بەرگی دووەم
سەرچاوە ئاویەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
بەرگی دووەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (بەلەسۆ) لە بناری چیای (خۆشک). سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی گوندی (بەلەسۆ)یە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (بامۆک) و (باوەکۆچەک). ئاوەکەی هەمیشەییە بەڵام کەمە. کەوتووەتە نێوان دۆڵی کانی تایەر و پەلی تایەر. پشتی کانییەکە لە تاوێرە بەردی زۆر پێکهاتووە و پێدەچێت ناوەکەی هەر لە تاوێرەوە هاتبێت. بەردەنوێژی تیایە و زیاتر ڕێبوار و ئاژەڵدار سودیلێوەردەگرن.
کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای مزگەوتی گەورە لەناو شاری هەڵەبجە لەبەردەم سەدەکەدا. ناولێنانەکەی بەهۆی ئەوەوە بووه، کە جولەکەکانی شارەکە زۆر هاتوچۆی ئەو کانییەیان کردووە. کوێربووبوویەوە و شوێنەواری نەمابوو، تا لەکۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک ئاوەڕۆ بۆ شیوی شێخ ئیسماعیل دروستکراوە، جارێکی تر کانییەکە دەرکەوتەوە. حەوزێکی گەورەی لەسەر دروستکراو بەشێکی ئاوەکەی لەڕێگەی بۆرییەوە و بەژێر زەویدا ڕاکێشرا بۆ مزگەوتی (شێخ ئیسماعیل) و بەشێکی کەمیشی لێ برا بۆ مزگەوتی گەورە(جامیعە). لەوەرزی هاویندا بڕی ئاوەکەی زۆر کەمدەبێتەوە، بەڵام وشکناکات.
کەوتووەتە دامێنی (دەشتی گڵێجاڵ) لە خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ). لە ڕابردوودا هاوینەهەواری خەڵکی گوندەکە بووە.
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ئاوایی حەمەئەمین). دەیان ساڵە هەیە. حەوزێکی بچوکی بۆ دروستکراوە. خاوەندارێتی بۆ (حاجی حەمەئەمین) دەگەڕێتەوە. بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگیرێت.
کەوتووەتە ناو باخەکانی گوندی مۆردین و لە بەردەم کانی ژوورنگ. هەردوو ئاوی کانییەکە یەکدەگرن و دەڕژێنە ئەستێڵێک، کە لە وشکەساڵیدا وەک پڕۆژەی ئاودێری ئەنجامدراون. ئاوەکەی بۆ باخداری بەکاردێت و یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاودێریی گوندەکە.
بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ) لە بناری چیای خۆشک. کانییەکی هەمیشەییە، بۆ باخداری و ئاژەڵداری سودیلێوەردەگیرێت. لە ڕابردوودا بەشێک لە خەڵکی گوندە وەک هاوینەهەوار لە سەرەتای وەرزی بەهاردا ڕوویان تێکردووە.
کەوتووەتە خوارووی کانیى حەمەوغانەوە. هۆکارى ناسرانيشى بەوناوە ئەوەبووه، کە ژمارەيەک کانى لە تەنيشت يەک بوون و ناوچەکەش يەک پارچە گژوگيا (بەپلەى يەکەم زەل) و سەوزايى بووە، ئەو قوڕ و ليتەيەشى، کە لە دەوروپشتى بووە ڕەنگى ڕەش بووە. ساڵانێکە بەهۆى گۆڕانکارييە سروشتى و مرۆييەکانى ناوچەکەوە ئەم کانيە نەماوە.
کەوتووەتە بەشی نزاری گریانە و شاخی (چاڵان)ە. لە نێوان کێوی (سەرهاڵ و هاژە)یە. ناوەکەی بۆ (زۆراب) ناوێک دەگەڕێتەوە، کە کاتی خۆی دەستکاریکردووە و پاکیکردووەتەوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو). بە درێژایی ٥٠ ساڵی ڕابردوو وشکینەکردووە. بۆ ئاودانی و مەڕوماڵات و ئەو هاوڵاتییانەى لە بەهاران ڕوودەکەنە ناوچەکە بۆ گەڕان و شاخ سودیلێوەردەگرن.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندى (جەليلە) لە پشت مزگەوتى جەليله. بە بەراورد بە هەموو کانى و کارێزەکانى ديکەى ئاوايیەکه، زۆرترين بڕى ئاوى هەيه. بۆيە بەو ناوە ناسراوه، چونکە زياتر ژنان بۆ کاروبارى ڕۆژانە بەکاريانهێناوە.
