شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

129 بابەت

سێ قەڵاتان

بە دووری دوو کیلۆمەتر ‌کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی هاوینەهەواری وەزگێڵەوە. (١٥٢٠م)‌ له ‌ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. لوتکەی بەفری میری دەڕوانێت بەسەریدا، شاخێکی درێژە و زیاتر لە سێ کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە. لە سێ لوتکەی سەرەکی پێکدێت، کە لە شێوەی قەڵایەکی سروشتین، بۆیە پێیاندەوترێت سێ قەڵاتان. لەبەردەمیدا گوندی هاوار هەڵکەوتووە. شوێنێکی ستراتیجیی بووە و لە سەردەمی حکومەتی عێراقدا سەربازگە بووە. بەشی خوارەوەی شاخەکە نزیک لە گوندی هاوار، مینڕێژکراوە، تاکو پێشمەرگە لە گوندەکەوە هێرشنەکات بۆ سەربازگەکە، تاکو ئێستەش لە مین پاکنەکراوەتەوە.

سێکۆ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (نەیجەڵە). هەر یەک لە شاخەکانی مەگڕ و نزارە ڕەش و شاخەکانی ڕێزەپان هەمووی دێتەوە ئەم شوێنە و لەوێدا یەکدەگرن. بۆیە سێکۆ بەواتای یەکگرتنی سێ شاخ دێت. وشک و بێ ئاوە. دار بەڕووی زۆرە. لە شەڕی عێراق و ئێراندا مینڕێژکراوە و پاکنەکراوەتەوە. پێشتر بۆ بنێشتکردن بەکارهاتووە. بنکەی پاسەوانی سنوری لەسەر دامەزراوە. دەڕوانێت بەسەر تەواوی ناوچەکانی دەوروپشتیدا. بەسەر لمـە و نەیجـەڵـە و پێگە، تـەنانەت چناریشـدا بەرزە.

سێمارەوار

کەوتووەتە پشتی خۆرئاوای هاوینەهەورای (ئاوێسەر). زۆر بەرز نییە. کانی و سەرچاوەی ئاو و باخاتێکی جوانی لێیە. لە ڕۆژگارێکدا ئاوەدانبووە و شوێنەواری خانو و باڵەخانەی پێوەدیارە و وا دەردەکەوێت، کە ئاتەشگەی لێ بووە. شوێنێکی گەشتیارییه و لای خەڵکی ناوچەکە دڵگیرە و گەشتیاران سەردانیدەکەن‌. (سەیمارەوار)یشی پێدەوترێت‌.

شانی بلکاوی

سنوری جیاکەرەوەی هەردوو گوندی نێرگزەجاڕ و مامەشەیی پێکدەهێنێت. لەکۆتا بەشی ئاوەڕێژی تەمورەژەنانەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە شانی بانە متکین. دەڕوانێت بەسەر سەنتەری گوندی مامەشەییدا و ئاوەڕێژی کانی موتکین پێکدەهێنێت. لە نەخشەی کادسترۆدا سنورەکەی دیاریکراوە و ناوی تۆمارکراوە.

شانی قولە بەرز

شانێکە لە شاخی هەنجیرە زەرد، لە ڕۆخی ڕوباری سیروانەوە دەستپێدەکات و تا بەرزیی ٩٣٠ بۆ ٩٨٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەرزدەبێتەوە. سنوری جیاکەرەوەی هەردوو گوندی بەشی پیرک و نوەرە، زنجیرەکە تا سنوری گوندی مامەشەییش درێژدەبێتەوە. گرنگترین ناوچە بەرزەکانی لوتی هەنجیرە بەرز و شانی کونەداڵە. ئەم شاخە ئاوەڕێژگەی ناوچەکە پێکدەهێنێت و بە ئاوەڕێژگەی قولەبەرز و هالە ڕووخاو ناودەبرێت. لە نەخشەی کادسترۆدا تۆمارکراوە.

