بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی لە کیمیابارانی ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بووە، ساڵی ١٩٨٨ لە (کرمان) لەدایکبووە. قۆناغەکانی خوێندنی بڕیوە و ساڵی ٢٠٠٧ بەشی کۆمەڵایەتیی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایای هەولێری تەواوکردووە. ١٦ ساڵ وەک مامۆستا لە کەرتی پەروەردە خزمەتیکردووە. ئەندامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی مامۆستایانە. لە بوارەکانی ئافرەتان و توندوتیژی دژی ئافرەتان، بەشداری چەندین خول و وۆرکشۆپ و سیمیناری کردووە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤ لەسەر بازنەی پارێزگای هەڵەبجه، بووە بە ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
نوسەر و پەرلەمانتار و ئەکادیمییە. ناوى (سەباح محەممەد نەجيب بەرزنجى)يە، ساڵی ١٩٦٨ لەدایکبووە. لە شارى مەريوان بڕوانامەی دبلۆمی بەدەستهێناوە. هاوشانى خوێندن لە قوتابخانە حکومییەکان، زانستە ئیسلامییەکانی لەلای باوکی و بەشێک لە مامۆستایانی تر خوێندووه. ساڵى ١٩٩٣ لە زانکۆى تاران بەشى شەريعەی تەواوکردووە. ساڵى ١٩٩٦ بڕوانامەى ماستەری له هەمان زانکۆ وەرگرتووە. ساڵى ٢٠٠١ دکتۆرای بەدەستهێناوە. له زانکۆى سلێمانى مامۆستا بووه و ساڵى ٢٠١٩ پلەى (پڕۆفيسۆر)ی وەرگرتووە. سەرپەرشتى چەندان نامەى ماجستێر و تێزى دکتۆراى کردووە. ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٤ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووه. سەرۆکى (سەنتەرى زەهاوى بۆ لێکۆڵينەوەى فيکرى) و سەرۆکى (کۆمەڵەى بانگەواز و ڕوناکبيريى ئيسلامى کوردستان) بووە. لە بوارى نوسين و ڕۆژنامەوانيیەوە ئەندامى دەستەى نوسەرانى (گۆڤارى ئاسۆى ئيسلام و گۆڤارى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆيى) بووە و سەرنوسەرى گۆڤارى (ڕوناکبير) بووە. زياتر لە ٣٠ ڕۆژنامە و گۆڤاردا وتار و لێکۆڵينەوەى بڵاوکراوەتەوە. لە گرنگترين کتێبە چاپکراوەکانى (سێ گۆشەنيگا، چەند نيگايەک بۆ هزرى ئيسلامى، گەشەسەندنى فيقهى ئيسلامى، لە ئيحرامى ئەدەبدا، بنەماکانى فيقهى ئيسلامى، چەمکى ئەنفال له فەرهەنگ و مێژووى ئيسلامدا، ڕەمەزان فێرگەى قورئان وپەروەردەى مرۆڤ، المقولات العشر، اهم الفرق الاسلامية، الخلاصة في علم المنطق، محاضرات في تأريخ الفقه الاسلامي، ظاهرة الارهاب وضرورة الحد منها، القلب في القران). وەرگێڕانەکانى بۆ زمانى کوردى (مرۆڤ لە نێوان دوو شەريعەتدا، شەرحى گوڵشەنى ڕاز، تەوحيد و ناوەڕۆکى لە هزرو ژياندا، مەکتوبات).
ناوی (سەبريە غەفار ئەمین سلێمان بەگ)ـە. ساڵى ١٩٦٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگاى پزیشکی لە سلێمانى خوێندووە و دواتر کۆلێژى زانستە ڕامیارییەکانی تەواوکردووە. ژیانى هاوسەریى پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ساڵى (١٩٨٣)ەوە پەیوەندیى بە ڕێکخستن و کارى سیاسییەوە کردووە و چەند بەرپرسیارێتییەکی وەرگرتووە. ئەندامی خولى دووەمى پەلەمانى کوردستان بووە. وەک چالاکەوانێک گرنگی بە بابەتە فیکرییەکانی بواری ژنان دەدات.