کەوتوەتە گوندی (نارنجڵە)ى سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٠٤٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئاوەکەی بۆ ئاودێریکردن بەکاردێت، بەم ڕواڵەتانە دەورەدراوە: لە باکورەوە (کانی باخی کەیوا و باقل و لارەدەر) و لە خۆرئاواوە (کارێز و کانی چیاڵە و کەمەڵە) و لە باشورەوە (کانی نارنجڵە و گۆڕستان و قوتابخانەی نارنجڵە و قەڵای سەنگی سیاو) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی مەڵاڵە دۆڵی نارنجڵەی کۆن و چیای گومەکە و کانی عوسمان و تەپوقەڵێ).
کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (گردیگۆ) و (٢٠م) لە سەنتەری گوندەکەوە دوورە. لە کۆندا حەوز بووە بەڵام لەم سەردەمەدا ئیتر ژنان بەکاری ناهێنن. ئاوەکەی هەمیشەییە و دەڕواتەوە بۆ سەر چەمی زەڵم.
کەوتووەتە ناو سەنتەری گوندی (دەڵەمەڕ) لە بناری شاخی شنروێ. کانیەکی هەمیشەییە و ئاوەکەی بەهۆى زۆرییەکەيەوە کراوەتە دوو بەش. بەشێکی بۆ کاروباری مزگەوت و بەشێکیشی تایبەت کراوە بە ژنان. لە کۆنەوە تا ئێستە هەر بەو شێوازە ماوەتەوە.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (تلەوەرێ) و لە سەنتەری گوندەکە هەڵکەوتووە، ئاوەکەی هەمیشەییە، بۆ ئاودێرانی باخوباخات بەکارهاتووە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی کانییەکەوە، بە زۆری ژنانی گوندەکە بەکاریانهێناوە. هەر لە کۆنەوە بەردەنوێژی بۆ کراوە و موڵکی گشتیە، لەگەڵ ئاوی کانی مزگەوت ئاوەکەیان دەچێتەوە سەر یەک و سەرچاوەی ئاوی چەمی گوندی (تلەوەرێ) پێکدەهێنن.
کەوتووەتە خوارووی گوندی (مەلاوەیسه)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لە نزیک مزگەوتی گوندەکه. بەهۆی ئەوەی ژنانی گوند لەوێ قاپ و قاچاخیان شتووە، ئەو ناوەی لێنراوە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی گوندەکه و مزگەوتەکەیە.
کەوتووەتە ناو سەنتەری گوندی (تلەوەرێ)، لە سەرووی هەرسێ کانیژنان و مزگەوت و قەمەکان هەڵکەوتووە، کانییەکە لەم ساڵانەی دواییدا تەقیوە و ئاوێکی زۆری هەمیشەیی هەیە، ئاوەکەی دەڕواتەوە سەر چەمی سەرەکیی گوندەکە، بۆ باخداری بەکاردێت و موڵکی گشتیە.
بە دووریی يەک کيلۆمەتر کەوتوەتە باکورى (گوندى زەمەقیى ژوروو) و به دوریى يەک کيلۆمەتر و نيو کەوتوەتە بەرەى باشورى خۆرهەڵاتى (گوندى زەمەقیی خواروو) بە چەمى کانى سپيدا شۆڕ دەبێتەوە و دێتە ناو گوندى زەمەقیی خوارووەوە. (٦٠٣م) له ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. لە ڕابردودا ئاوێکى زۆر باشى هەبووە و دانيشتوانى هەر سێ گوند سوديانلێوەرگرتووە، بە تايبەت دانيشتوانى (گوندى زەمەقیی خواروو) و ئاشى ئاويان لەسەر دروستکردووە. لەبەر ئەوەى ئاوێکى ڕوون و سازگارى هەبووە پێيانوتووە (کانى سپى).
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (کانی شێخ) لە نزیک بیرەکەی حەمەی ئەحمەدی مەلائەمین. هەم کانی و هەم کارێزە. ئاوەکەی دەڕژێتە سەر چەمی زەڵم. لە کۆندا گوند بووە و ماڵی زۆری لێ بووە. بەهۆی هاتنی ئاوی دەریاچەکەوە چۆڵکراوە. ئاوەکەی هەمیشەییە. زەویە ژێرئاوکەوتووەکانی دەریاچەی دەربەندیخان، کە لە هاویندا بەجێیدەهێڵێت، بەراودەکات و جوتیارەکان بۆ شوتی و خەیار بەتایبەتی سودیلێوەردەگرن.
کەوتووەتە باکوری گوندی (بامۆک) و لە نێوان شاری هەڵەبجە و گوندەکەدا هەڵکەوتووە. ئاوەکەی هەمیشەییە. هەر بەو ناوە بەناوبانگ بووە. ئاوەکەی تاکو دەروبەری هەڵەبجەش سودیلێوەرگیراوە، لە ئێستەدا زەوییەکانی بەردەمی بونەتە گەڕەکێکی سنوری شارەوانیی هەڵەبجە و بەناوی گەڕەکی کانیشێخ ناودەبرێن.