کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

بەرگی پێنجەم

کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.

ناوەڕۆک

791 بابەت

فەرمانی ژمارە ٤

فەرمانی ئازادکردن و دەستکراوەییە بۆ (مەولەوی)ی شاعیر بە هەڵگرتنی هەرجۆگەیەک لە ئاوی سیروان. ساڵی ١٢٦٢ک / ١٨٤٥ز دەرکراوە و بە فارسی نوسراوە. دەقەکەی بەم جۆرەیە: (کاربەدەستی جۆگاکاری بەڕێز، ئەمرتان پێ ئەکەین و بڕیار ئەدەین، کە هەر جۆگایەک پایەبەرزی بەڕێز و بەختیارشێوە برامان مەولەوی لە ئاوی سیروانەوە هەڵیدەگرێت، لەلایەن ئێمەی پایەبەرزەوە ڕێگەی پێدراوە و حەقی خۆیەتی. هەڵبەت نابێت هیچ کەس ڕێگری لێبکات و دەست نەخەنە ڕێگەی).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

فەرمانی ژمارە ٥

فەرمانی میری میران عەبدوڵا پاشای بابانە. لە ساڵی ١٢٦٢ک / ١٨٤٥ز دەریکردووە. بە فارسی نوسراوە و تایبەتە بە لابردنی باج و سەرانە لەسەر (مەولەوی) و خزمەکانی. دەقەکەی بەم جۆرەیه:‌ (دەبێت وەکیل و موچەخۆرەکان بزانن، کە لەم کاتەدا و پشتبەستن بە بڕیاری پێشوومان سەبارەت بە مەولەوی و خزمەکانی، کە بریتین لە سیانزە خێزان و ئێستا لە ئاوایی هانەسوورە و چاڵگە و چەند شوێنێکی تریش نیشتەجێن. داواکارم، کە باجیان لەسەر لاببرێت و ئەم بڕیارە بەخێرایی جێبەجێ بکرێت، هیچ کەس بۆی نییە دەست بکێشێتە کاروباریانەوە، یان باج و سەرانەیان لەسەر دابنێت، بۆئەوەی بە خۆشی و دڵنیاییەوە بژین).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

فەرمانی هەرێمی ژمارە ١٥٢

فەرمانی هەرێمی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە. وەڵامدانەوەی نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستانە و بە واژووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ١١ی ٨ی ٢٠١٥ دەرچووە. بە زمانی کوردی نوسراوە و وا هاتووه:‌ (پاڵپشت بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە "١"ی هەموارکراو و لەسەر ڕۆشنایی نوسراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٨٢٥ لە ڕێکەوتی ١١/ ٨/ ٢٠١٥ بڕیارمان دا بە: پچڕاندنی ناحیەی "بەمۆ" لە ئیدارەی گەرمیان و بەستنەوەی بە پارێزگای هەڵەبجە. ئەم فەرمانە جێبەجێ دەکرێت لە ڕۆژی دەرچوونییەوە). هەولێر ١/ ٩/ ٢٠١٥.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

قەباڵەکانی هەورامان

سێ قەباڵەی دەسخەتی ناوچەی هەورامانن، ساڵی ١٩٠٩ دۆزراونەتەوە. ئەم قەباڵانە سەنەدی کڕین و فرۆشتنی ڕەزەدێمن. سێ پارچە پێستەن و لە سێ دەمی جیاوازی سەردەمی ئەشکانیدا نوسراون. یەکێکیان بە زمانی پەهلەوی و پیتی ئارامی ساڵی (١٢ بۆ ١١پ. ز) نوسراوە. ڕێکەوتی فەرمانڕەوایی ئەشکی چواردەیەم دەکات. دوانەکەی تر بە گریکی نوسراون. مێژووی تۆمارکردنیان بۆ (٨٨ی پ. ز) دەگەڕێتەوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

