بەرگی دووەم
سەرچاوە ئاویەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
بەرگی دووەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
کەوتووەتە نێوان گوندی (خەرپانی) و (خارگێڵان)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). درێژکراوەی چەمی (دەرەی ڕاویە) و دەچێتەوە سەر چەمی (خارگێڵان)، کە ئەویش درێژکراوەی چەمی (بیارە)یە. ناوەکەی بەواتای (دەرگای ئەشکەوتەکان) دێت. ژمارەیەکی زۆر ئەشکەوتی تێدایە و پێنج لەو ئەشکەوتانە گەورەن، یەکێکیان پێیدەوترێت (مەڕەبێ بنێ)، کە گەورەترین و بەناوبانگترینیانە.
کەوتووەتە باشورى خۆرهەڵاتى گوندى (نێرگسەجاڕ)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لەنێوان ياڵى کەسنەزان و ياڵى کونەقير بە ئاڕاستەى باشورى خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە. ئاوى کانیى ساردى تێدەڕژێت و دەچنە سەر ئاوى چەمى (گەلامبازوو)، لەبەشى سەرەوەى چەمەکە دەربەنێکى سروشتى هەيە بۆيە پێیدەوترێت چەمى بەر دەروەن واتە ئەو چەمەى، کە کەوتووەتە بەردەم دەربەندەکە.
کەوتووەتە باشوری گوندی (خێڵی حەمه)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بە دووریی کیلۆمەترێک دەستپێدەکات و بۆ گوندی (بەشارەتی سەروو) درێژدەبێتەوە، بەتایبەت لە بەهاران و زستانان ئاوى پێدا دەڕوات، بەهۆى ئەوەى چەندین بەردى ڕەش لە چەمەکەدا بوونى هەیە بۆیە ئەو ناوەى لێنراوە.
کەوتووەتە باکورى گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) و باشورى گوندى (دوانزەئيمامى خواروو)ی سەر بە شارچکەی (سیروان). دەبێتە سنورى جياکەرەوەى هەردوو گوند و درێژییەکەی (١٥٠٠م). لەسەر ڕێگاى سەرەکى گوندەکە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەى باکورى خۆرئاواى گوندەکە دەڕوات و دەڕژێتە دەرياچەى دەربەنديخان.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لە باوەکۆچەکەوە سەرچاوە دەگرێت و بە گوندى حەسەنئاوادا دێتە خوار و بەناوەڕاستى گوندى (بەکراوا)دا دەڕوات و چۆمێکى وەرزييە، لەڕابردوودا ئاوى زۆر بووە و بۆ کشتوکاڵ و ئاودێرى بەکارهاتووە و چەند ئاشێکى لەسەر بووە. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە)، سەرچاوەکەی لە چیای(تەوەنێ) لەبەرزایی (١٩٩٤م) لەئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات. ئاوی دۆڵەکانی (لاسەو زیتێ، هانە وەهارە، خوێڕسگە، ولێ) و کانیاوی(تەوەنێ) ی تێدەڕژێت و بەرەو خۆرئاوا ڕێڕەودەکات و بەنێو گوندی بەڵخەی سەرو و خواروو تێپەڕدەبێت تاوەکو دەگاتە دۆڵی(سۆڵێ) و لێرەدا ئاوی دۆڵەکانی(باواندەرە و سینەسەحاب و هەڕەسیاوی) تێدەڕژێت و پاشان چەمی مێشلەی تێدەڕژێت و بەرەو باشور ڕێدەکات و دەڕژێتە ناو چەمی تەوێڵەوە. درێژییەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەبێت. لەسەر چەمی بەڵخە جگە لە گوندەکە، چەند باخێکی زۆر دروستکراوە، کە پشت بەئاوی چەمەکە دەبەستن و کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی گەشتوگوزاری تێدا بونیادنراوە.
