سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

467 بابەت

کانییە سارد

کەوتووەتە خوارووی گوندی (تەکیە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بە هۆی ساردیی ئاوەکەیەوە ئەو ناوەی لێنراوە. بەشێوەی هەڵقوڵین ئاوەکە دێتە دەرەوە و لەبەردەمیدا بۆ سودلێوەرگرتن حەوزی بۆ دروستکراوە.

کانییە گەورێ

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەتفێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). (١٢٩٥م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی چەند باخێک، کە کەوتوونەتە بەردەمی، بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی دەرەتفێ. لە خۆرئاواوە کانی دڵدەدەیمان و لە باشورەوە چیای چاڵان و لە باکورەوە گوندی دەرەتفێ کۆن و لوتکەی بەردی گەڵاکە و بەنەکۆرێ و کانی محەممەد و لە خۆرهەڵاتەوە دەرەی کەریم دەورەیانداوە.

کاوات

کانییەکی هەمیشەیی و سارد و سازگارە. کەوتووەتە خوار تەپی (ئەحلە) لە بیارە. خاوەنداریەتی بۆ بنەماڵەی (حاجی عەبدوڵا) بیارەیی دەگەڕێتەوە. سەرچاوەی ئاودانی باخەکانی کاواتە. ئەستێڵی بۆ گلدانەوەی ئاوەکەی بۆ کراوە و لە ئێستادا زیاتر وەک سەیرانگایەک بەکاردێت و گەشتیارێکی زۆر ڕوویلێدەکەن. ئاوەکەی دێتەوە سەر چەمی بیارە.

کەریمە

کەوتووەتەسنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) و کەوتووەتە بەشی باکوری گوندەکە و باخاتێکی چڕی گوێز ئاودێریدەکات و دێتە خوارەوە و دەڕژێتە چەمی بەڵخەوە. (١٥٠٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە (کانی سەرسۆڵ و چیای چنارە) و لە خۆرئاواوە (دۆڵی سینەسەحاب و بەڵخ) و لە باشورەوە (دۆڵی بەڵخە) و لە خۆرهەڵاتەوە (دۆڵی وڵا) دەورەیانداوە.

کەڕەجاڵ

کەوتوەتە سنوری گوندی (زەڵم)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)، لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندەکەدایە. (١٢٢٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە خۆرئاواوە دۆڵی وشکەناوی سەروو و لە باشورەوە پلێ کەڕيجاڵێ و هانە قوڵقوڵە و لە باکورەوە ئەشکەوتی مەڕەبەرزە و لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی کەڕەجاڵ دەورەیانداوە.

کەڕەگڵ

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (کانی پاشا) لە بناری چیای بەمۆ. جگە لەوەی سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیە، بۆ باخداری و کشتوکاڵیش سودیلێوەردەگیرێت.

کەڵەک

به ‌دووریى (٤٠-٥٠م)، کەوتووەتە خواروو مزگەوتى گوندى عەنەبەوە. لە بنەڕەتدا کارێز بووە، چونکە بە بەرد و کەڵەک له ‌ناوەوە هەڵچنراوە، سەرچاوەى سەرەکیى ئاوى گوندەکەيە، ڕێژەى ئاوەکەى به ‌بەراورد بە هەموو کانييەکانى ديکە زياترە، گشتييە و هەموو خەڵکى گوند بەکارىدەهێنن بەتايبەتى جوتيارانى گوندەکە، نزيکەى (٧٢)جوتيار بۆ ئاودانى باخ و زەوييە کشتوکاڵييەکانيان سود لە ئاوەکەى وەردەگرن. وشکناکات، بەڵام لەو ساڵانەدا، کە ڕێژەى باران کەم دەبێت، بڕى ئاوەکەیش کەمدەبێتەوە.

کەمانگەرا

کەوتووەتە گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)، لە باشوری خۆرهەڵاتی گوندەکەیە‌. (١١١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. حەوزێکی لەسەر دروستکراوە بە ڕووبەری (٤ بە ٢م) بۆ مەبەستی ئاودێریکردنی باخێک، کە کەوتووەتە بەردەمی، بەکاردێت و دەڕژێتە چەمی خەرپانی و لە باکورەوە کانی یەوەجەڕێ و کانی دووەچڵە و سەروەزەن و لە باشورەوە کانی شێخ مەرزە و لە خۆرئاواوە چیای تلەسیاو و لوتکەی نیشانکرد و لە خۆرهەڵاتەوە چیای بەنەن دەورەیانداوە.

کەمەرسەلارە

کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە) و لە باشوری خۆرئاوای شارەکەوە و ئاوی کانییەکە بۆ ئاودێریکردنی باخێکی گوێز و چنار بەکاردێت و پاشان دەڕژێتە چەمی بیارەوە، (١٠٨١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە خۆرهەڵاتەوە (شاری بیارە) و لە خۆرئاواوە (کانی باخی سان و دۆڵی بێزەل و تاڤان و نەخۆشخانەی هەورامان) و لە باکورەوە (لوتکەی ئاسنەوەرد و گەڕەکی ملەی چنار) و لە باشورەوە (دۆڵی بیارە) دەورەیانداوە.

