سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

پڕۆژەی ئاوی گوندی

کەوتووەتە سنورى گوندی (مەلاوەیسه)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن ڕێکخراوی (یونسێف)ـەوە دروستکراوە. لە لێدانی بیرێکی ئیرتیوازی پێکهاتووە و دواتر خەزانێکی گەورەی لەسەر گردی (مەلاوەیسه)‌ بۆ دروستکراوە و بە بۆری بەسەر نزیکەی ٧٠ ماڵدا دابەشکراوە.

زیاتر بزانە
مەلاوەیسە

پڕۆژەى ئاوی

دەکەوێتە سەر ڕوبارى سیروان لە عەرەوسوارى ناوچەى نەوڕۆڵى. بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین پڕۆژەى دابینکردنى ئاوى پاک لە ناوچەکەدا دادەنرێت. لەلایەن حکومەتى عێراقەوە و لە پشکى%١٧ى هەرێمى کوردستان، بوجەى بۆ تەرخانکراوە. لەو قەرزە درێژخایەنەی، کە ڕێکخراوی جایکای یابانی بە حکومەتی عێراقى داوە. ١٧٤ ملیۆن دۆلار بووە. ساڵى ٢٠١٣ دەستیپێکراوە و ٢٠١٦ تەواوبووە و کەوتووەتە کارکردن. ٥٠ هەزار مەتر سێ جا ئاو لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا، بۆ پارێزگاى هەڵەبجە و ناحیەى سیروان و قەزاى سەیدسادق دابیندەکات. کۆمپانیای (خطیب العلمی)ی، لوبنانی دیزاینی پڕۆژەکەی کردووە و لەگەڵ تیمێکی بەڕێوەبردنی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاوێژکار و سەرپەرشتیارى پڕۆژەکەیان کردووە. کۆمپانیای سانگ یۆنگی کۆریش جێبەجێکاری بووە. هەردوو کۆمپانیاکەش لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی جایکادا بوون. بەشێوەیەکى سەرەکى، پڕۆژەکە لە چوار وێستگەی پاڵنانی ئاو(پەمپ ستەیشن) پێکهاتووە، لەگەڵ چوار بەشی چارەسەری ئاو وەکو( گرید ریموڤ چەمبەر، فلاش میکسەر، کلاریفایر، فیلتەر). سێ تانکی هەڵگرتنی ئاوی هەیە، کە دوانیان لە هەڵەبجەن، یەکێکیان توانای خەزنی ١٥ هەزار مەتر سێجا و ئەوى دیکەیان تواناى خەزنى ٥ هەزار مەتر سێجا ئاوى هەیە. تانکى سێیەم لەقەزاى سەیدسادقە و توانای خەزنی ١٢ هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە. پڕۆژەکە تاقیگەی پێشکەوتووی تێدا بەکارهێنراوە و ڕۆژانە پشکنینی ئاوی تێدا ئەنجامدەدرێت. ٢٤ کاتژمێر کاردەکات.

زیاتر بزانە
هەڵەبجە ـ سیروان ـ سەیدسادق

پڕۆژەی ئاوی گوندی

پڕۆژەی ئاوی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ساڵی ٢٠١٤ دروستکراوە و لەکانی پەڵگاوە بە دووریی (٥٠٠م) به ‌بۆری ئاوەکەی هێنراوەتە ناو‌ خەزانێکەوه،‌ کە (٤ بە٤م) دەبێت و لەوێشەوە بە بۆری بەسەر ماڵەکاندا دابەشکراوە. زیاتر لە ١٠ماڵ سودیلێوەردەگرن.

پشتن

بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە پشت گوندی (کاگردەڵ)ـەوە، ئەو ناوەی لێنراوە. ئاوەکەی هەمیشەییە. لە کۆندا بۆ باخداری و مەرەزە و توتن بەکارهاتووە. ئێستە تەنها بۆ باخداری بەکاردێت. بە چەمێکدا دەڕوات و تا گردی توڵمە درێژدەبێتەوە لەوێشەوە دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخان.