کەوتووەتە سەرەتای گوندی (هاوارەکۆن). چەمێکی ئاودار و چڕە. لە نێوان چەمی (ئاشی و زەوار)ە. چەند کونێکی لێیە پێیاندەوترێت کونە جنۆکەکان. هەروەها کەورگ یان ئەشکەوتی تێدایە. چەمەکە هەمووی لەباخی گوێز و هەنار پێکدێت. بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە (بەڵخ) یان قەوزە گرتویەتی و ئەوناوەی لێنراوە. بەشی سەرەوەی پێیدەوترێت چەمی (هەنارە سور)، کە درێژکراوەی هەمان چەم وڕێڕەوە.
کۆمەڵە باخێکن لە گوندی (دەرەتوێ) هەڵکەوتوون. بە چەمی (بگارێ) بەناوبانگە. بە ئاڕاستەی باشور تەسک دەبێتەوە تادەگاتە چەمی (دەروەن) یان (دەربەن) لەوێ کۆتاییپێدێت. چەمێکی ئاودارە. باخەکانی ئەو ناوچەیە پشت بە ئاوەکەی دەبەستن. (بگارێ) ڕێگەی کاروانچیی کۆن بووە. ڕێگای (کاروانگەی) پێدا تێپەڕدەبێت. خودی وشەکە بەواتای (بوار) یان شوێنی پەڕینەوەی گونجاو دێت. بۆیە ئەو ناوەی بەسەردا بڕاوە.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بەلەسۆ). نزیکەی (٢٠٠٠م) درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە چەمی بانی کەڵەک و پاشان ئاوەکەیان دەڕژێتە چەمی گەورەی قەڵا لە گوندی پشتە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی باراناوی زستانە، کە لە بناری چیای خۆشکەوە تێی دەڕژێت. ژمارەیەک کانیاوی تێدایە، کە لە وەرزی هاویندا بۆ مەرەزە و ئاژەڵداری سودیلێوەردەگیرێت. هەروەها ئاشێکی بەردینی تێدا بووە، کە لە وەرزەکانی زستان و بەهاردا بۆ هاڕینی دانەوێڵە سودیلێبینراوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (بنجەودڕەی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. کەوتووەتە نێوان چیای کڵاوەی ئاشور لە باکور و لوتکەی ئاسنەوەرد و ملەی چنار لە خۆرهەڵات و تەپی خاتوو ئامینە لە باشور و گوندی زەردەهاڵ لە خۆرئاواوە. چەند دۆڵێکی تێدایە وەکو دۆڵی دەرەو گاوگەی و چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی شێخ) و ئاوی هەموو ئەمانە لەگەڵ ئاوی چیای ئاسنەوەرد و تەپی خاتوو ئامینە و ناوچەی تاڤان کۆدەبێتەوە و ئەم چەمە دروستدەکەن. سێ لقە جۆگەی دیکەی لە باکوری خۆرهەڵاتەوە و یەک لقە جۆگەی تر لە باشورەوە تێدەڕژێت و بەردەوامدەبێت و لە باکوری گوندی (خارگێڵان) و باشوری گوندی (گوڵپ) لەگەڵ چەمەکانی (دەرەوکێ و نارنجڵە و باخە تازە) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت و بە باکوری گوندی (خارگێڵان)دا ڕێڕەو دەکات و دەچێتە نێو دەشتی شارەزوور و دەشتی سەبان، لە بەرزیی (١٠٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٧٩٠م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت. کۆمەڵێک باخ و زەوی کشتوکاڵی پشت بەم چەمە دەبەستن.
کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەنێوان چیای بانەبەرز و چیای بۆگەنکێدایە. زیاتر لە کیلۆمەترێک دەبێت. بە ئاڕاستەی چەمی کشرێ درێژدەبێتەوە. کانییەکی تێدایە بەناوی بۆگەنکێ و کۆمەڵێک باخی تێدایە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). سەرچاوەکەی دەکەوێتە هەورامانی دیوی ئێران و ئاوی چیاکان و کانیاوەکانی هانەگەرمڵە و کێمنە و بێرواس یەکدەگرن و چەمەکە دروستدەبێت. پاشان بە دووریی نزیکەی کیلۆمەترێک لە سەنتەری شاری بیارە دێتە نێو سنوری پارێزگای هەڵەبجە لەبەرزی (١١٧٠م). ئاوی چەند کانییەکی تێدەڕژێت، وەکو کانی (سەربەڵخ، مەیدان، عیوەز، حەمەوەیس، بێڵخا، ماجێ و باخی سان) و پڕۆژەی ئاوی بیارە و خانەقای بیارە و چەند باخێکی بیارەی لەسەرە و چەندین جۆگەی لێوەرگیراوە بۆ بەشە جیاکانی شاری بیارە، پاشان بەرەو خۆرئاوا ڕێدەکات و چەند چەمێکی دیکەی تێدەڕژێت وەکو دەگاشێخان و وەزەنێ و پشت جۆگا و جۆگەی مویان و جیرا و موسا قەڵبە و بەرەو گوندەکانی زەردەهاڵ و خارگێڵان و دەڕوات و چەمی خەرپانی تێدەڕژێت و بەرەو دەشتی شارەزوور. درێژییەکەی نزیکەی (١١کم) دەبێت. بە درێژایی سەرانسەر ناوچەیەکی گەشتوگوزارییە و چەندین باخ و کەپر و فرۆشگا و خانو و خواردەمەنی و خزمەتگوزاریی گەشتوگوزاری تێدایە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لەناوچە جیاوازەکانەوە سەردانیدەکەن.
به دووریی (٦٠٠م) کەوتووەتە خوارووی گوندی (دوانزە ئیمام)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەوێوە دەڕوات بۆ گردی دێی حسێن و لەوێوە دەڕژێتە چەمی زەڵم. کۆمەڵێک بیر و چاڵی قووڵی سروشتی تێدایە بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. بە قوڕ و لیتەی باران و لافاو پڕبونەتەوە. بەڵام لە کۆندا ئاوی هەبووە و سەرچاوەی ئاوی چەمەکە بوون. ئاژەڵ و وڵاخ تێی کەوتووە. قووڵیی چەمەکە نزیکەی چوار مەتر دەبێت و لە ئێستادا ئاوەکەی زۆر کەمە.
کەوتووەتە گوندی عەنەب لە باکوری هەڵەبجە. لە پشت مزگەوتی گوندی عەنەبەوە دەستپێدەکات و بەرەو خۆرهەڵاتی گوندەکە بە درێژایی سێ کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە تاکو دەگاتە نزیک گوندی (سەرکەن). بەپێی پاشماوەکانی، کە تێیدایە، پێدەچێت پیشتر ئاوەدانی یان گوند بووبێت. لە قەدپاڵەکانیدا، چەندین تەختایی هەن و کراونەتە یاریگای (فوتساڵ) و مۆنۆمێنتی (شەهیدانی گوندی عەنەب). لە نێو چەمیش چەندین باخ و زەویی کشتوکاڵی بەپیتی تێدایە. شاخی شنروێ دەڕوانێت بەسەریدا و ساڵانە بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و سەرچاوەی ئاوی ژێرزەویی دەوڵەمەندی هەیە. (کەلی بیسان)، کە ڕێگای گوندی (هاوار)ی پێدا تێپەڕدەبێت، یەکێکە لە بەرزاییە دیارەکان، کە دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی گوندی (دەرەشیش) لە بەشی خۆرهەڵاتیەوە.
کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ) لە دامێنی (شاخی شنروێ)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لەڕێگا قیرکراوەکەی گوندەکەوە دەستپێدەکات و دەڕواتەوە (زەلەکێ). بەهۆی ئەوەی داری بی تێدابووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. بۆ کۆکردنەوەی ئاوی ئەو چەمە، چەند کارێزێکی تێدا لێدراوە و ئاوەکان پێکەوە بەستراونەتەوە. بەڵام ئێستا وشکیکردووە.