کەوەخانی

کەوتووەتە چەمی دەڵەمەڕ. ئاوەکەی هەمیشەییە، بەڵام کەمە. کەوتووەتە دامێنی ملەی کانی گوێز. بۆ ئاژەڵداری و ڕێبوار و ئاژەڵی کێویش سودیلێوەرگیراوە. کەو زیاتر ئاوی تێداخواردووەتەوە.

کلکە

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی نەوێ لە بناری چیای سورێن. کانیلەیە، لە دامێنی زنجیرە چیای بانی شێران هەڵکەوتووە. ئاوەکەی کەمە و بەردەوامە بەڵام بۆ ئاودانی ئاژەڵ بەکاردێت. بەهۆی ئەوەی، کە کەوتووەتە کلکەی شاخی بانی شێران، ئەو ناوەی لێنراوە.

کلکەو ئەسپی

کەوتووەتە گوندی (سەرگەت) و چەمی شێراو. لەنزیک کانی (هەمەشوانە)یە. لە ژێر شاخێکەوە هەڵدەقوڵێت و ئاوەکەی بەشێوەی (کلکی ئەسپ) بەسەر تاشە بەردەکاندا دێتە خوارەوە و ڕەنگێکی سپی هەیە. دیمەنێکی جوان و دڵرفێنی هەیە. هەردوو کانیەکە لە چەمی شێراو یەکدەگرن و بوونەتە سەرچاوەی ئاوی ئاودێری و پێداویستی گوندەکە. ناوبانگی کانییەکانی سەرگەت، دەرەوەی هەورامانی تەنیوە. گەشتیارێکی زۆر بەتایبەت لە هاوین و بەهاردا سەردانیدەکەن.

کلکەی حەمەکەچەڵ

کەوتووەتە سەرەتای چیای بانی شێران لە باکوری خۆرئاوای کانی ئاسکان. ئاوی هەیە و بۆ ئاودێری بەکاردێت. ئەستێڵی بۆ کراوە.

کڵاش تەڕکەرە

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل)ی بناری چیای سورێن. لە تەنیشت سەرچاوەی ئاوی دۆخەکانە. زەوییەکەی تەڕ و شێدارە و سەرچاوەی ئاوی زۆرە. بۆیە هەر کەس بەکڵاشەوە چووبێتە ئەو ناوچەیە، کڵاشەکانی تەڕبوون. هەربەو ناوەشەوە ناونراوە. بەڵام لە ئێستەدا وەک جاران نەماوەتەوە و ئاوەکەی کەمیکردووە.

کڵاشدڕ

کەوتووەتە باشورى گوندی (دەڵەمەڕ). نزيکەى کيلۆمەترێک لە کانیى (تەڵوکێ)وە دوورە. کەوتووەتە ناو موڵکى (حەمەسەعيد حەمەشەريف زەردۆيی)یەوە. ساڵى ١٩٩١ شوێنەکە هەرەسیهێناوە و کانييەکە ونبووە، بەڵام دواتر جارێکى تر کانييەکە دۆزراوەتەوە و بووژاوەتەوە. ئەگەرچى کانييەکه بڕێکى کەم ئاوى هەيە، بەڵام ساڵانە وشکناکات.

کوزەڵە

کەوتووەتە‌ گوندى (تەپە سەرقوڵە). کەمتر بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵیەکان سودیلێوەرگیراوە، زیاتر بۆ ئاوخواردنەوە سودیانلێبینیوە.

کوڵەڕەش

کەوتووەتە‌ گوندى (دوانزەئيمامى سەروو) هەردووناوەکەی پێ دەوترێت، چونکە کانییەکی بچوک بووە و خەڵکی گوندەکە بۆ ئاوخواردنەوە بەکاریانهێناوە. سەرچاوەی ئاوە زۆرەکەشی لە گوندى بەکراوادایە‌، کە ئاوێکی بەخوڕی زۆربووە بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا، پاشان لەگەڵ ئاوی ئەم کانیە یەکیاندەگرت و بەرەوە دوانزەئیمامی خواروو ڕێی دەبڕی، لەوێش هەندێک زەویی کشتوکاڵی بۆ ئاودێری پشتیانپێدەبەست، پاشان وەک چەمێکی گەورە ڕێ دەبڕێ، تا تێکەڵ بەئاوی دەریاچەی دەربەنديخان دەبێت.

کونە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (بەڕوێن)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. باخێکی یەک دۆنمی لەبەردەمدایە بە ئاوی ئەم کانییە ئاودەدرێت، لە کۆندا ئاوی کانییەکە بۆ کشتوکاڵکردن و ئاودانی ئاژەڵی گوندەکە سودیلێوەردەگیرا.

کونەی ماسی

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (تەپە کوڕە). سەدان ساڵە هەیە و ئاوی هەبووە، هیچ حەوزی بۆ نەکراوە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی جۆگەوە بۆ ئاودانی ئاژەڵ و کشتوکاڵکردن بەکاریدەهێنن.

کوێخا عەلی

کەوتووەتە گوندی گریانە و لە خوارووی گوندی کۆنی (کەلاران) هەڵکەوتووە. بۆ باخداری بەکارهاتووە.

پێشتر 1
...
14 15 16
...
24 دواتر