر، ڕۆستەمی زاڵ، سوهرابی) دروستکردووە لە شاری تاران و شارەکانی تر دانراون. لەسەر داوای شارەوانیی ئەستەنبوڵ سێ پەیکەری له بەردی مەڕمەڕ دوستکردووە. پەیکەری (محەممەد جەواهیری، پادشای لۆلۆیی، هەرسێ شاعیری نالی و سالم و کوردی، ١٥ ئاژەڵە کێوی، سونبولی ڕاپەڕین، مەولەوی، عوسمان هەورامی، مەحموودخانی دزڵی، گۆران، حەمەپاشای جاف) لە نموونەی کارەکانی ئەون و لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم دانراون. دوو پەیکەری لە وڵاتی بەریتانیا دانراون. خاوەنی دەیان خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە. چوار پێشانگای تایبەتی کردووەتەوە و لە ٨٩ پێشانگای هاوبەشیشدا بەشداریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.
حامید ئەحمەد سادق
ناوی (حامید ئەحمەد سادق حەمەئەمین)ـە. ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. کۆلێژی هونەری لە زانکۆی سلێمانی و ماستەری لە زانکۆی تاران تەواوکردووە. لە دەیان پێشانگا و پڕۆژەی هونەری هاوبەشدا بەشداربووە، لەوانە: پێشانگای شێوەکارانی هەڵەبجە چەند ساڵێک، ١٨ شێوەکاری هەڵەبجە لە مۆزەخانەی سلێمانی، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، شێوەکارانی پارێزگاکان، ئەنفال لە یادکردنەوە بۆ بیرلێکردنەوە، فیستیڤاڵەکانی پەیمانگای هونەرەجوانەکان، هاوخەمی هەڵەبجە بۆ ئەنفال، دیکۆمێنت و فۆتۆگراف. دروستکەری پەیکەری دانیاڵ میتێرانە، کە لە باخچەی شارەوانیی هەڵەبجەدایە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئێستادا مامۆستای هونەرە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجه.
سیروان عوسمان عەلی
خۆشنوس و پەیکەرسازە. بە سیروان هەڵەبجەیی ناسراوە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی تەواوکردووە. بە سەرپەرشتی هونەرمەند دارا حەمەسەعید بەشداری لە پەیکەری مەولەوی و پیرەمێرد لە دیواربەندی بەردەرکی سەرای سلێمانیدا کردووە. ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ (کۆسار ئەحمەد غوڵام، ئەیوب عیزەت، عەبدولڕەحمان محەممەد)دا بەشداری لە دروستکردنی پەیکەری (پێنج ئەسپ) وەک ڕەمزی پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجەدا کردووە. خاوەنی چەندین پەیکەری دانراوە لە شاری هەڵەبجە. لەوانە (عومەری خاوەر، کوردی ئاشتی خواز، ئاوارە بوون). بەشداری زۆربەی فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجەی کردووە. لە ١١ پێشانگای هاوبەشدا بەشداریکردووە. ساڵی ١٩٩٣ پێشانگای تایبەتی خۆی لە هەڵەبجە کردووەتەوە. ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
شوان کەمال عەلی
ساڵی ١٩٦٧ لە سلێمانی لەدایکبووە. بەشی پەیکەرسازی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە سلێمانی خوێندووە. ساڵی ١٩٩١ بەکالۆریۆسی لە هونەری پەیکەرسازی ئەکادیمیای هونەری زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە و ماستەری لە هونەری شێوەکاری لە ستۆکهۆڵم وەرگرتووە. سەرەتای کاری هونەری لە هەڵەبجەوە بە دروستکردنی پەیکەری ڕوناکیی شار(تۆفیقی کارەبا) لەگەڵ هونەرمەند (کۆسار ئەحمەد غوڵام)دا بووە. چەند پەیکەرێکی لە شاری سلێمانی و هەولێر دانراون. کۆمەڵێک کاری مێژوویی لە ئەوروپا دروستکردووە و لە گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکاندا دانراون. بەشێوەیەکی تەعبیری و تراجیدی لە ئەڵمانیا پەیکەرێکی بۆ شەهید (عومەری خاوەر) دروستکردووە و بە برۆنز و ئەلەمنیۆم دایڕشتووە لە پێشانگاکانی سلێمانی و هەولێر نمایشیکردوون و خەڵاتی لەسەر وەرگرتوون. ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی ئەڵمانیا و هونەرمەندانی مەلەکی سوید و هونەرمەندانی هەرێمی مالمۆ و سەندیکای پەیکەرسازانی جیهانییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. بێجگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و ئەڵمانی و سویدی دەزانێت. لە ئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی.