ڕوباری سیروان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
یەکێکە لە لقە سەرەکییەکانی ڕوباری دیجلە. سەرچاوەکەی بە دووریى (٤٦کم) کەوتووەتە باکورى شارى سنە. بەرزى ئەوشاخانەى، کە ڕوبارەکەی لێوەى سەرچاوەدەگرێت نزیکەى (٢٣٦٠م)ە له ئاستى ڕووى دەریاوه. لقى سیروان لە دوو لقى تر پێکدێت، کە یەکەمیان لە ڕوبارى (قشڵاق) و دووەمیان ئەو لقەی، کە لە ئەنجامی یەکگرتنی (کاران و ڕخانه) پێکدێت. لە قەراغ زنجیرە شاخەکانى هەورامانى باشورەوە دێت و دەگات بە هەڵەبجە و لەوێ ژمارەیەک کانى تێدەڕژێت. ڕووبەرى حەوزى ڕوبارى سیروان لە نێو هەرێمى کوردستاندا (١١٥٠٠کم)ـە. درێژییەکەی نزیکەی (٤٤٥کم) دەبێت و بەگشتی حەوزی ئاوی ڕوبارەکە بە (٣٢٦٠٠کم٢) خەمڵێنراوە. ئەم ڕوبارە سنوری نێودەوڵەتیی عێراق و ئێران پێکدەهێنێت. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین سەرچاوەی ئاوەکەی لەسەرەتادا بریتییە لە یەکگرتنی (چەمی زرێبار و گردەڵان و گاران) لەگەڵ (چەمی گاوەرۆ و تەنگیبەر و تەنگیسەر) لە نزیک گوندی (ڕوار و نوێن) پاشان بەرەو (بڵ و هەجیج) دێت تا دەگاتە (هیروێ). دواتر چەمی (پاوە و شمشێر) دەڕژێنە ناوی و (دواو) پێکدەهێنن. پاشان لە (پردیوەر) لە گوندی شێخان ئاوی (نەوسود و تەشار) دەڕژێتە ناوی دواتر لە دیوی عێراق لە نزیک گوندی (گریانە) چەمی (تەوێڵە، سۆسەکان، پاڵانیان، هاوار، جاور) دەڕژێنە ناوی. دواتر ناوچەی هەورامان دەبڕێت و (زەڵان و زمکان)یشی تێدەڕژێت و دەریاچەی دەربەندیخانی لەسەر دروستکراوە. زەڵم و تانجەرۆش دەڕژێنە ناو دەریاچەکەوە. لەنێوان مکان و چیای بەمۆ و قەرەداغ دا دەڕوات و چەند ئاوێکی تریشی دێتەسەر، وەک چەمی (دێوانە) و (هەواسان) و (قۆرەتو) و (ئەڵوەند) و (نارین) پاشان دەگاتە شاری دیالە. ناوی سیروان بەپێی لێکدانەوەکان لە (سێ ئاو)ەوە هاتووە. چونکە ئەو سێ چەمەی سەرەوە، کە یەکدەگرن هەر لەوێوە بە ڕوباری سیروان دەناسرێت، تا دەگاتە دیالە. بۆچوونی دیکەپێی وایە لە وشەی (سێر)ەوە هاتووە، کە بە مانای (تێر، پڕ) دێت. وشەکە بووە بە (سێراو) واتە (تێراو) پاشان بووەتە (سیروان).
سەرچاوەکان:
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٢٢.
- Haitham A. Hussein,Dependable Discharges Of The Upper And Middle Diyala Basins, Journal of Engineering ٢٠١٠, Volume ١٦, Issue ٢, Pages ٤٩٦٠ -٤٩٦٩.
- قضاء حلبجە، دراسە فی جغرافییە الاقلیمیە، عطاء محمدعلاءالدين، مطبعە کوردۆلۆجی، ٢٠٠٨، ص٨١.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید,د. ڕێباز لوقمان مستەفا