سەرچاوە ئاویەکان

بەرگی دووەم

سەرچاوە ئاویەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان وەک کانیاوەکان، ڕووبارەکان و تاڤگەکان کە ژیان و کشتوکال لە ناوچەکەدا دەبوژێننەوە.

ناوەڕۆک

226 بابەت

ملە

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (بامۆک)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). سنوری جیاکەرەوەی بامۆک و گوندی سازانە. قەزوان و هەنجیرێکی گەورەی تێدایە، دەڕواتەوە بۆ ملەی سازان. هەر بەو هۆیەوە، کە دەگاتەوە ملەی سازان ناوی ملەی لێ نراوە. درێژییەکەی لە کیلۆمەتر و نیوێک زیاترە.

میری سور

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوارەکۆن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). چەمێکی بەناوبانگ و دوورودرێژە. بە ئاڕاستەی چەمی (زەوار) لێژدەبێتەوە. مەزارگەی (میری سور)ی لێیە، کە لای پەیڕەوانی یارسان پیرۆزە. چەند کانییەکی تێدایە. ئاوەکانی بۆ ئاودێری و باخاتێکی زۆر بەکاردێت. وشکەساڵی کاریگەری لە کانییەکانی کردووە. قەدپاڵی چەمەکە سەختە و لە تاشەبەردی گەورە پێکدێت.

میکۆڵ

کەوتووەتە باکوری گوندی (بانیشار)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لەسەر شاخی سورێن، درێژەکەی نزیکەی (٢٥کم) دەبێت. ئاوى بەردەوام نییە، بۆیە زۆربەى کات وەکو لەوەڕگاى سروشتى بەکار دەهێنرێت.

مێشلە

سەرچاوەكەی كه‌وتووه‌ته‌ چیای(هەوارە بەرزە)ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی (بیاره)‌. لە بەرزایی(2041م) لە ئاستی ڕووی دەریاوه‌یه‌. ئاوی دۆڵەكانی (هانەهەڵوچە و كانی مێشلە و مرەوبەگلەی) تێدەڕژێت و بەرەو خۆرئاو ڕێدەكات و ئاوی دۆڵی(شەمێ و شوان گێڵ)ی تێدەڕژێت و لە بەرزی(1105م) دەڕژێتە ناو چەمی(بەڵخە) و تا دەگەنە چەمی(تەوێڵە) و هەموویان پێكەوە(چەمی گەورە) پێكدێنن، درێژییەكەی له‌ چوار كیلۆمه‌تر زیاتره‌.

نارنجڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی (نارنجڵە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)‌. لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. کەوتووەتە نێوان (چەمی هانە کەمەڵە و گۆڕستانی نارنجڵە لە باکور و قەڵای سەنگی سیاو لە خۆرهەڵات و گوندی دەرەوکێ و چەمی بنجەودڕەی لە باشور و دۆڵی باخە تازە لە خۆرئاواوە). چەند دۆڵێکی تێدایە وەکو: دۆڵی مەڵاڵە و دۆڵی نارنجڵەی کۆن و چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی نارنجڵە و کانی مزگەوت و کانی لارەدەر و کانی باخی کەیوا و کانی باخی باقڵ) و ئاوی ئەمانە کۆدەبێتەوە و چەمەکە دروستدەکەن. سەرەڕای ئەوەی، کە ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت بە تایبەتی لە چیای ملەگا کۆرێ و چیای گومەکە و کۆدەبێتەوە و بە نێویدا ڕێڕەو دەکات بە ئاڕاستەی خۆرئاوا دەڕوات. بە باکوری گوندی (خارگێڵان)دا ڕێڕەو دەکات و دەچێتە نێو دەشتی سەبان و دەشتی شارەزوور، تاوەکو دەگاتە باشوری گوندی دێکۆن و بە بەشی خۆرئاوای شاری خورماڵدا تێدەپەڕێت، لە بەرزیی (١١٢٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٧٣٧م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی لە پێنج کیلۆمەتر زیاترە. کۆمەڵێک باخ و زەویی کشتوکاڵی بۆ ئاودێریکردن پشت بەم چەمە دەبەستن. دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخانە.

