پەیماننامەی ١٨٦٩ی نێوان مەدحەت پاشای والی بەغداد و حەمەپاشای جاف
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی: مەدحەت پاشای والی بەغداد (١٨٦٩-١٨٧٢)، بەمەبەستی هاندانی عەشیرەتی جاف بۆ نیشتەجێبوون و وازهێنان لە گەرمیان و کوێستان و پەڕینەوە بۆ ناو خاکی دەوڵەتی قاجار و بە پێدانی ژمارەیەکی زۆر دەستکەوت و جیاوک بە حەمەپاشای سەرۆکی عەشیرەتی جاف، لە ئەیلولی ١٨٦٩دا پەیماننامەیەکی دوازدە خاڵی لەگەڵدا بەستووە و ناوەڕۆکی پەیماننامەکە بەمجۆرە بووە: مادەی یەکەم: پەیماننامەکە تایبەتبووە بە ڕێکخستنی کارگێڕی، سەرەتا لەگەڵ ناحیەی قزڵجە، ناحیەکانی شارباژێر، شیوەکەڵ، سەراو و ناحیەی بەرکێو هەموویان لە قایمقامییەتێکدا یەکبخرێن، هەتا ناحیەی قزلجەش بخرێتەسەر قەزای گوڵعەنبەر، ئەمەیش بەهۆی زیاتر گونجاویی شوێنی جوگرافیی گوڵعەنبەرەوە. لە بەندی دووەم و سێیەمی پەیماننامەکەدا هاتووە: ناحیەی قزڵجە ئاوەدانبکرێتەوە. مادەی دووەم: ئەوانەی لە ناحیەی قزڵجە، چ پێشتر و چ دواتر ڕۆشتوونەتە خاکی قاجارەوە، هەموویان دەهێنرێنەوە و نیشتەجێدەکرێن، ئەو گوندانەیش، کە خاپوربوون ئاوەداندەکرێنەوە. مادەی سێیەم: دوای هێنانەوەی خەڵکەکە و نیشتەجێکردنیان، بە گوێرەی توانا هەموو زەویوزارەکانی ناحیەی ناوبراو ئاوەداندەکرێنەوە، بەهیچ شێوەیەک هیچ جێگەیەک بە چۆڵی بەجێناهێڵرێت. لەبارەی پرسی ئاوەدانکردنەوە و بیناکردنی شوێنە خاپورکراوەکانەوە، بەگوێرەی ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن ویلایەتەوە نێردراون و بڵاوکراونەتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. مادەی چوارەم: هەموو ئەو خەڵکانەی لە موتەسەڕیفی سلێمانی و شارەزوور و قایمقامیەتی سەڵاحییەوە ماڵیان گواستووەتەوە بۆ خاکی قاجار، لەنێویشیاندا شێخ (محەمەد عارف) و هاوشێوەکانی، دەهێنرێنەوە بۆ زێدی دێرینەی خۆیان و هەوڵی نیشتەجێکردنیان دەدرێت و وازیانلێناهێنرێت و جێناهێڵرێن بۆ قاجار. مادەی پێنجەم: میری ناوبراو و خزم و دەست و پێوەندەکەی هەموو بینا و ماڵ و باخ و باخچە دروستبکەن نیشتەجێببن. واز لە گەرمیان و کوێستان بهێنن و حەمەپاشا بە بەردەوامی سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کاروباری قایمقامییەت بێت. مادەی شەشەم: دەشتی شارەزوور و سەرچاوە ئاوییەکانی بەگوێرەی نیزامنامەی تاپۆ دەدرێت بە میری عەشیرەتی جاف و خەڵکەکەی، ئەو زەوی و زارانەی، کە چۆڵن و کشتوکاڵیان تێدانەکراوە، ئاوەداندەکرێنەوە بۆ نیشتەجێکردنی عەشیرەتی ناوبراو. لەو بارەیەوە هەموو هەوڵ و یارمەتییەکیاندەدرێت. مادەی حەوتەم: هۆزی ناوبراو ئەگەر بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان ناچاربوون بۆ ماوەی سێ مانگ بچنە زۆزان (کوێستان) ئەوە ڕێگریانلێناکرێت، کە بەسەرۆکایەتی کوڕی میری ناوبراو (مەحموود بەگ) ماوەی دوو بۆ سێ مانگ بچنە زۆزان، زستانیش بچنە سەڵاحییە. مادەی هەشتەم: لە هیچ هەلومەرجێکدا ڕێگەنەدرێت بە عەشیرەتی هەمەوەندی نیشتەجێی خاکی قاجار بێنە (سەڵاحیە، کەرکوک و سلێمانی) و زیانبدەن لەو ناوچانە و ئاژاوە دروستبکەن، ئەوانە لە هەرکوێ بینران بگیرێن و ڕادەستی دەوڵەت بکرێن. مادەی نۆیەم: ئەگەر تاوەکو ئەمڕۆ جاف هەشت کەسیان بۆ سەربازی داوە بە دەوڵەت لێرە بەدوا وەک زیادەیەک بیست و هەشت کەسی دیکەی بۆ زیادبکرێت. واتا بە شێوەی بڕاوە سی کەس بەنیزام دەدرێت. مادەی دەیەم: بۆ زیادکردنی پلەوپایە و ئیعتیبار پلەی (میری میران) دەدرێت بە حەمە پاشای سەرۆکی جاف و کوڕەکەیشی مەحموود پاشا پلەی (قاپوچی باشی) پێدەدرێت. مادەی یازدەیەم: بەگوێرەی پێویستیی بەڕێوەبردنی ویلایەت بە شێوازی نوێ، میری ناوبراو گەر شارەزایی و لێوەشاوەی خۆی نیشاندات، کە کەسێکی شارەزا و لێزانە لە بواری کارگێڕیی ویلایەت، دەکرێت بە یاریدەدەری، واتا حکومەت بە هەڵبژاردن یاریدەدەرێکی بۆ دادەنێت. هەرچی خودی (حەمەپاشا)یە بە مووچەی پێنج هەزار قروشی پێدەدرێت و بایەخ بە جێبەجێکردنی پیت بە پیتی نیزامنامەی ویلایەت دەدرێت. مادەی دوازدەیەم: لە شوێنی خودی گوڵعەنبەردا، هەرکاتێک شێوەی شارۆچکەیەکی لەخۆگرت بە تێپەڕبوونی کات، بەهۆی ئەوەی خەڵکەکە پەرشوبڵاون، لەگەڵ خەڵکەکەی بایەخ بە ئاوەدانکردنەوەی دەدرێت.
سەرچاوەکان:
- BOA. İ. DH.٦٠٢. ٠٤١٩٣١. ٠٠١.
- BOA. i. DH. ٦٠٢. ٤١٩٣١. ٠٠٢.
ئامادەکردنی: د. سامان مستەفا ڕەشید