بەندیخانەی گوڵعەنبەر

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی: گوڵعەنبەر وەک قەزایەکی سەربە سەنجەقی سلێمانی، سەر بە ویلایەتی موسڵ، بە گوێرەی پڕۆسەی تۆمارکردنی زیندانییەکانی ویلایەتی موسڵ، لە (٢٥ی کانونی دووەمی ١٣٢٩) لە قەزای گوڵعەنبەردا یەک بەندینخانە هەبووە، کە خاوەن ناوێکی تایبەت بە خۆی نەبووە، تاوەکو ئەو ساڵەش لە قەزای گوڵعەنبەردا، بەندیخانەی تایبەت بە ئافرەتان بوونی نەبووە، ئەگەر ئافرەتێکیش تووشی تاوانێک بوبێت، لە هەندێک ماڵی هەڵبژێردراودا بەندکراوە. سەبارەت بە جۆرییەتی موڵکی بەندینخانەکە، بەندینخانەی ناوبراو، بەندیخانەیەکی پیاوان بووە و بینای بەندینخانەکە موڵکی دەوڵەت بووە، تاوەکو یەکی کانونی دووەمی ١٣٢٩ک/ ١٤ی کانونی دووەمی ١٩١٤ز)، پێنج بەندکراوی لە ڕەگەزی نێر تێدابووە. سەبارەت بە شوێنی بەندینخانەکە لەناو بارەگای سەرەکی حکومەتدا بووە، کۆی گشتیی ڕووبەرەکەشی ١٠٧ هەنگاو و چوارگۆشە بووە. سەبارەت بە بەهای مادیی بەندیخانەکە، لەبەرئەوەی لەناو بارەگای سەرەکیی حکومەتدا بووە و قابیلی فروشتن نەبووە، نەتوانراوە بەهاکەی دیاریبکرێت. بەندیخانەکە لەسەر شێوازی نوێی عوسمانی دروستنەکراوە، بەڵکو بە خشتی ئاسایی دروستکراوە و بەندینخانەی ناوبراو لە حەوشێکی سادە و دوو جێگەی بچوکی بەندکردن پێکهاتووە. بەڕێوەبەری پۆلیسی گوڵعەنبەر پێیوابووە، باشتر و سەرکەوتووتر وایە، بەندینخانەیەکی دیکە لەسەر شێوازی نوێ و لە جێگەیەکی گونجاوتردا دروستبکرێت.

سەرچاوەکان:

  1. BOA. DH. MB. HPS.M. ١٢.٣٣. ٠٢.

ئامادەکردنی: د. سامان مستەفا ڕەشید

5

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ناوچەکانی سەر بە هەڵەبجە لە نەخشەیەکی سەردەمی بەریتانیی ساڵی ١٩٢١

لە بەڵگەنامەیەکی ساڵی ١٩٢١دا، کە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی ڕووپێوییدا ئاڵوگۆڕکراوە، تێیدا داواکراوە، کە نەخشەیەکی نوێ بەپێی ئەو ئاڵوگۆڕانەی، کە لیواکان لە سەردەمی ئینگلیزدا بەسەریانداهاتووە، ئامادەبکرێت و لە وەڵامدا هاوپێچی نوسراوەکە، زانیارییەکانی لەبارەی لیوای سلێمانی و پاشان قەزای هەڵەبجەی تێدا باسکراوە و هەریەک لە ناوچەکانی پێنجوێن (قزڵجە)، خورماڵ و شەرەفبەیانی سەر بە هەڵەبجە دانراون. کۆتا لاپەڕەی دۆسیەکە نەخشەیەکی لەگەڵدایە، کە بەپێی ئەو زانیاریانە ئامادەکراوە و بە ڕوونی هەڵەبجە و دەوروبەری لەسەر نەخشەکە دیاریکراوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

نەخشەی خانەقای بیارە ساڵی ١٩٠٥

ناونیشانی نەخشەکە بریتییە لە نەخشە و ڕوپێوی خانەقای شەریفەی یەکێک لە گەورەی شێخانی نەقشبەندی (شێخ عومەر ئەفەندی) لە گوندی بیارە لە قەزای گوڵعەنبەر. نەخشەکە لەلایەن فەرمانبەری کەشف مولازمی دووەم (محەمەد جەلالەدین)ەوە کێشراوە، کۆپییەکی ڕەسەنی نەخشەکە بە کۆدی (HH. THR. ١٦٣٧.٤٠.٠٢) لە ئەرشیفی عوسمانیدا پارێزراوە، لە نەخشەکدا هەموو بە شەکانی خانەقاکە بە هەردوو قاتەکەیەوە بە وردی کێشراون، بەجۆرێک لای ڕاستی نەخشەکە وێنەی قاتی سەرەوەی خانەقاکەیە و لای چەپیش وێنەی قاتی خوارەوەی خانەقای بیارەیە، لەبەرئەوەی نەخشەکە بۆ پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی خانەقاکە ئامادەکراوە، ئەو بەشانەی بە ڕەنگی پەمەیی تۆخ ڕەنگکراون، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، ئەوانیتر، کە بە ڕەنگی زەرد لە نەخشەکەدا ڕەنگکراون، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە نەبووە. ماوەتەوە بڵێین نەخشەکە ساڵی ١٩٠٥ کێشراوە و شێواز و هەیکەلی خانەقاکە ساڵی ١٩٠٥ چۆن بووە وەها وێنایکردووە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