پشتی حەوز

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی شارەدێی تەوێڵه). (١٤٨٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ خواردنەوە بەکاردێت. ئاوەکەی لە ڕێگەی ترومپای بەهێزەوە هەڵدەدرێت بۆ خەزانی پڕۆژەی ئاوی وەراوەر. نزیکەی دوو ئینجیشی لە سەر شەقامی زاوەر دێتە دەر و دەوروبەر کەڵکی لێوەردەگرن.

پلەسور

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو) لەسەر جادەی سەرەکی چوونەناو گوندەکەوە. بۆ ئاوخواردنەوەی ڕێبواران و ئاودانی ئاژەڵیش سودیلێدەبینرێت.

پلوسکەکە

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). دەکەوێتە نزیک ڕێگاى سەرەکیى گوندەکە بۆ گوندەکانى(تەپى سەفاى سەروو، شەشکى سەروو). لەلایەن دانیشتوانی گوندەکە حەوزوو و بەردەنوێژی بۆکراوە. لەکۆنەوە تا ئێستاش دانیشتوانی گوندەکە بۆ ئاو خواردنەوه ‌و کشتوکاڵ و باخداری بەکاریدەهێنن.

پلوسک

کانییەک بووە لە کێلەسپی لە شارۆچکەی سیروان. سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی کێلەسپی بووە. لەسەردەمی پاشایەتیی و لەساڵانی ١٩٤٠کاندا بۆرییەکی ئاسنی کەوانەیی بە چیمەنتۆ بۆ دانرابوو، کە خز و تلوسک بووە، دواتر ئەم ناوەی بە شێوەی (پلوسک) لای خەڵکی جێگیربووە.

پلوورە

کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە) و لەناو مزگەوتی گەورەی شارەدێی (تەوێڵە)دا. (١٤٦٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ خواردنەوە بەکاردێت و دواتر دەڕژێتە نێو چەمی تەوێڵەوە. لە شێوەی پلورێکدا دێتە خوارەوە بۆیە ناونراوە پلور، لەلای خەڵکی تەوێڵە تایبەتە و چووەتە نێو پەندو گۆرانییانەوە. گەشتیاران سەردانیدەکەن و وێنەی لەگەڵدا دەگرن.

پیرەژنێ

کەوتووەتە سەر ڕێگەی نێوان (عەنەب) و (جەلیلە) و لەبەردەم گۆڕستانەکانی گوندەکەدایە. ئاوێکی باشی هەمیشەیی هەیە و لەژێر نەزەرگەی خاتوو ئیساف ئاوەکەی دێتەدەرەوە. نزیکەی (٥٠م) کارێزی هەیە و بە بەرد هەڵبەستراوە. بەهۆی زۆرییەوە لە کۆندا بۆ بەگەڕخستنی ئاش بەکارهاتووە. بەهۆی دووریی لە گوندەکەوە، زۆربەی پیرەژنانی گوندەکە، لەوێ کاروباری تەونیان کردووە. بۆیە بەو ناوە ناونراوە.

پیرەشەلە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی کۆنی قۆرتاس. لەکاتی نزمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەربەندیخان ئینجا دەردەکەوێت. بە کانی شێخ عەبدولکەریمیش ناودەبرێت و مەزارگەی ئەو پیرەی لێیە. هاوینانیش بە دابەزینی ئاستی ئاوی دەریـاچـەکـە وشـکناکات.

پیرەمەوروم

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (کانی ئاسکان)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ. لە دامێنی چیای پیرەمەگرون لە بەرامبەر گوندەکە. ناوەکەی مەگرون بووە، دواتر بووە بە مەوروم. مێژووەکەی بۆ چلەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. (تۆفیق بەگ) خاوەنی بووە. بە درێژایی (٢٥٠م) ئاوەکەی لە ڕێگەی کارێزەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو گوندەکە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریی و خواردنەوە سودیلێوەرگیراوە.

پیرشالیار

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (٨٨٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزه.‌ باخەکانی دەوروپشتی سودیلێوەردەگرن. بە بۆری و ترۆمپا دەبرێتەوە بۆ نێو پڕۆژەی ئاوی گوندەکە. مزگەوتی گوڵپ لە باشور و کانی هەواس لە باکور و کـانی هانەلیمۆ لـە خۆرئاوا و کـارێزی مزگـەوت لـە خۆرهەڵات دەورەیانداوە.