ناوی (سەردار ڕەشید محەممەد ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٥٧ لەدایکبووه. لە قوتابخانە و گوندی (عەبابەیلێ) خراوەتەبەر خوێندن و لە هەڵەبجە درێژەی بە خوێندن داوە. ساڵى ١٩٧٢ کاری سیاسی و ڕێکخراوەیى دەستپێکردووە. ساڵی ١٩٧٤ خولێکى سەربازى لە (حاجی هۆمەران) تەواوکردووە و بووە بە پێشمەرگە. پاش نسکۆ لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە و پەيوەندیکردووە بە ڕێکخستنەکانی (کۆمەڵە)وه. بە هۆکاری سیاسی دەستگيرکراوە و پاش نزیکەی (سێ) ساڵ بە (لێبوردنی گشتی) ئازادکراوه. ساڵی ١٩٨٦ بۆ مانگی نۆ دەستگیرکراوەتەوە. بەر کيميابارانى هەڵەبجە کەوتووە و چووەتە ئێران و ساڵی ١٩٩٠ گەڕاوەتەوە کوردستان. بەشداری ڕاپەڕینی کردووە و پلەکانی ڕێکخستنی بڕیوە. ساڵی ١٩٩٩ سەرۆکی (سەندیکای کرێکارانی کوردستان) بووە. لە چەند خول و کۆنگرەیەکدا لە دەرەوەی وڵات بەشداربووە. ساڵى ٢٠٠٩ بووە بە ئەندامی پەرلەمانى کوردستان خولی (سێيەم).
ياساناس، لێکۆڵەرى دادوەريى و ئەندام پەڕلەمانە. ڕۆژى ١ی ٥ی ١٩٧٥ لە هەڵەبجە لەدايکبووە، ساڵى ١٩٩٨ بروانامەى بەکالۆريۆسى لە ياسادا لە زانکۆى سەڵاحەدين بەدەستهێناوە، ساڵى ١٩٩٩ وەک ياريدەدەرى تێبينەر لە وەزارەتى ئەوقاف دامەزراوە، دواتر ميلاکى گواستووەتەوە بۆ وەزارەتى داد و بووە بە ياريدەدەرى دادوەر لە دادگاى بەرايى هەڵەبجە، دواتر بووە بە لێکۆڵەرەوەى دادوەرى لە هەمان دادگا. ئەندامە لە ژمارەيەک ڕێکخراو، لەوانە ڕێکخراوى مافپەروەرانى کوردستان و ڕێکخراوى خێرخوازى بەختەوەر و دەستەى ياساناسانى هەڵەبجە و ئەندامى دامەزرێنەرانى ڕێکخراوى (عاديلەخانم) بۆ بابەتەکانى تايبەت بە ئافرەتان. خاوەنى ژمارەيەک وتار و نوسينە لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردييەکان، چەند ساڵێک لە دادگاى هەڵەبجە لێکۆڵەرەوەى دادوەر بووە. ئەندامی خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستانە. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى چوار منداڵە.
ژيانى لاوێتى لە هەورامان و گوندی بەڵخە بەسەربردووە، لە بەگزادەکانی (لهۆن)ـە. ساڵی ١٩٦٥ لەدایکبووە، قۆناغەکانى سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە گوندی (بەڵخەی) هەورامان تەواوکردووە. ساڵى ١٩٩٣ کۆلێژى زانست (بەشى فيزيک)ى لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە. لە دواناوەندیی (شوانی تێکەڵاو) مامۆستا بووە. ساڵى ١٩٨٢ کاری سیاسی دەستپێکردووه، تا ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و یاریدەری ئەمینداری گشتیی (یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان) پلەی بڕیوە. ساڵی ٢٠٠٩ ئەندامی پەرلەمانی کوردستا بووە. دەيان بابەتى لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە و ئەندامی دەستەی نوسەرانی (گۆڤاری هەژان)بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.
