بەرگی پێنجەم
کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
بەرگی پێنجەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. لە ١٣ی ٣ی ٢٠١٤ بە واژووی (نێچیرڤان بارزانی)ی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە. بە زمانی کوردی نوسراوه و وا هاتووه: (پاڵپشت بە ئەحکامی هەردوو ماددەی ١١٥ و ١٤١ لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ ساڵی ٢٠٠٥، و لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری تەشریعی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١١ لە ٢٢ی ٩ی ١٩٩٩ و ئاماژە بە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە ٣٩ لە بەرواری ٤ی ٦ی ٢٠١٣ و ئاماژە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ ژمارە ٥٦٨ لە ٣١ی ١٢ی ٢٠١٣ بڕیار درا بە: ١- دەستنیشانکردنی سنوری (پارێزگای هەڵەبجه)ی ئیستحداثکراو به پێی بڕگەی چوارەمی ماددەی (١)ی بڕیاری تەشریعیی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١١ لە ٢٢ی ٩ی ١٩٩٩ وەک قۆناغی یەکەم بە هەمان سنوری ئیداری ئێستای قەزای هەڵەبجە بەپێی نەخشەی هاوپێچی ئەم بڕیاره و دانانی (پارێزگای هەڵەبجە) بە پارێزگای چوارەم لە سنوری هەرێمی کوردستانی عێراق و شاری هەڵەبجەیش دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە. ٢- ناردنی ئەم بڕیارە بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دەرکردنی فەرمانی هەرێمی. ٣- ئەم بڕیارە لە ڕۆژی ١٣ی ئازاری ساڵی ٢٠١٤ دەرچووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێیدەکەن.
بڕیاری پەرلەمانی کوردستانە. لە ٢٢ی ٩ی ١٩٩٩دا بە واژووی (جوهر نامق سالم)ی سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق دەرچووە. بە زمانی عەرەبی نوسراوه و تێیدا هاتووه: (إستنادا الى الصلاحية المخولة لنا بموجب الفقرة ٣ من المادة الثانية من القانون رقم ١٠ لسنة ١٩٩٧ و بناءأ على ما شرعه المجلس الوطني لکوردستان العراق بجلسته المنعقدة بتأريخ ٢٢/ ٩/ ١٩٩٩ قررنا اصدار القرار الآتي: أولا: استحداث المحافظات المدرجة أدناه في إقليم کوردستان العراق و بنفس الحدود الإدارية للأقضية حاليا: اسم المحافظة مرکز المحافظة محافظة سوران سوران محافظة ئاکرى ئاکرى محافظة بيتوين بيتوين محافظة حلبجة حلبجة ثانيا: يخول مجلس الوزراء صلاحية تغيير و تحديد الحدود الإدارية لکل محافظة و تنظيم الخرائط اللازمة. ثالثا: على مجلس الوزراء تنفيذ أحکام هذا القانون رابعا: ينفذ هذا القرار من تأريخ صدوره و ينشر في الجريدة الرسمية).
بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. لە ٢٠ی ٣ی ٢٠٢١ بە واژووی (محمد الحلبوسي)ی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە. بە زمانی عەرەبی نوسراوه و وا هاتووه: (قرر مجلس النواب بجلسته المرقمة ٤٤ النعقدة بتأريخ ١٦/ أذار/ ٢٠٢١ من فصل التشريعي الأول/ السنة التشريعية الثالثة/ الدورة الأنتخابية الرابعة ما يلي: التوصية الى الحکومة باستکمال الأجراءات القانونية بإعلان محافظة حلبجة).
بڕیارێکی پەرلەمانی کەنەدایە بۆ ناساندنی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە تاوانی دژەمرۆڤایەتی. ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ٣ی ٢٠١٠ لە یادی ٢٢ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، پەرلەمانی فیدراڵیی کەنەدا لە ئۆتاوا، بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و کوردستانیان و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان، لە یەکەم دانیشتنیدا دەرچووە. پەرلەمانتار (جیم کەراجیانیس) وتارێکی لەسەر دۆسیەی کیمیابارانی هەڵەبجە پێشکەشکردووە و ئاماژەی بە سەردانەکەی بۆ کوردستان و مۆنۆمێنتی هەڵەبجەکردووه، کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٩دا کردویەتی. دواتر سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پێشنیازی جیم کەراجیانیس دۆسیەکەی خستووەتە دەنگدانەوە و بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیاری لەسەر دراوە. دەقی دۆسیەکە بە زمانی کوردی بەم جۆرەیە: (پەرلەمانی کەنەدا ئەو کردەوانەی، کە لە لایەن سەدام حسێن لە بەرامبەر کورددا کراون، لە بەکارهێنانی گازی کیمیایی لە شاری هەڵەبجەدا، لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ و وێرانکردنی گوندەکانی کوردستانی عێراق و سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە عێراقدا، وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەناسرێت و لە یاسای ئەو وڵاتەدا جێگیر دەکرێت).
بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە. لە ٣١ی ١٢ی ١٩٩٩دا بە واژووی (علی محسن إسماعیل)ی ئەمین عامی ئەنجومەنی وەزیران بە وەکالەت دەرچووە. بە زمانی عەرەبی نوسراوه: (قرر مجلس الوزراء بجلسته الاعتيادية الرابعة و الخمسين المنعقدة بتأريخ ٣١/ ١٢/ ٢٠١٣ ما يأتي: ١- الموافقة على مشروع قانون استحداث محافظة حلبجة في جمهورية العراق، و إحالته الى مجلس النواب إستنادا الى احکام المادتين (٦١/ البند أولا، و ٨٠/ البند ثانيا) من الدستور، بعد استلام الحدود الإدارية للمحافظة المذکور آنفا. ٢- تکليف مکتب الوزير الدولة لشئون المحافظات بدراسة واقع الآقضية التي تقدمت بطلب تحويلها إلى المحافظات و التي تۆهلها ظروفها السکانية و الجغرافية لتکون محافظات جديدة و تقديم الدراسة الى الأمانة العامة لمجلس الوزراء لغرض عرضها على مجلس الوزراء في احدى جلساته القادمة).
پاش کیمیابارانی هەڵەبجە، ڕۆژی ١٠ی ١٠ی ١٩٨٨ بە بڕیارێکی سەدام حسێن قەزای هەڵەبجە هەڵوەشێنراوەتەوە و بڕیاردراوە لە باشووری ڕۆژئاوای دەشتی شارەزوور و بەرانبەر بە ناحیەی (زەڕایەن) قەزای برایەتی (قضاء الأخوة) دروستبکرێت و ببەسترێتەوە بە پارێزگای سلێمانییەوە. لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی هاوکاری نوسیوویەتی: (بەگوێرەی ڕێنماییەکانی سەرۆکی فەرماندە سەدام حسێن لە ڕۆژانی داهاتوودا دەست بە دروستکردنی شاری هەڵەبجەی نوێ دەکرێت. بەڕێز عەدنان داود سەلمان وەزیری دەسەڵاتی خۆجێیی ئەمەی لەوکاتەدا ڕاگەیاند، کە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی لێپرسراوانی دەزگاکانی حوکمی خۆجێیی و خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای سلێمانی دەکرد، بە ئامادەبوونی جەعفەر عەبدولکەریم بەرزنجی پارێزگاری سلێمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخشەی بنەڕەتیی شارە نوێیەکه). بەگوێرەی نەخشەکەی حکومەت، شارە نوێیەکە لە (٥٤٩٠) پارچە زەوی نیشتەجێبوون و هەموو دامودەستگا خزمەتگوزاری و پەروەردەیی و تەندروستییەکان لەگەڵ ناوچەیەکی پیشەسازی پێکهاتووە. ڕۆژی ١٨ی ١٠ی ١٩٨٨ بە ئامادەبوونی عەدنان داود سەلمان و پارێزگاری سلێمانی (جەعفەر عەبدولکەریم بەرزنجی) و پارێزگاری کەرکووک (مونزر نسەیف جاسم) بەردی بناغەی دانراوە. دواتر بەپێی فەرمانێکی سەدام حسێن ناوی قەزاکە لە برایەتی کراوە بە ناوەندی قەزا و ناونرا (صدامیە حلبجە). لە کۆتایی مانگی نیسانی ١٩٨٩، کە هاوکات بوو لەگەڵ یادی لەدایکبوونی سەدام حسێندا، ئاهەنگی کردنەوەکەشی لە ڕێوشوێنێکی سەربازیی توندوتۆڵ و بە ئامادەبوونی (عیزەت دووری) بەڕێوەچوو.
بڕیاری فەرماندەیی مەکتەبی ڕێکخستنی باکوری حزبی بەعسە. بەرپرسی مەکتەبەکە بە واژۆی (عەلی حەسەن مەجید) لە ٢٠ی ٦ی ١٩٨٧ دەرچووە، دەقەکەی بریتییە لە: ١- هەموو گوندەکانی کوردستانی عێراق بە ناوچەی قەدەغەکراو لە قەڵەمدەدرێن. ٢- تەقەکردن تیایاندا ئازادە. ٣- هاتوچۆ بۆ ئەوێ و لەوێوە بۆ شارەکان بەتەواوی قەدەغەیە. ٤- دەبێت هێزی سوپا بە بەردەوامی لەو گوندانە بدات. ٥- هەرکەسێک لەو ناوچانە بێت تەمەنی لە ١٥-٧٠ ساڵ بێت، دەبێت بگیرێت و دوای لێکۆڵینەوە یەکسەر گوللەباران بکرێت. بڕیارەکە بووە بناغەی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی گوندەکان لە شارباژێڕەوە بۆ هەڵەبجە و هەورامان و زۆرترین کەسی مەدەنی پێ کوژراوە.
بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش (حیزبی بەعس)ـە. لە ٢٩ی٣ی ١٩٨٧ دەریکردووە و ئیمزای سەددامی سەرۆک کۆماری عێراقە پێوەیە. بەپێی بڕیارەکە عەلی حەسەن مەجید کراوەتە بەرپرسی مەکتەب ڕێکخستنی باکور، کە پارێزگاکانی (موسڵ، دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک)ی گرتووەتەوە و تەواوی هێزی زەمینی و ئاسمانی و هەواڵگری و سوپای میللی و موستەشارەکانی خراوەتە خزمەت و دەسەڵاتی بەسەر هەموویاندا شکاوە. گوندەکانی قەزای هەڵەبجە کەوتوونەتە چوارچێوەی نەخشە و پلانی چۆڵکردن و ڕاگواستن و زەویی قەدەغەکراو و لەدرێژەی کارەکانی بەرپرسەکەیدا گەورەترین تاوانی بەرانبەر کراوە. ئەندامانی مەکتەبەکە لەو کاتەدا بریتیبوون لە: (عەلی حەسەن مەجید، ڕازی حسن سلمان، سوبحی عەلی خەلەف، تاریق کافی، خزر عەبدولعەزیز عەباس، حائیل ئیبراهیم عەبدوڵا، نزار یونس خەلیل، عەبدولسەلام حامید عەناس، عەبدوڵا عەباس حەسەن).
بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی: دوای ساڵێک لە نۆژەنکردنەوەی، لە ساڵی ١٥٧٩دا لە شارەزوور و گوڵعەنبەر زەمینلەرزەیەکی بەهێز ڕوویداوە و زیانیکی گەورەی بە قەڵای گوڵعەنبەر و قوببە و منارەی مزگەوتەکانی ئەو ناوچە گەیاندووە. لە فەرمانێکدا، کە لە ١٤ی شوباتی ١٥٧٩دا بۆ بەیلەربەی و دەفتەردار(گەنجینە)ی دیاربەکر نێرراوە، ئاماژە بەوەکراوە، کە لەسەر بنەمای ئەو نوسراوەی بەیلەربەی شەهرەزوور ناردویەتی، تێیداهاتووە، کە بەهۆی ئەو زیانانەی زەمینلەرزەوە بە جەستەی قەڵای گوڵعەنبەر و قوللەکانی و قوببەکانی مزگەوتەکەی و حەسار و هەندێک لە دیوارەکانی گەیاندوویەتی، بۆ نۆژەنکردنەوەی پێویستمان بە (سێ سەد هەزار ئاقچە) هەیە. فەرمانکراوە بە بەیلەربەی و دەفتەردار، کە لە خەزێنەی بەغدا سەد و پەنجا هەزار ئاقچەیان پێبدرێت. هەرلەم بارەیەوە لە فەرمانێکی تردا لە ١٤ی شوباتی ١٥٧٩دا فەرمانکراوە بە بەیلەربەی و دەفتەرداری دیاربەکر، بەهۆی ئەوەی قەڵای گوڵعەنبەر بەهۆی زەمینلەرزەوە زیانێکی زۆر بەر لەشی قەڵاکە، قوللەکانی، حەسارەکان کەوتووە و قوببەکانی مزگەوتەکە و کۆشکەکەی داڕووخاون و وەک ڕاگەیەنراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی پێویستیان بە ٣٠٠٠٠٠ سێ سەد هەزار ئاقچە هەیە، فەرمانکراوە، کە لە گەنجینەی بەغداوە سەد و پەنجا هەزار و لە دیاربەکریشەوە بڕی سەد و پەنجا هەزار ئاقچە و ١٠ وەستای بەننا و ٢٠ بیست وەستای بەرد (تاشچی)یان بۆ بنێررێت. هەر لەچوارچێوەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای گوڵعەنبەردا، لە ١٧ی تشرینی دوووەمی ١٥٧٩ فەرمان بە بەیلەربەی بەغداد کراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای گوڵعەنبەر و قەڵاکانی تر، تۆپ و تەقەمەنی بنێرین و خەرجی پێویستیان بۆ ئامادەبکەن.
دیارترین ئەو بەرهەمە پاقلەمەنییانەی لە قەزای گوڵعەنبەر بەرهەمهاتوون بریتیبوون لە: نۆک، نیسک و پاقلە. سەبارەت بە ئەندازەی بەرهەمهێنانی بەروبوومی پاقلەمەنییەکان، بەگوێرەی داتاکانی ناو ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ساڵی ١٩٠٦، لە قەزای گوڵعەنبەردا دۆنم بەرانبەر بە قییە خەمڵێنراوە، بەڵام وەک لە داتاکانی وەزارەتی بارزگانی و کشتوکاڵدا دیارە، لە ساڵی ١٩١١ گۆڕانکاری بەسەر داتاکانی ساڵی ١٩٠٦دا هاتووە و بەرووبوومی پاقلەمەنی بەگوێرەی داتاکانی ناو ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ساڵی ١٩١١ بەمجۆرە بووە: خاکی قەزای گوڵعەنبەر لە هەموو قەزاکانی تری سلێمانی بەپیت و فەڕتر و بەرهەمدارتربووە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی: مەدحەت پاشای والی بەغداد (١٨٦٩-١٨٧٢)، بەمەبەستی هاندانی عەشیرەتی جاف بۆ نیشتەجێبوون و وازهێنان لە گەرمیان و کوێستان و پەڕینەوە بۆ ناو خاکی دەوڵەتی قاجار و بە پێدانی ژمارەیەکی زۆر دەستکەوت و جیاوک بە حەمەپاشای سەرۆکی عەشیرەتی جاف، لە ئەیلولی ١٨٦٩دا پەیماننامەیەکی دوازدە خاڵی لەگەڵدا بەستووە و ناوەڕۆکی پەیماننامەکە بەمجۆرە بووە: مادەی یەکەم: پەیماننامەکە تایبەتبووە بە ڕێکخستنی کارگێڕی، سەرەتا لەگەڵ ناحیەی قزڵجە، ناحیەکانی شارباژێر، شیوەکەڵ، سەراو و ناحیەی بەرکێو هەموویان لە قایمقامییەتێکدا یەکبخرێن، هەتا ناحیەی قزلجەش بخرێتەسەر قەزای گوڵعەنبەر، ئەمەیش بەهۆی زیاتر گونجاویی شوێنی جوگرافیی