سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

ئاخه

کەوتووەتە گوندى (غوڵامى). لە ناحیەی سیروان. وەک مارەيى بە خاتونێکی گوندەکه دراوە، کە ناوى (ئاخە) بووە و لەبەر ئەوە ئەو ناوەی لێنراوە.‌

ئاساوگا

لە (چەمی وارین)ی شارەدێی (تەوێڵە) و گەڕیاتەوە هەڵدەقوڵێت و ئاوەکەی دێتەوە سەر چەمی تەوێڵە، کە تا سۆسەکان و پاڵانیاش دەڕوات. وشەکە (ئاساوگا) بەواتای شوێنی (ئاش) دێت. بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە، ئاشی ئاوی لەسەر دامەزراوە. ڕێبواران و سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکان لێی لادەدەن. لە ئێستادا لەنزیک کانییەکەوە کۆمەڵە خانویەکی گەشتیاری و خواردنگە دروستکراوە.

ئاشقان

کەوتووەتە‌ گەڕەکى (کانیئاشقان) لە شاری هەڵەبجە و نزيک مزگەوتى (مەلا ساڵح). ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر بوجەى پەرەپێدانى پارێزگاگان نۆژەنکراوەتە‌وە. سەبارەت بەناوى کانيەکە بيروبۆچوونى جياواز هەيە، هەندێک دەڵێن دوو ڕەشمارى گەورەى عاشقەوماشقە ساڵانێکى زۆر لەو چەم و باخەى نزيک کانييەکەدا بوون و ناوەکەى لەوەوە هاتووە، بۆچوونێکى تر ئەوەيه،‌ کە خەڵکانێکى زۆرباش لە کەسايەتیى ئايينى و کۆمەڵايەتى نزيک ئەم کانييە وەک ماڵ ژياون و خەڵک عاشقى ناوچەکە و کانيەکە بوون، بۆچوونێکی تریش بۆ ئەوەی دەگەڕ‌ێننەوه،‌ کە کانييەکە سەرچاوەيەکى ئاوى باش بووە بۆ خەڵکى، ڕۆژانە کچان و ژنانى ناوچەکە بە گۆزە و کونە و مەرکانەوە ڕۆيشتوون بۆ سەر کانيەکە و ئاويان لێ بردووە، ئەو کات خەڵک بير و بەلوعەى نەبووە و سەرچاوەى ئاوى گەڕەکەکە بووە. ئەمانە دەڵين ناوەکەى لەم بۆچوونەى سێيەمەوە هاتووە. بەهۆی بەناوبانگیی کانییەکەوه،‌ گەڕەکێک لەناو شاری هەڵەبجە بەناویەوە ناونراوە.

ئافەوان

لە باشوری خۆرئاوای گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن هەڵکەوتووە. کەوتووەتە دەشتی ڕەقە. بە ئافەدانیش ناودەبرێت. بەهۆی ئاوەدانیی ناوچەکە لە سەردەمە کۆنەکاندا، ئەو ناوەی لێنراوە. ئاوەکەی هەمیشەییە. بە ئاڕاستەی گوندی قاینەیجەی سەر بە شارۆچکەی سەیدسادق دەڕوات. حەوزی ماسی لەبەر کراوە. کانیەکە بە بەرد هەڵچنراوە و بڕێکی زۆری ئاوی لێوە هەڵدەقوڵێت. به ‌بەرد هەڵبەستراوە و بەهۆی زۆری ئاوەکەیەوە سەرنجی گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.‌

ئاوی دۆخەکان

کەوتووەتە گوندی (بەردەبەل) لە بناری سورێن لەو بەرزاییانەی، کە پێیدەوترێت (گۆڕی ئاخە) سەرچاوەدەگرێت و بە ڕووی گردەکاندا دێتەخوارەوە و نزیک سێ ئینج ئاوی هەیە. کراوەتە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و سەرچاوەی سەرەکی ئاوی گوندەکانی قەڵبەزە و تازە دێیە. لە ساڵانی ١٩٩٠ لەسەر شانی قەڵای ڕۆنینەوە بۆ سەر هەردوو گوندەکە دابەشدەبێت.

