باخەکۆن
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
کەوتووەتە سنوری گوندی (باخەکۆن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)ە. لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان چیای سافا و دۆڵی ئاوێزە لە باکور و (دۆڵی تایلەی خەرمانگای و گوندی گەچێنە لە خۆرهەڵات و چیای گەچێنە و چیای نەیجەکۆڵە لە باشور و تفەقەتاراو هەنارە کۆڵە و دۆڵی شەوگای لە خۆرئاواوە. چەندین کانیاوی تێدەڕژێت و ئاوی ئەمانە کۆدەبێتەوە و لەگەڵ ئاوی دۆڵ و لاپاڵ و چیاکانی دەوروبەری دروستدەکەن، لە بەری باکوری خۆرهەڵاتەوە دوو لقە جۆگەی دیکەی تێکەڵدەبێت، کە یەکێکیان لە دۆڵی ئاوێزە و دووەمیان لە دامێنی چیای ملەی قراڵ سەرچاوە دەگرێت و ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت و کۆدەبێتەوە و بە نێو دا ڕێڕەو دەکات. لە بەشی خۆرئاوای مەرقەدی شێخ حیسامەدین حەوز و باخێکی جوانی لە بەردی هەورامان و بە دەستی وەستای دەستڕەنگینی هەورامان لێ دروستکراوە و پاشان لە شێوەی تاڤگەیەکی بچوک دەڕژێتە خوارەوە و باخەکانی گوندی باخەکۆن ئاودێریدەکات و دواتر بە ئاڕاستەی خۆرئاوا دەڕوات و دەڕژێتە ناو چەمی تفەقەتاراو هەنارە کۆڵە و پاشان گوڵپ و لە (بانی بەرمەڕان) لەگەڵ چەمی سەرگەت دەگرن. لە بەرزیی (١٤٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٠٢٨م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژی کیلۆمەترێک دەبێت.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (جەمال گەچێنەیی) ی ناسراو بە (جەمالی جەڕاح)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا