بەرگی پێنجەم
کتێب، بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
بەرگی پێنجەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
کۆکراوەی کتێب، دەستنووس و بەڵگەنامە گرنگەکان کە مێژوو و ڕۆشنبیری هەڵەبجە و ناوچەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەن.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیریی گشتیی ئازادە. بەشێوەیەکی ناوبەناو کۆمەڵیک لاو بۆ خستنەڕووی گیروگرفتەکانی ناوچەکە و دروستکردنی پەیوەندی نێوان خەڵک و بەرپرسان، دەریدەکەن. خاوەنی ئیمتیاز (مەریوان دەرەمەڕی) و سەرنوسەر (میقداد دەرەمەڕی) بووە. بە شێوەی ڕەش و سپی دەرچووە. ١٦ ژمارەی لێدەرچووە و کۆتا ژمارەی ساڵی ٢٠٠٩ دەرچووە.
١- ئەفریکائیڤێنتز: گۆڤارێکی بەریتانییە. ڕۆژی ی ئایایی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی (قەسابخانەی هەڵەبجە) وای بڵاوکردووەتەوە کە (عێراق دوای دۆڕاندنی جەنگی هەڵەبجە، شارەکەی بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کرد و ٥٠٠٠ هاوڵاتی کوشت). ٢- زە ئیکۆنۆمیست (THE Economist): هەفتەنامەیەکی بەریتانییە. ڕۆژی ٢٦ی ٤ی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتەهەواڵێکدا وای بڵاوکردووەتەوه، کە(عێراقییەکان دەڵێن: ئێرانییەکان شاری هەڵەبجەیان کیمیابارانکردووە، بەڵام ئەمە لەگەڵ شایەتیدانی زۆرینەی دەربازبوواندا ناگونجێت). ٣- ئۆبزێرڤەر (The Obserer): هەفتەنامەیەکی بەریتانییە. ڕۆژی ٢٧ی ٣ی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتێکی (هێلگا گراهام)دا بە ناونیشانی: (ئاشکرابوون: جەنگی کیمیایی عێراق)، وای بڵاوکردووەتەوە و باس لەو بەڵگانە دەکات، کە دەیسەلمێنن عێراق بە گازی کیمیایی پەلاماری هەڵەبجەی داوە. ٤- تایم: گۆڤارێکی ئەمرییکییە. ڕۆژی ٤ی ٤ی ١٩٨٨، ڕاپۆرتەهەواڵێکی بەناونیشانی: (مردنی لەناکاو لە پەڵەهەورەکانەوە)، لەگەڵ وێنەیەکی (عومەری خاوەر) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت (عێراق پەلامارەکەی لەپێناو سزادانی کوردە جودایخوازەکاندا ئەنجامداوە). ٥- نیوزویک (newsweek): هەفتەنامەیەکی ئەمریکییە. ڕۆژی ٤ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە باسی لە مەترسی بەکارهێنانەوەی چەکی کیمیایی لە لایەن عێراقەوە خستووەتەڕوو و باسی مردنی هاوڵاتیانی مەدەنیی شاری هەڵەبجەی کردووە و چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە. ٦- ژۆن ئەفریکJEUNE AFRIQUE)): گۆڤاێکی فەڕەنسییە. ڕۆژی ٦ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتێکی شیکاری و چەند وێنەیەکی بەناونیشانی: (چەکی کیمیایی: گەڕانەوەی عێراق بەرەو تاوانکاری) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت (لە هەڵەبجە بە گازی خەردەل و سیانید و سارین هەزاران هاوڵاتی کوژراون. وردەکاریی کارەساتەکە لەبەردەستی پسپۆڕاندایە. بۆمبەکان لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقەوە هاوێژراون. نیشانەی شێتی لە سەدامدا دەبینرێت. عێراق بە مەبەستی چاوترسان و وریاکردنەوەی ئێران لە تاران ئەم کارەی کردووە). ٧- لە نۆڤڵ ئۆبسێرڤاتۆر (le nouvel Observateur): هەفتەنامەیەکی فەرەنسییە. ڕۆژی ١ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتەهەواڵێکی بەناونیشانی (چەکە چەپەڵەکانی سەدام) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت (چەکی ڕەشەکوژ بە بڕیاری سەدام حسێن دژ بە دانیشتوانی وڵاتەکەی خۆی بەکارهاتووه، کە بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگە). ٨- تەمپۆ(tempo): هەفتەنامەیەکی تورکییە. ڕۆژی ٤ی ٤ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتەهەواڵیکی لەگەڵ چەند وێنەیەکی قوربانیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: (هەڵەبجە لەلایەن عێراقەوە کیمیاباران کراوە. ئەو مرۆڤانەش کوژراون، کە پەیوەندییان بە جەنگەوە نییە. عێراق چاوپۆشی لە بەکارهێنانی کیمیایی ناکات. هاوڵاتییەکانی خۆی کوشتووە. ئەم ڕەفتارە پێشێلکرنی مەسەلەی دێرینی ئەخلاقی جەنگە). ٩- هیراڵد تریبۆن: ڕۆژنامەییەکی ئەمەریکییە. ڕۆژی ٢٤ی ٣ی ١٩٨٨ ڕاپۆرتەهەواڵیکی ڕۆژنامەنوس (پاتریک. ئی. تایلەر)ی بڵاوکردووەتەوە، کە دەڵێت: (پڕوکێنەرترین و کارەساتبارترینی گۆڕەپانی ئەم جەنگە سەرسوڕهێنەرە، ڕوخساری ماتومەلولی قوربانییە مەدەنییەکانە). باس لە شەهیدبوونی هەندێک هاوڵاتی لە منداڵ و گەنج و پیر دەکات، بە شێوەیەکی تراژیدی وێنەکانی گواستووەتەوە. ١٠- کامبیۆ ١٦: گۆڤارێکی ئیکوادۆرییە. ڕۆژی ١٨ی ٤ی ١٩٨٨ڕاپۆرتێکی شیکاری بەناونیشانی: (جینۆسایدی کیمیایی دژ بەکوردەکان) بڵاوکردووەتەوە و دیمەنە ترسناکەکانی هەڵەبجە، وێنە دێرینەکانی سەنگەرەکانی جەنگی جیهانیی یەکەمی هێناوەتەوە یاد، کە چۆن جەستە شێواوەکان بە خۆڵەمێشێکی سپی داپۆشراون و قوربانییەکان کەسانی مەدەنین. ١١- پۆلیتیس politis)): هەفتەنامەیەکی فەڕەنسییە. ڕۆژی ٣١ی ٣ی ١٩٨٨ لە ڕاپۆرتە هەواڵێکیدا بەناونیشانی: (کوردستان هێرۆشیمایە) بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات بە چەکی کیمیایی ٥٠٠٠ هاوڵاتی لە شاری هەڵەبجە گیانیانسپاردووە.
گۆڤارێکی (سیاسی، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، گشتیی سەربەخۆیە). لە خورماڵ دەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەری (مامۆستا نیازی هەورامانی)بووە. کار لەسەر ڕەوتە ئیسلامییەکان و بابەتی گشتی دەکات. سەرجەم لاپەڕەکانی ڕەنگاورەنگ بوون. ستافی نوسەرانی بریتیبوون لە (ماکوان خەلیل فەتاح، عومەر ئەحمەد محەممەد). لە ٢٥ی ١٠ی ٢٠٢١دا، یەک ژمارەی لێدەرچووە.
بڵاوکراوەیەکی هەورامانناسیی وەرزییە. لە مانگی چواری ساڵی ٢٠٠٤ وەک یەکەم بڵاوکراوە بە شێوەزاری هەورامی دەرچووە. دەستەی نوسەرانی بریتیبوون لە (یادگار ڕەئوف، مەسعود گوڵپی، شەوقی شەیدا). ناوەڕۆکی بابەتەکان بە گشتی تایبەت بوون بە هەورامانناسی. لە هەرچوار پارچەی کوردستان و نوسەرانی تاراوگەوە بابەتی بۆ هاتووە، ستافی گۆڤارەکە بابەتەکانیان کردووە بە هەورامی. هیچ بابەتێکی سیاسی لەخۆنەگرتووە. (نەعمان فائیق تۆفیق) سەرنوسەری بووە. ٣٣ ژمارەی لێدەرچووە و ساڵی ٢٠١٠ ڕاگیراوە.