ئەولقادر

کەوتووەتە گوندی (دەرەشیش). لەسەر ڕێگەی (قەڵاڕێزین)ـە. بەناوی کەسێکەوە ناونراوە، کە خزمەتی کردووە. ئاوی هەمیشەیی هەیە و وشکناکات. جگە لەوەی، کە ڕێبوار سودیلێوەردەگرێت، باخی هەمەجۆریش ئاو دەدات.

ئۆغانان

بە دووریی (٢٠٠م) کەوتووەتە باکوری گوندی (ئاوایی حەمەی مرواری)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لە نزیک ڕێگای سەرەکیی (خورماڵ - گردیگۆ). حەوزێکی بۆ دروستکراوە بۆ گلدانەوەی ئاوەکەی، کە ڕووبەرەکەی چوار بە چوار دەبێت. ئاوەکەی بۆ باخداری بەکاردێت.

بابازەردەڵە

کەتووەتە پشت شاخی (بابا زەردەڵە) و ئەو شەوێنەی، کە خانوەکانی گوندی (ئەحمەدئاوا)ی لەسەرە. (٨٩٣م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێک لەسەر ئاوەکەی بە ڕووبەری (١١ بە ٦م) دروستکراوە، بۆ ئاودێریکردنی باخەکانی بەردەمی، لە باکورەوە گوندی زەڵم و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی دەرەیمەڕ و ئەشکەوتەکانی و بانی دەرەیمەڕ و لە باشورەوە گوندی گوڵپ و لە خۆرئاواوە گوندی ئەحمەدئاوا و ناوباخان دەورەیانداوە.

باخان

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (شەشکی خواروو). ئاوێکی هەمیشەیی هەیە و بەمەبەستی خواردنەوەی دانیشتوانی گوند و ئاودێریکردنی کشتوکاڵ و باخدارى بەکاردەهێنرێت.

باخەکۆن

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بامۆک). لەنێوان هەردوو گوندی (بامۆک) و باوەکۆچەکدا هەڵکەوتووە. ڕەنگی ئاوەکەی مەیلە و سپییە، بەهۆی زۆریی ئاوەکەیەوە لە سەردەمی حکومەتی عێراقدا لە ساڵی ١٩٥٨ حەوزی بۆ کراوە و ئاوەکەی بۆ ناوشاری هەڵەبجە براوە بۆ مەبەستی دابـەشـکـردنـی بـەسـەر ماڵاندا.

باخچە

کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ) لە خوار مزگەوتی عەبابەیلێ و لە (باخی باخچە)دایە بۆیە بەو ناوەوەیە. ئاوەکەی دەڕواتەوە سەر ئاوی (کانیی سەرحەوز) و پێکەوە یەکدەگرن. کانییەکی هەمیشەییە و چەندین باخی پێ ئاودەدرێت.

باخچەو هەواسی

کەوتووەتە گوندی (گوڵپ) لە ناوچەی هەورامان لەسەر ڕێگای سەرەکیی گوندەکانی (سەرگەت، دەرەیمەڕ و هانەیدن)ـە. ئاوەکەی زیاتر بۆ باخەکانی بەردەمی بەکاردێت. لە تەنیشتیدا گۆڕێک هەیە پێیدەوترێت (دەرەفێڵان) و وەک شوێنێکی پیرۆز سەیردەکرێت و زۆر جار بە مەبەستی چارەسەری منداڵی نەخۆش سەردانیکراوه. لەدەوروپشتی چەند داربەڕوویەکی گەورە و گۆڕستانی کۆنی لێیە، کە بۆ پێش بوونی گوندی گوڵپ دەگەڕێتەوە.