شاوراپان

کەوتووەتە نێوان باوەکۆچەک و سازان. دەڕوانێت بەسەر سازان و هەڵەبجە و باوەکۆچەکدا. شاخێکی بەرزە. ڕووی سەرەوەی شوێن ڕەبایەی سەربازی عێراق بووە. دارستانی کەمە و لەوێوە ڕێگای گوندی نەیجەڵەی پێداتێپەڕدەبێت.

شاواتێ

کەوتووتە باکورد گوندی (بۆین). سەخت و هەڵەموتە. دەڕوانێت بەسەر بۆین و سازان و گریانە و هاوار و هەورامانیشی لێوە دیارە. زۆرجار حکومەتی عێراقی سەربازگەی تێدا داناوە. تا ئێستەش مینی تێدایە. ئەشکەوتی شوێنەواری زینۆی تێدایە بۆیە بە شاخی سەر زینۆش ناودەبرێت. (کەنگەبەرز)، بەرزاییەکی دیاری شاواتێیە و لەم شاخەدا (حەسەن بەگ کوڕی جافرسان)کوژراوە. ماوەیەک بەناوی ئەوەوە ناونراوە. (شاواتێ) بەواتای (بە شەوا بێ) دێت، هەندێکیش دەڵێن: بەهۆی دڵگیری و سروشتی ناوچەکەوە، شا ئاواتی خواستوە لەوێ بێت. بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. شاخەکە ١٧ کونە بەردی سروشتی تێدایە و بە هەنگوینی سروشتی دەوڵەمەندە. لەکاتی پورەدا هەنگەکان دەچنە کونەبەردەکانەوە.

قەڵا

کەوتووەتە دەستە ڕاستی ملەی مۆردین. لە نێوان چەمی دەرەبۆڵان و سەرزەرد. بەسەر گەچێنە و کانیە کوێردا دەڕوانێت. بەرزە و سنوری گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش دیارە. لوتکەکەی بە بەرد کراوەتە قەڵا و پێشمەرگە و سەربازی عێراق بەکاریانهێناوە.

قەڵاو بەرزەڵنگی

به ‌دووریی ٢٠ کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لە نزیک شاخی داڵانی و ڕەنگین. به ‌بەردەوامی بەفری پێوەیە. لاپاڵەکانی ڕووەکى لۆی پێوەیە و دەوڵەمەندە بە گیا بەهارییەکان. نزیکەى (١٣٠٠م) لە گوندەکەوە بەرزە.‌

قوتی مەیدان

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ). زاڵە بەسەر گوندەکانی (گڵێجاڵ و سەعداوا) و هەموو دەشتی گڵێجاڵدا دەڕوانێت. (١٠٩٥م) لەئاسـتی ڕووی دەریاوە بەرزە.

قوچ

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل) و دەڕوانێت بەسەریدا. بە قوچی بەردەبەلیش ناودەبرێت. جگە لە شاخی سورێن دەڕوانێت بەسەر هەموو شاخەکانی دیکەی ناوچەکەدا. دیوی پشتەوەی چاڵێکی گەورەی لێیە، کە بە نزارە ڕەش ناودەبرێت و وەک لەوەڕگایەکی سروشتی بەکاردێت.

قوچک

کەوتووەتە بەرانبەر شاخەکانی ماکوان و کەوێڵە لە خۆرهەڵاتی کوردستان. لوتکەکەی وەک سێگۆشەیە و دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی مۆردیندا. لەسەر لوتکەی ئەم شاخە بنکەی پاسەوانی سنوری لێیە. بە دۆڵێکدا لێژدەبێتەوە و خـانـوەکانی گـوندی مـۆردین لە قـەدپاڵیدا هەڵکـەوتوون. بە (قوچـکە)ش نـاودەبرێت.