ناوپلان

کەوتووەتە نێوان سنوری گوندەکانی (بۆین) و (گریانە)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). چەمێکی دوورودرێژە و بەردەوام بەرزدەبێتەوە. ڕێگەی ئەشکەوتەکانی زینۆ و ڕێگەی شاخاویی گریانەشی پێدا تێپەڕدەبێت. لێژاییەکی سەختی تێدایە بەناوی حەمەراڵ هەڵدێر و ڕێگەکەی پلە پلە کراوە. لە چەمی قنر دۆڵ سنوری هەردوو گوندەکە جیادەکاتەوە. هەروەها لە چاڵی باخی ڕێگەی شاخڕەوی گوندەکانی هاوار و هاوارەکۆنیشی پێدا تێپەڕدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت.

نەوەکان

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی). چەند باخێکی لێیە. قەدپاڵەکانی لە کانە بەرد پێکهاتووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە بەکارهێنراوە. ناوەکەی بەواتای (کانە بەردێکی نوێ) دێت، چونکە کانێکی نوێی تێدا دۆزراوەتەوە و ئەو ناوەی بەسەردا بڕاوە.

نەوێ

چەمێکی دورودرێژە و سەرەکیترین ڕێڕەوی ئاویی گوندی (نەوێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە، کە لە بەرزاییەکانی بناری سورێن و لە سەرووی کانی خەیری زینەوە بە ئاڕاستەی سەنتەری گوندەکە دەستپێدەکات. ئاوی چیاکانی بەڵخەکان و دوورە بنە بە ئاڕاستەی ئەم چەمە دێنەوە. هەروەها باراناو و لافاوی سورێن و بانی بنۆکیش لە چیای مێوڵیەوە هەڵدەگرێت، تا دەگاتە گوندی قاینەجە درێژدەبێتەوە. دواتر بە ئاڕاستەی ڕوباری زەڵم دەڕوات.

نسارە گولانە

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە یەکگرتنی ئاوی چیاکانی (تلەسیاو نساری کەمانگەرا و چەمی مێوڵێ و کانی مچە ڕەش و کانی هەڵوچە و کانی سەر چەمە) دروستدەبێت. درێژییەکەی لە دوو کیلۆمەتر زیاترە. سێ لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوە سەر.

نۆمدەرە

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە چەم و باخ و کانی و کێوێک پێکهاتووە. شاخەکەی لە قەزوان و داربەڕوو پێکدێت و داری سروشتیی زۆری تێدایە. چەمی (سۆڵە)، کە لە تەوێڵەوە سەرچاوەدەگرێت، کەوتووەتە خۆرهەڵاتیەوە.

هازاوی

کەوتووەتە گوندی (بەشارەت) و لە خوارووی چەمی کانییە ڕەش و لە نزیک ڕێگای قیرتاوی گوندەکەیە. چەمێکی قووڵە و درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت. لە هاویندا وشکە، بەڵام لە زستاندا ئاوی چەمی کانییە ڕەش دێتەوە سەری. دەربارەی ناوەکەی بەهۆی بوونی ڕووەکێکەوە ناونراوە، کە پێیدەوترێت هاز. دەڕژێتە دەریاچەی دەربەندیخانەوە.

هانه سورە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (هانەسوره)ی‌ سەر بە ناحیەی (سیروان) لە ناوچەی نەورۆڵی. چەمێکی درێژە و ڕێگای گوندەکانی گردەناوێ و مۆردینی بەناودا دەڕوات. شوێنێکی لەبارە بۆ لەوەڕگای مەڕوماڵاتی دانیشتوانی گوندەکە و درەختی بەڕوو و بەڵاڵوک و قەزوانى تێدايە.

