سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

1017 بابەت

دەرەی کەریم

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەتفێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٤٥٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی ئاوی بە ڕووبەری (٤ بە ١٠ م) لەسەر دروستکراوە و بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی دەرەتفێ و لە باکورەوە کانی محەممەد و چیای کڵاوەبەرزە و لە باشورەوە کانی مڵکەڕەش و لوتکەی بەنەکۆرێ و لە خۆرهەڵاتەوە چیای داڵەڕای و لە خۆرئاواوە دەرەهەڵیتێ دەورەیانداوە.

دەروێش تۆفیق

کەوتووەتە گوندی گریانە، لە خوارووی گوندی کۆنی (کەلاران) لە نزیک قەبری قوتەیە. بەناو کەسێکەوە ناونراوە. ئاوەکەی هەمیشەییە. دەڕواتەوە چەمی گریانە.

دەروێش حەیدەر

کەوتووەتە گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکەوە‌. (٩٤٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێک بە ڕووبەری (٢ بە ٣.٣٠م) لەسەر دروستکراوە بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت.

دەروێش عەلی

کەوتووەتە گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکەوە‌. (٩٤٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت.

دەروێش عەبدولڕەحمان

کەوتووەتە‌ گوندى (پريسى خواروو). پێشیوتراوە کانی ئاوایی، چونکە لە ناوجەرگەی گوندەکەیە و خەڵکی گوند بۆ خواردنەوە و پێداویستیی ماڵ بەکاریانهێناوە، تەنانەت لە ساڵانی دواتردا بە جۆگەیەک بە ناوماڵەکاندا ئاوەکەی ڕاکێشراوە و پارێزگاری لە پاکی ئاوەکەی کراوە تا هەموو ماڵەکان لێی سودمەندببن.

دەشتەپان

کەوتووەتە باکوری گوندی (چوارداران)ی سەر بە ناحیە‌ی (بەمۆ). بەهۆی زەوییە تەختەکەی دەوروبەری بۆ ئاودانی کشتوکاڵی هاوینە بەکاریدەهێنن. سەرەڕای ئەوەش خەڵکی گوندەکە بۆ ئاوخواردنەوە سودیلێوەرگرن.

دەگێ: کارێزی مزگەوت

کانیی سەرەکیی گوندی (نارنجڵە)ی هەورامانە. تەواوی خەڵکی گوندەکە لەکاتی خۆیدا ئاویان لێوەرگرتووە. هەروەها سەرچاوی ئاوی مزگەوتی گوندەکە بووە و وەک نۆباویش ئاوەکەی دابەشکراوە و زیاد لە ١٥ باخی ئاودێریکردووە.

دەڵەمەڕ

کەوتووەتە‌ باشورى گوندی (دەڵەمەڕ)‌. کەوتوووەتە ناو موڵکى (محەممەد حەمەسەعيد) ناوێکەوە، کە خەڵکى گوندەکەبووە‌. بڕێکى کەم ئاوى هەيە، بەڵام لە وەرزى هاويندا وشکناکات. ساڵى ١٩٧٨ لە درێژەی ڕاگواستنی گوندەکانی کوردستاندا کارێزى کانييەکە لەلایەن سوپاوە تەقێنراوەتەوە.

دڵیاڵ

کەوتووەتە پشت ئەشکەوتی (هەیان) لە چیای (سورێن). جگە لەوەی کانییەکی بەناوبانگە، لوتکەیەکی بەرزیشە، کە بەسەر دیوی خۆرهەڵاتی کوردستاندا دەڕوانێت. ڕێگەی (کەلەبەرەتەنگە)، کە لە پشت ئەشکەوتەکانی هەیانەوە دەستپێدەکات بە تەنیشت ئەم یاڵەدا دەڕواتەوە (دزڵی) بۆ کوردستانی خۆرهەڵات. وڵاخدار و کۆڵبەر پشوویان لەسەر داوە.

دوانزە ئەسحاب

کەوتووەتە باکوری گوندی (ڕیشێن). لەبەر ئەوەی لە گۆڕی دوانزە ئەسحابەوە نزیکە بەو ناوەوە ناوی لێنراوە. ئاوی کانییەکە دەڕژێتە چەمی ڕیشێنەوە بۆ کشتوکاڵ و باخداری سودیلێوەرگیراوە. ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە وشکینەکردووە.

دوانزە ئیمام

کەوتووەتە‌ باشوری خۆرهەڵاتی گوندى (دوانزەئيمامى خوا‌روو) لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (سیروان - ئیمامی زامن)ـە. ئاوێکی پاکی سازگاری لێ هەڵدەقوڵێت و کانییەکی هەمیشەییە، بووە بەسەرچاوەی سەرەکیی چەمی دوانزەئیمام، شایەنی باسە، بەهۆی سازگاری و پاکیی ئاوەکەیەوە، دروستکردنی پڕۆژەی ئاو بەشێوەی سەردەمیانە و ڕاکێشانی بە بۆری بۆ ماڵان، لەسەر سەرچاوەی ئەم کانیە دروستکراوە.

