بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. لە ١٣ی ٣ی ٢٠١٤ بە واژووی (نێچیرڤان بارزانی)ی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە. بە زمانی کوردی نوسراوه و وا هاتووه: (پاڵپشت بە ئەحکامی هەردوو ماددەی ١١٥ و ١٤١ لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ ساڵی ٢٠٠٥، و لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری تەشریعی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١١ لە ٢٢ی ٩ی ١٩٩٩ و ئاماژە بە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە ٣٩ لە بەرواری ٤ی ٦ی ٢٠١٣ و ئاماژە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ ژمارە ٥٦٨ لە ٣١ی ١٢ی ٢٠١٣ بڕیار درا بە:
١- دەستنیشانکردنی سنوری (پارێزگای هەڵەبجه)ی ئیستحداثکراو به پێی بڕگەی چوارەمی ماددەی (١)ی بڕیاری تەشریعیی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١١ لە ٢٢ی ٩ی ١٩٩٩ وەک قۆناغی یەکەم بە هەمان سنوری ئیداری ئێستای قەزای هەڵەبجە بەپێی نەخشەی هاوپێچی ئەم بڕیاره و دانانی (پارێزگای هەڵەبجە) بە پارێزگای چوارەم لە سنوری هەرێمی کوردستانی عێراق و شاری هەڵەبجەیش دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە.
٢- ناردنی ئەم بڕیارە بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دەرکردنی فەرمانی هەرێمی.
٣- ئەم بڕیارە لە ڕۆژی ١٣ی ئازاری ساڵی ٢٠١٤ دەرچووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێیدەکەن.
سەرچاوەکان:
- ئەتڵەسی پارێزگای هەڵەبجە، ئامادەکردن: میقداد عومەر عەبدوڵڵا، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕێدار، لە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجە، سلێمانی، ساڵی چاپ ٢٠٢١، ل٩٧.
- پەیجی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (www. gov.krd/com).
ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەتۆفیق