بەرگی دووەم
سەرچاوە ئاویەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
بەرگی دووەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
ئەو ڕوبارانەن، کە هەميشە ئاو لەبەر ڕۆيشتوون، وەکو ڕوبارەکانى (چەمى گمە، چەمى پشتە و چەمى پشت ئاشێ)، کە درێژیى هەريەکەيان کەمترە لە پێنج کیلۆمەتر و پانتايى ئاوزێڵەکانيان لە سێ کیلۆمەتر دووجا تێپەڕناکات. ئەم چەمە هەميشەييانە لەسنورى شارۆچکەی (بەمۆ)دا کاردەکاته سەر ڕاماڵينى ناوچەکە لەوەرزى زستان و بەهۆيەوە کەندڕ دروستدەبێت و خاکى ناوچە بەرزەکان دەگوازێتەوە بۆ کەنارى ڕوبارەکان و دەشتى لافاوکرد پێکدێنێت.
یەکێکە لە لقە سەرەکییەکانی ڕوباری دیجلە. سەرچاوەکەی بە دووریى (٤٦کم) کەوتووەتە باکورى شارى سنە. بەرزى ئەوشاخانەى، کە ڕوبارەکەی لێوەى سەرچاوەدەگرێت نزیکەى (٢٣٦٠م)ە له ئاستى ڕووى دەریاوه. لقى سیروان لە دوو لقى تر پێکدێت، کە یەکەمیان لە ڕوبارى (قشڵاق) و دووەمیان ئەو لقەی، کە لە ئەنجامی یەکگرتنی (کاران و ڕخانه) پێکدێت. لە قەراغ زنجیرە شاخەکانى هەورامانى باشورەوە دێت و دەگات بە هەڵەبجە و لەوێ ژمارەیەک کانى تێدەڕژێت. ڕووبەرى حەوزى ڕوبارى سیروان لە نێو هەرێمى کوردستاندا (١١٥٠٠کم)ـە. درێژییەکەی نزیکەی (٤٤٥کم) دەبێت و بەگشتی حەوزی ئاوی ڕوبارەکە بە (٣٢٦٠٠کم٢) خەمڵێنراوە. ئەم ڕوبارە سنوری نێودەوڵەتیی عێراق و ئێران پێکدەهێنێت. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین سەرچاوەی ئاوەکەی لەسەرەتادا بریتییە لە یەکگرتنی (چەمی زرێبار و گردەڵان و گاران) لەگەڵ (چەمی گاوەرۆ و تەنگیبەر و تەنگیسەر) لە نزیک گوندی (ڕوار و نوێن) پاشان بەرەو (بڵ و هەجیج) دێت تا دەگاتە (هیروێ). دواتر چەمی (پاوە و شمشێر) دەڕژێنە ناوی و (دواو) پێکدەهێنن. پاشان لە (پردیوەر) لە گوندی شێخان ئاوی (نەوسود و تەشار) دەڕژێتە ناوی دواتر لە دیوی عێراق لە نزیک گوندی (گریانە) چەمی (تەوێڵە، سۆسەکان، پاڵانیان، هاوار، جاور) دەڕژێنە ناوی. دواتر ناوچەی هەورامان دەبڕێت و (زەڵان و زمکان)یشی تێدەڕژێت و دەریاچەی دەربەندیخانی لەسەر دروستکراوە. زەڵم و تانجەرۆش دەڕژێنە ناو دەریاچەکەوە. لەنێوان مکان و چیای بەمۆ و قەرەداغ دا دەڕوات و چەند ئاوێکی تریشی دێتەسەر، وەک چەمی (دێوانە) و (هەواسان) و (قۆرەتو) و (ئەڵوەند) و (نارین) پاشان دەگاتە شاری دیالە. ناوی سیروان بەپێی لێکدانەوەکان لە (سێ ئاو)ەوە هاتووە. چونکە ئەو سێ چەمەی سەرەوە، کە یەکدەگرن هەر لەوێوە بە ڕوباری سیروان دەناسرێت، تا دەگاتە دیالە. بۆچوونی دیکەپێی وایە لە وشەی (سێر)ەوە هاتووە، کە بە مانای (تێر، پڕ) دێت. وشەکە بووە بە (سێراو) واتە (تێراو) پاشان بووەتە (سیروان).
کانیيەکى هەميشەييە. کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) و کەمتر لە کيلۆمەترێک لە گوندەکە دوورە و کەوتووەتە سەر ڕێگەى نێرگسەجاڕ ـ قارەمانى. موڵکى گشتیيە بەهۆى ئەوەى، کە ئاوەکەی چەوربووە، ئەو ناوەی لێنراوە. ئاوەکەى بۆ خواردنەوەى ڕێبوارانى سەر ڕێگەى ناوبراو بەکاردێت.
بە دووریی پێنج کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ئاوێکی بەردەوامی هەیە و خەڵکی ڕێبوار و شوانکارە ئاوەکەی بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنن و ئاژەڵەکانی ئەو ناوچەیەش سودیلێدەبیینن. هاوکات کانییەکە جوانییەکی تایبەتیشی بە سروشتی ناوچەکە بەخشیوە.
بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (کانی وەیسکێ). خاوەندارێتی بۆ هاوڵاتییەکی گوندەکە بەناوی (مەجید)ەوە دەگەڕێتەوە. باخێکی سێ دۆنمی لەبەردەمدایە و بۆ ئاودانی ئەو باخە سودیلێوەردەگیرێت. مێژوویەکی دێرینی هەیە و دەیان ساڵە وشکینەکردووە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (عەبابەیلێ) لە خوار کانی (قەمان)ی دۆڵی شنروێ. باخی هەنار و گوێز و هەرمێی لەبەردەمدایە و ئاویاندەدات. وشکناکات و هەمیشەییە.
کەوتووەتە سنوری گوندى (زەرديان). ناوی گوندی زەردیان هەر لەم ناوەوە هاتووە، کانییەکی هەمیشەییە و بۆ خواردنەوە و ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بەکارهاتووە، دەکرێت بڵێین زۆربەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی زەردیان، پشتیان بە ئاوی ئەم کانیە بەستووە، زەوییەکانیشی بەپیتن و زۆربەی ساڵەکان پاش دروێنەکردنی گەنم، دەکرێن بە شوتی و خەیار و ترۆزی. ئەم کانیە بەهۆی نزیکیی لە ڕوباری زەڵم و تەختیی شوێنەکەیەوە، وایکردووە ئەو ساڵانەی، کە باران زۆر دەبارێت و ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان زۆر دەبێت، دەبێت بەژێر ئاوەوە، بەڵام هەر ساڵێک زوتر ئاوەکە بکشێتەوە و زەوییەکان بەربدات، خاکێکی بەپیتی هەیە و گونجاوە بۆ زۆربەی کشتوکاڵەکان.
کەوتووەتە سنوری گوندى (غوڵامى سەروو)ی سەر بە ناحیەی (سيروان) لە نزيک گۆڕستانى گوندەکە. کاتی خۆی خورى و (بەن)یان تێدا ڕەنگکردووە. بەهۆى ئەوەى قامیشی(زەل)ی بەدەورەوەبووە، ئەو ناوەی لێنراوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی چاوگی کۆکۆیی لە خوارووی کانی گەرماوک و ئاوەکەی زۆرە و دەڕژێتەوە سەر چەمی گوڵان. لەکۆندا ئەم شوێنە شوێنی کاتبەسەربردن و حەوانەوە بووە و بەتایبەت لەهەڵەبجەوە سەردانیکراوە.