گوڵعەنبەرەوە. لە بەندی دووەم و سێیەمی پەیماننامەکەدا هاتووە: ناحیەی قزڵجە ئاوەدانبکرێتەوە. مادەی دووەم: ئەوانەی لە ناحیەی قزڵجە، چ پێشتر و چ دواتر ڕۆشتوونەتە خاکی قاجارەوە، هەموویان دەهێنرێنەوە و نیشتەجێدەکرێن، ئەو گوندانەیش، کە خاپوربوون ئاوەداندەکرێنەوە. مادەی سێیەم: دوای هێنانەوەی خەڵکەکە و نیشتەجێکردنیان، بە گوێرەی توانا هەموو زەویوزارەکانی ناحیەی ناوبراو ئاوەداندەکرێنەوە، بەهیچ شێوەیەک هیچ جێگەیەک بە چۆڵی بەجێناهێڵرێت. لەبارەی پرسی ئاوەدانکردنەوە و بیناکردنی شوێنە خاپورکراوەکانەوە، بەگوێرەی ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن ویلایەتەوە نێردراون و بڵاوکراونەتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. مادەی چوارەم: هەموو ئەو خەڵکانەی لە موتەسەڕیفی سلێمانی و شارەزوور و قایمقامیەتی سەڵاحییەوە ماڵیان گواستووەتەوە بۆ خاکی قاجار، لەنێویشیاندا شێخ (محەمەد عارف) و هاوشێوەکانی، دەهێنرێنەوە بۆ زێدی دێرینەی خۆیان و هەوڵی نیشتەجێکردنیان دەدرێت و وازیانلێناهێنرێت و جێناهێڵرێن بۆ قاجار. مادەی پێنجەم: میری ناوبراو و خزم و دەست و پێوەندەکەی هەموو بینا و ماڵ و باخ و باخچە دروستبکەن نیشتەجێببن. واز لە گەرمیان و کوێستان بهێنن و حەمەپاشا بە بەردەوامی سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کاروباری قایمقامییەت بێت. مادەی شەشەم: دەشتی شارەزوور و سەرچاوە ئاوییەکانی بەگوێرەی نیزامنامەی تاپۆ دەدرێت بە میری عەشیرەتی جاف و خەڵکەکەی، ئەو زەوی و زارانەی، کە چۆڵن و کشتوکاڵیان تێدانەکراوە، ئاوەداندەکرێنەوە بۆ نیشتەجێکردنی عەشیرەتی ناوبراو. لەو بارەیەوە هەموو هەوڵ و یارمەتییەکیاندەدرێت. مادەی حەوتەم: هۆزی ناوبراو ئەگەر بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان ناچاربوون بۆ ماوەی سێ مانگ بچنە زۆزان (کوێستان) ئەوە ڕێگریانلێناکرێت، کە بەسەرۆکایەتی کوڕی میری ناوبراو (مەحموود بەگ) ماوەی دوو بۆ سێ مانگ بچنە زۆزان، زستانیش بچنە سەڵاحییە. مادەی هەشتەم: لە هیچ هەلومەرجێکدا ڕێگەنەدرێت بە عەشیرەتی هەمەوەندی نیشتەجێی خاکی قاجار بێنە (سەڵاحیە، کەرکوک و سلێمانی) و زیانبدەن لەو ناوچانە و ئاژاوە دروستبکەن، ئەوانە لە هەرکوێ بینران بگیرێن و ڕادەستی دەوڵەت بکرێن. مادەی نۆیەم: ئەگەر تاوەکو ئەمڕۆ جاف هەشت کەسیان بۆ سەربازی داوە بە دەوڵەت لێرە بەدوا وەک زیادەیەک بیست و هەشت کەسی دیکەی بۆ زیادبکرێت. واتا بە شێوەی بڕاوە سی کەس بەنیزام دەدرێت. مادەی دەیەم: بۆ زیادکردنی پلەوپایە و ئیعتیبار پلەی (میری میران) دەدرێت بە حەمە پاشای سەرۆکی جاف و کوڕەکەیشی مەحموود پاشا پلەی (قاپوچی باشی) پێدەدرێت. مادەی یازدەیەم: بەگوێرەی پێویستیی بەڕێوەبردنی ویلایەت بە شێوازی نوێ، میری ناوبراو گەر شارەزایی و لێوەشاوەی خۆی نیشاندات، کە کەسێکی شارەزا و لێزانە لە بواری کارگێڕیی ویلایەت، دەکرێت بە یاریدەدەری، واتا حکومەت بە هەڵبژاردن یاریدەدەرێکی بۆ دادەنێت. هەرچی خودی (حەمەپاشا)یە بە مووچەی پێنج هەزار قروشی پێدەدرێت و بایەخ بە جێبەجێکردنی پیت بە پیتی نیزامنامەی ویلایەت دەدرێت. مادەی دوازدەیەم: لە شوێنی خودی گوڵعەنبەردا، هەرکاتێک شێوەی شارۆچکەیەکی لەخۆگرت بە تێپەڕبوونی کات، بەهۆی ئەوەی خەڵکەکە پەرشوبڵاون، لەگەڵ خەڵکەکەی بایەخ بە ئاوەدانکردنەوەی دەدرێت.