گۆڤارێکی فیکریی ڕۆشنبیریی وەرزییە. مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان لە سلێمانی دەریدەکات، یەکەم ژمارەی زستانی ٢٠٠٣ دەرچووە. مامۆستا عوسمان محەممەد هەورامی و ئەیوب ڕۆستەم سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسینی ژمارە یەک و دووی گۆڤارەکە بووە. دواتر و لە ژمارە سێوە، ئەیوب ڕۆستەم بووەتە سەرنوسەر و ئبیراهیم حاجی زەڵمی بەڕێوەبەری نوسینی بووە. جیا لە نوسەرانی هەورامان، نوسەرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە باشور و ڕۆژهەڵات تیایدا نوسیویانە. چەندین ژمارەی تایبەت بە دیدارە کلتوریی و ئەدەبییەکانی هەڵەبجە و هەورامان تەرخانکردووە. تا ئێستا بەردەوامە و ژمارە (٥٠)ی، کە تاوەکو ئێستا کۆتا ژمارەیەتی، لە ٢٦ی ١٠ی ٢٠٢٤ دەرچووە.
بڵاوکراوەیەکی تایبەتی هونەرییە. تیپی هونەری ئوسامە دەریکردووە. ژمارە یەکی لە ١ى ١ى ١٩٩٦ دەرچووە. خاوەنی ئیمتیاز: عەبدولڕەحمان نەجمەدین تەها و سەرنوسەر: جەمیل قادر، بوون. پێنج ژمارەی شەش لاپەڕەیی نیو ئەیفۆڕی لێدەرچووە. کۆتا ژمارەی ٦ى ٩ى ١٩٩٦ دەرچووە و ئیتر ڕاگیراوە.
بڵاوکراوەیەکی مانگانەی گشتییە. کۆمەڵێک نوسەر لە هەورامان دەریدەکەن. سەرنوسەر و خاوەنی ئیمتیاز (حەمەئەمین مەحموود بەگ) بووە. پاشان (ئیبراهیم حاجی زەڵمی) بووەتە سەرنوسەر. دەستەی نوسەرانی (ناسیح ئەحمەد، غالب سەلیم. عەبدوڵا گۆران و فەریبورز موسازادە و سیروان هەورامی) بوون. پێنج ژمارەی لێدەرچووە، ١٠ی ١١ی ٢٠٠٦ بۆ ١٠ی ٣ی ٢٠٠٧.
گۆڤارێکی فیکریی سیاسیی وەرزییە، خاوەنی ئیمتیاز: سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان - لقی هەڵەبجە. ژمارە ١ی لە ١٦ی ٣ی ٢٠٠٥ دەرچووە. سەرنوسەر: (ئەرسەلان عابید) بووە. بە دروشمی گومان، ڕەخنە، بەرپرسیارێتی، هەشت ژمارەی لێدەرچووە. قەبارەی لاپەڕەکانی ١٥ بە ٢٥سم بووە. ژمارەی لاپەڕەکانیشی ٢٧٥ بۆ٣٠٠ لاپەڕە بووە و تیراژەکەی ٥٠٠ دانە بووە. بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ و ناوەڕۆکەکەی ڕەشوسپی بووە. لە کتێبخانەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە بڵاودەکرایەوە. کۆتا ژمارەی لە ساڵی ٢٠١٠ دەرچووە، بە هۆی گرفتی داراییەوە ڕاگیراوە.