قەواڵەیەکی کڕین و فرۆشتن بە خەت و مۆری مەولەویی تاوگۆزی

گرێبەستی کڕین و فرۆشتن و سپاردنی موڵکێکە لە نێوان هه‌ردوو کەسایەتیی (قوربانی) و (فەتاح) ناوێک. قەواڵەکە مەولەوی ڕێکیخستووە و به‌ خه‌تی خۆی نوسیویه‌تییه‌وه‌ و مۆری خۆیشی لێداوه‌. یەکلاکردنەوەی کڕین و فرۆشتن و سپاردنی موڵکەکەیە بە قوربانی (برای خواجە مەولان). مێژووی نوسین و ئامادەکردنی قەواڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٢٨١ی کۆچی (1865ز). لە لای خوارەوەی قەواڵەکە ناوی (عبدالرحیم المعدوم الحسینی) هاتووە، کە هەمان ناوی ڕاستەقینەی مەولەویی تاوگۆزیی شاعیر و زانای کوردە. قەواڵەکە لەلایەن بنەماڵەی سەید حەسەنی بیارەیی، کە لەڕێگەی بەڕێزان کاک ئیسماعیلی کوڕی سەید حەسەنی بیارەیی و د. یەحیا ڕێشاوییەوە پێشکەش بە ئەرشیفی ناوەندی کوردستان لە زانکۆی سلێمانی کراوە. ناساندنی قەواڵەکە: ناونیشان: دەقی قەواڵەیەکی مەولەوی(معدوم) نوسەر: سەید عەبدوڕەحیمی مەولەوی(١٨٠٦-١٨٨٢ز) زمانی قەواڵە: فارسی مێژووی نوسینەوە: ١٢٨١ ك -١٨٦٥ک قەبارەی قەواڵە: 18 سم x 13.5سم دۆزینەوە و ساغکردنەوە: هەردی مەهدی میکە شوێنی پاراستنی ئۆرجیناڵ: ناوەندی کوردستان/ زانکۆی سلێمانی دەقی قەواڵەکە: لای سەرەوەی قەواڵەکە: المطلع علی بیع فتاح (مۆری هێلکەیی خودی مەولەوی کە نوسراوە: عبدالرحیم المعدوم) و الشراء قربانی کما فی (دوو وشە لێرەدا ڕه‌ش بووەتەوە و تێکچووە) ناوەڕۆکی قەواڵەکەش ئاوا دەستپێدەکات: در حضور جمع کثیر با اطلاع این فقیر فتاح پسر معروف ملکی است که در خواجایی با خواجه مولان در آن شریک بودند بمبلغ دو صد قران بقربانی نام برادر خواجه مولان فروخت و صیغه ایجاب و قبول درباره آنها جاری گردید بعد از این همان ملک ملک قربانی است نه فتاح و نه وارث اوست نمیرسد ادعای همان ملک بکنند و السلام علد تابع الهدی جهت یادداشت قلمی شد ناو و ئیمزا و ساڵی نوسین عبدالرحیم المعدوم الحسینی سنە ١٢٨١ (1865ز)

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

کڕین و فرۆشتنی دوو پارچە زەویی ماڵی تاهیر بەگ

شێخ کەریم شێخ عەبدولڕەحمان قەرەداغی ناسراو بە (شێخ کەریم باخەوان)، ساڵی ١٩٠٤ لەدایکبووە و ١٩٨٩ کۆچیدواییکردووه. ساڵی ١٩٤١ لە شاری سلێمانییەوە چووەتە شاری هەڵەبجە و‌ سەرەتا لە گەڕەکی (سەرای کۆن) نیشتەجێبووە و هەر لەوێ ژیانی هاوسەری پێکهێناوە. ساڵی ١٩٤٧ چووەتە گەڕەکی پاشا و لە حەوشەی (تاهیر بەگ) دوو جێگای خانووی لە (فاتمەخانی کچی تاهیر بەگی وەسمان پاشای جاف) کڕیوە. لەو کاتانەدا (حاجی ناجی حاجی مرادخان) سەرکار و وەکیلی فاتمە خان بووە ئەو چووە زەوییەکەی بۆ دیاریکردووە بە شایەتیی هەردوو خوالێخۆشبوو (حەمەساڵح محەممەد) ناسراو بە (حەمەساڵح لولو) و (زۆراب پاشا) ناسراو بە (زۆرابی حەمامچی)، گرێبەستی نێوانیان واژووکراوە. جێگای خانووەکان کەوتوونەتە تەنیشت بازاڕی ئێستای شنروێ، کە ئەم بازاڕە لە شوێنی ماڵی تاهیر بەگدا دروستکراوە. ئەم بەڵگەیە بە تاکە بەڵگەی فەرمی دادەنرێت به ‌شێوەی کڕین و فرۆشتن لەنێوان ئەو بنەماڵەیه ‌و کەسێکی تردا کرابێت و دواتر بووبێت بە تاپۆ. دەقی بەڵگەنامەکە لە ڕۆژی ١٠ی ٤ی ١٩٤٧دا نوسراوە و ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە: (من‌ فاتمەخان کچی تاهیر بەگی عوسمان پاشام، ئیقرار دەکەم بەم نەوعە لە حەوشەی ماڵی تاهیر بەگی باوکمدا /١٤/ متر مربع ئەمجارە ‌فرۆشتم به شێخ کەریم کوڕی شێخ عەبدولڕەحمان باغەوانی خەستەخانەی هەڵەبجە و ئیزنم دا بۆ خۆی بیکات بە خانوو بە بەدەلی، کە عیبارەتە لە بیست و یەک دینار بە تەواوی لێم وەرگرتووە. شایەت لەم خسوسەوە هەر کەسێک ئیدیعایەکی هەبوو من تەعەهد دەکەم دەفعی بکەم. بینائەن عەلەیهی ئەم سەنەدەم ئیمزا کرد).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

کڕینی موڵک لە هەڵەبجە

١- بەڵگەنامەی کڕینی پارچەیەک موڵکە لە کانیجانەی لای گوندی پریس لە هەڵەبجە، لە لایەن حاجی مەحموود یاروەیسی جافەوە. بەڵگەنامەکە بە فارسی نوسراوە و مێژووی نوسینەکەی دیارنییە. بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی تری کڕینی موڵکەکان، کە بە تورکی نوسراوە و ناوی چەند شایەتێکیان دووبارەیە، دوورنییە ئەمیش هەمان ساڵی ١٢٨٨ک / ١٨٧١ز نەنوسرابێت. ١٢ کەسایەتی پەنجەمۆری بەڵگەنامەکەیان کردووە، ئەوانیش: عەبدوڵا بەگ، قادر بەگ، قادر ئەفەندی ماڵ مودیری، پیرۆت محەممەد چاوەش، شێخ محەممەد چاوەش، شێخ محەممەدی بیلەنگە، وەستا محەممەدی برادەری مەحموود، عەبدولقادر شێخ محەممەد، شێخ ئیسماعیل تەکیەیی، سەلیم یەعقوب، عەزیز مارانی. ٢- بەڵگەنامەی موڵکی حاجی مەحموود یاروەیسە لە گوندی پریسی نزیک هەڵەبجە، ساڵی ١٣٨٨ک / ١٨٧١ز بە زمانی تورکی نوسراوە. ناوی ئەو کەسانەی پەنجەمۆریان کردووە: قایمقامی گوڵعەنبەر، مستەفا بەگ عەزیز بەگ، سەید عەبدولسەلامی نایب، قادر میرزایی عەمەڵە، ساڵح حاجی قادر، محەممەد برادەری مەحموود، عەبدوڵا بەگ، عەلی بەگی ئیدارە، پیرۆت محەممەد چاوەش، قازی شێخ مەحموود ئەفەندی خەرپانی.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

کوژرانی دانیشتوویەکی هەڵەبجە لە خۆپیشاندانی دژ بە دەسەڵاتی بەعس

بەڵگەنامەی دەستخەت بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی سلێمانی/ یاریدەدەرێتیی ئەمنی هەڵەبجە کوژرانی دانیشتوویەکی شاری هەڵەبجە بە ناوی کۆژین (کوجین) مەحموود عەلی لە خۆپیشاندانێک دژ بە دەسەڵاتی بەعس و ناشتنی لە (سەیدسادق) بەهۆی ئەوەی هاوکاری دەسەڵات نەبووە. واژوو: ئەفسەری ئەمنی هەڵەبجە لە: ٢٥ی ٦ی ١٩٨٢