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەک (بە ژمارە ٤٥٨/س/١٢٤٦ی ڕێککەوتی ٢٧/٦/١٩٣٦)، کە موتەسەرفییەی لیوای سلێمانی بە نوسراوی نهێنی (سریە)، ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی کردووە و (پشتی بە ڕاپۆرت و نوسراوی پۆلیسی هەڵەبجە بەستووە)، لە ناوچەی هەوارمان - هاوار - گوندی دەرەتفێ (کە گوندێکی کاکەیینشین و یارسانن)، لە شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی ٦ی ١٩٣٦ لە گەڕانێکیاندا لە وەزەنێ (اوەزەنی)، هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ - مەخفەری گریانە (گریانە لادێیەکی ناوچەی هەڵەبجەیە) ڕووبەڕووی هەشت چەکداری هێزەکانی جافرسان (جەعفەر سوڵتانی هەورامی) دەبنەوە و برینداریان دەبێت و دواجار هێزەکانی جافرسان بەرەو سنوری ئێران دەکشێنەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە هێزەکانی پۆلیسی عێراق هیچ زیانێکیان لێنەکەوتووە. بەڵگەنامەکە وێنەیەکی بۆ وەزارەتەکانی بەرگری، دەرەوە، هەروەها سەرۆکایەتیی دەستەی پشکنین لە کەرکوک، سەرۆکی فیرقەی دووی کەرکوک، بەڕێوەبەرێتیی پۆلیسی لیوا و قەزای هەڵەبجە، نێرراوە. بەو هۆیەی، کە ڕووداوەکە سنوریی و ئاسایشییە، موتەسەڕیفی سلێمانی داوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی کردووە، هەروەها قایمقامییەتی هەڵەبجە و لایەنەکانی تری پەیوەندیداری ڕاسپاردووە، تا بەدواداچوونبکەن و بۆچوونی لایەنی ئێرانی لە بارەی ڕووداوەکەوە بزانن. لە بەڵگەکەدا وشەی (الشقاة) بەکارهاتووە، کە مەبەستی بێکەس و دەستخاڵی و ناخۆشحاڵ و نائاسودەییە و زیاتر بە مەبەستی یاخیبوو و هەڵگەڕاوە دێت. جەعفەر سوڵتان (١٩٤٢ کۆچیدواییکردووە)، ئەو پاش براکەی (حەمەساڵح بەگ) پلەی (سان)ی هەورامییەکانی لهۆنی وەرگرتووە و ناوەندی حوکمکردنی (نایب الحکومە)ی گوندی نەوسودی هەورامان بووە. یەکێک بووە لەو سەرکردە کوردانەی، کە لە هەورامانی ئێران و عێراق، هەڵەبجە و شارەزووردا خاوەنی هەژموون بووە و پەیوەندییەکی بەهێزی سیاسی لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی ئەو دەمەدا هەبووە، بەتایبەت سەرۆک هۆزەکانی هەڵەبجە و شێخانی نەقشبەندی و شێخ مەحموود و بەتایبەتی تر لەگەڵ ماڵی وەسمان پاشا و عادیلە خانمدا.
مێژووی وێنەکە بۆ ٣٠ی نیسانی ١٩٧٤ (چوار ڕۆژ پاش بۆردوومانی هەڵەبجە) دەگەڕێتەوە. تایبەتە بە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی خوێندنی ١٩٧٣-١٩٧٤ی قوتابخانەی نارنجڵەی هەورامان و لە (باخی کەیوا) لە گوندی (نارنجڵە) گیراوە. کاتێک لە ترسی بۆردومانی فڕۆکەکانی حکومەت، پەنایان بۆ ئەو شوێنە بردووه. لەسەر پشتی وێنەکە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە مامۆستا (حەمەڕەشید) بە خەتی خۆی نوسیوویەتی (دوای بۆردوومانی هەڵەبجە لەناو باخەکاندا تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵمان دەکرد لە ترسی فڕۆکە و قەصف). ئەوەی لە وێنەکەدا دیارە، چوار مامۆستا و چەند خوێندکارێکن، (لە چەپەوە: مامۆستا حەمەڕەشید نادر هەورامی "بەڕێوەبەری قوتابخانەی نارنجڵە"، مامۆستا حامد فەیزوڵا، مامۆستا وەکیل سەعید، مامۆستا ئیسماعیل تەها و حاجی حەمەسەعید حسێن "کارگوزاری قوتابخانە" بە جلوبەرگی کوردیی هەورامییانە و شەش خوێندکار)، هاوکات کەشی وێنەکەش لە ژینگەیەکی کراوە و باخێک و ئێکسسوارات و کەرەستەکان، لە نمونەی دەفتەر و کتێب و کورسی و وشکە کەڵەکی دەوروبەری دانیشتوان و تەڵانێکی کراوەی باخە.شوێن: هەڵەبجە، هەورامان، نارنجڵە، باخی کەیوا. قەبارەی وێنە: ٩ بە ١٤سم جۆر: وێنەی ڕەشوسپی جۆری ئەرشیف: ئۆرجیناڵ/ دیجیتاڵ ڕۆژی وێنەگرتن: ٣٠ی ٤ی ناساندنی وێنەکە: ئەم وێنەیە لەلایەن مامۆستا حەمەڕەشید نادر هەورامی، لە ڕێگەی بەڕێز مامۆستا ئەنوەر نارنجڵەیی و کاک فریاد ڕۆستەمەوە، بە ئەرشیفی ناوەندی کوردستان لە زانکۆی سلێمانی سپێرراوە.