يەکێکە لە کارێزە گەورە و بەناوبانگەکانى ناوچەکە و لە سييەکانى سەدەى ڕابردوو لە لايەن (حامى بەگ)ەوە فەرمانى دروستکردنى دراوە. لە نزيکەى ١٥ بير پێکدێت، کە لەسەرەتاوە دوو لقە، لقێکيان بە ئاڕاستەى (کانى سپى و زەمەقیى ژووروو) لقەکەى تريان بە ئاڕاستەى بياوێڵە و لە خۆرهەڵاتى گوند بەيەکدەگەن و لەوێشەوە بەشەش بير گەيەندراوەتە خاڵێکى نزمى گوندەکه، کە بە (چاوانە)کە ناسراوە. کانى ژنان و مزگەوتى تێدا دروستکراوە. (حامى بەگ) دوو کارێزکەنى لە (سنە)وە هێناوە، شەو و ڕۆژ کارى تێدا کراوە و لە شەش مانگدا تەواوبووە. قوڵیی کارێزەکە لە ژێرەوە (٢م) بووە، واتە مرۆڤ توانيويەتى بەپێوە بەناو کارێزەکەدا بڕوات و سەرى لەسەقفى کارێزەکە نەدات، لەبەر ئەوەى دووریى هەر بيرێک لە بيرەکەى تەنيشتى (٤٠م)، بەجۆرێک پاش هەڵکەندنى هەر (٤٠م)ێک بەشێوەيەکى ئاسۆيى بڕياريان لەسەر دروستکردنى بيرێک داوە. بۆ ئەو مەبەستە يەکێک لە سەرەوە کێشاويەتى بە زەويەکەدا، تا کارێزکەنەکە گوێیلێبووە و پێىوتوون لەو شوێنە بيرێک دروستبکەن بۆ ئەوەى لە ژێرەوە بگەن بە کارێزەکه. مۆميشيان بەمەبەستى ڕوناککردنەوه بەکارهێناوە. بەرزیى بيرەکان لە (١٥م) لە دەرەوەى گوند دەستپێدەکات، تا چوار مەتر لە کۆتا بيرى کارێزەکە لەناو گوند، لە سەرەوه، تا نيوەى بيرەکان بە بەرد هەڵچنراون، بەڵام ڕێڕەوى کارێزەکە لە ژێرەوە گڵە و هيچ ماددەيەک بۆ پارێزگاريکرد لە داڕمان بەکارنەهاتوە. ئاوى ئەو ١٥ بيرە لەژێر زەويیەوە بەيەکگەيەنراون و کۆکراوەتەوە و ٨٠ جوتيار، کە هەريەکە نزيکەى شەش دۆنم زەویى (بەراو)يان هەبووە، کشتوکاڵيان لەبەردەم ئاوى ئەم کارێزەدا کردووە بەتايبەت (توتن و مەرەزه)، لە حەفتاکان و نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو دووجار بەشێک لەبيرەکان نۆژەنکراونەتەوە، يەکەميان لەسەر ئەرکى حکومەتى عێراقى و دووهەميان لەسەر ئەرکى دانيشتوانى گوند، لەئێستادا بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى ژێر زەوى و زۆریى بيرە قوڵەکانى ناوچەکەوە، تەنها لەو ساڵانەدا ئاوى هەيە، کە باران زۆر دەبارێت.
کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لە تەنيشتى گوندەکەدايە و به دووریى (٦٠٠م) و موڵکى گشتیيە، خەڵکى گوندەکە سودێکى زۆريان لێبينيووە بەتايبەت ژنانى گوند، کە بۆ ئيشوکارى ڕۆژانە بەکاردەهات، بەهۆى ئەوەى چەند بنە دار زريسکێک بە دەورى کانيیەکەوەيه، هەر لە کۆنەوە بە کانى زريسکێ ناسراوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. لە تەنیشت قەدپاڵێک هەڵکەوتووە. سەرچاوەی ئاوەکەی چیای سورێنە. بە ناوی کۆمەڵێک گوێزی زڕەوە ناونراوە. ئاوەکەی زۆرە و هەمیشەییە. لە نزیک کانی باخی سەوزەیە و پێکەوە یەکدەگرن و بە چەمی زڕگوێزاندا بە ئاڕاستەی ناو گوندی بەردەبەل دێنەخوارەوە.