دوواوان

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٢١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی دووان و لە باکورەوە چەمی دووان و لە باشورەوە چیای لاسان و لە خۆرهەڵاتەوە چیای کەنۆڵەڕەشان و لە خۆرئاواوە لوتکەی ملەی کەلی هەیشوور دەورەیانداوە.

دوواوانی سەروو

کەوتووەتە گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، لە بەشی باکوری خۆرئاوای گوندەکەدایە. (١٢٩٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی دووان و لە باکورەوە ڕازیانەجاڕ و لە باشورەوە لوتکەی شاخۆشێن و لە خۆرهەڵاتەوە چیای کەنۆڵەڕەشان و لە خۆرئاواوە کەلی هەیشوور دەورەیانداوە.

دوورە بنە

ئاوێکی کەمە کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی نەوێ. بۆ چەند ماڵێک بەکاردێت. لەنزیک ئەشکەوتێک هەڵکەوتووە. بەهۆی نزیکیی لە ئەشکەوتی دورەبنە و هەڵکەوتەی جوگرافی، کە دوورە لە ئاوەدانی ئەو ناوەی لێنراوە.

دێکۆن

کەوتووەتە بەشى خۆرهەڵاتى گوندى (جەليله)‌. ساڵانە لە وەرزى هاويندا بڕى ئاوەکەى کەم دەبێتەوه، بەڵام وشکناکات. بەشێکى زۆرى زەويوزارى کشتوکاڵى گوندەکە سودیلێوەردەگرن. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئاوەکەی زۆر کەمیکردووە، بەتايبەتى دواى ئەوەى دوو بيرى ئيرتيوازييان لە خواروو کارێزەکەوە بەدوورى نزيکەى بيست مەتر لێداوە.

ڕاگا

کەوتووەتە گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە) و کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکە و باخاتێک ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی دەرەلەڕای. (٩١٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی دێوا و هەسارە جنێ و فەتاح) و لە خۆرئاواوە (چەمی دەرەلەڕای) و لە باشورەوە (گوندی خەرپانی) و لە خۆرهەڵاتەوە (کانی شەریف و باخی سەفەر) دەورەیانداوە.

ڕەسوڵ

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو) لە نێوان کانی کەسرەتە و کانی گوێز هەڵکەوتووە. سێ باخ ئاو ئەدات. ئاوەکەی هەمیشەییە. خاوەنداریەتی باخەکانی دەگەڕێتەوە بۆ نەوەکانی باوا ئەلیاس لە ڕێشاو. بەردەنوێژی هەیە.

ڕەشەبییەکە

بە دووریی (٣٠٠م) کەوتووەتە سنوری گوندی (شەشکی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە شێوەی هەڵقوڵین ئاوەکەی دێتە دەرەوە. بۆ ئاودانی ئاژەڵ و کشتوکاڵکردن سودیلێوەردەگیرێت.

ڕەنگین

کەوتووەتە شاخی (ڕەنگین) لە‌ سەر سنوری دیوی کوردستانی خۆرهەڵات و باشور. هەر بەناوی شاخەکەوە ناوی دەرکردووە. ئاوێکی سارد و سازگار و فێنکی هەیە و لە ئەنجامی توانەوەی ئەو بەفرەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ساڵانە بڕێکی زۆر لەناوچەکەدا دەبارێت. بووەتە شوێنی حەسانەوە و پشودانی ڕێبواران و زۆر کەس هەن تامەزرۆی گەشت و سەیرانن بەناو چیاو دۆڵ و شاخەکانی هەوراماندا، حەز بەوە دەکەن، کە سەردانێکی ئەم کانیە بکەن. لەبەر بوونی ئەو سەرچاوە ئاوییە سازگارەی، لە دێرزەمانەوە دانیشتوانی گوندی (یاڵانپێ)، کە گەرمیان و کوێستانیان کردووە و ئەوکاتەی وەرزی گەرما دەستیپێکردووە و لەناو گوندەکاندا لەوەڕ کەم بووەتەوە، بەتایبەت لەکۆتایی (وەرزی بەهاراندا)، بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان ڕوویان لە کوێستانی شاخی (ڕەنگین) کردووە، چونکە شوێنیکی زۆر فێنکە و گیا و لەوڕەکەی لەکۆتاییەکانی (بەهاردا) پێگەشتووە. جۆری لەوەڕەکەشی بەزۆری جۆری (لۆ)یە، هەوارەکانیان تا ئێستاش ماوەوتەوە و لەورزی پایز و کاتی دەستپێکردنەوەی سەرمادا، هەوارنشینەکان گەڕاونەتەوە ناو گوندەکەی خۆیان.

ڕەیسان

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (چوارداران). بۆ دالێ و مەرەزە و باخداری سودیلێوەردەگیرێت. کانییەکی چوار وەرزییە.

پێشتر 1
...
11 12 13
...
51 دواتر