یەکەم تۆماری گشتیی قوتابخانەی تەوێڵەیە. ناوی قوتابیانی یەکەم ساڵی خوێندنی ١٩٢٨ی تێدا نووسراوە و ئێستا لە قوتابخانەی سەرەتایی تەوێڵەدا پارێزراوە. ناوی(٣١) قوتابی، کە ساڵی لەدایکبوونیان لەنێوان(١٩١٩-١٩٢٤) تێدایە. لە لافاوی ساڵی (١٩٣٦)دا دەفەوتێت، بەڵام مامۆستا شێخ سەفادینی کاکە شێخ دروستیدەکاتەوە. - ناوی قوتابیانی پۆلی یەک: ١- مجید بەگی غەفاربەگ ٢- سەعدی بەگی قادربەگی جافرسان ٣- سەعید محەمەد ڕەشی ئاغا ٤- محمەد حاجی عەبدوڵڵا ٥- عەبدولڕەحمان عەزیز ٦- عیزەت عەبدوڵڵابەگی مەحموودخان ٧- باباعەلی مەلا عەبدوڵڵای مەریوانی ٨- عیزەت حەمەسەعید ٩- فاتح غەفاربەگ ١٠- نافع عزیز حەبیب ١١- جمال وەستا سەعید ١٢- محەمەد ڕەئوف خواجە هۆمەر ١٣- حەمە غەریب خواجە هۆمەر ١٤- ئەنوەر محموود مەحموود ١٥- محەمەد سەعید محەمەد کەریم ١٦- سابر حەمەیوسف ١٧- عوسمان کەیخەسرەو ١٨- مەهدی عەزیز حەبیب - قوتابیانی پۆلی دووەم: ١- حەسەن محەمەد سەلیم ٢- کەریم خواجە ئەحمەد ٣- کەریم محەمەد سەعید ٤- ڕەئوف حەمە باقی ٥- عەبدوڵڵا عەلی(عەلیان) ٦- محەمەد حاجی حەمەڕەحیم ٧- مستەفا فەتاح ٨-- محەمەد سەعید مەلا عەبدوڵڵا ٩- حەمەکەریم حاجی عبدالوهاب ١٠- مەحمەد سان ئەحمەد(ڕەییس) ١١- ڕەئوف محەمەد ئەمین ١٢- محەمەد وەستا محەمەد ساڵح ١٣- تاهر سان ئەحمەد
داهێنەری سابوونی میسکی ئەدرنەیە. لە شێخانی نەقشبەندیی و لە بنەماڵەی سەلامیزادەکانی شارەزوور بووە. کوڕی شێخ حەسەنی سەلامی شافیعی مەزهەب بووە. ساڵى ١٨٥٣ لە شارۆچکەی تەوێڵەی سەر بە سەنجەقی سلێمانی سەر بە ویلایەتی موسڵ لەدایک بووە. لە تەوێڵە لەلای شێخ عوسمان ئەفەندى دەستی بەخوێندنی زانستی کردووە و پێویستییەکانی تەریقەتی نەقشبەندی فێربووە. زمانەکانی: کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی زانیوە. زوهدی ئەفەندی لە ئەیلولی ١٩٠٨ کاتێک نیشتەجێی ئەدرنە بووە، سابوونی میسکی ئەدرنەی پەرەپێداوە و خستویەتییە خزمەتی خەڵکەوە، بەبۆنەی ئەم خزمەتەوە لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمەوە مەدالیای فەخری زیوینی پێدراوە. لە ئەرشیفی عوسمانیدا ئەو بەڵگەیە بەردەسته، کە زوهدی ئەفەندی خەڵکی سەنجەقی سلێمانی لە قەبیلەی هەورامی، کە لە ئێستادا واتا لە ١٩٠٨دا لە ئەدرنە نیشتەجێیە، بەهۆی ئەوەی توانیویەتی سابوونی میسک دابهێنێت - نەک پەرەیپێبدات، وەک ئەوەی نوسەر ئاماژەی بۆ کردووە- مەدالیای شانازیی و بەراتێکی باڵای لەلایەن خودی سوڵتانەوە پێبەخشراوە. زوهدی ئەفەندی لە تشرینی یەکەمی ١٩٠٨ تاقیکردنەوەی مەجلیسی مەشایخ و موفەتیشی ئەوقافی هومایونی کردووە و شێخایەتیی خانەقای نەقشبەندیی حەسەکە (ناو ی گەڕەکێکی شاری ئەستەنبوڵە)ی سەید بابای پێدراوە. لە ١ى ئابی ١٩١٩ لە معاونییەتی موفەتیشی مەدرەسەکانی دارولخیلافەی عەلییە دامەزراوە. هەروەها بەشێوەی فەخریش لە موفەتیشی مەجلیسی مەشێخەتیش لە ١٤ی ئابی ١٩٢٠ دامەزراوە. زوهدی ئەفەندی دوای داخستنی تەکییە و خانەقاکان لە تورکیا لە ٣ی ئاداری ١٩٢٤ دەستی لەو کارەی هەڵگرتووە.
