سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

وەزەزەرد

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (سۆسەکان). باخاتێکی چڕی گوێز و توو ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی تەوێڵەوە، (١٣٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (چەم وکانی بەڵخ و چیای هەوارە بەرزە) و لە خۆرئاواوە (گوندی سۆسەکان) و لە باشورەوە (دەرە قازان) و لە خۆرهەڵاتەوە (دەروازەی سنوری شۆشمێ و تەوێڵە) دەورەیانداوە.

وەزەکۆر

کەوتووەتە باشوری ماڵەکانی گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە باشوری ماڵەکانەوە به ‌دووریی لە بن تاشەبەردێکەوە دێتەدەرەوە. وەزەکۆرە، بە هەورامی بەواتای (گوێزی کوێر)دێت، کە لەکاتی خۆیدا لەوجۆرە دارە لەنزیک کانییەکەدا بووە. سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە بووە. لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ئاشی گوندەکە پشتیپێبەستووە. ئاوێکی هەمیشەیی هەیە و وشکناکات. دانيشتوانى گوند لە ڕێگەى بۆرييەوە به ‌دووریى نزیکەی سێ کیلۆمەتر گواستويانەتەوە بۆناوچەى سەڵوانى بۆ ئاودێريکردنى ڕەز و باخەکانيان.

وەیسە

کەوتووەتە گوندی (گریانە) لە قەدپاڵی شاخی (چاڵان)ە. مێژووی زۆر کۆنە و بەردەوام ئاوی هەبووە. لە ساڵێکی کەم ئاویدا، لەلایەن (وەیس)ە ناوێکەوە دەستکاریدەکرێت و ئاوەکەی جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ئاستی پێشووی. ئیدی بە کانی (وەیسە) ناودەنرێت. کراوەتە کارێز و بەشێک لە ئاوەکەی براوەتەوە بۆ (چاڵان) بۆ ئەوەی بنێشتکەرەکان سودیلێوەربگرن.

وەیس

کەوتووەتە سنوری گوندی (کێلەسپیی کۆن). یەکێک بووە لە هۆکارەکانی ئاوەدانکردنەوەی گوندى کێلەسپیی کۆن، بەهۆی ئەم کانیە بووە، ئەو چەند ماڵە، لەسەرەتاوە کێلەسپيیان ئاوەدانکردووەتەوە لە تەنیشتییەوە ژیاون. مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٠، پاش ئەمە مزگەوتێکیش لەتەنیشت ئەم کانیەوە دروستدەکرێت، کە هەموو پێداویستیەکانی مزگەوتەکە لەم کانیەوە دابیندەکرێت. سەرچاوەی ئاودێری بەشێکی زۆری زەوییەکانی کێلەسپی بووە لەگەڵ بەشێک لە زەوییەکانی دوانزەئیمامی خواروو. (کێلەسپی)یشی پێدەڵێن.

ویسورە

یەکێکە لە کانیاوە هەمیشەییەکانی شارەدێی تەوێڵە و کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی شارەدێی (تەوێڵە)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). (جەمیل هەورامی) باخاتێکی جوانی بە بەردی ناوچەکە دروستکردووە و کردویەتیە شوێنی حەوانەوەی خۆی. (١٥٧٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (گەڕەکی وەرانوەر و مالیدەر و پڕۆژەی ئاوی شارەدێی تەوێڵە و ئوتێل جەواهیر) و لە خۆرئاواوە (چەمی تەوێڵە و کانی خانەقای تەوێڵە و گەڕەکی باوە سەرهەنگ و چەم و کانی بەڵخ و کانی گەڕیات) و لە باشورەوە (کانی سۆفی جانە و کانی وەزڵی و دۆڵی سۆفی جانە و دەرەوارین و دەروازەی سنوری شۆشمێ و تەوێڵە) و لە خۆرهەڵاتەوە (چیای خەڵەفی و چەمی زاوەر و کانی سەعە و هانە مڵک شا و کانی ماوەزا و کانی پشت حەوز) دەورەیانداوە، لە کاتی زۆربونی ئاوەکەیدا دەرژێتە چەمی تەوێڵەوە.

وێشەی

کەوتووەتە گوندی هاوار، لە تەنیشت چەمی (گوێزەگەڵوازان) سەرچاوەی گرنگی ئاودێری و باخەکانی گوندەکەیە. ناوەکەی بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆر دار و دەوەن و توڕگ و چڕیی باخەکانەوە پێیانوتووە (وێشەی) بەواتای (بێشە) بەواتای بوونی ژمارەیەکی زۆر لە دارودەوەن لەیەک شوێندا دێت. کانییەکی هەمیشەییە. کاریگەری وشکەساڵی بەسەرەوە نەبووە. ئاوەکەی دەڕژێتە چەمی (گوێزەگەڵوازان) و بەرە و چەمی ئاشی شۆڕدەبێتەوە.

یاسەمەنی دەرەشیش

کەوتووەتە بناری بەرزاییەکانی (قەڵا ڕێزێن) لەسەر ڕێگەی نێوان (خەرپانی) و (دەرەشیش)ە. چەند چڵە گوێزێکی تێدایە. بەناوی ژنێکەوە ناونراوە، کە لە کۆندا باوکی لە قەڵاکانی قەڵا ڕێزێن ژیاوە. لە هەمان شوێن کارێزێک بە هەمان ناوەوە هەیە، بەڵام سەرچاوەی ئاوەکەیان جیاوازە.

پێشتر 1
...
23 24