پیرکامڵ

لە دامێنی چیای (خۆرەتاوی کەوتێ)ی گریانەدایە. لە خوارووی گۆڕی (پیر کامڵ)ەوەیە. هەر بەناوی ئەویشەوە ناونراوە. بە کانی (گەرماوگ)یش ناسراوە. چونکە لە وەرزی زستاندا ئاوەکەی شلەتێنە و بۆ خۆشۆردن دانیشتوانی گوندەکە بەکاریانهێناوە. بەڵام لە وەرزی هاویندا ساردە. بەردەوام ئاوێکی ڕوونی لێ هەڵدەقوڵێت. لە نێو باخی (حاجی محەممەدی ڕیش)ـەدایە و ئاوی ئەو باخەی داوە.

پير مکايڵ

کەوتووەتە‌ خۆرئاواى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) ٣٠٠مەتر لە گوندەکەوە دوورە و موڵکى گشتيە و بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ بەکاردێت و کەوتووەتە‌ نێوان دوانزەئيمامى سەروو گوندى کاگردەڵ، ئاوەکەى نزيکەی ٣٠٠ دۆنم زەوى بەراوکردووە.

پێگە

کەوتووەتە سنوری گوندی (پێگە). ئاوەکەی هەمیشەییە. بەڵام بە کەڵکی خواردن نایەت چونکە چەورە. بۆ ئاودانی ئاژەڵ بەکاردێت. لەبەرزاییەکە نزیک لە سیروان و ئاوەکەی دەڕژێتە ڕوبارەکەوە. بە (کانی نادر)یش ناودەبرێت.

تاریکەڵێن

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار) لە سەرەتای چەمی شنروێوە دەستپێدەکات. لە تاپۆی عوسمانیدا لای ڕۆستەم هاواری ناوی هاتووە. ناوەکەی لە ڕەوگەی کەڵانەوە یان ئاوگەی کەلانەوە هاتووە. شوێنی یادگاری (حەمەسەعید کەرەم فەتاح)ی ئەندامی حزبی هیوایە، کە لەسەر ئەم کانییە کوژراوە.

تازەدێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (تازەدێ)ی‌ سەر بە ناحیەی (خورماڵ). خاوەندایەتى دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکى گوندەکە. دەیان ساڵە بە بەردەوامى ئاوى هەیە و خەڵکى گوندەکە لە کۆنەوە تا ئـێستا بۆ خواردنەوە و ئـاودانى ئاژەڵەکانیان سودیانلێوەرگرتووە.

تەڵەدارەکە

کانيیەکى هەميشەييە. کەوتووەتە باشور گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لە تەنيشتى گوندەکەدايە. موڵکى گشتیيه. خەڵکى گوندەکە بۆ خواردنەوە و ئاودێريى کشتوکأڵەکانيان سودێکى زۆرى لێدەبينن. بەهۆى بوونى تاکە دارێکى گەورە لە سەر کانيیەکه،‌ ناونراوە کانى تەڵەدارەکە.

تەڵوکێ ١

کەوتووەتە سنوری گوندی عەبابەیلێ و خۆرهەڵاتى گوندی (دەڵەمەڕ). بەدوورى دوو کيلۆمەتر لەناو دۆڵی دەڵەمەڕ و سەر ڕێگای (کانی گوێز)ە. بە قەدپاڵی کێوەکەیەوە. بۆ ئاودانى ئاژەڵەکانى گوند بەکارهاتووه. دەوروپشتى کانييە وەک هەوارگەیەک لە وەرزەکانى هاوين و پاييزدا بەکارهێنراوە. جگەلەوەی، کە شاخڕەو و ڕێبوارێکی زۆر لەکاتی گەشتکردن بۆ شاخەکانی وەزگێڵ و قەمان سودیلێوەردەگرن. ئاوەکەی نە زیاددەکات و نەکەمدەکات، بەڵام هەمیشەییە.

پێشتر 1
...
5 6 7
...
51 دواتر