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

کۆتاییهاتنی کاری شاکر فەتاح وەک بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی خانەی کتێب و بەڵگەنامەی عێراقی، کە هۆبەی خۆیەتی وەزارەتی ناوخۆ لە بەغدا، ڕۆژی ٣٠ی ئایاری ١٩٤٣ دەریکردووە، تێیدا لەگەڵ لیستێک لە بەڕێوەبەرانی دیکەی وەزارەتدا، لە ژمارە هەشتی لیستەکەدا، ئاماژە بە کۆتاییهێنانی کارەکانی شاکر فەتاح و گواستنەوەی ناوبراو دەکات لە ناحیەی خورماڵ. جێی ئاماژەیە، کە شاکر فەتاح ماوەی سێ ساڵ بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بووە. پاشتر و بە پێی ئەم فەرمانە کۆتایی بە ئەرکی ناوبراو دەهێنرێت. ناوی شاکر فەتاح لە لیستێکی ٢١ کەسیدایە و پێشتر لەلایەن موتەسەڕیفی کەرکوک (مەکی صدقی)یەوە بەرزکراوەتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

گوڵعەنبەر لە ساڵنامەی عوسمانیدا

دەوڵەتی عوسمانی بۆ ئەو شوێن و وڵاتانەی، کە لە سنوری دەوڵەتەکەیدا بوون ساڵنامەی دەرکردووە و ساڵ بەساڵ گۆڕانکاری و شتی گرنگی ئەو ناوچانەی تۆمارکردووە. لەگەڵ داڕشتنی هەیکەلی ئیداری و کارگێڕیی شوێنەکاندا. بۆ ویلایەتی موسڵ چوار ساڵنامەی دەرکردووە، کە سلێمانی سەنجەقێکی ولایەتەکە بووە. لەوێدا بەمجۆرە قەزای (گوڵعەنبەر-هەڵەبجە) تۆمارکراوە. قایمقام: عوسمان پاشا میری میران، نائب: ئەحمەد سائیب ئەفەندی باوکی جەمیل سائیب، مدیری مال: محەمەد شەریف ئەفەندی، کاتبی تەحریر: محەممەد سەعید ئەفەندی، دایرەی نفوس. مەئمور: خاص ئەفەندی، کاتب: عەبدولڕەحمان ئەفەندی، محکەمەی بدا باشکاتب سلیمان بگ، مستنتق معاونی: ڕەشید ئەفەندی، کاتبی دووەم: عەبدولکەریم ئەفەندی، مەئمورانی تری قەزا: مدیر تلگراف: ئەمین ئەفەندی، کاتبی تاپۆ: سلێمان بەگ. ناحیەکانی سەر بە قەزا: قزڵجە میرەکەی سدیق ئەفەند، کاتب: محەمەد عەلی ئەفەندی، سرۆچک: مدیر، منحل، کاتب: سەعید ئەفەندی.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

گوڵعەنبەر لە پەرتوکی مێژوو و جوگرافیای مەمالیکی عوسمانی (عەلی جەواد)دا

پەرتوکی مێژوو و جوگرافیای مەمالیکی عوسمانی، سەرچاوەیەکی گرنگی مێژوويی و جوگرافیی دەوڵەتی عوسمانییە. بەشی یەکەمی سێ بەرگە و تایبەتە بە لایەنی جوگرافی، بەرگی یەکەمی لە ساڵی (١٣١٣ک/١٨٩٦ز) لە چاپخانەی مەحمود بەگ لە ئەستەمبوڵ چاپکراوە. بەرگی دوووەمی لە هەمان چاپخانە لەساڵی (١٣١٤ک/١٨٩٧ز) چاپکراوە. هەرچی بەرگی سێیەميیەتی لە ساڵی ( ١٣١٤ک/١٨٩٧ز) لە چاپخانەی قەسبار چاپکراوە. بە گشتی بەرگەکانی کراون بە دوو بەشەوە، بەشی یەکەم بابەتی جوگرافیا، کە زانیاری زۆر گرنگ و پڕبایەخی لەسەر ناوچە جیاوازەکانی سەر بە دەوڵەتی عوسمانیی تێداخراوەتەڕوو. پەرتوکەکە لە بەرگی سێیەمیدا، زانیاریی گرنگی لەسەر گوڵعەنبەر خستووە‌تەڕوو، نوسەر ئاماژەی بەوە کردووە، گوڵعەنبەر، قەزایەکی سەر بە سەنجەقی سلێمانییە لە ویلایەتی موسڵ. ژمارەی دانیشتووانەکەی ٧٠٠٠ حەوت هەزار کەسن و خەڵکەکەی بە نزیکەی هەموو موسڵمانن و بەکاری کشتوکاڵییەوە ژیانی خۆیان دەگوزەرێنن. لەو قەزایەدا، لە شارەزوور پاشماوەی (سیازروس) تائێستاش ماوە. ئاماژەیشی بەوەکردووە ئەوە شارێکی دێرین بووە و بارەگای حکومەت بووە لەلایەن (قوبادی کوڕی فەیروز)ەوە دروستکراوە. هەروەها قەڵای گوڵعەنبەریش لەلایەن سوڵتان سلێمانی کوڕی سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانییەوە دروستکراوە.

