کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

بەرگی پێنجەم

کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.

ناوەڕۆک

791 بابەت

دەفتەر و سەنەدی نۆباو

تۆماری دابەشکردنی ئاوی چەمەکانی (تەوێڵە)یە بەسەر جۆگە ئاودێرییەکان و باخەکاندا بەردەدرێتەوە. بە ڕاسپاردەی (قادربەگی جافرسان)، لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتی و نوسینەوەی تۆمارەکە لە لایەن (میرزا ئەولقادری تەوێڵە) لە ساڵی ١٩٢٨ دانراوە. ئەم تۆمارە کۆمەڵایەتییە، بووەتە نەریتێکی باشی ئاودێری لە تەوێڵەدا و هەتا ئێستاش بەبێئەوەی هیچ کێشەیەک ڕووبدات پەیڕەودەکرێت. ئەم تۆمارە بە ئاگاداریی (مەلا ساحیبی تەوێڵە) و چەند خاوەن باخێک لە ساڵی ١٩٦٤دا نوێکراوەتەوە و وێنەی لێهەڵگیراوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

دۆسیەی ئەنفالکراوانی هەڵەبجە

دۆسیەی نزیکەی ٢٠٠٠ هاوڵاتی هەڵەبجەیە، کە دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ و ڕزگاربوون و ڕۆشتنیان بۆ ئێران، دوای چەند مانگێک بە پڕوپاگەندەی پیاوانی ڕژێم و بۆ گەڕانەوەیان بە لێبوردنی ڕژێم، لە ڕێگای جیاجیاوە گەڕاونەتەوە و دەستگیراوەکان دوای لێکۆڵینەوەیان لە ئەمنی سلێمانی ڕەوانەی تۆپزاوا و نوگرە سەلمان کراون. بەشێکیان گەڕاونەتەوە و بەشێکیشیان وەک ئەنفالەکانی قۆناغی هەشت چارەنوسیان نادیارە. ئەنفالکراوانی هەڵەبجە بە سێ قۆناغ بووە: ١- لە ٩ی٨ی ١٩٨٨، یەک ڕۆژ دوای وەستانی شەڕی ئێران و عێراق ژمارەیان ١١٥٢کەس بوون، لە ئۆردوگای سەریاسەوە لە مەرزی تەوێڵەوە گەڕاونەتەوە، ڕەوانەی عەربەت و پاشان ئەمنی سلێمانی و دواتر نوگرە سەلمان دەکرێن. ٢- لە ٦ی ٩ی ١٩٨٨ گەڕاوەکانی لێبوردنە گشتییەکە بوون، لەوانە ماڵە بەڵخەییەکان و سەرگەتیەکان. کە ٢٢ ماڵ بوون. لە ئەمنی سلێمانی لێکۆلێنەوەیان لەگەڵدا کراوە و ڕەوانەی تۆپزاوا کراون. چەند کەسێکیان نەبێت چارەنوسی ئەوانی تریان نادیارە. ٣- ئەو گەڕاوانەن لە مانگی ١٠ و ١١ی ١٩٨٨ لەژێر پڕوپاگەندەی سەرانی ڕژێم لە ئۆردوگاکانەوە لە ڕێگەی تەوێڵە و سونێی قەڵادزێوە گەڕاونەتەوە و چەند کەسێک نەبێت بەڕێکەوت ڕزگاریانبووە، چارەنوسی ئەوانی تر نادیارە.

دۆسیەی میدل ئێست رایت پرۆجێکت

یەکێکە لە بەڵگەکانی پڕ چەککردنی عێراق بەچەکی نایاسایی. دۆسیيەکە ناوی ئەو کۆمپانیایانەی دیاریکردووە، کە دەستیان هەبووە لە پێدانی چەندین جۆری چەک و کەلوپەل و پێداویستی بە عێراق. لەوانە: چەکی ڕۆکێتی، مادەی کیمیایی، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، چەکی ناوەکی، پیتاندنی یۆرانیۆم، مەدفەعی دوورهاوێژ. ناوی ئەو وڵاتانە و جۆر و ژمارەی ئەو چەک و کەلوپەل و هاوکارییە سەربازیيانەشی هێناوە.

زیاتر بزانە
Midle east right project

ڕاگواستنی دانیشتوان و ڕووخانی خانووەکانی چەند گوندێکی هەڵەبجە

بەڵگەنامەی حیزبی حیزبی بەعس، قیادة شعبة دربندیخان، قیادة فرقة حلبجە نوسراوێکی نهێنی و کەسی بابەت: ڕوخاندنی گوند پێشنیازی ڕاگواستنی دانیشتووانی گوندەکانی (مەستەکانی سەروو، مەستەکانی خواروو، گردی شەریف، قاجر، شەتک "شتک"، دۆڵاش)، بۆ ناوچەکانی ژێر نفوزی حکومەتی بەعس و ڕووخاندنی خانووەکانیان. هەروەها ئامارێکی تایبەت بە ڕێژەی بەشداربووانی خەڵکی ئەم گوندانە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا. واژوو: تاڵب محەمەد سولەیمان/ أمین سر قیادة فرقة حلبجة لە: ٢٠ی ٨ی ١٩٨١

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

ڕاپۆرتی کونسوڵخانەی شاهەنشاهی

ژمارە: ٨٦/٣ بەروار: ٣٠/٤/١٩٤١ ڕاپۆرتیکی نهێنیی کونسوڵخانەی شاهەنشاهی ئێرانییە لە سلێمانی بۆ سەفارەتی شاهەنشاهی لە بەغداد، ئاڕاستەکراوە. ناوی موحسینی وافی کونسوڵی پێوەیە. باس لە دەستگیرکردنی حامید بەگی جاف دەکات. دەقەکەی: سێ کەسی خاوەن نفوز و دەسەڵات، لەبەر هاندان و پڕوپاگەندە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کورد و هاوکاریی شێخ مەحمود، بەم زوانە دەسگیردەکرێن و بۆ دەوروبەری سلێمانی دووردەخرێنەوە، کە بریتیین لە(حامید بەگ، قایمقامی جارانی هەڵەبجە، حەسەن بەگی عەلی بەگ، لە مەزنانی عەشیرەتی جاف).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