نەخشەی مزگەوتی گەورەی گوڵعەنبەر ساڵی ١٨٩١

نەخشەکە لە ئەرشیفی عوسمانی بە کۆدی (HH.THR. ٣٣٨. ٧٤. ٦) هاوپێچ لەگەڵ دۆسییەیەکی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی ناوبراو هەڵگیراوە. ناونیشانی نەخشەکە" نەخشە و ڕووپێوی ئاسۆی و ستوونیی ئەو مزگەوتەی خوالێخۆشبوو یاوز سوڵتان سەلیم لە گوڵعەنبەر دروستیکردووە. نەخشەکە لەلایەن ئەندازیار و مولازم (سەید محەممەد زیا بن ئەحمەد)ەوە لە ١٩ی ئەیلولی ١٨٩١ لە بەر نەخشە ڕەسەنەکە کێشراوەتەوە و وەک خۆی کۆپیکردووە. نەخشەکە بایەخێکی مێژوویی یەکجار گرنگی بۆ ڕوونکردنەوە شێوازی تەلارسازی مزگەوتی گەورەی گوڵعەنبەر هەیە. وەک لە ناونیشانی نەخشەکەشدا هاتووە بە هەردوو ئەندازەی ئاسۆیی و ستونیی تەواوی بەشە پێکهێنەرەکانی مزگەوتەکە لە: میحراب، جێگەی نوێژ، مەدرەسە، منارە، مەزارگە و ئاودەستخانە... هتد و بەوردی کێشراون.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

نەخشەی معاونییەتی گوڵعەنبەر ساڵی ١٨٩٥

نەخشەکە لە ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانیدا لە بەشی نەخشەکان بە کۆدی ژمارە (HRT. h.٦١٧) بەناونیشانی نەخشەی بەدەست دروستکراوی معاونییەتی گوڵعەنبەر، کە زەوییەکانی ئەملاکی دەوڵەت نیشاندەدات، تۆمارکراوە. نەخشەیەکی مێژوویی گرنگی معاونییەتی قەزای گوڵعەنبەرە، سەرەڕای ئەوەی نەخشەکە بە ڕوونی گوند و چیا و ڕووبارەکانی چوارچێوەی سنوری معاونییەتی گوڵعەنبەری بەگوێرەی سنوری کارگێڕیی ساڵی ١٨٩٥ کێشاوە، لەوەش زیاتر نەخشەکە ئەو زەوییانەی بەتەواوی موڵکی دەوڵەتن لەگەڵ زەوی ئەو گوندانەی بە تاپۆوە پەیوەستبوون، لەگەڵ ڕێگە و بانەکان و سنوری موڵکەکانی دەوڵەتی، بە ڕوونی جیاکردووەتەوە. وەک لە پێوەری نەخشەکەدا ڕوونکراوەتەوە ٢٥٢٥٠ دۆنم زەویی لە ڕووباری مووان، زەوی دەوڵەت بووە، ٤١٩ دۆنم لە زەوییەکانی ناو مووان، تاوەکو زەوییەکانی جۆگەی قالیچۆ (ڕاستترە بگوترێت چەمی قالیجۆ) بە تاپۆوە پەیوەستبوون، ١٥٨٦٧ دۆنم زەوی دەوڵەتیش بەناوی ڕووباری مالوانەوە (ڕاستترە بگوترێت چەمی مالوان) تۆمارکراون. ١٤٢٥ دۆنمیش لە زەوییەکانی مالوانەوە تاوەکو ڕووباری مەحموودخانی، تاپۆ بوون. شایەنی باسە لە بەشی خوارەوەی نەخشەکەدا نوسراوە، بە تەواوی وەک یەکبوونی ڕووبەری هەرچوارلای ئەو زەوییانەی لەم نەخشەدا نیشاندراوە، لەگەڵ ڕووبەری ڕاستەقینەدا لەلایەن ئەنجومەنی ئیدارەی قەزای گوڵعەنبەرەوە پەسەندکراوە. بەرمەبنای هاوتەریبوونی ئەم نەخشە لەگەڵ ئەو تەحقیقات و حدودنامەی موڵکە میرییەکانی دەوڵەتی، ٢٤ تەمووزی ١٨٩٥، کە لە شوعبەی سەرچناری ئەملاکی هومایونی پارێزراوە، نەخشەکە لەلایەن موتەسەریفی لیوای سلێمانی و ئەندامەکانی ئەنجومەنی ئیدارەی سلێمانییەوە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٨٩٥دا مۆر و پەسەندکراوە.