فەرماندەی سەربازی، پەرلەمانتار و نوسەرە. ناوى (شەوکەت حاجی موشیر حاجی محەممەد مەحموود)ه. ساڵى ١٩٥٧ لە گوندى (تەپى سەفا)ى ناوچەى شارەزوور لەدایکبووە. ماوەيەک لە مزگەوت خوێندوويەتى. قۆناغى سەرەتايى لە شاردەێی (سيروان) و قۆناغى ناوەنديى و پۆلى چوارى ئامادەيى لە هەڵەبجە تەواوکردووه. وازى لە خويندن هێناوە و پەيوەندیکردووە به هێزى پێشمەرگەوە. ساڵى ١٩٦٩ کراوە بە جێگرى لێپرسراوى بەتاليۆنى پێباز. ژيانى هاوسەرگيرى پێکهێناوە و بە کەسابەتەوە خەريکبووە. ساڵى ١٩٧٦دا لەسەر بڕيارى کۆمەڵە لەگەڵ شەش هاوڕێى ديکەیدا، يەکەمين مەفرەزەى چەکداریى شۆڕشى نوێ لەناوچەکەدا دروستدەکەن. ساڵى ١٩٨٠ کراوە بە فەرماندەى هەرێمى ٩ى بەمۆ. ساڵى ١٩٨١ کراوە بە فەرماندەى تيپى هەورامان. لە کۆنفرانسی یەکدا بە ئەندامى سەرکردايەتى هەڵبژيرراوە. چەندین پلەی حیزبی سیاسی و سەربازی پێسپێردراوە. لەکاتی ڕزگارکردنی هەڵەبجە و کاتى ڕاپەرينى ساڵى ١٩٩١دا بەشدارى کارای کردووە. ساڵى ١٩٩٢ بە ئەندامى پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێرراوە. ساڵى ١٩٩٧ کراوە بە لێپرسراوى مەڵبەندى نۆى شارەزوور لە هەڵەبجه. دەستی نوسینی هەبووە و چەند بەرهەمێکی چاپکراوى هەیە، لەوانە (کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری ١٩٨٨، هەڵەبجە دوژمنانی کورد ڕسوا ئەکات). ساڵى ٢٠٠٣ لەکاتی گفتوگۆ لەگەڵ بەرەیەکی دیاریکراوی شەڕی بەرانبەر بە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لە گوندى (گامێش تەپە)ى ناوچەى شارەزوور لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا شەهيدکران.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە. ساڵی ١٩٥٦ لە شاری (ھەڵەبجە) لەدایکبووە. باوکی بادینییە و خەڵکی ئەتروشە و لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ھەڵەبجە فەرمانبەر بووە. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازەی شارستانیدا هەیە. وەک ئەندازیار سەرپەرشتی زۆرێک لە دروستکردنی خوێندنگەکانی ئۆردوگاکانی زەمەقی، عەنەب، خورماڵ و سیروانی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ڕۆڵی هەبووە لە ڕاپەڕاندنی بەشە ناوخۆیی پەیمانگای تەکنیکیی کشتوکاڵ لە دەروازەی شار لە ھەڵەبجە. ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٣ لە ڕێکخراوی ھابیتاتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئەندازیار کاریکردووە، ساڵی ٢٠٠٥ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێوەبەری گشتیی ئەندازیاریی بووە. لە خولی سێیەمی ٢٠٠٩، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە.
پەرلەمانتارە. ناوی (موحسین کوڕی شێخ خالدی کوڕی شێخ مستەفای موفتی کوڕی شێخ مەحموودی قازی کوڕی شێخ عەبدوڵای خەرپانی)یە و نازناوی (ئەحسەن)ـە. ساڵی ١٩٦٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. براوەتە بەر خوێندنی ئایینی و لای باوکی خوێندویەتی. ئامادەیی دراساتی ئیسلامی لە هەڵەبجە و ساڵی شەشەمی لە پەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی تەواوکردووە. دەرچووی کۆلێژی شەریعەی زانکۆی بەغدادە. لای باوکی و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ئیجازەی عیلمی وەرگرتووە. پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی عومەر بووە لە سلێمانی. مەدرەسی ئەهلی شێخ عەبدوڵای خەرپانی دامەزراندووە. لە خانەقاکانی بەغداد و ئەستەنبوڵ لە خزمەت شێخ عوسماندا بووە و مۆڵەتی وانەوتنەوەی پێداوە. لە کۆنگرەی دووەمی زانایاندا ١٩٩١، یەکەم دەنگی هیناوە و سێ خول سەرۆکی یەکێتیی زانایان بووە. لە خولی یەکەمی پەرلەماندا ئەندام بووە و سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی بووە. خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەری گۆڤارەکانی (دەنگی زانا، پەیڕەوانی تەریقەت و پەیڕەو) بووە. مزگەوتی مەلانا خالد و مەدرەسەی زانستی و پەروەردەیی شێخ عەبدوڵای خەرپانی لە هەولێر دروستکرووە. خاوەنی ٢٣ بەرهەمی چاپکراوە. لەوانە (گەوهەری حەقیقەت ١١ بەرگ، گوڵزاری فەنایی، هەوارگەی دڵ، پیری نورانی).
ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی نارنجڵە لەدایکبووە. کۆلێژی کشتوکاڵی لە زانکۆی سەڵاحەدین ساڵی ١٩٨٦ و کارگێڕی زانکۆی کلیمنتی بەریتانی ٢٠٠٧ تەواوکردووە. ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوی ئیسلامی، یەکبوون، کۆمەڵی دادگەری کوردستان بووە. لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستاندا ساڵی ٢٠٠٦-٢٠٠٩ بووەتە ئەندامی پەرلەمان. لێپرسراوی ڕێکخراوی (چاک)ە بۆ کاری خێرخوازی. خێزاندارە و لە خورماڵ نیشتەجێیە.
بە شێخ عەفان نەقشبەندی ناسراوە. ساڵی ١٩٣٨ لە باخەکۆن لەدایکبووە. پێش لە دایکبوونی، باوکی کۆچیدواییکردووە و لای شێخ حسامەدینی باپیری بووە. دەرچووی خانەی مامۆستایانی سلێمانییە. پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە و متمانەی مامۆستایانی بەدەستهێناوە. دوای نسکۆ دوورخراوەتەوە و ساڵی ١٩٨٠ گەڕاوەتەوە سلێمانی. دوای ڕاپەڕین دژی شەڕی ناوخۆ لە بینای پەرلەمان ماوەتەوە. لە دوو ئیدارەییدا سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان بووە و کاروباری وەزارەتی پەروەردەی بەڕێوەبردووە. ڕۆڵی هەبووە لە یەکگرتنەوەی یەکێتییەکە. ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بووە. خێزاندارە و خاوەنی شەش منداڵە. ساڵی ٢٠١٠ کۆچیدواییکردووە.
پەرلەمانتار، ئەندازیار، نوسەرە. ناوی (عومەر عینایت حەمەسەعید)ە و بە (عومەری حاجی عنایت هەڵەبجەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵى ١٩٧٦ بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە ئەندازیاریی شارستانی و ساڵى ١٩٧٨ دیبلۆمی باڵای لە بواری ئەندازیاریی ڕێگاوبان و پرد لە زانکۆی سلێمانی وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ساڵانی ١٩٧٨ بۆ ١٩٧٩ لە ئیدارەی خۆجێيی سلێمانی، ١٩٧٩ بۆ ١٩٨١ لە شارەوانیی هەڵەبجه و ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٨ لە کارگەی ئەسفەڵتی شارەوانیيەکانی سلێمانی، ئەندازیار بووە و ساڵانى ١٩٨١ بۆ ١٩٨٥ بەڕێوەبەری شارەوانیی هەڵەبجە بووە. پاش کيميابارانى هەڵەبجە ئاوارەى ئێران بووە و لە گەڕانەوەدا، خۆيی و هاوسەر و منداڵەکان و باوک و دایک و چوار خوشکى، بەر پڕۆسەی ئەنفال کەوتوون و تا لە ٢٤ی ٩ی ١٩٨٨ لە زیندان ماونەتەوە. بە ماوەی جیاجیا لەگەڵ: شارەوانیيەکانی سلێمانی، ڕێکخراوی (UN-FAO)، ڕێکخراوی (UN-Habitat)، کاریکردووە. ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠٠٨ بەڕێوەبەری گشتی بووە لە دەزگای وەبەرهێنان، ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٨ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە. سەرپەرشتی و جێبەجێکار و دیزاینی سەدان پڕۆژەی بۆ سنورەکە کردووه، لەوانە: سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاوی گەنجانی (خورماڵ - هەڵەبجە) ١٩٧٩، خاوەنى بیرۆکە و دیزاین و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی سەرچاوەی (زەڵم - هەڵەبجه) ساڵی ١٩٩٤، بەشداریی سەرەکی لە پاککردنەوەی شاری هەڵەبجەدا کردووە. سەرۆکی ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجه بووە لە نێوان ساڵانى ١٩٩١ بۆ ١٩٩٥، گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و هەنگاوی یەکەم لە ڕێی ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە. خاوەنی بیرۆکەی دروستکردنی ڕێگای نێوان سەرای سوبحان ئاغا - هەڵەبجه (لە زەڵمی کۆنەوە)یە. هەشت کتێبی بەچاپ گەیاندووە: (هەڵەبجە نوێژی منە ١٩٩٣، شۆڕگێڕانی شاخ و بازرگانەکانی شار ٢٠١٤، ڕۆمانی من و شارەکەم/ سێ بەرگ، ئاژاری من...هتد). هەروەها بابەتی لە ڕۆژنامه و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە. لەبوارى وەرزشيشدا، سەرۆک و ياريزانێکى ديارى تيپى تۆپیپێى بێستون بووە، کە لە شەستەکان و حەفتاکانى سەدەى ڕابردوودا، یەکێک بووە لە باشترین تیپەکانى هەڵەبجه.