هانە کەمەڵە

کەوتووەتە سنوری گوندی (نارنجڵە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان تەپی تلەوەر و تەوەنە قایمێ لە باکور و گوندی نارنجڵە لە خۆرهەڵات و دۆڵی نارنجڵە و گوندی دەرەوکێ لە باشور و دۆڵی باخە تازە و کارێزی باخەتازە لە خۆرئاواوە. چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی چیاڵە و کارێز و کانی کەمەڵە) و ئاوی ئەمانە کۆدەبێتەوە و چەمەکە دروستدەکەن. دەڕژێتە ناو چەمی باخەتازە و چەمی کارێز و پاشان لە باکوری گوندی (خارگێڵان) و خۆرئاوای گوندی (نارنجڵە) لەگەڵ چەمەکانی (نارنجڵە و بنجەودڕەی و دەرەوکێ و باخە تازە و گەچێنە و باخەکۆن و گوڵپ) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت، لە بەرزیی (٩٦٥م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٨٥١م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەترێکە. کۆمەڵێک باخی ترێ و هەنار بۆ ئاودێریکردن پشت بەم چەمە دەبەستن.

هانە گەنیو

کەوتووەتە سنوری (هاوارەکۆن)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). بە ئاڕاستەی باکور درێژدەبێـەوه،‌ تا دەگاتە تەختاییەک، کە پێیدەوترێت (چاڵە گلێرە). لەوێوە بە ئاڕاستەی لوتکەی (بەفری میری) لە شاخی شنروێ درێژدەبێتەوە. ئاوی چەند سەرچاوەیەکی دێتەوە سەر. جگە لە داری سروشتی، کە بۆ بنێشتکردن و بڕینەوە بەکارهاتوون. چەند باخێکی گوێز و هەرمێی تێدایە.

هانەنەوە

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لەبەردەم شاخی هەسوون لە خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن)ـەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە تەنیشت گوندەکە و لەگەڵ چەمی (شەڵواندڕ) یەکدەگرن و تێکەڵ بە چەمی ماماشکێ دەبن. درێژییەکەی دوو کیلۆمەترە. ئاوی کانییەکانی (هانەنەوە، قەڵای داڵ، هەردووکانی هانەتوتمان) دەڕژێنە سەری‌.

هانە یاسەمەن

کەوتووەتە باشوری گوندی (خەرپانی) و باکوری گوندی (دەرەشیش). لە ئێستادا لە لایەن نەوەکانی بنەماڵەیەکەوە سەرپەرشتیدەکرێت. لە چەمێکی دورودرێژ پێکدێت، کە ژمارەیەک باخی بەرداری لەسەرە. ئاووهەوایەکی فێنکی هەیە و بە بەروبوومەکانی (بە تایبەت هەنجیر و گوێز) بەناوبانگه. (کانی یاسەمەن)یشی پێدەوترێت.

هەوارگان

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (بامۆک)ی سەر بە ناحیەی (سیروان) لە بەشی خوارەوەی چەمی قەزوان. بۆ ئاژەڵداری بەکارهاتووە. لە کۆندا خەڵکی گوندەکە وەک هەوارگەیەکی هاوین بەکاریانهێناوە. لەم چەمەدا چەند کانێکی بەرد هەیە، لە ڕابردوودا بۆ ئاوەدانیی هەڵەبجە بەکارهاتوون، تاکو هاتنی گەڵابە بە گوێدرێژ گوازراونەتەوە، لەگەڵ هاتنی بلۆکدا، خواست لەسەر بەردەکان نەماوە. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت.