لەسێدارەدراوانی ناحیەی سیروان لە نوسراوێکی ئەمنی شارۆچکەکەدا بۆ ئەمنی هەڵەبجە

بەگوێرەی نوسراوێکی ئەمنی سیروان لە ٢٦ی ١٠ی ١٩٨٠، کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی هەڵەبجە کراوە، زانیاریی ورد لەبارەی پێنچ کەسایەتیی لە سێدارەدراو و کەسوکاری پلەیەک هەتا پلە سێیان خراوەتەڕوو، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ تا ١٩٨٠ لەلایەن دەوڵەتەوە بە تۆمەتی بەشداریی چالاکیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و کاری حیزبییەوە، لەسێدارەدراون، کەسایەتییەکان بریتین لە: ١. عەلی مەلا حەمەئەمین ئەحمەد، ساڵی ١٩٧٩ لەسێدارەدراوە. ٢. عەزیز محەمەد ئەحمەد هاروونی، ساڵی ١٩٧٨ لەسێدارەدراوە. ٣. خالید حسێن عەبدوڵا دەرەشیسی، ساڵی ١٩٧٧ لەسێدارەدراوە. ٤. حسێن محەمەد کاکەوەیس ساڵی ١٩٧٨ لەسێدارەدراوە. ٥. ئیسماعیل کەریم فەرەج ساڵی ١٩٧٨ لەسێدارەدراوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

مەدرەسە و قوتابخانەکانی قەزای گوڵعەنبەر لە سەدەی ١٩دا

لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمی زاینی بەدواوە، ژمارەیەک قوتابخانەی سەرەتایی لە قەزای گوڵعەنبەردا هەبوون، لەوانەش هەڵەبجە لە گوندی هەڵەبجە، کە پازدە قوتابی هەبووە. لە قەزای گوڵعەنبەر لەپاڵ ئەو قوتابخانە فەرمییانەدا، ژمارەیەک مەدرەسەی ئایینیش هەبوون، کە ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە پەروەردە و فێرکردنی خەڵکی قەزاکەدا، لەوانەش: مەدرەسەی محەممەد پاشا لە گوندی هەڵەبجە. مودەڕیسی ئەم مەدرەسەیە، شێخ محەمەدی شێخ عەبدول لەتیفی قەرەداغیی مەردۆخی بووە و ١٧ قوتابی هەبووە لەلایەن محەممەد پاشا و یونس بەگەوە دروستکراوە. مەدرەسەی شێخ عومەر، ئەم مەدرەسە لە گوندی بیارە بووە و لەلایەن شێخ عومەرەوە دروستکراوە، مودەریسەکەی مەلا قادر ئەفەندی بووە و حەوت قوتابی هەبووە. مەدرەسەی عوسمان پاشا لە گوندی پێنجوێن بووە و لەلایەن عوسمان پاشاوە دروستکراوە و چوار قوتابی هەبووە، مەلا عەبدولڕەحمان ئەفەندی، مودەریسی ئەو مەدرەسەیە بووە. لە گوندی نێرگسەجاریش مەدرەسەیەک هەبووە، کە لەلایەن مەلا مەحموود ئەفەندییەوە دروستکراوە و ١١ قوتابی هەبووە و مەلا مەحموود، مودەریسی ئەم مەدرەسەیە بووە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

