کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

27 بابەت

عوسمان کەریم عارف

ناوى تەواوى (عوسمان کەریم عارف)ە لە ساڵى ١٩٣٢ لە گوندى پریسى سەرووى ناوچەى نەورۆڵى لەدایکبووە. ساڵى ١٩٧٦ کۆلێژى یاسا و ڕامیارى زانکۆى موستەنسیرییەى بەغدادى تەواوکردووە. عوسمانى کەریم عارف خاوەنى دوو هاوسەر و چواردە منداڵ بووە. لە ماوەى ژیانیدا چەندین پۆستى گرنگى بەدەستهێناوە و دواتر بە پلەى ڕاویژکارى وەزیرى دارایى و ئابوریى حکومەتى هەرێمى کوردستان خانەنشین کراوە. لە ساڵى ٢٠١٢ بە سەرپەرشتیى هاوسەرکەى (بەهێ قادر) تەواوکردنى هەیکەلى (مزگەوتى ئیمام ئەحمەد) و هۆڵێکى پرسەیان لە ناو مزگەوتەکە گرتەئەستۆ، کە هۆڵى مزگەوتەکە بە ناوى (هۆڵى عوسمانى کەریم عارف)ەوە ناونراوە. حاجى عوسمان لە ساڵى ٢٠١٤ بەهۆى نەخۆشییەوە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى سەیوانى یەک لە شارى سلێمانى بە خاکسپێردراوە.

مام براخاس هاواری

کەسایەتییەکی خزمەتگوزار و زیرەکی هاوارە. ناوی (براخاس نادر ئیبراهیم)ـە. لە هۆزی پیرسمایلییەکانە. لە خێزانێکی کاکەیی لە ساڵی ١٨٩٠ لە هاوار لەدایکبووە. چەندین هەتیوی بەخێوکردووە. دوو ژنی هێناوە و نەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە. لەوانە مام وریا. ئەو کاتەی ماڵی لە هەڵەبجە دەبێت لەبەر زیرەکی، حامید بەگ دەیکاتە سەرکاری خۆی. لە هەڵسوکەوتی بەگەکان و کاروباری میریی شارەزایی پەیدادەکات و داوای کردنەوەی قوتابخانە بۆ هاوار دەکات. ساڵی ١٩٥٣ دەتوانێت ببێتە هۆکاری کردنەوەی قوتابخانە. دەوترێت هێندە میواندار بووە شەوی وا هەبووە خۆی بۆ خەوتن چووەتە ماڵە دراوسێ. ساڵی ١٩٦٧ کۆچیدواییکردووە.

مەهدی شێخ عارف

ناوی مەهدی حەمەعارف محمد غەفورە، ساڵی ١٩٤٨ لە تاوێرە لەدایکبووە، لە تەوێڵە خراوەتە بەر خوێندن، سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و سلێمانی و تەواوکردووە. لەساڵی ١٩٦٩-١٩٧٠ پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی شۆڕشی لە چۆمان و ساڵی ١٩٧٩-١٩٨٠ بەشی شەشی وێژەیی خوێندووە. خێزاندارە و خاوەنی ١٠ منداڵە، باوکی مامۆستا ئەحمەدی دامەزرێنەری کۆلێژی تورکیی کوڕان و کچانی هەڵەبجەیە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٠٢ بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی هەڵەبجە هەڵبژێردراوە. مزگەوتی شێخ عارفی تاوێرەی لە گەڕەکی شەهید فاتح لەسەر ئەرکی خۆی کردووەتەوە. خانەنشینە و لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

موعتەسەم مەحموود مەحموود

سەرمایەدار و دەوڵەمەندە. بە (حاجی موعتەسەم) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی پیشەسازی لە سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. چەند پڕۆژەیەکی تایبەتی لە تەوێڵە ئەنجامداوە و دەستی چەندین نەدار و قوتابی گرتووە. لە نمونەی کارە خێرخوازییەکانی: دروستکردنی مزگەوتی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لە هەڵەبجە، دروستکردنی بینایەکی سێ نهۆمی لە گەڕەکی وەراوەر، نوێژگە و شوێنی دەستنوێژگرتن و ئاودەستی تایبەت بە ئافرەتان لە پشتی مزگەوتی گەورەی تەوێڵە. هاوکاری هۆڵی پرسەی تەوێڵەییەکان لە سەیوانی دوو، دەستگرۆیی چەند خێزانیکی کەم دەرامەت و خوێندکارانی زانکۆ.