باخی باقل

کەوتووەتە گوندی (نارنجڵە)ى سەر بە ناحیە‌ی (بیارە)، کەوتووەتە خۆرئاوای گوندەکە. (١٠٣٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی بە ڕووبەری (٥ بە ٣م) لەسەر دروستکراوە و ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردنی باخێکی فراوان، کە لەبەردەمیدایە بەکاردێت، بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (کانی لارەدەر و لوتکەی قوڵتا) و لە خۆرئاواوە (کارێز و کەمەڵە و کانی چیاڵە) و لە باشورەوە (کانی باخی کەیوا و کانی نارنجڵە و گۆڕستان و قوتابخانەی نارنجڵە و قەڵای سەنگی سیاو) و لە خۆرهەڵاتەوە (کانی مزگەوت و دۆڵی مەڵاڵە دۆڵی نارنجڵەی کۆن و چیای گومەکە و کانی عوسمان و تەپوقەڵێ) .

باخی سان

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای دۆڵی بیارە و خۆرهەڵاتی گوندی (هانەنەوتێ) لە ناو چەمی بیارە و دەڕژێتە چەمەکەوە. (١٠٣٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

باخی سەوزە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. لە قەدپاڵێکدا هەڵکەوتووە. سەرچاوەی ئاوەکەی چیای سورێنە. بەناوی حەمە سەوزە ناوێکەوە ناونراوە، کە خەڵکی بانیبنۆک بووە. لە چەمی زڕگوێزان هەڵکەوتووە. ئاوەکەی بە ئاڕاستەی گوندەکە دەڕوات و لەگەڵ کانییەکانی دیکەدا یەکدەگرێت و چەمێکی گەورە پێکدەهێنێت بەناوی چەمی زڕگوێزان.

باخی شێخ لەتیف

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندەکەوە‌. (٨٧٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی ئاوی بە ڕووبەری (٥ بە ١٠م) لەسەر دروستکراوە و باخێکی فراوان، کە لە بەردەمیدایە ئاودێریدەکات.

باخی مزگەوت

یەکێکە لە کانیاوەکانی گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکەوە‌. (٩٤٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی خەرپانی و لە باکورەوە کانی شەریف و کانی دەرەلەڕای و سەفەر و لە خۆرئاواوە گوندی خەرپانی و لە خۆرهەڵاتەوە هەسارەو چەوتانی دەرە درێژ و لە باشورەوە کانی محمود و کانی هۆبە دەورەیانداوە.

باخى مير

کانییە. کەوتووەتە ناو (باخى مير)ەوە، کە پێشتر باخەکە موڵکى (وەسمان پاشاى جاف) بووە و بە موڵکى بۆ (ئەحمەدموختار جاف) ماوەتەوە. سەکۆ و ساباتێک لەسەر کانییەکە دروستکراوە. لەئێستادا کانییەکە شوێنەواری نەماوە.

باڵە فەرەنجی

کانییەکی هەمیشەییە. کەوتووەتە باکوری گوندی بەردەبەل لە بناری چیای سورێن. لە نێوان دوو شاخە هەڵدەقوڵێت، کە شێوەیان وەک باڵی فەرەنجی وایە. ئاوەکەی دەڕواتە نێو چەند چاڵێکی جیاوازەوە. بەشێوەیەک، کە چاڵێک پڕدەبێت ئاوەکەی دەڕواتە چاڵێکی دیکە. ئاوی ئەو چاڵانە بۆ مەرەزە بەکارهاتووە. نزیکەی سێ کیلۆمەتر دوورە لە گوندەکەوە.

بانەبەرز

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ڕێشاو). لە شاخی بانەبەرز هەڵکەوتووە. لەساڵی ١٩٥٧ لەلایەن حەمەساڵح عبدالقادر ڕێشاوی لەکاتی کێڵان و تۆوکردن لە دەشتاییەکانی ئەو بانەبەرزە گوێی لە دەنگی ئاو دەبێت. پاشان بەدوایدا گەڕاوە و ئیشی تێداکردووە و بەسروشتی ئاوەکەی هەڵقوڵاوە. ئاوێکی هەمیشەیی هەیە. بۆ ئاودێریی باخەکانی دامێنی چیای بانەبەرز بەکاردێت.

1 2
...
24 دواتر