پەرلەمانتار، نوسەر و لێکۆڵەرە. ناوی (عومەر عەبدولعەزیز مەلا بەهادین)ـە. ساڵی ١٩٥٨ لە گوندی تەپەکوڕە لەدایکبووە، سەرەتا لای باوکی خوێندنی ئاینی دەسپێکردووە، لە سلێمانی درێژەی بە خوێندن داوە، ساڵی ١٩٧٥ پەیمانگای ئیسلامی سلێمانی تەواودەکات، ساڵی ١٩٧٩ کۆلێژی ئیمام ئەعەزەم لە زانکۆی بەغدا دەخوێنێت، ساڵی ١٩٨٠ چووەتە خۆرهەڵاتی کوردستان لە ئێران و دە ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە، ساڵی ٢٠٠٨ بڕوانامەی ماستەر لە وڵاتی لوبنان و ساڵی ٢٠١٢ لە هەمان زانکۆ بڕوانامەی دکتۆرا بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٤ ڕێخراوێکی ناحوکمی بە ناوی (ڕێکخراوی زانست) دامەزراندووە. ئەندامی دامەزرێنەر بووە لە شورای مەرکەزیی ئەهلی سوننەت، ڕابیتەی ئیسلامی کورد، کۆمەڵەی نوسەرانی ئیسلامی کوردستان، یەکێتی زانایانی ئیسلامیی جیهانی موسوڵمان، ڕێکخراوی یانەی جیهانی بیری میانڕەو. ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان بووە. سەرنوسەری گۆڤاری (نداء الغریب) بووە. ساڵی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٤ لە سلێمانی سەرنوسەری یەکگرتوو بووە. زیاتر لە پەنجا کتێبی بە زمانی کوردی و عەرەبی نوسیوە، لەوانە: چەند لاپەڕەیەکی لاخراو لە ژیانی پێشەوا قازی محەممەد، خەباتی کورد و ڕەهەندی ئیسلامی، القضیة الکردیة والمؤامرات الدولیة، الفئة الشبابیة في ظل العولمة. لە ئێستادا لە شاری سلێمانی دەژی.
ناوی (عومەر عەبدوڵا فەتاح)ـە. ساڵی ١٩٧٧ لە ناوچەی (هەورامان)ی سەر بە هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ئابوری و کارگێڕیدا و ماستەری لە بەڕێوەبردندا هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. بۆ ماوەی یازدە ساڵ لە چەند زانکۆیەکی هەرێمی کوردستاندا وانەی وتووەتەوە. ئەندامی خولی پێنجەم و شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بووه. ساڵی ٢٠١٥ بووە بە بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی و تا ساڵی ٢٠٢٠ بەردەوامبووە. دوو پەرتوکی چاپکراوە بە ناونیشانی (گەندەڵی، کەیوان) خاوەنی چەندین وتاری ڕۆژنامەوانییە.
ناوی (فازیل محەممەد قادر)ە. ساڵی ١٩٥٨ لە گوندى (بەشارەت)ى سەر بە شارۆچکەى (سيروان) لەدایکبووە. لەعەشيرەتى (نەورۆڵى)یە. تا قۆناغی (ناوەندى) خوێندووە. ساڵی ١٩٧٨ بووە بە پێشمەرگە، چەندین پلەی سەربازی و ڕێکخستنی وەرگرتووە و دواجار بووە بە ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سیازدە منداڵە. کتێبی بیرەوەرییەکانی بە ناونیشانی (ئاوا ژیام بۆ نیشتمان) بە چاپ گەیاندووە.
ساڵى ١٩٥٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە (هەڵەبجە) تەواوکردوە. دەرچوی (کۆلێجی شەریعە)ى زانکۆی بەغدادە. ساڵی ١٩٨١ بووە بە مامۆستا. ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە پەيوەندى بە کاری ڕامیارییەوە کردووە. لە ئەندامانی دەستەی دامەزراندنی (یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان)ـە و ئەندامی سەرکردایەتی بووە. ساڵی ٢٠٠٥ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.
