عەبدولعەزیز عاسم ئەفەنديی گوڵعەنبەری
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
ناوی (عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی کوڕی سەیید محەممەد وەسیم ئەفەندی)یە. مامۆستای قوتابخانەی ئەعزەمییە بووە. لە (جەمادی یەکەمی ساڵی ١٢١٨ک/ ئاب - ئەیلولی ١٨٠٣ز) لە بەغداد لەدایکبووە. بەڵام لە ڕەچەڵەکدا خەڵکی قەزای گوڵعەنبەری سەر بە سەنجەقی سلێمانی بووە. ناوبراو لە دەستنوسی دیوانە فارسییەکەیدا کە بە کۆدی (AEFRS ٥٧٥) لە (کتێبخانەی میللەت) پارێزراوە. لە سەرەتای ئەو دیوانەدا ناوی ئەم شاعیرە بە (عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی گوڵعەنبەری) هاتووە، هەروەها لە هەمان کتێبخانەدا چاپێکی تری دیوانی ناوبراو پارێزراوە بە کۆدی (AEMNZ ٢٦٨). لە لاپەڕە (٣٨) و لە تێبینییەکی ڕەشید عاکیف پاشادا لە باسی ئەم شاعیرەدا بەناوی (عاسم گوڵعەنبەری) هاتووە. ئەوانە و چەندین بەڵگەی تر بەردەستن دەيسەلمێنن، کە ناوبراو خەڵکی قەزای گوڵعەنبەر (هەڵەبجە) بووە. عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی دوای ئەوەی لە مەدرەسەی ئەعزەمییە ماوەیەک لای باوکی دەرسى خوێندووە، دوای مردنی باوکی، لە مەدرەسەی ناوبراو لە جێگەی باوکی دەبێتە مودەریس و لە هەمانکاتیشدا بەردەوامی داوە بە دەرس خوێندن لەلاى محەمەد قاسم شارەزووری. دوای ئەوەی لە ساڵی (١٢٤٣ک/ ١٨٢٧-١٨٢٨ز) بە پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی مەولەویخانە لە بەغداد دامەزراوە، ساڵی ( ١٢٦١ک/١٨٤٥ز) لە مەدرەسەی هەمان مزگەوتدا بە مودەریس دامەزرێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە دائیرەی حکومەتی بەغداد هەفتەی سێ ڕۆژ کاری وەرگێڕانی زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی و کوردی کردووە. عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی لەگەڵ کوڕەکەیدا (عەلی حەیدەر ئەفەندی) لە ساڵی ١٨٧٧ دەچنە ئەستەمبوڵ، لە شازادەباشی لە گەڕەکی ئەمین نورەدین لە خانویەکدا نيشتەجێدەبن. دواجار لە ساڵی ١٣٠٥ک/ ١٨٨٧- ١٨٨٨ کۆچیدواییدەکات و لە حەوشەی توربەی فاتیحدا بەخاک دەسپێررێت. سەبارەت بە دانراوەکانی، ئەوەی بەردەستە ناوبراو دوو دیوانی هەیە، دیوانێکی بە زمانی فارسی و دیوانێکیشى بە زمانی تورکی نوسیوە، لەڕووی باڵادەستی و زمان پاراوییەوە، دیوانە فارسییەکەی باڵاترە، هەرچی دیوانە تورکییەکەیەتی هەندێک هەڵەی ڕێزمانيی و زمانەوانی تێدا بەرچاوە، يەکێک لە توێژەرە تورکەکان هۆکاری ئەو کەموکووڕییە لە زمانی تورکیدا بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە ناوبراو لە تەمەنێکی گەورەدا خۆی فێری زمانی تورکی کردووە. بە گوێرەی گێڕانەوەى يەکێک لە نەوەکانی، شاعیری ناوبراو دانراوی ديکەشى هەبووە، ڕەشید عاکیف ئەفەندی بە بەڵێنی ئەوەی چاپیان دەکات، لێیوەرگرتوون. ماوەتەوە بڵێین عەبدولعەزیز عاسم ئەفەندی دوو نامەی ماستەری لەسەر نوسراوە، ماستەرێک لەسەر دیوانە فارسییەکەى لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسی لە زانکۆی ئەستەمبوڵ، ماستەرنامەیەکیش لەسەر دیوانە تورکییەکەی لە بەشی زمان و ئەدەبی تورکی لە زانکۆی ئەتاتورک لە ئەرزەڕووم.
سەرچاوەکان:
- İbnülemin Kemal İnal, Son Asır Osmanlı Şairleri, ١.Cilt. A-H, M١ll١ Egitim Basımevi - İstanbul ١٩٦٩ , s. ٦٤.
- Atakan Özbeyli, Divân-I Abdülaziz Âsım Efendi (İnceleme - Metin), İstanbul Üniversitesi Sosyal Bilimler Enstitüsü Doğu Dilleri Ve Edebiyatları Anabilim Dalı Fars Dili Ve Edebiyatı Bilim Dalı, Yüksek Lisans Tez, Tez Danışmanı Prof. Dr. Ali Güzelyüz, İstanb
- Dr. Şerife Yerdemir, Dülazîz Âsim Efendi Ve Ter-Cümân-I Hakîkat Gazetesindeki Farsça Sâl-İ Cedîd Kasidesi, TÜRKLÜK BİLİMİ ARAŞTIRMALARI JOURNAL OF TURKOLOGY RESEARCH ٥١. SAYI / VOLUME, ٢٠٢٢-BAHAR.
- Osman Onuk, Abdü’l-Azìz Ásim-I Irákí’nin Hayati, Edebi Kişiliği Ve Divani, Yüksek Lisans Tezi, Atatürk Üniversitesi Sosyal Bilimleri Enstitüsü Türk Dili Ve Edebiyati Anabilim Dali, Erzurum-٢٠١٦.
ئامادەکردنی: د.سامان مستەفا ڕەشید