کەوتووەتە گوندى (بێژاوا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و لەچەمى ئيمەت(هيمەت)، کە لە کۆنە گوندى هيمەتەوە دێت و بە ناوەڕاستى گوندى بێژاوادا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە چەمى چاڵگە و پاشان پاشان دەڕژێتە دەرياچەى دەربەنديخان. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (بێلەنگه)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە ملەى (کەردزياگ)ـەوە دەستپێدەکات، تا دەڕژێتە سەر چەمى تلەقووچ. نزيکەى سێ کيلۆمەتر درێژ دەبێتەوه. ئاوى کانيیەکانى (تووخۆرى، ناودێ، سەيد مراد)ی دەڕژێتە سەر.
کەوتووەتە باکوری گوندی (تەپی سەفای سەروو) سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ئاوى کانى پاڵەوانى و ئاوى باراناوى پێدا تێپەڕدەبێت و درێژدەبێتەوە بۆ گوندى شەکرالی. قووڵییەکەى نزیکەى پێنج مەتر دەبێت و لە هەندێک شوێنیش تەنها یەک مەترە. داربی و بناوەچ و دار هەناری تێدایە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە و ئاوی چەمەکانی (گڵوەو هەرەسی و تاقودڕەیەکا و چاڵاوا و گڵوەو مەڕێ و گڵوەو خەڕەنگەزی و شەوگەو دۆڵاوێ و گیواوبڕ و پەچەوتاشی و بنەوگڵوەی و گڵوەو وەزەرەی و وەنەناو و گڵوەو ملەوکەوچێ و بەرزانە دۆڵە) لە بەشی باکوری خۆرهەڵاتیدا کۆدەبنەوە و یەکدەگرن و دروستیدەکەن. کەوتووەتە نێوان (گڵوەو مەڕێ و جۆگەی خەڕەنگەزێ لە باکور و دۆڵی چاڵاوا و مرۆ دۆڵە لە خۆرهەڵات و سەر سیپە و ئەشکەوتەکانی دۆڵی دەرەیمەڕ لە باشور و ئەشکەوتی گەردەنا لە خۆرئاواوە). ئەو بەفر و بارانە زۆرەی لە چیاکانی دەوروبەری دەبارێت دروستیدەکەن، دواتر بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا دەڕوات و دەڕژێتە ناو چەمی دەرەیمەڕ و سەرگەت و دار چەقالە، لە بەرزیی (١٥٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٢٢٢م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت.
کەوتووەتە بەشى خۆرئاوا و باشورى شارى هەڵەبجەوە، لەبەرزترين خاڵى لە ئاستى بەرزیى (١١٥٨م) لەڕووى دەرياوە لە چيايى باڵامبۆ درێژدەبێتەوە بە ئاڕاستەى باکورى خۆرئاواى گوندى پريسى سەروو، يەکەم سەرچاوەى ئاوى بە ناوى کانى سەربەڵخ و پاشان کانى کەورک سەرچاوە دەگرێت و پاشان دێتە ناو پريسى سەروو. کانی دەراش و کانی جانە و کانی چەرمەی تێدەڕژێت، پاشان بە ئاڕاستەی گوندی پریسی خواروو درێژ دەبێـتەوە و بە ئاڕاستەى بێژاوا ڕێدەکات و بەرەو گوندی گورگەچیا دەڕوات و لە نزمترين خاڵى(٤٧٤م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە لە خوارووى گوندى قۆرتاس دەرژێتە دەرياچەى دەربەندیخان، درێژیى ئەم چەمە لە چيايى باڵامبۆ تا دەگاتە ئاو ڕێژگەکەى (١٠کم) دەبێت.