مەحموود پاشای جاف و پلەی پاشایەتی

دوای کوژرانی محەممەد پاشای سەرۆکی عەشیرەتی جاف لە (٤ی نیسانی ١٨٨٢)، مەحموود بەگی کوڕە گەورەی (١٨٤٦-١٩٢١) لە سەرۆکایەتیی عەشیرەتەکە و قایمقامییەتیی قەزای گوڵعەنبەر شوێنیگرتووەتەوە. لە بەڵگەنامەیەکی عوسمانیدا هاتووە: (مەحموود بەگی کوڕی کۆچکردو محەمەد پاشای سەرۆک عەشیرەتی جاف، کە لەوەتەی ماوەیەکە قایمقامی قەزای گوڵعەنبەرە، لەگەڵ عوسمانی سەرکردەی یەکێک لە تیرەکانی عەشیرەتەکە و عەبدوڵڵا لە میرەکانی عەشیرەتەکە بەهۆی ئەوەی هاوکار و ڕێنشیاندەر بوون بۆ کۆکردنەوەی ٢٠٠ سەر ئێستر وەک هاوکاریی بۆ فەوجی سوارەی سوپای هومایۆنی ناوبراو، هەروەک خزمەتی ستایشکراوی تریشیان هەیە، بۆیە داواکراوە چاکەیان لەگەڵدا بکرێت و بەگوێرەی ناوەڕۆکی نوسراوەکان چۆنیەتییەکەی بە پایەی سەرعەسکەرییش ڕاگەیەنراوە. لەو سەروبەندەدا، کە سوپای هومایۆنی پێویستی بە ئاژەڵ هەبووە، نیشاندانی ئەو هەموو کۆشش و دڵسۆزییە لەلایەن پایەی باڵاشەوە جێگای پێزانینە. بەوپێیەی مەحموود بەگی ناوبراو خۆی پلەی بەڕێوەبەری ئیستەبڵی عامیرەی هەیە، ئەگەر جەنابی خاوەن شکۆ مۆڵەت بفەرموێت ئەوا ناوبراو پلەکەی بۆ میری میران بەرز دەبێتەوە).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

مەرسومی کۆماری ژمارە ٥٢

پاڵپشت بە بڕگەکانی مادەی پێنج لە یاسای پارێزگاکان، ژمارە ١٥٩ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو، لەسەر داواکاریی وەزیری ناوخۆ، بە واژووی سەرۆککۆمار (ئەحمەد حەسەن بەکر) لەڕۆژی حەڤدەی مانگی سەفەری ساڵی ١٣٩٨، بەرامبەر بە بیست و شەشی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٨، ئەم مەرسوومە دەرچووە و تێیدا وا هاتووه:‌ (بڕیارمان دا دابڕینی ئەم کەرتانه کە ژمارە و ناویان هاتووە لەناحیەی سیروان سەر بەقەزای هەڵەبجە لە پارێزگای سلێمانی و بەستنەوەی بە ناحیەی دەربەندیخانی سەر بەقەزای دەربەندیخان لە هەمان پارێزگا "گوندی بەڕوێنی ژووروو و دارەکونجە، گوندی بەلەسۆ، گوندی پشتە، گوندی گمە، گوندی گڵێجاڵ، گوندی قەڵپ، گوندی توڵەبی، گوندی شەمێران، گوندی کانی کەوە، گوندی چەمەڕەش، گوندی دۆڵی ناوحەد و وڵوەر، گوندی مۆرتکە و بانی بۆڵان، گوندی سەرشاتەی خواروو، گوندی لاوران، گوندی دڵف، گوندی سەرشاتەی سەروو، گوندی زارێن، گوندی کۆکۆیی شەمێران، گوندی زمناکۆ، گوندی وەرمن").

