سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

کانیشێخ ٢

کەوتووەتە خوار مزگەوتی گەورەوە لەناو شاری هەڵەبجە. ناولێنانەکەی بەهۆی نزیکیی بووە لە ماڵی (شێخ کازمی شێخ محەممەدی شێخ نەجمەدینی نەقشبەندی). لە ئێستادا وشکیکردووە و شوێنەری نەماوە.

کانی ‌قوڵکە

کەوتووەتە نزيک مزگەوتى عومەرى کوڕى خەتاب لە ناو شاری هەڵەبجە. هۆکارى ناونانيشى بەوناوە ئەوەبووه،‌ کە ئاوەکە لە زەوييەوە هەڵقوڵاوە، هەروەها کانيەکە بيريشى هەبووە، زەويیەکانى دەوروپشتى موڵکى خەڵکى بوون، بەڵام کانيیەکە و دەوروپشتى موڵکى کەس نەبووە و هەموو خاوەن زەوييەکانى ناوچەکە سوديانلێوەرگرتووە، هەتاکو کۆتايى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو کانيیەکە هەرمابوو، بەڵام بەهۆى پەرەسەندنى شار و لێدانى زۆرى بير و کەمبوونەوەى بڕى بارانەوە و داپۆشينييەوە، کانييەکە لە ئێستادا نەماوە، شوێنى کانييەکە و دەوروپشتى بووە بە خانو، ناوى گەڕەکەکەش بەناوى کانييەکەوە هاتووە و بە گەڕەکى کانيە قوڵکە دەناسرێت.

کانی کارێز

کەوتووەتە خوار دێکۆنی جەلیلە. ئاوێکی هەمیشەییە. لە نێو سەنتەری گوندەکە هەڵکەوتووە. بەردەمی کراوەتە باخوباخات. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی گوندەکەیە. هەر لە کۆنەوە کانییەکە کراوەتە کارێز و بەشێک لە ئاوەکەی بۆ مزگەوتیش بەکاردێت.

کانی کەوەلە

کەوتووەتە‌ باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (قەدەفەری) سەر بە ناحیەی (خورماڵ). سەرچاوەى سەرەکیى ئاوى گوندەکەیە. چەند باخە هەنارێکی پێ ئاودەدرێت.

کانی گەورە

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). (٧٦٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لەسەر ڕێگای نێوان گوندی (یاڵانپێ) و شاری (خورماڵ)ە و حەوزێکی گەورەی بە ئەندازەی (١٠ بە ٧م) لەسەر دروستکراوە و باخێک لەبەردەمیدا سەوز کراوە، کە بۆ ئاودێریکردنی بەکاردێت.

کانی گردەکە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (کوڵکنیی سەروو). لە نزیک گردێکدایە بەناوی (گردی خدر) و بەناوی ئەم گردەوە ناونراوە. ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵکردن سودیلێوەردەگیرێت.

کانی گوێز ١

کەوتووەته بناری گردی (قەڵای پریس)ـەوە لە گوندی (پریسی سەروو) لە بەرزیی (٧٤٥م) لە ئاستی ڕووی دەریا. نزمترین کانییە لەگوندەکەدا، کە تا ئێستا ئاوی ماوە، ئاوی ئەم کانییە پێنج جوتیار بۆ ئاودێریی باخ پشتیپێدەبەستن، بەڵام کاتێک لەگەڵ ئاوی کانی (جانە، چەرمەڵ)ە یەکدەگرن، زیاتر لە ١٢ جوتیار بە درێژیی (٧٠٠م) سودیلێوەردەگرن، هۆکای ناولێنانەکەی، بۆ بڕێکی زۆر گوێز لەم کانییەدا دەگەڕێتەوە، بەهۆی ئەوەی، که سەرچاوەکەی لەناو باخ و سەوزاییەکی زۆردایە وای کردووە ئاوێکی سازگاری هەبێت و لەکۆندا گوندنشینان بە تەرمۆزی گوند ناویان بردووە.

کانی گوێز ٢

کەوتووەتە سەنتەری گوندی (کانی گوێز)ە و کانییەکی بەناوبانگە. ئاوەکەی هەمیشەییە و دەڕژێتە چەمی کانی ڕەسوڵ و بە ئاڕاستەی کەسرەتە دەڕوات، لەکۆنەوە بۆ باخداری و ئاژەڵداری بەکارهاتووە، موڵکى گشتى دانيشتوانى گوندەکەيە.

کانی ماران

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی بامۆک، ناوی کانییەکە لە (میران)ەوە هاتووە، حاجی میران یاخود حاجی میرە، یەکێک بووە لە کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی گوندی بامۆک. لە ئێستادا وشکیکردووە، بەڵام لەو ساڵانەی ڕێژەی بارانبارین زۆر بەرزە، دەبووژێتەوە.

کانی مەسور

کەوتووەتە ناو مزگەوتی گوندی (عەنەب). لەگەڵ کانیی سەرحەوز پێکەوە سەرچاوەی ئاوەدانیی مزگەتی گوندەکە بوون و تاکو ئێستەش هەر ماونەتەوە. بە کانیی بەردەم مزگەوتی کۆنی عەنەب بەناوبانگە. لە بنەڕەتدا لە ناوی مەنسورەوە هاتووە، کە پیاوێک بووە خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان و لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە دێی نەوسودەوە هاتووەتە گوندەکە. کانییەکەی پاککردووەتەوە، لە کوێربوونەوە پاراستویەتی و ئاوەکەی ساڵ بە ساڵ بوژاوەتەوە. کارێز و بەردەنوێژی لەسەر دروستکردووە.