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری بووە. لە خراپترین بارودۆخی سیاسی و ئابوری و شەڕی ناوخۆدا لەساڵی ١٩٩٦ بۆ ١٩٩٧ بە دەست نوسراوەتەوە و سێ نوسخەی لێنوسراوەتەوە. نۆ ژمارەی هەڵواسراوە. بیرۆکەی دەرکردنی ڕۆژنامەکە هی ڕۆژنامەنوس و چالاکوان (ئیبراهیم حاجی زەڵمی) بووە. لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی خورماڵەوە لەوانە (ڕەحیم وەیلان، ئاراس سەعدی، سالم تۆفیق، مەشخەڵ) بەدەست دەنوسرایەوە و یەکێکیان لە بازاڕ و یەکێکیان لە بەردەم یاریگای گشتی و ئەویتریان بە داری مزگەوتی گەورەی خورماڵەوە هەڵدەواسرا. ئامانج لێی خستنەڕووی توانا و وزەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی گەنجانی ناوچەکە بووە.
گۆڤارێکی فکری و ڕۆشنبیری و ئایینییە. دوو مانگ جارێک دەرچووە. مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکبوون دەریکردووە. دوای یەکگرتنی بزوتنەوە و نەهزە، هەردوو گۆڤاری (جەماوەر) و (ڕابەر) یەکخراون و بوونەتە (یەکبوون). چوار ژمارەی بە تیراژی ١٠٠٠ دانەی ئەیفۆڕی ١٠٠ لاپەڕەی لێدەرچووە. بەرگەکەی ڕەنگاوڕەنگ و لاپەڕەکانی ڕەشوسپی بوون. کامیل مەحموود سەرنوسەری بووە. بەهۆی لێکترازان و جیابوونەوەوە ڕاگیراوە.
لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە پاڵ کشتوکاڵکردن و بەروبوومی کشتوکاڵیدا، ئاژەڵداری و بەرهەمی ئاژەڵی، کۆڵەکەیەکی تری گرنگی بونیادی ئابوری قەزای گوڵعەنبەر بووە، لەم قەزایەدا چەندین جۆری گەورە و بچووک ئاژەڵ بەخێوکراون. لە دیارترین ئەو ئاژەڵانە: مەڕ، بزن، مانگا، گا، ئەسپ، ماین بارگیر... هتد بوون. ساڵنامەی ویلایەتی موسڵی ساڵی ١٨٩٢ لەخشتەیەکدا ژمارە و جۆری ئەو ئاژەڵانەی لەلایەن عەشیرەتەکانی قەزای گوڵعەنبەرەوە بەخێوکراون، ئامادەکردووە و بەمجۆرە خەمڵاندویەتی: تایەفەی میکایەڵی ٧٢٠٠٠ مەڕ و بزن و ١٤٠٠٠ هەزار سەر ئاژەڵی گەورەی لە جۆری مانگاو گا و بارگیر و ئێستر و شتی تر. شاتری ٤٢٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ١٠٠٠٠ مانگا و گا و ئێستر و بارگیر. ڕۆغزایی ٣٠٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٥٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە، گەڵاڵی ١٨٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٣٧٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. هارونی ١٢٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٢٢٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. نەورۆڵی ١٤٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٣٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. سەدانی ١٨٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٥٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. یەزدانبەخشی ٢٣٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٢٧٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە. عەمەڵە ٢٠٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٤٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورە، هەرچی تایەفەی پشتەماڵەیشە ٣٠٠٠٠ سەر مەڕ و بزن و ٨٠٠٠ سەر ئاژەڵی گەورەیان هەبووە. واتا بەگوێرەی ساڵنامەی ویلایەتی موسڵ ساڵی ١٨٩٢ کۆی گشتی ژمارەی مەڕ و بزنی، تایەفەکانی عەشیرەتی جاف و عەشیرەتی گەڵاڵی بە ٢٧٩٠٠٠ سەر و ژمارەی ئاژەڵی گەورەش (مانگا و گاو بارگیر و ئێستر و هتد)، بە ٥٧٦٠٠ سەر خەمڵێنراون. ئەمە لە کاتێکدایە، ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی ساڵی ١٩١١ بەمجۆرە باسی لە جۆر و ژمارەی ئەو ئاژەڵانە کردووه، کە لە قەزای گوڵعەنبەردا بەخێوکراون.