ڕەزامەندی بۆ ڕووخاندنی ناحیەی خورماڵ

بەڵگەنامەی دەستنوس. نوسراوێکی نهێنیی خێرا(سریة فوریة). لە (امریة قاطه حلبجە) بۆ قایمقامییەتی قەزای هەڵەبجە. وەرگرتنی ڕەزامەندی لە دەسەڵاتی باڵا بۆ ڕووخاندنی ناحیەی "خورماڵ و کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێکردنی (المجمع السکني) سەر بە ناحیەکە. واژوو: آمر قاطع حلبجە. ڕۆژی نوسراوەکە ڕوون نییە

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

ڕێگە بازرگانییەکانی قەزای گوڵعەنبەر لە سەدەی ١٩ و ٢٠دا

قەزای گوڵعەنبەر لە سەنجەقی سلێمانی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و چارەکی یەکەمی سەدەی بیستدا، چەند کاروانە ڕێگایەکی گرنگی پێداتێپەڕیوە، لەوانەش: سلێمانی - کرماشان: دووریی ئەم ڕێگایە (١٧٤ میل) بووە. ئەمە یەکێک بووە لە نزیکترین و باشترین ئەو ڕێگایانەی، کە ئێرانی بە تورکیاوە بەستووەتەوە، بۆ ئەوەی بۆ هەموو جۆرە مەبەستێکی سەربازی بەکاربێت، پێویستی بە ئامادەکاری و چاککاری بووە. شایەنی ئاماژەیە، ئەم ڕێگایە لە وەرزی زستاندا لە چەند جێگەیەکیدا بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە توشی داخران دەبوو. ئەم ڕێگایە بەهۆی ئەوەی بەناوجەرگەی نیشینگەی جافەکاندا تێپەڕدەبوو، زۆربەی جار ئەو کاروانە بازرگانییانەی بەم ڕێگەدا تێپەڕبوون تووشی پەلاماردان و ڕووتکردنەوە بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەم ڕێگایە لەلایەن کاروانە بازرگانییەکانەوە کەم بەکاربهێنرێت. سلێمانی - پێنجوێن - سنە: ئەم کاروانە ڕێگایە بە پێنجوێن و قەزای گوڵعەنبەردا تێپەڕیوە. دووریی ڕێگەکە تاوەکو شاری سنە لە وڵاتی ئێران (١٤٤میل) بووە، ڕێگایەکی سەخت و دژواربووە و ئەم ڕێگا تەنها بۆ ڕێگای وڵاخی بارەبەر و کاروانی بازرگانی بەرزە وڵاخ بەکارهاتووە. کرماشان - هەڵەبجە - سلێمانی: ئەم ڕێگە لە کرماشانەوە هاتووە و بە هەڵەبجەی مەرکەزی قەزای گوڵعەنبەردا تێپەڕیوە و نزیکەی (١٧٠میل) بووە و ڕێگای ئاژەڵی بارەبەربووە. ڕێگەی سلێمانی -هەڵەبجە - زەهاو.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