کانی مزگەوت ١

کەوتووەتە دامێنی چیاکانی (خۆرەتاوی کەوتێ) و لەبەردەم باخی (حاجی ئەحمەد)ە. لە کاتی دروستکردنی مزگەوتی نوێی گوندی گریانەدا، دیواری ڕاگریان بۆ کردووە و بەبۆری نزیک بە (١٥٠م) ئاوەکەی بۆ مزگەوتەکە گوێزراوەتەوە. کانییەکی هەمیشەییە و وشکینەکردووە. پێشتر بە کانی (جنۆکە) بەناوبانگبووە.

کانی مزگەوت ٢

کەوتووەتە ناو مزگەوتی گوندی (عاموورە)، تایبەتە بە مزگەوتەکە. حەوزی بۆ دروستکراوە و هاوڵاتیان بۆ دەستنوێژگرتن سودیلێوەردەگرن. دەیان ساڵە ئاوەکەی وشکینەکردووە.

کانى مزگەوت ٣

کەوتووەتە ڕۆژئاواى گوندی (چنارە). لەناو حەوشەى مزگەوتەکەبووە. حەوزێکى بۆ کراوە و دەستنوێژی لێگیراوە. تا ئێستاش ماوە و وشکینەکردووە. لە ساڵانى حەفتاکانى سەدى ڕابردوودا لە شێوەتى تونێل چاوانەى بۆ کراوە و لاکانى و سەقفەکەشى بە بەرد هەڵچنراوە.

کانی مزگەوت ٤

کەوتووەتە ناو مزگەوتی ئاوایی چنارەی زێڕوون. ئاوەکەی هەمیشەیە. بۆ بەکارهێنانی مزگەت بەکاردێت و زیادەکەی دەڕواتەوە نێو چەمی گوندەکە.

کانی مزگەوت ٥

کەوتووەتە ناو مزگەوتی گوندی (تلەوەرێ)، دوو حەوزی هەیە، شوێنی دەستنوێژ و نوێژکردنی بۆ کراوە. هەنجیرێکی خۆڕسکی بەناوبانگی تێدایە، ئاوەکەی هەمیشەییە و لە وشکەساڵیدا لە هەموو کانییەکانی دیکە زیاتر بەرگەدەگرێت، زیادەی ئاوەکەی ئەڕواتەوە ناو جۆگەی سەرەکیی گوندەکە و تێکەڵ بە ئاوی کانیژنان دەبێت و چەمی سەرەکیی گوندەکە پێکدەهێنن.

کانی هەشت هەڵوژە

کەوتووەتە شوێنى ئێستاى نەخۆشخانەکانى خوارووی شار(منداڵان و منداڵبوون و فرياکەوتن)، لەسەر کانييەکە يەک تووى لێ بووە و پێیوتراوه:‌ کانى هەشت هەڵوژە، بەڵام لە ئێستادا ئەو کانيیە بەهۆى گۆڕانکارييە سروشتى و مرۆييەکانەوە لەناوچەکەدا نەماوە، ناوى تەنها لاى بەتەمەنەکانى شار ماوە و نەوەى نوێ هيچ زانياريى و ئاگادارييەکى بەرامبەر بەو کانى و کارێزانە نييە.

کانی وەلی

کەوتووەتە شاخی (چاڵان)ی گریانە. ناوەکەی بۆ (وەلید) ناوێکە دەگەڕێتەوە کە، خەڵکی گوندی (بۆین) بووە. کانییەکەی کردووەتە کارێز و دەستکاریکردووە، ئیتر بە کانی وەلی لە نێو گوندەکە بەناوبانگە.

کانی وەیسکێ

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (کانی وەسکێ). لەبەردەم کانییەکەدا حەوزێکی داپۆشراو دروستکراوە بۆ ئاوەکە و دوای پڕبوونی حەوزەکە بە بۆری دابەشدەکرێت بەسەر ماڵەکانی گوندەکەدا. بۆ ئاودانی ئاژەڵی هاوڵاتیان سودیلێوەردەگیرێت و بۆ مزگەوتی گوندەکە ڕاکێشراوە. دەیان ساڵە وشکینەکردووە.

کانییە بەهارێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (گورگەچیا) لە دەشتەکانی چاڵگەی عاشوورە. تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە مەرەزە و بەرهەمی دیکەی لەسەر کراوە. بەڵام بەهۆی لێدانی بیری ئیرتیوازی و نایاساییەوە، ئاوەکەی کەمیکردووە.

کانییە درێژ

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار). (٥٠م) لە خوارووی (کانی وەیسە)و‌ەیە. لە کۆندا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندی (هاوار) بووە. لە خواریەوە کانییەکی دیکە هەیە، بەناوی (کانیاوی خوارین)، کە کاتی خۆی وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە پشتیان بەم دوو کانیە بەستووە، بەڵام ئەمەی دواییان وشکی کردووە.

پێشتر 1
...
13 14 15
...
24 دواتر