لە سەرەتادا لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژی دووەمی تاوانەکەدا (١٧ی ئازار) ژمارەی شەهیدانیان بە (پێنج هەزار) و بریندارەکانیش بە (دە هەزار) کەس ڕاگەیاندووە. به گوێرەی ئامارێکی (کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە)، بەتەنها لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا ٧٦٣ کەس بە کاریگەریی چەکی کیمیایی گیانیانلەدەستداوە. لە دواین ئاماری کۆمەڵەکەشدا بەتەنها ژمارەی قوربانیانی هەڵەبجە و دەوروبەری بە (٣٦١٧) کەس لە قەڵەمدراوە.
لە یەکێک لە وێنە مێژووییە گرنگەکانی ناو ئەلبومی تایبەتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا هاتووە، وەسمان پاشای قایمقامی ئەوکاتی قەزای گوڵعەنبەر، ئەسپێکی بەدیاری بۆ سوڵتان عەبدولحەمید ناردووە، دوای گەیشتنی ئەسپەکە بەدەستی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، شوناس بۆ ئەسپەکە دروستکراوە و کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ لەبارەیەوە و لەسەر وێنەی ئەسپەکە بەم شێوەیە تۆمارکراوە: لەبەشی سەرەوەی وێنەی ئەسپەکە توغرای سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم هەیە، دواتر کێڵگەی سەربازیی هومایۆنی وەزیرییە، ناوی ئەو شوێنەیە، کە وێنەی ئەسپەکەی تێدا گیراوە، پاشان ڕەگەز و نەژادی ئەسپەکە بە (حەیوانی جاف) تۆمارکراوە. واتە نەژادی ئەسپەکە تایبەتبووە بە جاف، ساڵی لەدایکبوونی ئەسپەکە (١٣٠٠ک - ١٨٨٢/١٨٨٣ز) بووە. هەرچی سەبارەت بە ڕەنگی ئەسپەکەشە، ئەوە بەدیارخراوە، کە ڕەنگەکەی (خۆڵەمێشیی کراوە - بۆز) بووە، بەرزیی باڵای ئەسپەکەش بە (٤٨,١م) تۆمارکراوە. لەسەر وێنەکە، ئەوەش تۆمارکراوە، کە ئەسپەکە لەلایەن قایمقامی گوڵعەنبەرەوە پێشکەشی سوڵتان عەبدولحەمید کراوە.
لە هەردوو ئاماری ساڵی ١٩١١ی وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیدا دەردەکەوێت، دیارترین بەرهەمە ئاژەڵییەکانی قەزای گوڵعەنبەر، کە بازرگانیان پێوەکراوە، بریتیبوون لە: شیر، پەنیر، کەرێ، مووی بزن، هەنگوین و مۆمی هەنگوین، کە بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوبراو بۆ ساڵی ١٩١١ بە ئەندازەی قییە خەمڵێنراوە.
بەرهەمە کشتوکاڵییە پیشەسازییەکان، کە بریتیین لە: پەموو، کەتان، کونجی، توتن، ئەفیون و زەیتوون. لە ئاماری وەزارەتی دارستان و کانزا و کشتوکاڵی دەوڵەتی عوسمانی بۆ ساڵی ١٩٠٦دا، هیچ داتایەکی لەبارەی بەرهەمهێنانی ئەو بەروبوومانە لە قەزای گوڵعەنبەردا تێدا نییە. ئەمە لەکاتێکدایە لە ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی دەوڵەتی عوسمانی بۆ ساڵی ١٩١١دا ئاماژە بەوەکراوە، کە لە قەزای گوڵعەنبەردا بەرهەمە کشتوکاڵییە پیشەسازییەکانی وەک(پەموو و توتن) بەرهەمهێنراون. بەجۆرێک لە کۆی گشتیی قەزاکەدا، ڕووبەری ١٠٠ دۆنم زەوی بە کشتوکاڵی پەموو چێنراوە و ١٦٠٠٠ قییە پەمووی لێبەرهەمهاتووە، هەروەها ڕووبەری ٣٠٠٠ دۆنم زەوی بە توتن چێنراوە و بڕی ٦٠٠٠٠ هەزار قییە توتنی لێبەرهەمهاتووە.