ڕێگریکردن لە کۆچەرییانی جاف

عەشیرەتی جاف وەک گەورەترین عەشیرەتی باشوری کوردستان، ساڵانە بەپێی وەرزەکان گەرمیان و کوێستانیان کردووە. ئەمەش گرفتی بۆ هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجار و خەڵکانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە دروستکردووە، که ‌پێیدا تێپەڕیون. هەردوو دەوڵەت مەیلی ئەوەیان هەبووە عەشیرەتەکە بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و نیشتەجێیانبکەن، بەڵام پاشا و بەگزادەکانیان نیشتەجێبوونیان ڕەتکردووەتەوە. بەشی زۆری ئەو فشارانەش لە دوای ڕووخانی میرنشینی بابان و زیاتریش لە دوای دەرچوونی یاسای زەویوزار ١٨٥٨ و یاسای تاپۆ ١٨٥٩ لە دەوڵەتی عوسمانی دەستیپێکردووە و لەسەردەمی مەدحەت پاشای والی بەغدادا (١٨٦٩ بۆ ١٨٧٢) ڕێکارەکان زۆرتر بووە. لە نامەیەکی مەدحەت پاشای والی بەغدادا، کە بۆ بابی عالی ناردووە هاتووە: (تەلەگرافنامەی باڵای ١٢ نیسان ١٢٨٦، کە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتن و چوونی ئەو عەشیرەتانە لەخۆدەگرت، کە له ‌نێوان هەردوو وڵاتدا بۆ لەوەڕگا و هەواری زستانە دێن و دەچن.... لەلای ئێمە عەشیرەتی جاف گەورەترینی ئەو تاقمانەیه،‌ کە بەرەو خاکی ئێران دێن و دەچن و ئەمجارەیان لەلایەن ئەوانەوە داواکارییەک پێشکەشکراوه... باس لەوە دەکەن، کە بژێویی ژیان و بەڕێوەچوونیان بە ئاژەڵداریيەوە بەندە و لە وەرزی هاویندا ناتوانرێت ئەو هەموو ئاژەڵە لەلای ئێمە بەڕێوە ببردرێت و ڕێگریکردن لە چوونیان بەرەو لەوەڕگا دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی و پەرێشانیان. هەروەها لە هەمان داواکارینامە و نوسراوی موتەسەڕیفی ناوبراویشدا ئاماژەبەوەدراوه،‌ کە ئەگەر ڕێگریبکرێت لە چوونیان بەرەو لەوەڕگا، ئەوا شوێنکەوتەیی ئێران قبوڵ دەکەن و لەلای ئەوان دەمێننەوە... هەرچەندە عەشیرەتی جاف بەراورد بە عەشیرەتەکانی تر خراپەکاریی کەمترە، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک بۆ هەواری زستانە لێرەن و کاتێکیش بۆ لەوەڕگا لەوبەرن، خاڵیی نین لە زیانگەیاندن بە خەڵکی نیشتەجێ و کشتوکاڵی ئەو ناوچەیەی تێیدان... ئەگەر ڕێگریش بکرێت لە چوونیان بۆ لەوەڕگا، کۆمەڵێکیان لەوبەر دەمێننەوە... ئێرانیيەکان لە دواخستنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بۆ ساڵی داهاتوو، مەبەستیان ئەوەیە کە عەشیرەتەکانی لای ئێمە ڕووبەڕووی وەرزی لەوەڕ بکەنەوە و سەرەتا عەشیرەتەکانی ئێمە تووشی ناڕەحەتی بکەن و پاشان بە ویستی خۆیان جوڵە بکەن بەرانبەر ئەو عەشیرەتانەی، کە بۆ هەواری زستانە دێنە لای ئێمە... هەرچەندە ئاسایش و بەرژەوەندیی هەردوو لایەن وابخوازێت، کە ڕێگریبکرێت لە هاتن و چوونی عەشیرەتەکان له ‌نێوان لەوەڕگا و هەواری زستانەدا، بەڵام تا ئەو کاتەی هێڵی سنور دیارینەکرێت و لە ناوچەکانی تێپەڕگە قەرەقۆڵ دروستنەکرێت، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بە کرداریی مومکین نییە .... لەوبارەوە ئەمر و فەرمان بۆ حەزرەتی خاوەن فەرمانە). لە نامەیەکی کوێخا و گەورەپیاوانی عەشیرەتی جافیشدا، کە بۆ مەدحەت پاشایان ناردووە هاتووە: (ئەگەر دەوڵەتی شکۆداری عوسمانی عەشیرەتێکی ئاوا گەورە لە ئیدارەی خۆی بکاتە دەرەوە و دووریانبخاتەوه،‌ ئەوا دەبێتە هۆی بەدیهاتنی هیوا و مەبەستی ئێرانییەکان، کە ساڵانێکی زۆرە دەیخوازن).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

سجیلی مەحکەمەی هەڵەبجە

دەفتەرێکی ٩٠ لاپەڕەیی قەبارە نیو ئەیفۆڕە. بەرگێکی مقەبایی ڕەنگ مەیلەو سووری گوڵداری هەیه،‌ کە چەند وێنەیەکی گوڵ و خونچە و بەڕووی لەسەرە. تەنها ٤١ لاپەڕە لە کاغەزەکانی نوسراوە و لەوەو دوا، تا کۆتایی بە بەتاڵی ماوەتەوە. بە زمان و ئەلفوبێی کوردی (ئارامی:عەرەبی) و بە مرەکەبی ڕەش نوسراوەتەوە. له ‌ناوەڕاستی لاپەڕەی یەکەمیدا بە سێ ستوون نوسراوه:‌ (سجیلی مەحکەمەی هەڵەبجه ‌٢ی ٤ی ١٩٢٤ بۆ ١٢ی ١٢ی ١٩٢٤) لاپەڕەی دووەمی بە بەتاڵی بەجێهێڵراوە. لە لاپەڕە پێنجییەوە و لە سوچی سەرەوە بە دەستەڕاستدا زنجیرەی ژمارەی لەسەر دانراوە تا لاپەڕە ٤١ و بە هەمان شێوەش لەسەر لاپەڕە نەنوسراوەکانیش ژمارەی لاپەڕە دانراوە. لە کۆتایی تۆمارەکەشدا بە دوو ستوون نوسراوە‌ (قاضى الحلبجه عبدللطيف)، نوسینی ناوەکە بەڕەنگی شین و له ‌شێوەی واژوودایە‌. تۆمارەکە تایبەتە بە ٥١ لەو کێشانەی، کە لەو هەشت مانگ و دە ڕۆژەدا ڕوویانداوە و پەڕاوی یاساییان بۆ کراوەتەوە. جۆری کێشەکان هەمەجۆرەن (شایەتی، زەویوزار، قەرز، شەڕ...) و لە شوێنە جیاوازەکانەوە (دەرەشیش، بیاوێڵە، ناوشار...) لە خەڵکانی هەمەجۆرەوە (بەگزادە، جولەکە، کەرکوکی ...)یەوە بوون.