هاوار و دەرەتفێ

دوو چەمن، دوای یەکگرتنی چەمەکانی (تەوێڵە و بەڵخەو لقەکانیان) و دروستبونی چەمی گەورە لەبەرزی (٩٩٥م) دروستدەبن. دێتە نێو سنوری گوندی هاوار و هاوارەکۆن و بە چەمی(هاوار) ناودەبرێت، پاشان لە بەری خۆرئاوا چەند چەمێکی دیکەی تێدەڕژێت، وەکو چەمی(ئەشکەوەڵ و شنروێ و دووان) لەبەرزیی (١٤٠٠م)، هەروەها ئاوی چیاکانی(کەلی هەیشوور، بەردی باواکانی، خۆرەتاوە سەختەو، شاخۆشێن، کەنۆڵەڕەشان، لاسان) و کانیاوەکانی(هەڵوژێ، کانیە درێژ)ی تێدەڕژێت، لەبەری خۆرهەڵاتیش ئاوی چەمی(گوێزە کوێر و کۆترەلیان، ئاشی، کانی وێشەڵان)ی تێدەڕژێت و بەرە و باشور بەردەوامدەبێت، تاوەکو لە نزیک هاوارەکۆن چەمی(دەرەتفێ)ی تێدەڕژێت، کە لە ئاوی چیاکانی(سورەهەراڵە و دارەلارێ و بەنەکوڕێ و چاڵان) و دۆڵی کەریم و چەندین کانیاو سەرچاوەی گرتووە، وەکو کانیاوەکانی (گەورێ، دڵدەدەم، محەممەد)، دواتر ئاوی چەمی(باسێرە)، کە لە ئاوی چیاکانی(چاڵان و ئاوەزنێ و گاکوژە) و کانی(هەمێلێ) دروستبووە و دەگاتە چەمی دەرەتفێ و بە چەمی(دەروەنی) ناسراوە و دەڕژێنە نێو چەمی هاوارەوە، بەردەوام دەبێت تاوەکو لەوپەڕی باشوری پارێزگای هەڵەبجە لە بەرزیی(٦٠٤م) دەڕژێتە نێو ڕوباری سیروانەوە.

هەمزەیی

کەوتووەتە سنوری گوندی (گەچێنە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە)‌. لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان چیای کەمەرەسور و لاپاڵی خۆرەتاوی مەرەوێ و چیای دەرەوکێڵا لە باکور و چیای قۆڵی بلچ و لوتکەی زەردی هەمزەی لە خۆرهەڵات و چیای گەچێنە و هەمزەیی و لوتکەی پیاڕا لە باشور و ئەشکەوتی هەلاجان و بانی هێڵەگەمە لە خۆرئاواوە. چەندین کانیاوی تێدەڕژێت وەکو (کانی حاجی مەحموود و کانی ناوەڕاست و کانی هەمزەییە) و ئاوی ئەمانە کۆدەبێتەوە و لەگەڵ لاپاڵ و چیاکانی دەوروبەری دروستدەکەن. لە بەری خۆرهەڵاتەوە دوو لقە جۆگەی دیکەی تێکەڵدەبێت. دەڕژێتە ناو چەمی گەچێنە و پاشان چەمی باخەکۆن و تفەقەتاراو هەنارە کۆڵە و پاشان گوڵپ و لە (بانی بەرمەڕان) لەگەڵ چەمەکانی (نارنجڵە و بنجەودڕەی و دەرەوکێ و باخەتازە و گوڵپ) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت و بە دەشتی شارەزوردا تێدەپەڕێت. لە بەرزیی (١٦٢٥م)‌ لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١٣٣٧م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی لە کیلۆمەترێک کەمترە. کۆمەڵێک باخی گوێز و ترێ پشت بەم چەمە دەبەستن بۆ ئاودێریکردن.

هەنارەسور

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). کۆمەڵە باخێکی دڵگیر و پڕ بەرهەمن لە دارەکانی گوێز و هەنار و هەنجیر و توو و هەڵوژە پێکهاتووە. ناوەکەی بەهۆی بوونی هەناری سور لەو شوێنە دەگەڕێتەوە.

پێشتر 1
...
10 11 12 دواتر