پەرلەمانتار و پزیشکە. ناوی (فایەق محەممەد ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی (گوڵپ)ی هەورامان لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە سۆسەکان و گوڵپ، ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و سلێمانی و کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە. کە خوێندکاری زانکۆ بووە، کاری ڕێخستنی کردووە. لە ساڵی ١٩٨٢ تا ڕاپەڕین پێشمەرگەی دانەبڕاو بووە. ساڵی ١٩٩٢ لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەندامی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی تەندروستی بووە. ساڵی ١٩٩٩ درێژەی بە خوێندنی پزیشکی داوە و ماستەری لە زانکۆى سلێمانی و ساڵی ٢٠١٣ دکتۆرای لە زانکۆی ئیدنبەرەی بەریتانی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٤ بووە بە سەرۆکی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ساڵی ٢٠١١ەوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ، هەفتەی ڕۆژێک خۆبەخشانە لە نەخۆشخانەی خورماڵ نەخۆشی بینیوە و چارەسەریکردون. خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە بەناوی (لە تێشووی پزیشکێکی پێشمەرگەوه، کە لێرەوە سەیری ژیانی خۆم ئەکەم، لە کوردایەتییەوە بۆ دابەشکردنی کوردستان).
پەرلەمانتار و پزیشکە. ناوی (فوئاد کوڕی ئەحمەد بەگی محەممەد بەگی عەبدوڵابەگ)ـە. بنەماڵەکەیان لەسەدەی حەڤدەوە لە هەڵەبجە جێگیربوون. ساڵی ١٩٤٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتی لە هەڵەبجە و دواناوەندی لە کەرکوک ١٩٥٨ و کۆلیژی پزیشکی لە بەغداد تەواوکردوە. ساڵی ١٩٧٦ بۆ خوێندن چوووەتە وڵاتی بەریتانیا و لەوێ بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. لە کۆتاییەکانی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد سەرلەنوێ لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی دامەزراوەتەوە. ساڵی ١٩٨٠ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی دەستبەکاربووە. لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی پزیشکیی کوردستان و کۆمەڵەی ژیانەوەی هەڵەبجە و کۆمەڵەی ئەکادیمی کوردستان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤە لە کوردستان. چەند لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر کەیسی کیمیابارانی هەڵەبجە لە دەرەوە و ناوەوە پێشکەشکردووە. لە سیمینار و کۆبونەوەکانی پاریس و سویسرا واشنتن و بەریتانیا و نیۆریۆک و هەوڵی نەتەوە یەکگرتوەکاندا بۆ خزمەت بە هەڵەبجە و کەرتی تەندروستی، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. ئەندامی خولی دووەمی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانە. لە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی تاوانبارانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، ئامادەبووە. ماوەیەک سەرۆکی بەشی هەناوی بووە لە کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی سلێمانی. چەند کتێبێکی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی.
جێگرى پارێزگارى هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. بەکالۆریۆسی لە (ئەندازیاریی شارستانی)دا هەیە. ماستەری لە (ئەندازیاری ژینگە) لە ئەمەریکا بەدەستهێناوە. ساڵى ١٩٩٨ لە (بەڕێوەبەرايەتیى ڕێگاوبانى سلێمانى) دامەزراوه و دواتر بووە بە (جێگرى سەرۆک)ى شارەوانیى هەڵەبجە و ساڵى ٢٠١٥ بووە بە (جێگرى پارێزگارى هەڵەبجه/ بۆ کاروبارى هونەرى). لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر بازنەی هەڵەبجە بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
مەحموود حەمەئەمین عەبدوڵا. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی هانەسوورەی ناوچەی نەورۆڵی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە گوندی پریس و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە و بەکالۆریۆسی لە بەغدادی پایتەخت تەواوکردوە، ساڵی ١٩٩٧ بەڕێوبەری کۆمەڵەی سەلامی خێرخوازی بووە، لە خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراقدا ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٠ ئەندامی پەرلەمان بووە ئەندامی دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی ڕاپەرین و بزوتنەوەی یەکبوون و کۆمەڵی ئیسلامی بووە، لە بواری نوسیندا کۆمەڵێک کتێبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی وەک: بنەما سەرەکییەکانی شەریعەتی ئیسلامی، ڤالانتاین، ماڵ بەخشین، القواعد المثلي في اسماء اللە و صفاتە الحسنی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.