زیاتر بزانە
٢ی ٤ی ١٩٢٤ بۆ ١٢ی ١٢ی ١٩٢٤

سزادانی مەحموود پاشای جاف

مەحموود پاشای جاف ١٨٤٦ بۆ ١٩٢١ پاشا و بەگزادەی عەشیرەتی جاف بووە. دوای کوژرانی محەممەد پاشای باوکی کراوە بە قایمقامی قەزای گوڵعەنبەر (هەڵەبجە) و پلەی میری میران(پاشا)ی پێبەخشراوە. لە بەڵگەنامەیەکی عوسمانیدا هاتووە: (مەحموود پاشا، کە لە میرەکانی عەشیرەتی ناوبراوە و قایمقامی قەزای گوڵعەنبەرە و پلەی میری میرانی هەیە، لەبەر ئەنجامدانی ستەمکاریی و دەستدرێژی و هەڵخەڵەتاندنی ئەو والییانەی دەچنە ئەوێ، دروستنییە لەوێ بمێنێتەوە، لەبەرئەوە پێویستە پلەی میری میرانی پێ بدرێت و لە یەکێک لە موتەسەڕیفییەتەکانی حەما و ئورفە دابمەزرێت و لە سەنجەقی سلێمانی بکرێتە دەرەوە، پاشان سەیری لێپێچینەوە لەگەڵیدا بکرێت و بەرامبەر هەموو ئەو شتانەی لە ئەستۆیدایە دەستبەسەر موڵکەکانیدا بگیرێت، هەر‌وەها عوسمان بەگی برای، کە دژی مەحموود پاشایە وەک قایمقام دابمەزرێنرێت، تەنانەت لە ناحیەکانی قەزاکەشدا شوێنکەوتووانی عوسمان بەگ دابمەزرێنرێن و دواتر ئەوانیش لەوێ بکرێنە دەرەوە. ئەمەش بە یاداشتی تایبەتی ١٩ ربیع الأول ١٣٠٦ی مابەینی هومایۆنی "کۆشکی سوڵتانی" وەک فەرمانی جەنابی پادیشاهی ڕاگەیەنراوە بۆ کاری پێویست و بەپێی ئەمروفەرمانی هومایۆنی، وا بەگونجاو زانراوه،‌ کە مەحموود پاشای ناوبراو لە موتەسەڕیفییەتی ئورفە دابمەزرێنرێت، کۆشش بفەرموون بۆ جێبەجێکردنی کاری پێویست و لەو پێناوەشدا یاداشتی ستایشکراو نوسراوه).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

سکاڵانامە

لە دوای ڕێکەوتنی جەزائیر و لە ساڵی ١٩٧٨دا، لیژنەیەک لە خەڵکی تەوێڵە پێکهات، کە مەبەستیان بوو هەکارم لە تەوێڵە و بیارە دانەگیرێن، چونکە بەپێی خاڵێکی ڕێکەوتنەکە: دەبێت هەریەک لە عێراق و ئێران بە قوڵایی (٢٠کم) لە سنورەکانەوە خاکی خۆیان چۆڵبکەن. تەوێڵەییەکان بۆ جێبەجێنەکردنی ئەو خاڵە لیژنەیەکیان پێکهێنا، کە بریتیبوون لە (مەحیەدین حاجی سەلیم سەرۆکی لیژنە، ئیسماعیل حەمەیوسف، محەممەدسان ئەحمەد "ڕەییس، محەممەد حەمەڕەحیم" دارابەگ، محەممەدی حاجیلە، محەممەد فەتحوڵڵا، حەمەئەمین حاجی حەمەڕەشید). سکاڵانامەیەکیان نوسی، کە بایەخی ڕۆشنبیری و ئابوری و مێژووی و گەشتیاری و ئایینیی تەوێڵەی تێدا ڕوونکرابوویەوە. لە کۆتاییشدا لەبری بارکردن و داگرتن، ئامادەیی مردنیان هەڵبژاردبوو. سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە خۆیان سکاڵاکەیان گەیاندووەتە ئەم شوێنانە (پۆلیسخانەی تەوێڵە، ڕێکخراوی بەعسی تەوێڵە، شارۆچکەی (بیارە)، قایمقامیەتی هەڵەبجە، ڕێکخراوی بەعس لە هەڵەبجە، پارێزگاری سلێمانی، شوعبەی بەعسی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی سلێمانی، مەنزومە باکور لە کەرکوک، ئەنجومەنی یاسادانان لە هەولێر، ئەنجومەنی جێبەجێکردن لە هەولێر، وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەنی نیشتمانیی عێراق، ئەنجومەنی وەزیران، قیادەی قوتری، جێگری سەرۆککۆمار سەدام حسێن، سەرۆک ئەحمەد حەسەن بەکر، ڕۆژنامەی (الثورة، العراق، الجمهوری، طریق الشعب). دوای دوو مانگ ئەرشەد زێباری دێتە تەوێڵە و وەڵامی سەرۆککۆمار دێنێتەوە. بەوەی تەوێڵە و بیارە لە جێی خۆیان دەمێننەوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

شایەتینامەی ژمارەیەک پیاوماقۆڵان و کەسایەتی لەبارەی سنوری قەزای گوڵعەنبەر و هەڵەبجە و شەمێران لە ساڵی ١٨٧١