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

نوسراوی دابەشکردنی ئاوی باخەکانی ئاوێسەر

دوو بەڵگەنامەن، لەڕێگەی لیژنەیەکەوە نۆباوی باخەکانی ئاوێسەر ڕێکخراوە. یەکەمیان بە قسەی هادی ئاییزەی حەبیب، کە باوکی واژوو و ناوی بە دەستخەتەکەوەیە دەڵێت: ساڵی ١٩٢٧ بە کوردی نوسراوە. پەنجەمۆر و واژووی چەند کەسێکی پێوەیە. لیژنەکە پێکهاتووە لە: غەفار بەگ ئەمیری جەنگ سەرپەرشتیکردووە، مەلا بەکر، سەید فەتحە، میرزا عەبدولقادری تەوێڵەیی، سۆفی حەسەن، ئەحمەدی ئیسحاق، مەلا موحسین، ئایزەی حەبیب، حاجی فەرەج، عەبدوڵا ئاغا وەک کوێخا، مەلا مارفی مەلا عەبدوڵای مەریوانی وەک گەنجێک ڕۆشتووە لە گەڵیان. ئاوەکە بە گوێرەی ١٠ جۆگە بە ناوەکانی (ماوامی، قوڵە، گڵێجانە، جانباز، داڵیتان، شەمبانو، شانەزەرا، باخچەمیرا، دەگا، هانەکڵە) ڕیکخراوە و دابەشی باخەکانی بەردەم ئەو جۆگانە کراوە. دووەمیان گواستنەوەی زانیاری و تەرتیپی دەسخەتی یەکەمە، لەبەر کۆنیی دەسخەتی یەکەم و بۆ پاراستنی یەکەم لە ٣٠ی ٧ی ١٩٦٤ هەڵگیراوەتەوە، لە شێوەی دەفتەرێکدا سەعات و کاتی باخەکانی چەمی ئاوێسەر و جۆگەکانیانی تێدا نوسراوە. وا هاتووه:‌ (لە پاش ئەوەی کە ئەم تەرتیپی نۆبە ئاوی چەمی ئاوێسەرە گوێزرایەوە ناو ئەم دەفتەرە، لجنەیەک پێکهات لەبەردەم حزوری مەلا ساحبدا هەردووکیان مقابەلەکران بەبێ غەڵەت، بڕیاریان دا لەسەری، لیجنەکەش ئەم خاوەن باخانەی خوارەوەن، ئەگەر خیلاف بوو ئەسڵ حساب دەکرێت. هەموو ئەندامان واژۆیان کردووە کە بریتیین لە (مەلا ساحب مدرسی تەوێڵە، مەهدی عەزیز، حاجی مەحموود مستەفا، ئیسماعیل مەلا بەکر، محەممەد حاجی محەممەد ڕەحیم، مەحموود عەبدولڕەحیم مەحموود، حاجی عەلی حسێن، فائق حاجی حەمەساڵح، ئەسکەندەر سان ئەحمەد).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە

نوسراوی دابەشکردنی ئاوی باخەکانی تەوێڵە‌ "جومعاو"

بەڵگەنامەی دابەشکردنی ئاوە بەسەر باخەکانی تەوێڵەدا. بە بڕیاری لیژنەی دابەشکردنی ئاوی باخەکانی تەوێڵە و بە دەستخەت و واژۆی میراو (یوسف حاجی محەممەد) بە زمانی کوردی لە ٢٦ی ئایاری ١٩٦٦ نوسراوە. دەقەکەی واهاتووە: (سەعات ١١.٣٠ بۆ باخی حاجی عەلی حسێن و ئاییزە غەفوورە تا سەعات ٢.٣٠، سەعات ٢.٣٠ بۆ باخی حاجی سەید تەها و شەفیع ئەلە تا سەعات ٤.٣٠، سەعات ٤.٣٠ بۆ باخی دەروێش مەحیەدین و فایق حەمەساڵح تا سەعات ٦.٣٠، سەعات ٦.٣٠ بۆ باخی عابد نادر و ئەحمەد حاجی بابالە و حاجی حامد تا ١٠، لە سەعات ١٠وە بۆ باخی مزگەوت و عەبدوڵا عوسمانە تا سەعات ١١. تکا لە هەموو لایەک دەکەین بەپێی دابەشکردنەکە بجوڵێنەوە، هەر کەسێک گوێ بەم دابەشکردنە نەدا و پێچەوانە بجوڵێتەوە ئەدرێت بە دادگا بۆ سزادانی، دیسان تکاتان لێدەکەین کەس خۆی تووشی سزا نەکات).

زیاتر بزانە
بەڵگەنامە