خانەقا و مەدرەسەی ئەحمەدئاوا لە گوندی ئەحمەدئاوای سەر بە قەزای گوڵعەنبەر لەلایەن شێخ ئەحمەد شەمسەدینی کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵەوە دامەزراوە. شێخ ئەحمەد لە جەمادی دووەمی ١٢٦٦ لەدایکبووە، دواتر لە سەردەستی باوکی گەورەبووە و پێگەیشتووە، دواتر خراوەتە بەر خوێندن و دوای لەبەرکردنی قورئان و خوێندنی هەندێک نامیلکە، ئینجا لەلای مەلا ئەحمەدی نوتشەیی، مەلا حامید و مەولەوی خوێندویەتی، حاجی شێخ ئەحمەد تەریقەتی لەسەر دەستی باوکی وەرگرتووە و سەرئەنجام پلەی خەلافەتی وەرگرتووە، دواتر خەریکی ڕێنوێنی موسوڵمانان بووە. حاجی شێخ ئەحمەد دوای کۆچیدوایی باوکی، گوندی ئەحمەدئاوای کردووەتە نیشینگەی خۆی. دیارە لە گوندی ئەحمەدئاوا خانەقا و مەدرەسەیەکی دروستکردووە و خەریکی ڕێنوێنی و وانەگوتنەوە بووە، تاوەکو کۆچیدوایی لە ساڵی ١٣٠٧دا. وەک دەردەکەوێت ئەم خانەقا و مەدرەسە پێگە و بایەخێکی گرنگی هەبووە، بووەتە جێگەی بایەخ و پێزانینی دەوڵەتی عوسمانی، لەبەرئەوە سوڵتانی عوسمانی لە ١٠ی شوبات ١٣٠٣دا بە فەرمانێکی باڵا، فەرمانی کردووە بۆ دابینکردنی خەرجیی مورید و تەڵەبەی خانەقا و مەدرەسەی ناوبراو، (دەیەک)ی شەرعیی زەوییە چۆڵەکانی گوندەکانی: عەنەب، باوەکۆچەک و پریس، کە سەرسنوری ئێران و بەهاکەیان چل پەنجا هەزار قروشە، بدرێت بە شێخی ناوبراو و بەدەلەکەشی بەسێ قیست بدرێت. ئەگەر هاتوو زەوییە ناوبراوەکان هەر جۆرە پەیوەستەگییەکیان هەبووە، ئەوا بە بەدەل و مەرجی کارپێکراو لە زەوییەکانی دەوروبەری خانەقای ناوبراودا، زەوی گونجاویان بۆ تەرخانبکرێت. دواتریش بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمان و ئیرادە سوڵتانییە، سەرۆک وەزیران بە فەرمانێکی وزرای بە ژمارە ٢٠٢٢ لە ١٤ی شوباتی ١٣٠٣دا، فەرمانی بە وەزارەتی دارایی کردووە فەرمانی باڵای سوڵتانی جێبەجێبکات.
لەبەر دۆستایەتی لەگەڵ عوسمان پاشای جافدا، ئێرانییەکان شمشێرێکی ڕازاوەیان پێشکەشکردووە و پلەی (خان)یان پێبەخشیوە. ئەمەش بووەتە مایەی توڕەیی دەوڵەتی عوسمانی. لە بەڵگەنامەیەکی دەوڵەتی عوسمانیدا هاتووە (شمشێرێکی ڕازاوە لەلایەن ئێرانییەکانەوە، بە عوسمان بەگی قایمقامی گوڵعەنبەر و سەرۆکی عەشیرەتی جاف بەخشراوە و ناوبراویش قبوڵیکردووە، لەو بارەوە تەلەگرافنامەی ٢٨ نیسان ١٣٠٨ لە ویلایەتی موسڵی دڵگیرەوە هاتووە و به پشتبەستن بەوە، فەرمانی باڵای حەزرەتی پادیشاهی "ئیرادەی سەنییە" دەرچووە، کۆشش بفەرموون بۆ جێبەجێکردنی کاری پێویست).
بەربوومی دانەوێڵەی بەرهەمهاتوو لە قەزای گوڵعەنبەر بریتیبووە لە: گەنم، جۆ، هەرزن، گەنمەشامی و برنج، لەنێو ئەو بەرهەمانەدا بەگوێرەی ڕێژە لە هەموویان زیاتر گەنم و جۆ بوون، کە خواردن و پێداویستیی سەرەکیی دانیشتوانی قەزاکە بوون. بەرووبومی دانەوێڵە (حبوبات) لە قەزای گوڵعەنبەر لە ساڵی ١٩٠٦ بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارستان و کانزا و کشتوکاڵی دەوڵەتی عوسمانی تێدا هاتووە: قەزای گوڵعەنبەر بە ٤٩٣٩٥ کێلە گەنم، پێشەنگی قەزاکانی سەنجەقی سلێمانی لە بەرهەمهێنانی گەنمدا گرتووە. هەروەها گوڵعەنبەر بە بەرهەمهێنانی ٨٩٦٠٠٠ کێلە لە بەرهەمهێنانی برنجدا دیسانەوە پێشەنگی قەزاکانی سەنجەقی سلێمانی گرتووە. هەروەها ڕێژەی ١٠٠٪ بەرهەمی گەنمەشامی و هەرزنی سەنجەقی سلێمانی لە قەزای گوڵعەنبەر دا بەرهەمهاتووە. شایەنی باسە، بەرهەمی دانەوێڵە لە ساڵی ١٩١١، بەگوێرەی داتاکانی ناو ئاماری وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ بۆ ساڵی ١٩١١، تێیدا هاتووە: ئێستە ئەگەر بەراوردی نێوان داتاکانی ساڵی ١٩٠٦ و ساڵی ١٩١١ وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ بکەین، بۆمان دەردەکەوێت لە ساڵی ١٩٠٦ زەویی چێنراو بە داری هەرزن ٢٠٦٠ دۆنم بووە و کۆی گشتیی بەرهەمی هەرزن لە قەزای گوڵعەنبەر ٥١٥٠ کێلە بووە، بەڵام لە ساڵی ١٩١١ کۆی زەویی چێنراو بە هەرزن زیادبووە بۆ ٢١٩١ دۆنم و کۆی گشتیی بەرهەمی هەرزنیش زیادبووە بۆ ٦١١١ کێلە.