پرسیار لە ئێمە کراوە لە بارەی سنوری قەزای گوڵعەنبەر و هەڵەبجە و شەمێران و ئەو شوێنانەی سەر بە شەمێران بوون، کە پێکهاتوون لە گوندەکانی: کانیکەوە، وڵوبەر، توڵەبی، دڵف، زارێن و بردیکا، کانی زنان (کانی ژنان)، لاوران، درولە، سەرسورەبان، درەیاو، لەلای سەرەوەشی بەشی کۆتاییەکەی: کرنەمر، کورکور، خۆشئاو (خوش اب)، لە لاکەی تریشەوە تا بەشی سەرەوەی کێوی بێزەل (کوە بی زل)ە. خوا شاهیدە، بە بێگومان و بێ هەڵە، ئەو سنورانەی لەسەرەوە ناویانهێنرا، بە لەوەڕگە و زەوی کشتوکاڵییەکانییەوە تایبەتن بە دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی عوسمانی تەسەڕوفی پێوەکردوون، ئێمە، کە خەڵک و نیشتەجێی شەمێران، شەکمیدان، گوندە، باوەکۆچەک، سازان، ئەباعوبێدە (عەبابەیلێ) ین، بەم شێوەیە بەڕاستی شایەتیدەدەین، تەمەنێکە بەمجۆرە دەیگوزەرێنین و بینیومانە، لە باوک و باپیر و ڕیشسپییەکانمانەوە وەهامان بیستووە، هەروەها باوباپیر و پێشینانیشمان بەو نەزم و شێوەیە بیستوویانە، کە هەمان ئەو گوند و لادێ و ئەو کێڵگە و لەوەڕگایانە تاوەکو ئێستا بە مەئمورانی دەوڵەتی عوسمانی سپێردراوە و ڕادەستی ئەوان کراوە. لەم ناوچەیەی ئێمە، جگە لە مەئمورانی دەوڵەتی عەلییەی عوسمانییە، کەسی تر دەسەڵات و تەدەخولی لە ئێرە و ئەوێ نەبووە. ئەمە مانای وایە ڕوون و ئاشکرا دیارە و هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە نەبووە و نییە. لە سەردەمانی پێشوودا، لە سەردەمی خوالێخۆشبوو عەبدولڕەحمان پاشای باباندا، کە حاکمی ویلایەتی سلێمانی بووە، قەزای شەمێران و ئەو شوێنانەی سەربە شەمێران بوون، لە دەستی خوالێخۆشبوو قادر بەگی سەرۆکی عەشره‌تری جافدا بووە. دوای ئەوەش لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی موراد پاشادا، ئەحمەد بەگی کوڕی خالید پاشا تەسەروفی بەو ناوچانەوه‌ کردووە. هەروەها لە سەردەمی خوالێخوشبوو سلێمان پاشا ئەحمەد بەگ وەڵه‌د بەگ بەگزادەی جاف دەسەڵاتداری ئەم خاکە بوون. بەوشێوە دەستاودەست هاتووە تاوەکو ڕۆژگاری ئەحمەد پاشا و عەبدوڵا پاشا، سی ساڵیشە کەوتووه‌تە دەستی شێخ عەلی. بە کورتی ئاگایی و زانیاری قەتعییمان هەیە گوند و لەوەڕگە و کێڵگەکانی ناوبراو لە سنور و تخوبی سەر بە شەمێرانن و شەمێران لەو گوند و مەزرەعانە پێکدێت. فەرمانبەرانی ئەحکامی ویلایەتی سلێمانی بەو شێوەیە تاوەکو ئێستە ئەو ناوچانەیان بەڕێوەبردووە و لە ژێردەستی ئەواندا بووە. پێویست بوو لەسەر ئێمە ڕاستی بەیان بکەین و ئەوەی دەیزانین پێویستی کردووە لەسەرمان، کە ئەم شایەتیینامە بنوسین و ئەم مەزبەتە ئامادەبکەین... ماوەتەوە بڵێین، سڵاو لەسەر ئەوانەی پەیڕەو لە هیدایەتی حەق دەکەن و پوچەڵ و ناڕاستی پوچەڵ دەکەنەوه‌. ٢٠ی حوزەیران ١٢٨٧/ ٢ی تەموزی ١٨٧١ الداعی اهالی الداعی اهالی سید عبدالکریم عبدالعزیز

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

شایەتینامەی مەولەوی شاعیر و شێخ نیعمەتوڵڵا لەبارەی سنوری دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ١٨٧١

وکفی باللە شهیدا، هەرکەسێک، کە باوەڕدار بێت، دەزانێت شاردنەوەی شایەتیی حەق وەکو شایەتیدان بە ناحەق گوناهێکی گەورەیە و سزایەکی گەورەی لە دوایە، بەم هۆیەوە لەسەر ئێمە سوپاس بۆ خودا موسڵمانین واجبە، کە ڕاستی نەشارینەوە، بە گوێرەی زانستی یەقینمان ئەدای شایەتیمان کردووە، بۆیە دەڵێین خودا شاهیدە، بە زانستی یەقین دەزانین، کە ناوچەی درۆڵە و لاوران، کە سنوری یەکەم، ئەرژن سنوری دووەم، ناوخۆش ئاو، حەدی سێیەم، سەرئاخێز حەدی چوارەم، سەربیزەل خاکی دەوڵەتی عوسمانییە و ناوچەی بندەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانین، لەماوەی تەمەنی ئێمەدا، کە هەندێکمان هەفتا ساڵ تەمەنی زیاترمان هەیە، هەندێکمان نزیک بە هەشتا ساڵین، هەندێکیشـمان گەشتووین بە شەست و پێنج ساڵ، لە ماوەی ئەو تەمەنەی ئێمەدا، هیچ کاتێک دەسەڵات و خاوەندارێتیی دەوڵەتی عوسمانی لە ناوچەکانی دەرۆڵە و لاوران و سنورەکانیان لەناونەچووە، تاوەکو ئەمڕۆ خاوەندارێتی و دەسەڵات لەو ناوچانەدا هەر بە دەست دەوڵەتی عوسمانییەوە بووە و نەگۆڕاوە. ئەم شایەتییە، کە بە بڕیاری مەرجدار ئەنجاممانداوە، دانە دانەی لە باوباپیران و پێشینانمانەوە بیستووە. لە زەمانی زۆر دێرینیشەوە ئەوانیش بەهەمان شێوە لە باوباپیران و پێشینانی خۆیانەوە بەو جۆرەیان بیستووە، لە ئێمەتان خواستووە، ئێمەش ئەم بابەتە، کە خۆمان شایەتیمان بۆ داوە لە زمانی باوباپیرانی دێرینەمانەوە بیستومانە. ئەوەی لەسەر ئێمە پێویست بوو ئەدای ئەو شایەتییە ڕاستییەمان بەجێبهێنا. جێبەجێکردنی ئەحکامە شەرعییەکانی تر و ڕەواجدان بە یاساکان دەوڵەتی عەلییە لە ئەستۆی والی و قازییەکانە، السلام علی من تبع الهدی. الداعی الشێخ نعمت اللە الشمیرانی الداعی السید نصراللە القادری الداعی السید عبدالرحیم الملقب بالمولوی الداعی السید عبدالرحیم المدرس الخالدی النقشبندی

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

عەبدولعەزیز عاسم ئەفەنديی گوڵعەنبەری

ناوی (عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی کوڕی سەیید محەممەد وەسیم ئەفەندی)یە. مامۆستای قوتابخانەی ئەعزەمییە بووە. لە (جەمادی یەکەمی ساڵی ١٢١٨ک/ ئاب - ئەیلولی ١٨٠٣ز) لە بەغداد لەدایکبووە. بەڵام لە ڕەچەڵەکدا خەڵکی قەزای گوڵعەنبەری سەر بە سەنجەقی سلێمانی بووە. ناوبراو لە دەستنوسی دیوانە فارسییەکەیدا کە بە کۆدی (AEFRS ٥٧٥) لە (کتێبخانەی میللەت) پارێزراوە. لە سەرەتای ئەو دیوانەدا ناوی ئەم شاعیرە بە (عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی گوڵعەنبەری) هاتووە، هەروەها لە هەمان کتێبخانەدا چاپێکی تری دیوانی ناوبراو پارێزراوە بە کۆدی (AEMNZ ٢٦٨). لە لاپەڕە (٣٨) و لە تێبینییەکی ڕەشید عاکیف پاشادا لە باسی ئەم شاعیرەدا بەناوی (عاسم گوڵعەنبەری) هاتووە. ئەوانە و چەندین بەڵگەی تر بەردەستن دەيسەلمێنن، کە ناوبراو خەڵکی قەزای گوڵعەنبەر (هەڵەبجە) بووە. عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی دوای ئەوەی لە مەدرەسەی ئەعزەمییە ماوەیەک لای باوکی دەرسى خوێندووە، دوای مردنی باوکی، لە مەدرەسەی ناوبراو لە جێگەی باوکی دەبێتە مودەریس و لە هەمانکاتیشدا بەردەوامی داوە بە دەرس خوێندن لەلاى محەمەد قاسم شارەزووری. دوای ئەوەی لە ساڵی (١٢٤٣ک/ ١٨٢٧-١٨٢٨ز) بە پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی مەولەویخانە لە بەغداد دامەزراوە، ساڵی ( ١٢٦١ک/١٨٤٥ز) لە مەدرەسەی هەمان مزگەوتدا بە مودەریس دامەزرێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە دائیرەی حکومەتی بەغداد هەفتەی سێ ڕۆژ کاری وەرگێڕانی زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی و کوردی کردووە. عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی لەگەڵ کوڕەکەیدا (عەلی حەیدەر ئەفەندی) لە ساڵی ١٨٧٧ دەچنە ئەستەمبوڵ، لە شازادەباشی لە گەڕەکی ئەمین نورەدین لە خانویەکدا نيشتەجێدەبن. دواجار لە ساڵی ١٣٠٥ک/ ١٨٨٧- ١٨٨٨ کۆچیدواییدەکات و لە حەوشەی توربەی فاتیحدا بەخاک دەسپێررێت. سەبارەت بە دانراوەکانی، ئەوەی بەردەستە ناوبراو دوو دیوانی هەیە، دیوانێکی بە زمانی فارسی و دیوانێکیشى بە زمانی تورکی نوسیوە، لەڕووی باڵادەستی و زمان پاراوییەوە، دیوانە فارسییەکەی باڵاترە، هەرچی دیوانە تورکییەکەیەتی هەندێک هەڵەی ڕێزمانيی و زمانەوانی تێدا بەرچاوە، يەکێک لە توێژەرە تورکەکان هۆکاری ئەو کەموکووڕییە لە زمانی تورکیدا بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە ناوبراو لە تەمەنێکی گەورەدا خۆی فێری زمانی تورکی کردووە. بە گوێرەی گێڕانەوەى يەکێک لە نەوەکانی، شاعیری ناوبراو دانراوی ديکەشى هەبووە، ڕەشید عاکیف ئەفەندی بە بەڵێنی ئەوەی چاپیان دەکات، لێیوەرگرتوون. ماوەتەوە بڵێین عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی دوو نامەی ماستەری لەسەر نوسراوە، ماستەرێک لەسەر دیوانە فارسییەکەى لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسی لە زانکۆی ئەستەمبوڵ، ماستەرنامەیەکیش لەسەر دیوانە تورکییەکەی لە بەشی زمان و ئەدەبی تورکی لە زانکۆی ئەتاتورک لە ئەرزەڕووم.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