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

مەرسومی کۆماری ژمارە ١٠٤٧

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی قەزای هەڵەبجەیە لە لایەن سەدامەوە، دوای گرتنی لەلایەن ئێران و کیمیابارانکردنی لەلایەن عێراقەوە. بە فەرمی قەزاکەی هەڵوەشاندووەتەوە. دەقی مەرسومەکە: استنادا الى احکام المادة الخامسة والفقرة (١) من المادة السادسة من قانون المحافظات رقم ١٥٩ لسنة ١٩٦٦ المعدل. رسمنا بما هو أت: اولا: يلغي قضاء حلبجة التابع لمحافظة السليمانية ثانيا: تستحدث ناحية باسم ناحية حلبجة، يکون مرکزها المدينة الجديدة وترتبط بقضاء الاخوة في محافظة السليمانية علي وزير الحمک المحلي تنفيذهذا المرسوم. کتب ببغداد في اليوم التاسع والعشرين من شهر صفر ١٤٠٩ هجرية، المصادف اليوم العاشر من شهر تشرين الاول لسنة ١٩٨٨ ميلادية. صدام حسين رئيس الجمهورية

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

مەرسومی کۆماری ژمارە ١٩

واژۆکردنی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەیە وەک ١٩هەمین پارێزگای عێراق، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگی پێداوە و سەرۆککۆمار مەرسومی بۆ دەرکردووە. دەقەکەی: استنادا الى احکام البند(سابعا) من المادة (٧٣) من الدستور، والمادة (١) من قانون استحداث محافضة(حلبجة) في جمهورية العراق رقم (٧) لسنة ٢٠٢٥. رسمنا بما هو أت: اولا: لتحدث محافظة باسم محافظة(حلبجة) في اقليم کردستان العراق لتکون المحافظةالتاسعة عشة في جمهورية العراق ويکون مرکزها قضاء(حلبجة) ثانيا: على الجهات ذات العلاقة تنفيذ هذا المرسوم ثالثا: ينفذهذا المرسوم في تاريخ نشره في الجريدة الرسمية. کتب ببغداد في اليوم الاول من شهر ذي القعدة لسنة١٤٤٦ هجرية، لاموافق لليوم التاسع والعشرين من شهر نيسان لسنة ٢٠٢٥ ميلادية عبد اللطيف جمال رشيد رئيس الجمهورية

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

محەممەد پاشای جاف وەرگرتنی پلەوپایە لە دەوڵەتی عوسمانی

محەممەد پاشای جاف وەک سەرۆکی گەورەترین عەشیرەتی باشوری کوردستان بەرلەوەی ببێت بە قایمقامی جاف و قەزای گوڵعەنبەر، چەند پلەوپایەکی لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە وەرگرتووە. لە بەڵگەنامەیەکی عوسمانیدا هاتووە: (بەپشتبەستن بە نوسراوی بەڕێزتان بۆ بەخشینی پارچەیەک لە نیشانی مەجیدی پلەچوار بە محەممەد بەگ کە لە ئەمیرەکانی عەشیرەتی جاف و قاپوچی باشی دەرگای باڵایە، لەگەڵ بەخشینی پلەی قاپوچی باشی بە هەریەک لە قادر بەگ و بەهرام بەگ، ڕەزامەندی جەنابی پادیشاهی لەسەر دراوە و دروستکردنی نیشانی ناوبراو بە وەزارەتی دارایی شکۆدار سپێردراوه ‌و بەرائەتەکەشیان "بەرائەت بریتییە لەو بەڵگەنامە سوڵتانییەی کە دەبەخشرایە ئەو کەسانەی پلە و جیاوکێکیان لەلایەن دەوڵەتەوە پێ دەدرا" نێرراوە. بفەرموون بۆ جێبەجێکردنی کاری پێویست و وەرگرتن و ناردنی سەنەدی پێویست لەکاتی گەیشتنی نیشانەکاندا). لە بەڵگەنامەیەکی تریاندا هاتووە: (محەممەد بەگ، کە یەکێکە لە ئەمیرەکانی عەشیرەتی گەورەی جاف لە سەنجەقی سلێمانی و هاوکات قەپوچی باشی دەرگای باڵایه، وەک پاداشتێک بۆ ئەو خزمەتانەی لێی بینراوە لەلایەن والیەتی بەغداوە نوسراو نێردرا‌وە بۆ بەخشینی پارچەیەک لە نیشانی مەجیدی پلەچوار بەناوبراو، جەنابی پادیشاهیش "سوڵتان" ڕەزامەندی لەسەر دەربڕیوە، هەواڵی ئەمەش لە ٥ ذی القعدة ١٢٨٢ لەلایەن خامەوە پێشکەشکراوە، بفەرموون بۆ دروستکردنی نیشانی ناوبراو).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