نوسراوێکی مامۆستا (حەمە ڕەشید نادر حەمە لەتیف)، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نارنجڵەی سەرەتایی کوڕانە. بە ژمارە ٦٠ لە ڕۆژی ٢٠ی١٠ی ١٩٧٦ بۆ بەڕێوەبەرێتی پەرەردەی سلێمانی، نووسینگەی بەڕێوەبەر. بە لیستی هاوپێچی داواکاری ٤٢ هاووڵاتی گوندەکە. دەقەکەی: لەسەرەتای ئەم مانگەوە بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە ئاگاداری کردینەوە کە خوێندن لە قوتابخانەکەمان لە کوردییەوە بگۆڕین بۆ عەرەبی، کتێی عەرەبی هەموو پۆلەکانیان بۆ ناردووین. بەڵام دانیشتوان بەمە ڕازی نابن و دەڵێن قوتابییەکانمان نانێرین بۆ دەوام. هەروەها شەوی ١٥لەسەر ١٦ی ١٠ی ١٩٧٦ هەندێ چەکداری نەناسراو هاتنە گوندەکەو پێیان ڕاگەیاندین کە دەوام نەکەین و قوتابخانەکە داخەین، ئـێمەش ناحیەمان ئاگادار کردەوە. دوا لە بەڕێزتان دەکەین بە بڕیارێکی تایبەت کێشەکەمان چارەسەر بکەن. واژۆی بەڕێوەبەر و مۆری قوتابخانەی لێدراوە. شایانی باسە بۆ ڕەدکرنەوەی گۆڕینی مەنهەجەکە، بەڕێوەبەر خۆی پلانی هەرەشەی پێشمەرگەی داناوەو هەر خۆیشی خەڵکەکەی بۆ واژۆی نوسراوەکە هانداوە. بەرێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی پاش یەک هەفتە بە ژمارە ٣٠٠٤٧ لە ٢٧ ی ١٠ی ١٩٧٦ و واژۆی (محەمەد پیرۆز رۆستەم) ی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی وەڵامی نوسراوەکەیان داوەتەوە، داوایانکردووە بەڕێوەبەری قوتابخانەی نارنجڵە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی دیوانی بەڕیوەبەرێتی پەروەردە بکات.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی: لە ٢٦ی مایسی ١٨٩٤دا، لە لایەن مەجلیسی ئیدارەی قەزای گوڵعەنبەرەوە بە ناو و واژۆی ئەندامانی مەجلیسی و قایمقامی گوڵعەنبەر وەسمان پاشاوە، نوسراوێک ڕەوانەی سەنجەقی سلێمانی کراوە و تێیدا داوای تەرخانکردنی مووچە بۆ شێخ عومەر زیائەدین کراوە. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، کە شێخ عومەر زیائەددین لە گەورە شێخانی تەریقەتی نەقشبەندی-خالیدییە، زانایەکی گەورە و واعیزێکی خاوەنشکۆی دەوڵەتی عوسمانییە، کە لە گوندی بیارەی سەرسنوری ئێرانی سەربە قەزایی گوڵعەنبەرە و خاوەنی مەدرەسەیەک و خانەقایە، لەلایەک خەریکی گوتنەوەی زانستە باڵاکان و لەلایەکی دیکەش سەرقاڵی ئیرشاد و بڵاوکردنەوەی تەریقەتە لە ناوچەکەدا. جیا لە جەختکردنەوە لە پلە وپایە و خزمەتی گەورەی خانەقا و مەدرەسەی بیارە و خودی شێخ عومەر زیائەددین، ئاماژە بە خاڵێکی زۆر گرنگ کراوە، ئەوە ڕوونکراوەتەوە لەبەرئەوەی خانەقای ناوبراو هاوسنورە لەگەڵ ئێران، کە خاوەن مەزهەبی شیعی بوون و خزمەتەکانی ناوبراو لەو ناوچە سەرسنورەدا بە ڕێگرییەکی گەورە لە بڵاوبوونەوەی مەزهەبی لادەری شیعی دادەنرێت، لەو چوارچێوەدا مەدرەسەی ناوبراو خزمەتێکی یەکجار گەورە و گرنگ دەکات. ئەمانە هەمووی سەرەڕای ئەوەی مەدرەسەی ناوبراو بە شەو و ڕۆژ لەپاڵ زانست و زانیاریدا، لە خزمەت مورید و قوتابییەکاندایە و خورد و خۆراکیشیان پێدەدات. لەم سۆنگەیەوە سەرەڕای ئەوەی شوێنێکی وەها جێگەی شانازییە، بۆ بەردەوامبوونی، بە پێویستی دەزانین بۆ مەدرەسە و خانەقای ناوبراو بڕێک شایستەی خەرجی و مووچە دابینبکرێت.