عەلی حەیدەر ئەفەندی

کوڕی زانا و شاعیری خاوەن پایە عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندییە، واتە کوڕی گوڵعەنبەری شاعیرە. ساڵی ١٨٧٧ لەگەڵ باوکی چووەتە ئەستەمبوڵ و لەوێ لە ناوچەی شازادەباشی و لە گەڕەکی ئەمین نورەدین نیشتەجێبووە. ئەگەرچی زانیاریی زۆر لەسەر ساڵى لەدایکبوون و سەرەتایی خوێندنی عەلی حەیدەر ئەفەندی لەبەردەستدا نییە، بەڵام چەند بەڵگەنامەیەکی پارێزراو لە ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانیدا هەن، کە هەندێک گۆشەى تاریکی ژیانی ئەم کەسایەتییە گرنگە ڕۆشندەکەنەوە، بەنمونە لە بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی داراییدا هاتووە، سەید عەلی حەیدەری کوڕی عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی، کە مووچەی پێنج سەد قروشی لە دەوڵەت هەبووە، بەهۆی کەمیی مووچەکەی، کە بەشی نەکردووە، بۆيە داوای لە دەوڵەت کردووە مووچەکەی زیادبکرێت. لەسەر بنەمای ئەو داواکارييه،‌ لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ١٨٩٩ لەلایەن سەرۆکایەتیی دەوڵەت و وەزارەتی مالییەوە بڕیاردراوە بڕی سێ سەد قروش بۆ مووچەکەی زیادبکرێت و مووچەکەی بکرێت بە هەشت سەد قروش. لە نوسراوێکی وەزارەتی ئەوقاف بە ژمارەی ٤٦٢٩٦ لە ڕێکەوتى ٣١ی کانونی یەکەمی ١٩١٢، کە ئاڕاستەی سەدری ئەعزەم کراوە، تێیدا هاتووە (ئەمڕۆ کوڕی زانای پایەبەرزی بەغدادی عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی، کە ماوەیەکی زۆرە موفەتیشی کتێبخانەکانی وەزارەتی مەعاریفە کۆچیدواییکرد، لەسەر وەسیەتی خۆی داوایکردووە ڕێگەیپێبدرێت لە حەوشەی مزگەوتی فاتیحدا و لەلای باوکی ڕەحمەتییەوە بنێژرێت، ئەم داواکاریەش لەلایەن پیاوماقوڵ و پایەبەرز ڕەشید عاکیف ئەفەندییەوە بۆ کاری پێویست پێشکەشی دەوڵەت کراوە.) لە ڕۆژی دواتر و بەنوسراوی ژمارە ٢٥٣ی سەرکاتب شەهریاری لە ڕێکەوتی ١ی کانوونی دوومی ١٩١٣ تێیدا هاتووە: (عەلی حەیدەر هەتا کاتی مردنیشی موفەتیشی کتێبخانەکانی وەزارەتی مەعاریف بووە و کۆچیدواییکردووە، بەگوێرەی ئەو مۆڵەتپێدانە تایبەتەی سەرۆک وەزیران بە ژمارە ٢٤٣ لە ٢١ی موحەڕەم ١٣٣١، ڕێگەیپێدراوە لە حەوشەی مزگەوتی فاتیح و لە تەنیشت عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی باوکییەوە بەخاک بسپێررێت). لێرەوە دەگەینە دوو ڕاستی، یەکەم: ناوبراو ماوەیەکی درێژ و هەتا مردنیشی وەک موفەتیشی کتێبخانەکانی وەزارەتی مەعاریف لە ئەستەمبوڵ کاریکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێگە ئیدارييە گرنگە، دەبێت ناوبراو ئاستێکی خوێندەواریی باشی بڕیبێت تاوەکو بەرپرسیارێتییەکی وەهای درابێتێ. دووەم: ئەو بەڵگانە بە ڕوونی ڕۆژ و مانگ و ساڵی مردن و شوێنی ناشتنی سەید عەلی حەیدەریان بۆ تۆمارکردووین، بە جۆرێک عەلی حەیدەر لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ١٩١٢ مردووە و لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩١٣ لە حەوشەی مزگەوتی فاتیح لە ئەستەمبوڵ بەخاک سپێرراوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

عوسمان پاشا و گرفتی خێزانەکانی

عوسمان پاشای جاف دوو خێزانی هەبووە، یەکەمیان: مەنیجە کچی حەمەسەعید سانی خوشکی جافرسان. دووەمیان: عادیلەخانمی کچی عەبدولقادربەگی ساحێبقڕان بووە. کاربەدەستانی عوسمانی دژی خواستنی عادیلەخانم بوون لەلایەن پاشاوە، لایان وابوو عوسمان پاشا بەهۆی خواستنی خێزانەکانییەوە لە سنوری قەزای گوڵعەنبەردا چاوپۆشی لە کاروکردەوەی ئێرانییەکان کردووە. لە بەڵگەنامەیەکدا هاتووە: (عوسمان پاشای جاف، کە دوو ژنی هەیه،‌ یەکێکیان خوشکی کەسێکی ستەمکارە بەناوی جەعفەر سوڵتان، کە لە حاڵی ئێستادا فەرمانبەرە لە سنوری هەورامان و پلەی یوزباشی هەیە، ئەوەی تریان ئێرانیيەکی خەڵکی سنەیە، بەهۆی ئەو خزمایەتیەشی لەگەڵ ئێرانیيەکاندا، ماوەیەکی زۆرە لە بابەتی زەويی و زاردا یارمەتی سەیر سەیری جەعفەر و لەو ڕێگەیەوە‌ حکومەتی ئێرانیشی داوە، بەو هۆیەشەوە هەم زیانی بە خەزێنەی دەوڵەت گەیاندووە و هەم دەسەڵاتی عوسمانیشی ژێرپێخستووه. سەرپەرشتیکردنی ئێرانیيەکان لەسەر خاکی پاکی عوسمانی و دەستگەیشتنیان بە بەروبوومەکان و بە زۆرملێ وەرگرتنی پارەیەکی زۆر بەناوی زەکات و باج و پارەی ئاو و... هتد لە گوندەکانی عوسمانی، هەروەها دەستدرێژکردنیان هەتا خورماڵ، واتە گوڵعەنبەری خاکی شکۆداری پاشایەتی، جێگای ئەوپەڕی داخە. ستەم و خراپیی کارگێڕی، قەزای گوڵعەنبەری دەوڵەمەندی سوتاندووە و لەناویبردووە و داهاتی میریی ناوچەکەی گەیاندووەتە خاڵی سفر. وەک یەکەمین هەنگاو دژی ئەو بارودۆخه،‌ ئەمڕۆ عوسمان پاشای جاف سوپاس بۆ خوا هێنرایە موسڵ. پێویستە ڕێگایپێنەدرێت بگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجە و به ‌هیچ شێوەیەک جارێکی تر لە قایمقامیەتی گوڵعەنبەر دانەمەرزێت و لە شوێنی ئەودا کەسێکی بە دەسەڵات و کارا و سەرڕاست و کۆششکار دابمەزرێت، ئەگەر بکرێت تەنانەت خێزانی عوسمان پاشاش لە هەڵەبجە دوور بخرێنەوە).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