کەوتووەتە گوندی (کۆڵیژێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە خۆرئاوای گوندەکە. (٩٢٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێک بە ڕووبەری (١١ بە ٢٢م) لەسەر دروستکراوە بۆ مەبەستی خواردنەوە و ئاودێریکردن بەکاردێت.
یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (کۆڵیژێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە خۆرئاوای گوندەکەوە. (٩٢٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێک بە ڕووبەری (١٦ بە ٢٠م) لەسەر دروستکراوە بۆ مەبەستی خواردنەوە و ئاودێریکردن بەکاردێت و لە باشورەوە کانی شارانی و لە باکورەوە کانی گورزاڵ و گوندی خارگێڵان و لە خۆرهەڵاتەوە چەمی زووزوو گولانە و کانی سۆفی و کانی سپی و لە خۆرئاواوە کانی کۆڵیژێ دەورەیانداوە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە) و لە باشوری شارۆچکەکەوە دەڕژێتە چەمی بیارەوە، (١١٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (شاری بیارە) و لە باشورەوە (دۆڵی بیارە) و لە خۆرئاواوە (چیای کڵاوەی ئاشور) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی کاوات و لوتکەی وەران وەر) دەورەیانداوە.
کەوتووەتە پشتی مەرقەدی شێخ خامۆش لە گوندی (ڕێشاو). هەمیشەییە. ئاوەکەی بۆ ئاژەڵداری سودیلێدەبینرێت. ئاوەکەی کراوەتە پڕۆژەی ئاوی گوندەکە و لە ساڵی ١٩٧٤ لەلایەن حاجی محەممەد بەلەبزانی و بەشێکی بە سۆندە براوەتەوە بۆ مەرقەدی شێخ خامۆش.
کەوتووەتە گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لە ناو دۆڵی مروەوبەگلەی لە بەشی باشوری ناوچەی گەشتیاری (مێشلە) و باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی مروەوبەگلەی، (١٥٠٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی مێشلە و مروەوبەگلەی و هانەوڵینە) و لە باشورەوە (دۆڵی مروەوبەگلەی) و لە خۆرئاواوە (گوندی بەڵخەی سەروو خواروو) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای هەوارەبەرزە) دەورەیانداوە.
کەوتووەتە تەنيشت مزگەوتەکەى ناو گوندی (عەبابەیلێ)وە. لەبەرئەوەی زۆرتر ژنان بۆ ئيشوکارى ڕۆژانە و خۆشۆردن بەکاريانهێناوە، بەناوی ئەوانەوە ناوبانگی دەرکردووە. بە بەراورد بە تەواوى سەرچاوە ئاوييەکانى ترى گوندەکە، زۆرترين ئاوى هەيە و هەرگيز وشکینەکردووە. زۆرينەى باخەکانى گوندەکە پشتیانپێیبەستووە.
کەوتووەتە گوندی (جەلیلە). ئاوێکی زۆری هەبووە و لە پێش وشکەساڵیدا تا نزیک هەڵەبجە و پزیشکی دادی، ڕۆشتووە. بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە، ژنان بەکاریانهێناوە. حەمام و تەوالێتی تێدابووە. لە ئێستادا شوێنەواریان ماوە. ئاوەکەی هەمیشەییە.
کەوتووەتە گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لە باکوری پاڵانیا لە بەشی باشوری خۆرئاوای گوندی (بەڵخە) و دەڕژێتە چەمی گەورەوە. (١١٢١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (گوندی پاڵانیا) و لە باشورەوە (گوندی هاوار و چەمی گەورە) و لە خۆرئاواوە (ڕازیانەجاڕ) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی سۆڵێ و مروەوبەگلەی) دەورەیانداوە.