بەیاننامەی ناڕەزایەتیی ژمارەیەک لە هونەرمەند و ڕۆشنبیریی عەرەبی و جیهانییە دژ بە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە. هاوکات داوایان لە دامودەستگا و ڕێکخراوی دەوڵەتان کردووە، کە بە هانای ئاوارە و لێقەوماوان و قوربانیانی تاوانەکەوە بچن. داواشیان لە هێزە سۆشیالست و نیشتمانپەروەرەکانی عەرەب کردووە، کە پەردە لەسەر ئەو تاوانە هەڵبدەنەوە. ئەو کەسانەی ئەم بەیاننامەیەیان واژۆکردووە (حنا مینا، فاتح المدرس، خزر زکریا، د. نادیا خوست، علی کنعان، هانی حورانی، حسین ابو رمانە، موفق محادین، سعید حورانی، میخائیل عید، نزیە ابو علی، ریمون بطرس، داود حیدر، د.احمد العفری، محمد دکروب، فیصل دراج، طبیب دیزینی، محمود صبری، هادی العلوی، نایف بلوز، غالب هلسا، عبدالمعین ملوحی، داود تلحمی، ماهر الشریف، علی جندی، ممدوح عدوان، شوقی بغدادی، جمیل هلال، عبدالرزاق عبد، فواد مرعی، ولید اخلاصی، نیروز مالک، فایق بگی، مجید الراچی، غانم حمدون، قاسم حول، جواد الاسدی، قیس الزبیدی، فاتح عبدالجبار، عبدالکریم کاصد، زهیر الجزائیری، محمود شقیر، محمد علی الشهاری، جبر علوان، علی عساف، کاظم السماوی، زکریا محمد، نهاد سیریس، محمد جمال بارود، فاطمە محسن، صلاحدی لا، عمر شعار، اسامە مرعشلی، زهیر حمامی، محمد عبدالوهاب، فیصل خرتش، مجمد شریف فقش، د. عمر التبخی، ولید معماری، سعید جواد، فائز العراقی، حسان عزت، سامر عبداللە، حسن م یوسف، عبدالکریم الخطيب، مالک علولا، مجید الحوسی، عارف علوان، فیصل لعیبی، سلیم مهدی، صلاح جباد، عسان فیچ، بیان صغدی، ئەلبیرتۆ موراب، برایانی ئاتوڤیانی، ئایتۆ کلابریا، جیجی برویتی، ئەرنستۆ بالدوتشی، ئەنتۆنیا بۆرتا، میرزا زاد. صقر، جیان).
بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی: گوڵعەنبەر وەک قەزایەکی سەربە سەنجەقی سلێمانی، سەر بە ویلایەتی موسڵ، بە گوێرەی پڕۆسەی تۆمارکردنی زیندانییەکانی ویلایەتی موسڵ، لە (٢٥ی کانونی دووەمی ١٣٢٩) لە قەزای گوڵعەنبەردا یەک بەندینخانە هەبووە، کە خاوەن ناوێکی تایبەت بە خۆی نەبووە، تاوەکو ئەو ساڵەش لە قەزای گوڵعەنبەردا، بەندیخانەی تایبەت بە ئافرەتان بوونی نەبووە، ئەگەر ئافرەتێکیش تووشی تاوانێک بوبێت، لە هەندێک ماڵی هەڵبژێردراودا بەندکراوە. سەبارەت بە جۆرییەتی موڵکی بەندینخانەکە، بەندینخانەی ناوبراو، بەندیخانەیەکی پیاوان بووە و بینای بەندینخانەکە موڵکی دەوڵەت بووە، تاوەکو یەکی کانونی دووەمی ١٣٢٩ک/ ١٤ی کانونی دووەمی ١٩١٤ز)، پێنج بەندکراوی لە ڕەگەزی نێر تێدابووە. سەبارەت بە شوێنی بەندینخانەکە لەناو بارەگای سەرەکی حکومەتدا بووە، کۆی گشتیی ڕووبەرەکەشی ١٠٧ هەنگاو و چوارگۆشە بووە. سەبارەت بە بەهای مادیی بەندیخانەکە، لەبەرئەوەی لەناو بارەگای سەرەکیی حکومەتدا بووە و قابیلی فروشتن نەبووە، نەتوانراوە بەهاکەی دیاریبکرێت. بەندیخانەکە لەسەر شێوازی نوێی عوسمانی دروستنەکراوە، بەڵکو بە خشتی ئاسایی دروستکراوە و بەندینخانەی ناوبراو لە حەوشێکی سادە و دوو جێگەی بچوکی بەندکردن پێکهاتووە. بەڕێوەبەری پۆلیسی گوڵعەنبەر پێیوابووە، باشتر و سەرکەوتووتر وایە، بەندینخانەیەکی دیکە لەسەر شێوازی نوێ و لە جێگەیەکی گونجاوتردا دروستبکرێت.