هۆشیار بیاوێڵەیی

دیارترین مین_هەڵگرەوەی کوردستانە، بە هۆشیاری مین ناسراوە. ناوی تەواوی هوشیار عەلی عەبدولحەسەنە. ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی بیاوێڵە لەدایکبووە. وەرزشەوان بووە و خێراترین یاریزانی ڕاکردن بووە و یاری بۆ گوندەکەی کردووە. بووەتە پێشمەرگە، دوای ڕاپەڕین لە ئاوەدان کردنەوە و پاککردنەوەی کوردستان لە مین، ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە و گەلێک ناوچەی بە تەواوی پاککردووەتەوە و ژیانی هەزاران خەڵکی ڕزگارکردووە. ٣٢ ساڵە وەک خۆبەخش کاری مین_هەڵگرتنەوە و پوچەڵکردنەوەیان دەکات و بە ملیۆن مین و بۆمبی پوچەڵ کردووەتەوە. ١٦٠ تەرمی لە کێڵگەی مینەکان دەرهێناوەتەوە و ڕادەستی کەسوکاریانی کردوونەتەوە. لەو پێناوەدا قاچەکانی لەدەستداوە، سەردانی یابانی کردووە، لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لادێکان بۆ مین و تەقەمەنی لە ڕێگەی قوتابخانەکانەوە، کۆششیکردووە و وانەی وتوەتەوە. ئەو بۆمب و مین و تەقەمەنیانەی کوردستانیان پێ کاولکراوە و دوای پوچەڵکردنەوەیان وەک مۆزەخانە لە گوندەکەیدا دایناون و بوونەتە جێی سەرنج و کەرەستەی دیکۆمێنتی. میدیای ناوخۆ و دەرەوە بایەخیانپێداوە. دەیان وێنەی بەڵگەنامەیی و ئەرشیفی لە کێڵگە و ناوچە مینڕێژکراوەکاندا هەیە و چەندینجار هەواڵی مردنی بڵاوبووەتەوە و پرسەی بۆ دانراوە و لە حەوت شوێن گۆڕی بۆ هەڵکەندراوە. قوتابخانە و مزگەوت و گوند و مەرزی نێودەوڵەتی و نەخۆشخانە و بنکەی پۆلیسی بە ناوەوە کراوە. کتێب لەسەر ژیانی نوسراوە و گەلێک فلیم و شانۆ لەسەر ژیانی بەرهەمهێنراوە و پەیکەری بۆ کراوە. خاوەنی ئۆتۆمبێلی تایبەتە، کە وێنە و لۆگۆی مینی لەسەرە و لە هەموو شوێنێک دەناسرێتەوە و یەکەم کەسە ژمارەی سەیارەکەی بە کوردستان/هەڵەبجە و ژمارە یەک نەخشاندووە. خێزاندارە و خاوەنی شەش منداڵە، لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

هۆشمەند یار ئەحمەد ئەفراسیاو بەگ

کەسایەتیی دیار و دەمڕاستی گوندەکانی (بنجۆی دڕە) و (زەردەهاڵ)ـە. کوڕەزای سالار ئەفراسیاوبەگی هەورامانە. ساڵی ١٩٥٢ لەدایکبووە، قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. چەند کارێکی خێرخوازیی ئەنجامداوە، لەوانە: بەخشینی دوو دۆنم بە یاریگای تاتانی زەردەهاڵ، هاوکار بووە لە دابینکردنی نزیکەی دوو دۆنم و نیو زەوی بۆ گۆڕستان. لە ئێستادا لە ئەنجومەنێکی تایبەتدایە بە خزمەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەڵەبجە و هەورامان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە.

هێرۆ وەکیل جەعفەر

چالاکوانی ژینگەیە. خەڵکی بەڵخەی هەورامانە. ساڵی ١٩٨٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە. لە دامەزراندنی چەند ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژینگە و مافی ژناندا ڕۆڵی هەبووە و هەلیکاری بۆ چەندین گەنجی شاری هەڵەبجە ڕەخساندووە. خاوەنی چەندین پڕۆژەی ژینگەیه،‌ لەوانە: سەنتەرەکانی دووبارە بەکارهێنانەوە و دروستکردنی تورەکەی خام لەبری عەلاگە و پلاستیک و سەوزکردنی پارک. بە هاوکاری چەند ڕێکخراوێک لە شارەوانی، پارچەیەک زەوییان وەرگرتووە و کردوویانە بە باخچە و پارک. سەرپەرشتی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە مافی ژن و پاراستنی ژینگەی کردووە. وەک ڕێکخراوی نوێ، خەڵاتی ڕووناکیی نوێیان داناوە بۆ چالاکوانانی خزمەت بە کەیسی ژنان. بەشداری چەندین هەڵمەتی نەمام_ناشتن و کۆرس و کۆڕی مافەکانی ژنان و هۆشیاری کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئێستادا بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نوێیە بۆ ژینگە و مافەکانی ژنان. براوەی خەڵاتی جیهانیی ژنی پاڵەوانی مافەکانی ژینگەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٣، کە لەلایەن سەنتەری جنێف بۆ مافەکانی مرۆڤ دابینکراوە.

پێشتر 1 2