فەرمانی دەستبەکاربوونی سەید موحسینی تاوەگۆزی

فەرمانێکی نوسراوی ‌جێبەجێکردنە. بە واژووی (سیروان جاف)ی (الامین العام لادارە و المصایف) بە ژمارەی ٤/٣/٣٢٦٣ لە ١٩ی ٤ی ١٩٧٦ دەرچووە. تایبەت بە دامەزراندن و دەستبەکاربوونی سیازدە کەس لە پۆستە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و سلێمانی. لە خاڵێکدا ئاماژە بە دامەزراندنی سەید موحسینی تاوگۆزی کراوە بە سەرۆکی شارەوانی شارەدێی تەوێڵە و تێیدا هاتووه:‌ (تعیین محسن محمد عبدللە تاوکوزی من اهالی قضاء حلبجە مديرا لبلدية قرية طويلة وتحديدا راتبه ب ١٨ دينارا شهريا).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

فەرمانی ژمارە ١

یەکێکە لەو پێنج فەرمانەی، کە عەبدوڵا پاشای بابان (میری میران) سەبارەت بە (مەولەوی)ی شاعیر و بنەماڵە و خزمەکانی بە مەبەستی نیشتەجێبوون و بەخشین، لە ساڵی ١٢٦١ک ١٨٤٥ز دەریکردووە. دەقی فەرمانەکە بە فارسی نوسراوه:‌ (عەلی وەیس و براکانی، محەممەد وەیس، سان ئەحمەد، دەروێش سەلیم و براکەی، قەمەر، قادر "قالە"، عەلی وەیس کاکە وەیس، عەزیز و براکەی، کیانی شاوەیس، سلێمان. پایەی عالی مەقام خۆشەویستی و راسی نیشان، خاڵۆ محەممەد بەگ "بحمداللە تعالی" پاش سڵاو، ڕوونیدەکاتەوە، کە لەم کاتەدا وەک پێشتر بڕیاردرابوو سیانزە بنەماڵە وا لەسەرەوە ناویان هاتووە بە پیاوداری جەنابی مەولەوی بڕیار درا و ئەوانەمان سپاردەی ئەو کرد و خەرج و حەواڵەیانمان یەکسەر لە دەفتەرخانە بەدەرکرد. لە کۆتاییدا بەدڵنیاییەوە پێتانئەوترێ و ئاگاداردەکرێن، کە هەڵبەت لەمەودوا بە هیچ چەشنێک لە چەشنەکان پەیوەندیی هاتوچۆ و داواکاریتان لێیاننەبێت و زەحمەت و دەستدرێژی نەکەنە سەریان، با ڕەحەت خەیاڵ و ئاسوودەحاڵ بن و بەکاری خۆیانەوە خەریک بن).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

فەرمانی ژمارە ٢

یەکێکە لەو پێنج فەرمانەی، کە عەبدوڵا پاشای بابان (میری میران) سەبارەت بە کۆچی (مەولەوی)ی شاعیر و نیشتەجێبوون لە ساڵی ١٢٦٢ک ١٨٤٥ز دەریکردووە. دەقی فەرمانەکە بەم جۆرەیه:‌ (خزم و نزیکانی جەنابی زۆر گەوەرە و بەڕێز، برامان مەولەوی، هەڵبەتە بە گەیشتنی ئەم نوسراوە باڵایە بە ئەوپەڕی ئەمنیەت و دڵنیاییەوە لەگەڵ ماڵ و کۆچدا بەرەو شارەزوور ڕێکەوتن و لەوێ سەقامگیردەبن، بە دڵنیایی و بێ ختوورە بە کاروباری خۆیان خەریکدەبن و دوعای بەردەوامی بۆ حکومەتی پایەبەرز دەکەن، ئیتر لەمبارەیەوە دڵیابن، بەشێوەی بڕیار لەسەر دراو ئیش بکەن).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

فەرمانی ژمارە ٣

وەقفکردنی گوندی (بیاوێڵە)یە لەسەر زانا و شاعیر (مەولەوی) بە فەرمانی باڵای میری میران عەبدوڵاپاشای بابان لە ساڵی ١٢٦٢ک / ١٨٤٥ز بە فارسی نوسراوە و ئیمزای عەبدوڵا پاشای لەسەرە. لە فەرمانەکەدا هاتووە: (بەمەبەستی ڕەزای خودای مەزن و دڵخۆشبوونی سەیدی ئەنبا "علیە الصلاة والأنام" لەبەر خودای گەورە و بەخشندە و لە ڕووی حەقداری زاتییەوە دێی بیاوێڵەمان بە ناوی وەقفیەت بە جەنابی بەڕێز و پایەبەرز برامان مەولەوی مەولانا عبدالرحیم ئەسپەردەکرد، هەتا داهاتەکەی بۆ گوزەرانی خۆی بەکاربهێنێت، بە خەیاڵێکی ئاسودە بە ئیش و دەرس وتنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان و خواپەرستی و دوعاگۆیی خەریکببێت. هەڵبەتە هیچ کەس بۆی نییە لە ئیش و کاری ئەودا موداخەلە بکات).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە
پێشتر 1
...
36 37 38
...
40 دواتر