پاش دەرچوونی ڕاسپاردەکانی لیژنەی پیڵ (Peel Commission)ی بەریتانی لە ١٩٣٧ بۆ دابەشکردنی خاکی فەلەستین بەسەر عەرەب و جوودا لەگەڵ بە نێودەوڵەتیکردنی ناوچەی قودس، حکومەتی عێراق لە سەردەمی پاشایەتیدا، هەوڵیدا لە ڕێگا جۆراوجۆرەوە، ڕێگری لە سەرگرتنی ئەو پڕۆژەیە بکات. لە میانەی پشتیوانییەکان لە هەوڵەکانی عێراقیش، یازدە کەسایەتیی شاری هەڵەبجە بروسکەیەکیان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی بەغدا کردووە بۆ پشتیوانیی سەرۆک وەزیران، کە ئەمە دەقەکەیەتی: بەڕێز وەزیری ناوخۆ، بە هەموو هێزێکمان پشتیوانی لە سەرۆکی بەڕێز دەکەین لە ئاڕاستەی شەریفانەی ئەو دەربارەی دۆسیەی فەلەستینی عەرەبی. ئیمزاکان: حاجی مەلا عەلی، حاجی محەممەد عەلی، ئەشرافی ئەحمەد بەگ، ئەشرافی مەلا محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، حاجی فەرەج، محەممەد کوخە ئەحمەد، حاجی ئەحمەد، سەید ڕەسوڵ، محەممەد تۆفیق و ئەحمەد بەگی محەممەد.
بروسکەی جەعفەر سوڵتانی ڕەئیسی هەورامانە، بۆ فەخامەتی مەندوبی سامی و سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەبارەت بە دانانەوەی تۆفیق وەهبی وەک پارێزگاری سلێمانی. دەقی بروسکەکە: گۆڕینی موتەسەریف تۆفیق وەهبی بەگ ئەبێ بەسەبەبی تەئەثوری عمومی کوردان، ڕجا ئەکەین ئیعادەی بفەرموونەوە.
داواکاریی دانانەوەی (تۆفیق وەهبی بەگ)ی پارێزگاری سلێمانییە دوای لادانی، لە لایەن چەند فەرامانڕەوایەکی هەورامانەوە، ئاڕاستەی فەخامەتی مەندوبی سامی و وێنەی بۆ سەرۆک وەزیران نێردراوە، لە لایەن ئەفراسیاب بەگی ڕۆستەم سان و مستەفا بەگی جافرسان و محەمەد ئەمین بەگی مەحمودخانی دزڵی و شێخ محەمەد شێخ حسامەدینەوە، کراوە. دەقی بروسکە و داواکارییەکە: تەبدیلی موتەسەریفی سلیمانی مەغایری ئەفکارمان و سەبەبی تەئەثوری عمومی کوردانە، ئیستیرحام دەکەین زوو ئیعادەی بفەرموونەوە.