میوەجات لە قەزای گوڵعەنبەر

لەبەرئەوەی بەشێک لە ناوچەکانی سەربە قەزای گوڵعەنبەر، ناوچەی شاخاوی و نیمچە شاخاوین، چەندین جۆری باخ و باخاتی تێدایە، لە ناوچە جیاوازەکانی قەزای گوڵعەنبەردا چەندین داری بەرداری وەکو: گوێز، هەڵوژە، سێو، هەرمێ، هەنجیر، قەیسی و بادەمی تێدا چێنراوە، لەوەش زیاتر هەندێک ناوچەی قەزای گوڵعەنبەر وەکو هەورامان بە باخداری بەناوبانگبوون. لە ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و کانزاکانی دەوڵەتی عوسمانی بۆ ساڵی ١٩٠٦دا هاتووە، لە قەزای گوڵعەنبەردا ١٣٠٠٠٠ قییە گوێز، ٢٠٠٠٠ قییە هەڵوژە، ١٠٠٠٠ قییە سێو، ١٠٠٠٠ قییە هەرمێ و ١٠٠٠٠ قییەش هەنجیری تێدا بەرهەمهاتووە. ئەمە لەکاتێکدایە لە ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی و بازرگانیی دەوڵەتی عوسمانی بۆ ساڵی ١٩١١دا، ئەو زانیارییانە گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە. لە ئاماری ساڵی ١٩١١دا داهاتی هەریەکە لە بەرهەمی هەنار و توویش زیادکراوە، کە کۆی گشتیی بەرهەمی هەنار و توو لە سەنجەقی سلێمانی لە قەزای گوڵعەنبەردا بوون و بەجۆرێک ٢٠٠٠٠ قییە هەنار و ٤٠٠٠٠ قییە توو بەرهەمهاتوون، هەروەها لە سەنجەقی سلێمانی ڕێژەیەکی بەرچاو ترێ و کشمیش بەرهەمهاتوون، بەجۆرێک لە ئاماری ساڵی ١٩١١ی وەزارەتی کشتوکاڵدا، کۆی گشتیی ترێی بەرهەمهاتوو لە سەنجەقی سلێمانییدا ٤٣٢٣٠٠ قییە ترێ بووە، کە بەمجۆرە دابەشبووە بەسەر قەزاکاندا، قەزای شەهربازار ٢١٢٢٠٠ قییە، قەزای گوڵعەنبەر ١٢٠٠٠٠ و قەزای مەعمورەتولحەمید (مەرگە)یش ١٠٠٠٠٠ قییە ترێی لێبەرهەمهاتووە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

ناحیەی لهۆن ١٩١٢

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی شورای دەوڵەتی عوسمانی، کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، لەسەر بنەمای نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ، شورای دەوڵەت لە ڕێکەوتى ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩١٢، بە ژمارەی ٢٢١٧، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی مولکییە و مەعاریفەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە، لەسەر بنەمای داواکاریی ناوبراو و لەپێناو بەهێزکردن و پاراستنی هەژموونی حکومەت، ئاسایش و ئارامی، بڕیاردراوە لەسەر دروستکردنی ناحیەیەک لەسەر سنوری ئێران و لەو گوندانەی لەژێر هەژموونی (جافرسان)دا بوون و کردنی ناوبراو بە بەڕێوەبەری ئەو ناحییە بە مووچەی پێنج سەد قروش. دوای ئەم بڕیارەى ئەنجومەنی شورای دەوڵەت، دائيرەی سەدارەت لە سەرۆکایەتیی دەوڵەتی عوسمانی بە بڕیاری ژمارە (٢٣٢٣) فەرمانی باڵای بۆ دروستکردنی ناحیەی لهۆن لە ٦ى ١١ى ١٩١٢ دەرکردووە و داوای جێبەجێکردنی کاری پێویستی لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەی کردووە.

پێشتر 1
...
37 38 39 40 دواتر