باخە تازە ١

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-12


لاپەڕەی 357

چەم

کەوتووەتە سنوری گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان تەپی تلەوەر و کانی حاجی حسێن لە باکور و چەمی هانە کەمەڵە و دۆڵی لارەدەر لە خۆرهەڵات و دۆڵی نارنجڵە و گوندی دەرەوکێ و گوندی زەردەهاڵ لە باشور و دۆڵی نساری شەمێ و بانی سێتەپان و دۆڵی دەرەسولان لە خۆرئاواوە. چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی تفەو تەپی و کانی شێخ جافر و کانی هەساری سەرین و هانە وردیکڵە) دەڕژێتە ناو چەمی کارێز و پاشان لە باکوری گوندی (خارگێڵان) و خۆرئاوای گوندی (نارنجڵە) لەگەڵ چەمەکانی (نارنجڵە و بنجەودڕەی و دەرەوکێ و گەچێنە و باخەکۆن و گوڵپ) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت و بە دەشتی شارەزوردا تێدەپەڕێت لە بەرزیی (٨٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٨٥١م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت، کۆمەڵێک باخ پشت بەم چەمە دەبەستن بۆ ئاودێریکردن، کە خاوەنداریەتی بۆ پێنج بنەماڵەی گوندی گوڵپ دەگەڕێتەوە.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (سۆران لوقمان مستەفا)، لەدایکبوو: ١٩٨٥، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

10

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

چاوەپان

بە دووریی (٢٠٠م) لە باشوری خۆرئاوای گوندی (خێڵی حەمە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). درێژ دەبێتەوە بۆ گوندی (بەشارەتی سەروو). هەرچەندە لە سنورى گوندى (خێڵى حەمە)دایە، بەڵام زیاتر جوتیارانى گوندی (بەشارەتی سەروو) سودیلێدەبینن.

چاوگە درێژ

بە دووریی (٥٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (کوڵکنیی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، بۆ گوندی (تەپی سەفای سەروو) درێژدەبێتەوە. درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر زیاترە. ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگیرێت.

چاوگی خواروو

کەوتووەتە سنوری گوندی (کۆڵیژێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە یەکگرتنی ئاوی (نسارە گولانە و کانی یاسەمین) دروستدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. دوو لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوەسەر.

چەمەکانی ئەو دیوی دەرەتوێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەتوێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە کۆمەڵە باخێک وەک (دەرەی هاڵیتی، کانیەی حەمەد، ڕێوڵان، قنودەرەی) پێکدێت و سەنتەری گوندی دەرەتوێ کەوتووەتە بەردەمی. لە گوندەکەوە ڕێگایەکی خۆڵی بۆ دەڕوات. ناوچەیەکی کوێستانییە، بەڵام کەم ئاوە. باخەکانی لە دار گوێز و هەنار و هەنجیر و قەیسی و ترێ و قۆخ پێکهاتووە.

چەمەکەلی

کەوتووەتە زنجيرە (چياى شنروێ) لە باشورى هاوينەهەوارى (وەزگێڵ) و ‌دامێن لوتکەى (بەفرى ميرى). بەدرێژایی نزیکەی چوار کيلۆمەتر شۆڕ دەبێتەوە تا دەگات بە گوندى (هاوار) و لە سنوری شارۆچکەی بیارەدایە. بە بەراورد بە شيوەکانى بەرەى خۆرئاواى زنجيرە چياکە تەڕ و چڕترە بە گژوگیا.

چەمی ئاش

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). (٥٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە. ڕووبەری دوو دۆنم زەویی کشتوکاڵی ئاودێریدەکات. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتردەبێت. لەبەرئەوەی لە کۆندا ئاشی تێدا بووە، بۆیە بە چەمی ئاش ناوبانگیدەرکردووە و ئاوی چەند کانییەک و باراناوی تێدا کۆدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوایی گوندەکە دەڕوات.