قوچی بانیبنۆک

کەوتووەتە باکوری گوندی بانیبنۆک لە بناری چیای سورێن. بەرزیەکەی زۆرە و لوتکەکەی بەفر دەیگرێت. دەڕوانێت بەسەر گوندی جۆمەرەسی و بانیبنۆک و تەواوی ناوچەی شارەزووردا.

قولەی زڕوەن

کەوتووەتە گوندی (چنار) و نەیجەڵە لە ناوچەی کۆکۆیی، نزیک لە مای تارانە، دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیرواندا. ناوەکەی بەواتای قەزوانی زڕ دێت. لە تاپۆدا بە قولەی زێڕینیش ناوی هاتووە، بۆ جیاکردنەوەی ئەم سنورە خەڵکی هەردوو گوندی نەیجەڵە و چنار تاکو بەغدادیش ڕۆشتوون.

قولەی هەسوون

کەوتووەتە باکوری گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). درێژکراوەی زنجیرەشاخی هەورامانە. لە نێوان هەردوو هەورامانی کوردستانی باشور و خۆرهەڵات. (١٠٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باشورەوە بەسەر زۆربەی گوندەکانی هەورامان و شارەزوور و لە باکورەوە بە دیوی خۆرهەڵاتی کوردستان و هەورامانی تەخت و گوندی دەرەوکێدا دەڕوانێت.

قوڵە مل

کەوتووەتە گوندی کوڵی متکان. تاشەبەردی تیژن. تەنها لەبەشێکیەوە زەویی نەرمان هەیە و پێیدەوترێت زەوی باوام. مەخفەرێکی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی تێدایە بە گردێکەوەیە و دەڕوانێت بەسەر ئێراندا. تەنها داربەڕووی تێدایە و داروەن و گۆیژی نیيە.

کەرکۆڵی

کەوتووەتە نێوان (خەرپانی و بەڵخە). کاتی خۆی چایخانەیەکی تێدا بووە بە ناوی چایخانەی (ئەحمەد حەیدەر) و وەک شوێنی پشوودان لەوێدا ماونەتەوە. ڕێڕەوی (هەورامان - هەڵەبجە) بووە. ناوەکەی لە (قەرەقۆلی) عوسمانییەکانەوە هاتووە، کە شوێنەواری ئەو قولەیەی پێوە دیارە.

کەرهەڵدێر

کەوتووەتە سنوری گوندی (کوڵی متکان) لە سەرو کەورگی زاخێ هەڵکەوتووە. زیاتر لە هەزار مەتر بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریاوە. تاوێری سەخت وتیژن. بەهۆی سەختیی شاخەکەوە ئەو ناوەی لێنراوە. ڕووتەنە و هیچ دارودرەختی نیيە. تەنها تاک تاک بەڕووی هەیە. بەرانبەر گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەڕوانێت و پێکەوە دۆڵێکی گەورەیان دروسـتکردووە و ڕوبـاری سـیروان بەنێویدا تێپەڕدەبێت.

کەریم کوژیا

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) لە پشت چەمی (باخ و سەفەری). بەسەر (دەرەقەیسەر و زەردەهاڵ) و دۆڵەکانی بەردەمیاندا دەڕوانێت. لەوەڕگایەکی دەوڵەمەندی ناوچەکەیە. بە (کوردە کوشە)یش ناودەبرێت.

کەکەوسانە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ڕێشاو)، ئاوەڕێژگەی شاخەکە سنوری جیاکەرەوەی نێوان هەر سێ گوندی بامۆک و عەبابەیلێ و ڕێشاو دیاریدەکات. بەهۆی بەرزییەکەیەوە لە باشوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجەوە دەبینرێت، بەداربەڕوو دەوڵەمەندە، پێکهاتەی سەرەوەی شاخەکە گڵە، هەربۆیە زۆربەی قەدپاڵی زەوییەکانی بە دانەوێڵە چێنراوە.

پێشتر 1
...
3 4 5
...
7 دواتر